ژنان تاچەند لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان بەشدارن؟ دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

لە هەر سێ حزبە سەرەکی و پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری ژنان تێیدا نەگەیشتووەتە ڕێژەی ٢٥%. سەرباری ئەوەی بەردەوام بەرپرسە حزبییەکان بانگەشەی گرنگیدان بە ژنان و تواناکانیان دەکەن.

دیارە چالاکییەکانی ژنانی جیھان بە گشتی و ھەوڵ و ماندوو بوونەکانی ژنانی چالاک و ئازادیخواز و مافخواز، کە داواکاری ئەوە بوون ژنانیش وەک پیاوان ئەو مافەیان پێبدرێ کە لە سیاسەت دا بەشدار بن و لە کارو باری حکومەتی دا بڕیاردەر بن بێ ئەنجام نەما و بەرەو وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھات و عێراق و هەرێمی کوردستانیشی تا رادەیەک گرتۆتەوە.

کۆمەڵناسان لەسەر دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگاکان ساڵانێک توێژینەوە دەکەن و، بەپێی توێژینەوەکانیان  بەشداری کارای ژنان لە هەر کۆمەڵگەیەک یەکێ لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانە بۆ بە دیموکراسی کردنی ئەو کۆمەڵگەیە.

بەشداریکردنی ژنان لە پرۆسەی سیاسیدا، واتە پەرەپێدان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە، بەشداریی ژن لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێ لە خێزانەوە دەستپێبکات.
 

لە دوای ڕاپەڕینی کورد لە باشوری کوردستان، لە ساڵی ١٩٩١ بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا زیاتر رەنگی دایەوە و بەشێک لە ژنانیش گەیشتوونەتە ئاستی ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی لە حزبەکان.

هەروەها لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هیچ شاندێکی سیاسی و دیبلۆماسیدا پێگەی ژنان بەرچاو نەگیراوە، ئەمەش رەخنە و کێشەیەکی جددی بەردەم ژنانە لە هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئامار و زانیاری، لە هەر سێ حزبە سەرەکی و پێکهێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری ژنان تێیدا نەگەیشتووەتە ڕێژەی ٢٥%، سەرباری ئەوەی تا ئێستا هیچ ژنێک نەبووەتە سەرۆکی حزبێک.

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆی ئەندامانی مەکتەب سیاسی کە ١٣ کەسن ژنی تێدا نییە و لە ئەندامانی سەرکردایەتی کە ٥١ ئەندامن ٧ ژنە، هەروەها لە ٤١ پەرلەمانتار ١٤_یان ژنن، بەم پێیە ڕێژەی ژن لەو حزبەدا ٢٠%.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە کۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، کە لە ١٢٤ ئەندام پێکدێت، لەو ژمارەیەش ٢٦ ئەندامیان ژنە، ئەندامانی مەکتەب سیاسیش لە شەش ئەندامدا تەنیا یەک ژن بوونی هەیە. هەروەها لە کۆی ٢١ پەرلەمانتار لە هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی ئەو حزبەیە، ٦ پەرلەمانتاری ژن هەیە؛ کەواتە بەشداری کردنی ژن ٢١.٨%.

بزووتنەوەی گۆڕان، لە کۆی ٤٧ ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی ٤ ژن هەیە، لە ئەندامی جڤاتی گشتیشدا لە کۆی ٥٦ ئەندام ٧ ژن هەیە، لە خانەی ڕاپەڕاندنیشدا لە حەوت ئەندام، ئەندامی ژنی تێدا نییە، لە کۆی ١٢ پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان ٤ پەرلەمانتاری ژن هەیە، بەمەش ڕێژەی بەشداری ژن ١٢.٢%

سەرباری ئەوەی بەردەوام بەرپرسە حزبییەکان بانگەشەی گرنگیدان بە ژنان و تواناکانیان دەکەن، بەڵام وەک ژنان خۆیان باسی دەکەن وەک پێویست نییە.

بەشداری ژنان لە روی وەزیفییەوە شتێکی تازەو نامۆ نییە، وەک فەرمانبەری جێبەجێکار واتا تەنانەت لە روی رێژەییشەوە ژمارەیان کەم نییە بە بەراورد بە پێگە و بەشدارییان لە ناوەندەکانی بڕیار کە لە ئاستێکی زۆر کەم دایە.

لە لایەکی دیکەشەوە، هەژموونی عەقڵی باوی کۆمەڵایەتی داسەپاو، بەشێکی زۆری ئەم توانا و هێزەی لە کارخستوە و بە پاساوی بیری تەسکی کۆنەپارێزی، هەمیشە وەڵامێکی پێچەوانەی هەیە بۆ داخوازی و هەوڵ و تێکۆشانی ژنان؛ هەمیشە پاڵێوراوانی ژنان لە پەراوێزی بڕیار و راسپاردەکانی سەرکردایەتی بڕیار بەدەستە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، ئەو سەرکردەیەیە کە بە داکۆکیکار و پارێزگاری مافەکانی ئافرەتان ناسراوە، کە زۆرجار خۆی کاری لەسەر کەیسەکانی توندوتیژی کردووە.

حاکم ئەمیرە دادوەری دادگای توندوتیژی خێزانی لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت دەڵێت''کەیسی توندوتیژی هەبووە خودی نێچیرڤان بارزانی تەدەخولی کردووە تا لە پاراستنی ژیانی ژنەکە دڵنیا بووە''.

هەروەها یاساکانی باری کەسێتی بە پاڵپشتی ئەو هەموارکرانەوە و بەڕیوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیش، هەر لەسەر دەستی ئەو دامەزران.

نێچیرڤان بارزانی، لە پەیامێکدا لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتوو، داوای بانگەشەیەکی ئارام و بە پرەنسیپ لە سەرجەم هەوادار و لایەنگیرانی حزبەکان دەکات و داوا دەکات ئافرەتە کاندیداکان بپارێزن. ئەمەش گرنگی و کاریگەرییەکی باشی دەبێت لەسەر بانگەشی کاندیدە ژنەکان.

وێڕای ئەم هەوڵانە و هەبوونی پاڵپشتی بۆ دۆزی ژنان لە لوتکەی دەسەڵاتەوە، هێشتا کلتوری جیاکاری و جەوساندنەوە لەسەر بنەمای رەگەز باڵا دەستە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین