یاسا دیارده‌ى خه‌ته‌نه‌كردنى مێینەی له‌ كوردستان بنبڕ نه‌كرد دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

هەرێمی کوردستان وەک یەکەم وڵات لە ناوچەکە لە رێکەوتی (٢١-٧-٢٠١١) لە یاسای ژمارە(٨)ی توندوتیژی خێزانیدا، خەتەنەکردنی مێینەی وەک توندوتیژی ناوبرد و قەدەغەی کرد، سزای یاسایی بۆ ئەنجامدەرانی دیاریکرد.

بەپێی ئەم یاسایە هەرکەسێک خەتەنەکردنی مێینە ئەنجام بدات ئەم سزیانە دەیگرێتەوە:
١.هەرکەسێک هەوڵی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێینەیدا، سزادەدرێت بە پێنبژاردن کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر و لە پێنج ملیۆن زیاتر نەبێت.

٢.هەرکەس خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداری تێداکرد، سزای بەندکردن دەدرێت بۆ ماوەیەک لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دووساڵ زیاتر نەبێت. هەروەها پێنبژاردن لە لە ٢ملیۆن کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن زیاتر نەبێت.

٣.هەرکەسێک خەتەنەکردنی مێینەی ناکامی ئەنجامدا یان بەشداری تێداکرد، ئەوا سزای بەندکردنی لە ساڵێک کەمتر نەبێت.

وێڕای هەبوونی ئەم یاسایە، تا ئێستا ئەم تاوانە لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، وێڕای ئەوەی هەڵمەتی بەرفراوان لەسەر ئاستی جۆراجۆر راگەیێندراوەو کاری زۆری لەسەرکراوە.

رۆژی(٦)ی شوبات وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەپێی ماددەی(١٩ و ١٤)ی مافەکانی منداڵ لە ساڵی ١٩٨٩وە دیاریکراوە.

لەم ساڵەوە خەتەنەکردنی مێینە وەک توندوتیژی هەژماردەکرێت و هەوڵەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکردن لە مافەکانی مێینە، بۆ کەمکردنەوەو نەهێشتی دەستیپێکردووە.

بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی ١٠ساڵی داهاتوو، خەتەنەکردن هەڕەشە لە نزیکەی ملیۆن کچ لە وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. هەروەها ئەم رێکخراوە دەڵیت: لە جیهاندا ٢٠٠ملیۆن کچ خەتەنەکراون.

بە پێی دوایی ئاماری رێکخراوی وادی ئەڵمانی، کە بەشێک لە کارەکانی بۆ نەمانی خەتەنەکردن تەرخانکردووە، ئێستا رێژەی خەتەنەکردن لە هەرێمی کوردستان ٪١٠.٤.

بەپێی راپرسییەک لە ساڵی ٢٠١٨ کە لە بارەی خەتەنەکردنی مێینەوە ئەنجامدراوە(٢ هەزار و ٩٩٧) کچ تێیدا بەشداربوون کە تەمەنیان لە نێوان (٨-١٤)ساڵیدا بووە. دەرکەوتووە کە (٪١٠.٤ی کچانی هەرێم خەتەنەکراون، تەمەنیان لە نێوان ٨-١٤ساڵیدایە).

بەپێی راپرسییەکانی رێکخراوی وادی، هەروەها کارەکانی لەسەر خەتەنەکردنی مێینە ئەنجامدراوە، زۆرترین حاڵەتەکان لە سنوری(راپەڕین، هەولێر، گەرمیان)ن.

کاتێک پرسیار لە دایک یان داپیرەی ئەو کچانە دەکەی کە بۆچی کچەکانیان خەتەنەکردووە دەڵێن" کە گەورە بوون دەستاویان حەرام دەبێت" یان "بۆ ئەوەی بە ناموس بن و لە دەست دەرنەچن".

ئەم جۆرە لە توندوتیژی بیانوویەکی ئاینی دراوەتێ، لەگەڵ ئەوەی هیچ دەقێکی قورئانی یان فەرمودەیەکی ئیسلام نییە کە داوای خەتەنەکردنی کچان بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ مەلا هەن کە بانگەشەی ئەنجامدانی دەکەن، ئەگەر لە کۆڕ و دانیشتنی تایبەتیشدا بێت، بەڵام پڕۆفیسۆرو زانای ئاینی ئیسلام کۆچکردوو(دکتۆر مستەفا زەڵمی) لە چەند دانیشتنێک و چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانی کە خۆم گفتوگۆم لەگەڵ دەکرد خەتەنەکردنی مێینەی بە حەرام دەزانی، ئەو دەیگوت" لە ئایینی ئیسلامدا هەر شتێک زیانی تەندروستی جەستەیی و ماددی هەبێت حەرامە، خەتەنەکردن زیانی جەستەیی هەیە بەپێی قسەی پسپۆڕانی تەندروستی، بۆیە حەرامە، هەروەها پێیوابووم کە جگەرە کێشانیش لەسەر هەمان بنەما حەرامە".

دکتۆر مستەفا زەڵمی، کتێبێکی بەناوی حەرامکردنی خەتەنەی مێینە نوسیوە و تێیدا داوا دەکات کەسانی موسوڵمان کچەکانیان خەتەنە نەکەن چونکە زیانی جەستەییان لێدەدات.

مسته‌فا زه‌ڵمى خەتەنەکردنی مێینەی بە حەرام دەزانی

ئەگەرچی کارکردن لەسەر خەتەنەکردنی میینە کەمبووە، چونکە لە ساڵانی نەوەدەکان لە هەندێ ناوچەی هەرێمی کوردستان رێژەی خەتەنەکردنی مێینە ٪١٠٠بوو. ئەم کچانە بە گروپ و کۆمەڵ دەبران بۆ ماڵێک و لەلایەن مامان و خانمانی بەتەمەن خەتەنە دەکران، وێڕای زیانە جەستەییەکە دووچاری فشار و زیانی دەروونی گەورە دەبوونەوە.

چیرۆکەکانی پەیدابوونی خەتەنەکردنی مێینە، لە زیاد لەسەرچاوەیەک باس دەکرێن، بەپێی هەندێ سەرچاوە ئەمە نەریتی کۆمەڵگەی خێڵەکی عەرەبە کاتێک لە بیابانەکان بە سواری حوشتر هاتووچۆیان کردووە، کەشوهەوایان زۆر گەرم بووە.  گەورەکانیان پێیانوابووە، بۆ پاراستنی ناموسیان پێویستە ئەم کچانە خەتەنە بکرێن.

پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن: خەتەنەکردنی مێینە کچەکە دووچاری نەخۆشی درێژخایەن دەکات، دکتۆرە ئاشتی ئەحمەد پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان دەڵێت" ئەو ئامێرەی بڕینەکەی پێ ئەنجام دەدرێت پیس و ناشیاوبوون بۆ بەرکەوتنیان بە ئەندامێکی جەستە، بۆیە کچەکان تووشی هەوکردنی درێژخایەنی کۆئەندامی زاوزێ دەبنەوە، هەروەها ئارەزووی سێکسیان کەم دەبێتەوە بە جۆرێک کە هەندێکیان ناتوانن هاوسەرگیری بکەن و هەندێکیشیان دواتر لەگەڵ هاوسەرەکانیان کێشەیان بۆ دروست دەبێت، هەروەها ئافرەتای خەتەنەکراو پرۆسەی دووگیانی و منداڵبوونیان سەختتر و مەترسیدارترە لەو ئافرەتانەی خەتەنە نەکراون".

لە جیهاندا ٢٠٠ملیۆن کچ خەتەنەکراون

ئەو خانمە بەتەمەنانەی کە کرداری خەتەنەکردن ئەنجام دەدەن، موسی بەکارهاتوو، یان چەقۆی ژەنگاوی و کولیان بەکارهێناوە، بەبێ هیچ ماددەیەکی پاککەرەوە، دکتۆرە ئاشتی دەڵێت" بەشێک لەم ژنانە ئەگەری تووشبوونی منداڵدانیان بە جۆرەها ڤایرۆس و بەکتریای مەترسیدار هەیە، زۆرجار خانمان بۆ هەوکردنی منداڵدان و رێرەوی میز سەردانمان دەکەن، کە ئەگەر دکتۆر بە وردی لێی بکۆڵێتەوە، دەزانێ هۆکاری ئەم هەوکردنە درێژخایەنەی خەتەنەکردنە".

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین