ڕۆڵی گرنگی بەریتانیا لە جیهان و ناوچەکە و پشتگیریی هەرێمی کوردستان میدیا

نوچه‌نێت: تایبه‌ت

شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) دوورگە وڵاتێکە بە تەنیشت کەناری باکووری خۆرئاوای کیشوەری ئەوروپاوە، پێکهاتووە لە دوورگەی بەریتانیا (کە ئەویش پێکهاتووە لە ئینگلتەرا، وێڵز و سکۆتلەندا) و هەروەها بەشی باکووری دوورگەی ئایرلەندا، هەندێکجار لە بری شانشینی یەکگرتوو هەر بە بەریتانیا ناودەبرێت، پایتەختەکەشی لەندەنە کە یەکێکە لە سەنتەرە پێشەنگەکانی جیهان لە ڕووەکانی بازرگانی، ئابووری و کەلتوورییەوە.

رۆڵ و کاریگەریی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر لە لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەوە پایەیەکی گرنگی هەبووە لە سیاسەتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیادا، بەو پێیەی ئەم ناوچەیە بەردەوام دەروازەیەکی جوگرافی گرنگ بووە و گەرەنتی ڕێگای بەریتانیا بووە بەرەو هیندستان و دۆخە ستراتیجییەکەی لەوێ، ئەوەش وای لە بەریتانیا کرد بوو پەنا بۆ چەندین هۆکاری دیپلۆماسی و سەربازی ببات بۆ پارێزگاریکردن لە کاریگەریی خۆی لەم ناوچەیە سەرەڕای کێبڕکێی هەریەک لە فەرەنسا و ڕووسیا بۆ ئەم بابەتە، سەرەنجام توانیویەتی پارێزگاریی لە ڕۆڵ و هەژموونی خۆی بکات لە نیوە دوورگەی هیند و دوورگەی عەرەب تا دەگاتە ڕووباری نیل و دەریای ناوەڕاست.
هەروەها یەکێک لەو گرەوە ستراتیجییانەی بەهۆیەوە ئیمپراتۆریەتی بەریتانی توانیویەتی هەژموونی ستراتیجیی خۆی لە جیهاندا پێ بسەلمێنێت، ڕۆڵی مێژوویی ئەو بووە لە دیاریکردنی چارەنووسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لە ڕێگەی دیاریکردنی نەخشەی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست، هەر لە (1699) و پەیماننامەی کارلۆفیتز کە پاشەکشەی بە ڕۆڵی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کرد لە ئەوروپای ناوەڕاستدا تاوەکو(1918) و کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

بەریتانیا ڕۆڵی کاریگەریشی هەبووە لە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و داڕشتنی نەخشەی نوێی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەروبەندی شه‌ڕی جیهانیی یەکەم لە چوارچێوەی پلانی سایکس-پیکۆ.

دیارە سێر مارک سایکس بەریتانی بووە و راوێژکاری حکومەتی بەریتانیا بووە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا ئەم پیاوە دیدگایەکی کلاسیکی هەبووە، بەوەی بەلایەوە پێویست بووە پارێزگاری لە قەوارەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بکرێت وەکو قەوارەیەکی یەکپارچە و بەهێز کە زاڵ بێت بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەویش بۆ ئاسانکاری لە بەردەم ئالوگۆڕی سوودە بازرگانی و لۆجیستییەکان لەگەڵ بەریتانیادا، بەڵام دوای هەڵگیرسانی شه‌ڕی جیهانیی یەکەم لە (1914) گۆڕانکاری بەسەر بیری سیاسیی ئەم گەنجە بەریتانییەدا هات، دوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی چووە ڕیزی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەڵمانیا، ئەوە بوو سایکس گەشتێکی خێرای کرد بۆ سەردانی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و دواتر لە (1915) گه‌ڕایه‌وه‌ بەریتانیا و لەگەڵ خۆیدا ئەو پلانەی بردەوە کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی عوسمانی و کۆتایی پێهێنانی دایڕشتبوو.

به‌ریتانیا له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه‌
هاوكارى كوردى كردووه‌

بەم پێیە دانانی سنووری وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش شه‌ڕی جیهانیی یەکەم بەشێویەکی سەرەکی لەلایەن بەریتانیاوە بووە، کە بەداخەوە نەخشەی دڵخوازی کورد نەبووە و پێچەوانەی خەونی کورد بووە.
لە شه‌ڕی جیهانیی دووەمیشدا بەریتانیا بە چالاکی کاری کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەزینی فەرەنسا لەو شه‌ڕەدا بەرانبەر نازییەکان، وایکرد بەریتانیا چالاکانە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی میراتی فەڕەنسییەکان بدات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها سەرهەڵدانی یەکێتیی سۆڤیەت و ئەمریکا وەکوو دوو زلهێز، ئەو بڕوایەی لای بەریتانیەکان دروستکرد کە تاکە ڕێگا بۆ پاراستنی پێگە جیهانییەکەی بریتییە لە بەردەوامیی زاڵبوونی بەسەر وڵاتانی ژێر کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا  کە یەدەگی نەوتەکەیان لە دەرخستن و ئاشکرابووندا بوون.

دوای شه‌ڕی جیهانیی دووەمیش بەریتانیا ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی پشتگوێ نەخستووە. گۆڤاری سەربازیی (میلیتەری وۆچ) دەڵێت: لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستدا و دوای شه‌ڕی جیهانیی دووەم بەریتانیا هاوشان لەگەڵ ئەمریکا بڕیاریان دابوو، ئەگەر رووسیا هەژموونی خۆی بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا زاڵبکات، ئەوا لە ڕێگەی شارەزا ڕۆژئاواییەکان کە لە دامەزراوە نەوتییەکان کاریان دەکرد، بتوانن ئەو دامەزراوە نەوتییانە تێکبدەن، کاتێک ئێران و عێراق شارەزا ڕۆژئاواییەکانیان لە دامەزراوە نەوتییەکاندا کەم کردەوە، ئەوە مەترسی لەسەر ئەم پلانە دروست بوو، بۆیە بەریتانیا هاوشان لەگەڵ ئه‌مریكا، بڕیاریان هەبووە ئەگەر پێویست بکات بە چەکی ئەتۆمی ئەو دامەزراوە نەوتیانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو ببەن ئەگەر دەستی رووسیایان پێبگات، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا، بەریتانیا له‌ كارنامه‌ی خۆیدا، بە ڕاشکاوی باس لە گرنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی بەریتانیادا و لە راپۆرتی فەرمیی ئەو پەرلەمانە بۆ ساڵانی (2016-2017)دا هاتووە، ئەو مەترسییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرچاوە دەگرن، بۆ سەر بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و ئاساییشی بەریتانیا، ئەوەمان لەسەر پێویست دەکات کە بەردەوام بەریتانیا لەو ناوچەیەدا تێوەبگلێ، چونکە بەریتانیا ناتوانێ وەکو ئەمریکا بە ئاسوودەیی بڕیار بدات بەرکەوت و تێوەگلانی لەگەڵ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دراوسێی کەمبکاتەوە.
پەرلەمانی بەریتانیا لە ماڵپەڕە فەرمییەکەیدا دەشڵێت: شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دەبێت چالاکانە سوور بێت، لەسەر پابەندبوونی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤی مەسیحییەکان و کەمینەکانی دیکەی ناوچەکە.
د. فەواز جەرجیس، پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکانی کۆلێجی ئابووریی لەندەن، دوای جەختکردنەوە لەوەی کە ئەوە ماکینەی ئابوورییە کە عەرەبانەی دیپلۆماسی رادەکێشێت، دەڵێت کە بۆ بەریتانیا دوو ناوچە رۆڵی هەرە لە پێشینەیان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوانیش تورکیا و وڵاتانی کەنداون چونکە وەکوو ئەو دەڵێت "لەڕووی مێژووییەوە کەنداو ناوچەی هەرە گرنگ بووە بۆ بەریتانیا و ئێستاش وڵاتانی کەنداو وەبەرهێنانی زەبەلاحیان هەیە لەناو بەریتانیادا، هەرچی تورکیاشە ئەوە بۆ بەریتانیا گرنگە بە سەرنجدان لە هەڵکەوته‌ جوگرافییە ستراتیجییەکەی و قەبارەی کاریگەریی تورکیا لە ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاستدا".


ڕۆڵ و کاریگەریی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتوەکان

بەریتانیا یەکێکە لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پلانەکان بۆ دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردەمی شه‌ڕی جیهانیی دووەمدا تاووتوێ کران لە (14/ئاب/1941) سەرۆکی ئەمریکا فرانلین ڕۆزڤیڵت و سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا وینستۆن چەرچڵ کۆمەڵێک پرەنسیپیان پێشنیازکرد بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی لەسەر پرسەکانی ئاشتی و ئاساییش لە دۆکیومێنتێکدا کە بە پەیمانامەی ئەتلەنتیک ناسرا.
بەریتانیا ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، چونکە ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەریتانیا لەم ئەنجوومەنەدا کاریگەرییەکی بەهێزی هەیە بەو پێیەی لایەنی قەڵەم بەدەستە لە تاوتوێکردنی زۆرێک لە قەیرانە جیهانییە دیارەکاندا، کە مانای ئەوەیە ڕۆڵی ڕێبەریی هەیە لە نووسینەوەی هەڵویست و چالاکیی ئەنجوومەنی ئاساییش تایبەت بەو قەیرانانە و هەڵویست لە بەرامبەریان.
بەریتانیا هەروەها وەکوو یەکێک لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی ڤیتۆی هەیە.

پەیوەندییەکانی کورد و بەریتانیا

تۆم توگیندات بەرپرسی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا دەڵێت پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ کورد پڕ هەڵبەز و دابەز (شەترەنج ئاسا) بووە و وەکو ئەو دەڵێت "وەزیری ئەوکاتی کاروباری کۆڵۆنیالی بەریتانیا ویسنتن چەرچڵ یەکەم کەس بووە چەکی کیمیایی دژی کورد بەکارهێناوە".
کەچی لەگەڵ ئەو زبرییەی ئەو وڵاتە لەگەڵ کورد لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقدا، لە (نیسان/1991) بەریتانیا هاوشان لەگەڵ ئەمریکا و فەرەنسا (ئۆپەراسیۆنی فەراهەمکردنی ئارامیی Operation Provide Comfort) یان دەستپێکرد بۆ دامەزراندن و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە باکووری عێراق (کوردستان)، بەوەش خەڵکی ناوچەکەیان پاراست لەدەست هێزەکانی سەدام.
دوای ئەو بڕیارە چارەنوسسازەش لە بەرژەوەندیی کورد، فڕۆکە بەریتانییەکان بەشداریش بوون لە سووڕانەوە بەسەر ناوچەی دژەفڕیندا، ئەوەش کەشێکی لە باری دروستکرد بۆ دروستبوونی پەڕلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها ساڵی(2014)و لە شەڕی دژە داعشدا، دەیڤد کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستی بە ئامادەیی کرد بۆ ناردنی چەک ڕاستەوخۆ بۆ هیزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی بەریتانیا فیلیپ هامۆند بڕیاری دا بە هاوتاکانی لە یەکێتیی ئەوروپا بڵێت کە بەریتانیا ئامادەیە وەکو فەڕەنسا بچێتە ڕیزەوە بۆ پێدانی چەک بە کورد بێ تێپەڕین بە فلتەری بەغداد.

به‌ریتانیا پشتگیرى ریفراندۆمى كوردستانى نه‌كرد
به‌ڵام پشتیشى له‌ كورد نه‌كرد

 

هەروەها تیمی تایبەتمەندی بەریتانی گەیشتنە هەولێر بۆ مەشقکردن بە هێزی پێشمەرگە لەسەر ئەو چەکانەی بەریتانیا پێی دابوون. ڕاستە بەریتانیا پشتیوانیی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌ ساڵی (2017)ی نەکرد، بەڵام لە تەواو پشتیشی نەکردە کورد و بگرە دوای ئەوەش لە پشتیوانیی کوردستان بەردەوام بوو، ئەوە بوو وەڵامی ڕاپۆرتێکی مانگی (نیسان/2018)ی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا، لەژێر ناونیشانی "خەونەکانی کورد و بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا"، حکومەتی بەریتانیا ڕایگەیاند کە "حکومەتی بەریتانیا پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەهێز دەکات لە چوارچیوەی عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو. ئێمە هەمیشە دووپات دەکەینەوە بۆ حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە گرنگیی پابەندبوون بە مافەکانی دانیشتووانی کورد لە عێراقدا، وەکو ئەوەی لە دەستووری(2005)ی عێراقدا دیاریکراوە".

لیژنەکە هەروەها پێشنیازی کردبوو، بەریتانیا هانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات و بۆیشی فەراهەم بکات کە دامەزراوەکانی پتەو بکات، بە تایبەت کە باس و خواستی گەندەڵییان هەیە لەو بارەیەوە، لە وه‌ڵامدا حکومەتی بەریتانیا هاوڕا بوو، بەڵام گوتبووی کە ئێستا بەریتانیا تیشکی خستووەتە سەر بابەتی پێشمەرگە و وتبووی "ئێمە هاوڕاین لەگەڵ پێویستیی پشتیوانیکردنمان لە چاکسازی و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئێمە خەمڵاندن دەکەین بۆ هەلومەرجی پشتیوانی بەریتانیا لەو بارەوە لەسەر بنەمای: رادەی پێویستی ئەو پشتیوانییانە، ئارەزووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامدانی چاکسازیی، هەروەها ئەوەی کە بەریتانیا تا چەند بۆی شیاوە ئەو پشتیوانییەیان لێبکات. ئەگەر لایەنی دیکە هەبن باشتر ئەو پشتیوانییە ئەنجام بدەن، ئەوە هانییان دەدەین ئەنجامی بدەن. راوێژی تەکنیکیی ئێستامان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، نموونەیەکە لە شارەزایی بەریتانیا لە ئاسانکاریکردن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. ئێمە پێشەنگی کۆششێکی جیهانین بۆ چاکسازیی پێشمەرگە بەجۆرێک کە بە تواناتر بێت، گونجاوتر بێت و زیاتر پابەندی هەبێت بە دامەزراوە دیموکراسییەکانەوە".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە