جەبار یاوەر: وتارەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەقەڵاچوالان هەنگاوێکى گرنگ بوو بۆ یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە میدیا

نوچەنێت:

ئەمنداری گشتى وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان، لەسەر وتارى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە کۆلێژى سەربازى (3)ـى قەڵاچوالان لە بارەى نەهێشتنى دەستى حیزبى لەناو هێزەکانى پێشمەرگە و دوورخستنەوەى دەستى پارتى و یەکێتى لە ناو لەشکرى کوردستان، بە گرنگ و پێویست ناو دەبات و دەشڵێت، وتارەکە هەڵگرى ئاماژەى گرنگ بوون.

جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کورستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رووداو لە (26-5-2022) سەبارەت بە هەوڵەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ یەکخستنەوە هێزەکانى پێشمەرگە و دروستکردنى تەبایى لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و سەردانیکردنى سلێمانى ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هەنگاوێکى زۆر گرنگ بوو بەتایبەتى سەردانیکردنى شارى سلێمانى و کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەو وتارەکەى کە لە کۆلیژى قەڵاچوالان خوێندرایەوە لەلایەن بەڕێزییەوە، هەنگاوە گرنگەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کۆبوونەوەى دوێنێى نێوان پارتى و یەکێتى لێکەوتەوە، کە یەکەم کۆبوونەوە لەنیوان هەردوولا ئەنجامدرا.

 

دەقى دیمانەکەى جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کورستان:

ــ لەلایەکەوە پرۆسەیەکى چاکسازى هەیە لە نێو وەزارەتى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان، کە ماوەى چەند ساڵێکە بە هەماهەنگى لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیمانان و ئەو چوار دەوڵەتەى کە گرنگى بەو پرۆسەیە دەدەن، ئەمەریکایە، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵندا لەگەڵ ئەوانە پرۆسەیەک بەڕێوەدەچێت کە ئێوە ئامادەکارى دەکەن بۆ ئەوەى ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان بڕیارێکى سیاسى درا لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە، کە هێزى پێشمەرگەى کوردستان یەکبخرێتەوە، لەڕووى زانستى سەربازیى و ئیدارەوە ئێوە ئامادەبن بۆ ئەوەى ئەو یەکخستنەوەیە بە ڕێکوپێکى ئەنجام بدرێت، دەمەوێ پرسیارى ئەوەت لێ بکەم، ئەکەر بڕیارە سیاسییەکە هاتەکایەوە لە ماوەى داهاتوودا، ئێوە ئامادەن هەموو هێزەکانى (70 و 80) لەژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگەدا ڕێکبخەنەوە؟

جەبار یاوەر: مەسەلەى یەکخستنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و چاکسازییەکان، پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، پرۆسەى یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە بەشێک لە پرۆسەى چاکسازییەکان، وە بەشێکە لەو پڕۆژە (35) خاڵییەکەى، کە پێشتر ڕێککەوتنى لەسەرکرا لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگە و نوێنەرى ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، لە ساڵى (2018)وە کارى لەسەر دەکرێت، بە هەمان شێواز یەکخستنى هێزى پێشمەرگە بەشێکە لە یاساى ژمارە (2)ـى ساڵى (2020)ـى چاکسازى، کە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بوو بە یاسایەکى فەرمى، لەلایەن پەرلەمانى کوردستان پەسندکرا، وە ئەنجوومەنى وەزیران پەسندى کرد، کە نزیکەى (5) خاڵى پەیوەستە بە هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە، کە ئەو (5) خاڵە زۆربەیان جەخت لەسەر یەکخستنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان دەکاتەوە، بۆ زانیاریتان هەردوو لایەنى سیاسى بە ئاشکرا هەموو ڕۆژێک لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانان، هەروەها لە کۆبوونەوەکانیان بەیەکەوە لە بەیاننامەکانیان جەخت دەکەنەوە لەسەر یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان.

ــ کەواتە رێگرییەکانى بەردەم یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان چییە، کە تاوەکو ئێستا ئەوە ڕووینەداوە و پرۆسەکە بە خاوى دەڕوا بەڕێوە؟

جەبار یاوەر: ڕێکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى (1992)، من بە کورتى باسى دەکەم، بەڵام هۆکارەکەش دەخەمەڕوو، ئێمە لە ساڵى (1992) کە یەکەمین کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دامەزرا، هەموو حیزبە سیاسییەکان پێشمەرگەیان هەبوو، چونکە ئێمە لە شاخەوە هاتبووینە شار، یەکێتى، پارتى، شیوعى، سوسیالیست، لایەنە ئیسلامییەکان، حیزبى زەحمەتکێشان، هەمانە هەموویان هێزى پێشمەرگەیان هەبوو، کە شاخەوە هاتبوونە شار، بەڵام کە حکومەتى هەرێمى کوردستان دامەزرا، بڕیاردرا کە یەکێک لە وەزارەتەکانى ئەم حکومەتە، وەزارەتى پێشمەرگە بێت، لەشکرێکى یەکگرتوو دروست بکرێ بۆ هەرێمى کوردستان، کە پێشمەرگەى هەموو حیزبەکان سەربەم وەزارەتە بن.

لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هەوڵى یەکخستنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان دەدرێت، رێگرى لە ڕێکخستنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، مەسەلەکە ژمارە نییە، ئێمە بێین کۆیان بکەینەوە لە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگە، ئەوەى کە زۆر گرنگە یەکخستنى چۆنیەتى بیروباوەڕە، چونکە هێزە چەکدارەکان لە هەموو دونیا بیروباوەڕێکى جەنگیان هەیە، بە عەرەبى پێى دەڵێن (عقیدەى قیتالى) دەبێ هەموو هێزە چەکدارەکان، وەک ئەوەى لە وڵاتانى دونیا هەیە، ئەم هێزانە لە خزمەتى نیشتیمان دابن، هەموویان بەرژەوەندى نیشتیمان لایان باڵاترین بەرژەوەندى بێت، نەوەکو بەرژەوەندى حیزبى یان تاکەکەسى و عەشیرەتى.

بەڵێ پرۆسەى چاکسازى بەردەوامە، دوێنێ و پێرێش دوو لیواى ترمان خستەوە سەر وەزارەتى پێشمەرگە، ئێستا ئێمە لە وەزارەتى پێشمەرگە (21) لیواى یەکگرتوومان هەیە کە لە یەکەى (70 و 80)مان وەرگرتووە، لە یەکێتى و پارتى، زائیدەن دوو هێزى پشتیوانى گەورە، کە ژمارەکەى نزیکەى دەگاتە سەرووى (60) هەزار پێشمەرگە و سەر بە وەزارەتى پێشمەرگەن، بەڵام گرنگترین شت لەو وڵاتە یەکخستنى بڕوابوونە بە نیشتیمان، نەوەکو بەس بۆ هێزى پێشمەرگە، بەڵکو دەبێ بۆ پۆلیس، ئاسایش، بۆ فەرمانبەرێکى ئاسایى و خوێندکارێک بۆ هەموو کەسێک دەبێ بڕوا دروست بکرێ بۆ نیشتیمانێک کە ناوى کوردستانە. 

ــ ڕۆڵى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە سیفەتى ئەوەى فەرماندەى گشتى پێشمەرگەى کوردستان چۆن دەبینى، بەتایبەتى لەو ماوەییەى کۆتاییدا کە دەیەوێ لە ڕووى سیاسییەوە ئامادەکارى بکات بۆ یەکخستنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە، دەکرێ ئەمە بە سەرکەوتن کۆتایی پێبێت؟

جەبار یاوەر: بێگومان ئەگەر هەموو لایەنە سیاسییەکان لەڕووى نییەتەوە جددى بن، کە ئێستاهەموویان باسى دەکەن، کە مەترسییەکى گەورە لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، بەس نەوەکو لەسەر قەوارەکەى، لەسەر حیزبەکان، هاووڵاتیان، ئاییندەى هەموومان لە هەرێمى کوردستان مەترسییەکى گەورە هەیە، لەبەر ئەو مەترسیانە دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان هەست بە لێپسراویەتى بکەن، بەرژوەندییە حیزبەکانى خۆیان وەلابنێین. 

ــ کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەتوانێ پارتە سیاسییەکان قەناعەت پێبکات بۆ ئەم کارە؟

جەبار یاوەر: بەڵێ ئەو هەنگاوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هەنگاوێکى زۆر گرنگ بوو بەتایبەتى سەردانیکردنى شارى سلێمانى و کۆبوونەوەى لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەو وتارەکەى کە لە کۆلیژى قەڵاچوالان خوێندرایەوە لەلایەن بەڕێزییەوە، کە ئاماژەیەکى زۆر گرنگى تێدا بوو، هەم بۆ ئاییندەى پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا کە ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانمان، هەم بۆ مەسەلەى یەکخستنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، هەم بۆ مەسەلەى ئاشتەوایى لە هەرێمى کوردستان، هەروەها بۆ چۆنیەتى دوورخستنەوەى مەترسییەکان، هەنگاوە گرنگەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، کۆبوونەوەى دوێنێى نێوان پارتى و یەکێتى لێکەوتەوە، کە یەکەم کۆبوونەوە لەنیوان هەردوولا ئەنجامدرا، کە هەموومان ئومێدێکى گەورە هەیە وردە وردە لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان ئەو هەنگاوانە بنرێن، چونکە پەرلەمانیش کۆبوونەوەى هەبوو بۆ ئەوەیە کە بتوانین ڕێککەوین لەسەر مەسەلە نیشتیمانییە گرنگەکان، قەیناکە لەسەر مەسەلە لاوەکییەکان  و چۆنیەتى حکومڕانی ڕێکنکەوین، بەڵام لەسەر بابەتە نیشتیمانییەکان دەبێ ڕێکبکەوین.

ــ لە سۆشیال میدیا نووسراوێک بە واژۆى ئەمینداریەتى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە بڵاوکرایەوە، کە گوایە وەزارەتى پێشمەرگە جیاکارى لە نێوان شەهیدان کرودووە و شەهى پارتى و یەکێتى لە یەکتر جیاکردۆتەوە، وەزارەتى پێشمەرگە لە کاتى خۆیدا بە درۆى خستەوە، بەو پێیەى جەنابت ئەمنیدارى گشتیى وەزارەتى پێشمەرگەى، دەمانەوێ لەسەر زارى خۆتەوە خەڵک گوێیان لێ بێت، ڕاستى و دروستى ئەو بابەتە چى بوو؟

جەبار یاوەر: بەهیچ شێوازێک ئەمنیداریەتى گشتى نووسراوێکى لەو شێوەیە بڵاونەکردۆتەوە، ئەوکاتەى ئەو نووسراوە لە سۆشیال میدیا، من ئاگادارى جەنابى وەزیرم کردەوە، گوتم من بە ناوى ئەمنیداریەتى گشتى ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکەمەوە، بەڕێزیان گووتى بە ناوى وەزارەتى پێشمەرگە بڵاوى دەکەینەوە، ئێمە هیچ نووسراوێکى لەو شێوەیە نە واژۆ کردووە نەک بڵاوکردۆتەوە، وە ئەو شەهیدانەى شەڕى داعش کە ژمارەیان (1742) شەهیدە لەگەڵ (42) بێسەروشوێن لەگەڵ (10) هەزار و (740) بریندار، ئێمە هیچ جیاکارییەک ناکەین، نەک وەک حیزبى سیاسى تەنانەت لە شەهیدانى هاووڵاتى و پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیسیش جیکاریمان نەکردووە، نەمانگووتوە ئەوەندە پۆلیس و ئاسایشە شەهیدان، بەڵکو گوتوومانە شەهید و بریندار.

س: رووداو

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە