به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى تووندوتیژى ئافره‌تان: ئه‌پێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گێچه‌ڵى سێسكى داده‌نێین دیمانە و راپۆرت

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

بڕیاره‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تووندوتیژى دژى ژنان و خێزان به‌ هاوكاریى رێكخراوێكى نێوه‌ده‌وڵه‌تى ئه‌پێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تووندوتیژى ژنان دابنێن، موقه‌ده‌م فه‌رمان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى تووندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌ هه‌ولێر له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى نوچه‌نێت باس له‌ هه‌ندێك ورده‌كاریى و ئامانجى ئه‌م ئه‌په‌ ده‌كات.

بیرۆکەی دانانی ئەپێک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گێچه‌ڵى سێسكى چۆن گه‌ڵاڵه‌ بوو؟

بیرۆكه‌ى ئەو ئەپە بەو شێوەیە بوو، ئاماده‌یى دەزگا حکومییەکان بە شێوەیەکی گشتی کەمتر لە سۆشیال میدیا و تەکنەلۆژیای سەردەم بوونی هەیە. ده‌بێت دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی وەکو هەر لایەنێکی تر نێو کۆمەڵگه‌ ئامادەیمان هەبێت لەنێو سۆشیال میدیای سەردەم. بیرۆکەکە وابوو کە ئەپەك دروست بکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی کێشە دەبن، چونکە بەشێك لەوانە زیاتر ئاشنایەتیان لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یاخود مۆبایل و ئامێرە پەیوەندییەکانیان هەیە و کەمتر پەنا بۆ دەزگا رەسمیەکان دەبن، یاخود کەمتر هەلیان بۆ دەرەخسێت بچن سەردانی دامودەزگاکان بکەن. بیرۆکەکە ئەوەیە ئاسانکاریی بۆ ئەو کەسانە بکەن کە تووشی کێشە دەبن.

کێن ئەوانەی ده‌توانن سوودمەندبن لەو ئەپە؟

هەموو ئەو کەسانەی کە چ بۆ وەرگرتنی زانیاری یاخود خاوەنی کێشەیەکە، یاخود ئەگەر کەسێك بیەوێت رێنوێنێ وەربگرێت دەتوانێت سوود لەو ئەپە وەرگرێت.

مەرجەکانی بەکارخستنی ئەو ئەپە چین؟

ئەپەکە کە دەخرێتە کار رەنگە هەندێك مەرج لەخۆ بگرێت بەڵام بەهۆی ئەوەی کە کێشەکانی گێچەڵپێکردنی سێکسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە تەمەنێکی زووەوە دەست پێدەکات لەو ساتانەی بۆ نموونە کە تاکەکان مۆبایلیان بە دەست دەکەوێت بۆیە ئێمە تەمەنێکی وامان دەست نیشان نەکردووە بڵێن دەبێت تەنیا لە 18ساڵی دەتوانن بەکاری بێنن رەنگە لە تەمەنی 15 ساڵی بێت، چونکە ئەو ئەپە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وشیارییە هەرکەسێك بتوانێت بخوێنێتەوە سوودمەند بێت لەو ئەپە.

لە لایەن کێ هاوکاری کراون؟

بە هاوکاری رێكخراوى نێودەوڵەتی سندووقى دارایی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دانیشتووان UNFPA و ئەمساڵ بە هەردوو زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەست دەبێت.


مەبەستی ئێوە لەو کارە چین؟

مەبەستی ئەو بەڕێوبەرایەتیە وشیارکردنەوەی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگایە، بەو کێشانەی کە لە نێو کۆمەڵگا هەیە یاخود بەو کێشە شاراوانەی کە لە کۆمەڵگادا بوونی هەیە. کەمتر لە راگەیاندنه‌كان باسی لێ دەکرێت. 
دووەم بڵاوکردنەوەی هەموو ئەو یاسا و رێسا بەرکارانەیە کە لە هەرێمی کوردستان كاریان پێ دەکرێت. سێیەم هاوکاریکردنی ئەو کەسانەیە کە تووشی کێشە دەبن بۆ ئەوەی کەناڵێکی ئاسان بتوانن ئەو کێشانەی کە هەیانە بیخەنەڕوو یاخود زانیاری وەرگرن لەسەر کێشە هاوشێوەکانی خۆیان.

کەسێك پەنا بۆ ئێوە ببات چۆن هاوکاری دەبن؟

خۆی بابەتی گێچەڵپێکردنەکە ئەگەر بە تەنیا لە رێگه‌ی سۆشیال میدیا بێت و کەسەکە نەناسراو بێت و هیچ ناونبشانێک نەبێت لەسەر کەسی تاوانکار هەندێك کارکردن لەسەری سه‌خته‌. بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی کە تووشی ئەو کێشانە دەبن بە تایبەت کچان لە رێگای پەیوەندیەك تووشی ئەو کێشانە دەبن و بەشێکی زۆریان زانیاری باشیان لەسەر لایەنی بەرانبەر هەیە، ئێمە دەتوانین بەپێی ئەو زانیاریەی کە رزگاربووانی تووندوتیژی پێشکەشی ئێمەی دەکەن کاری لەسەر بکەین. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین