قوباد تاڵەبانى: لەسەردەمى کابینەى هەشتەم توانیمان حکومەت لە رکابەریی نێوان پارتی و یەکێتی بپارێزین میدیا

نوچەنێت:

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیێنێت لەسەردەمى کابینەى هەشتەم، کە ئەو کات نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکایەتیى دەکرد دەڵێت، "لەسەردەمى کابینەى هەشتەم توانیمان، توانیمان حکومەت لە رکابەریی نێوان پارتی و یەکێتی بپارێزین، من خۆم لەلایەن حزبەکەى خۆمەوە (یەکێتى) لەژێر گوشاردا بووم، زۆریان دەیانویست لە (حکومەت) بێمەوە دەرەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە (یەکى/تشرینى دووەم/2022) دیدارى مێرى بەڕێوەچوو، لە ڕۆژى یەکەمى دیدارەکە، یەکێک لە دیدارەکان بە ناوى (ئاڵنگاری چاکسازی و بەڕێوەبردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان) بەڕێوەچوو، کە قسەکەرەکان پێکهاتوون لە: جێنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

قوباد تاڵەبانى لە سەرەتاى قسەکانى باسى لەوەکرد، کە حکوومەت دەبێ بزانێ چۆن کار بکات و ڕاگەیاند، "لە (2018)ـى کابینەى هەشتەم، تووشى زۆر شۆک بووین، بڕینى مووچە، شەڕى داعش، قەیرانى مرۆیمان هەبوو، کە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر هەتانە هەرێمى کوردستان، نرخى نەوت دابەزى، ئەمە وای لە ئێمە کرد بیر لە چاکسازیى و خەرجییەکان و دامەزراندن بکەینەوە، بیر لە داهاتە نانەوتییەکان بکەینەوە، واى لە ئێمە کرد بیر لە پێکهاتەى حکوومەت بکەینەوە، چۆن پشت بە داهاتەکان ببەستین، ڕاشکاوانە پێتان دەڵێم ئەوانە بەسەر ئێمەدا سەپێندرا."

قوباد تاڵەبانى باسى لەوەکرد، لە عێراق سیاسەتى حزبەکان دیار نییە، هەروەها کاتێک حکومەت پێکدەهێندرێت پێویستی بە ژینگەیەکە بتوانێت کاری تێدا بکات. بەڵام لەو کوردستان بەو شێوەیە، ئەو نموونەى بە سەردەمى کابینەى هەشتەم هێناوە، کە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران بوو. "لە (2014) لەسەردەمى کابینەى هەشتەم ڕووبەڕووى کۆمەڵێک ئاڵنگارى بووینەوە، کە بە بڕینى بودجە لەلایەن بەغداوە دەستپێکرد، هیچ داهاتێک لە بەغداوە نەدەهات، شەڕى داعش و قەیرانى مرۆیى هەبوو، دەبوایە مووچەى فەرمانبەران کەمبکەینەوە، هەندێجار پێوست بوو (75%) مووچەى فەرمانبەران پاشکەوت دەکرد، بایکۆتى فەرمانبەران هەبوو."

قوباد تاڵەبانى، لە درێژەى قسەکانى پێى وابوو ئەوکات قەیرانەکان زۆر بوون، كە ئەوەش"بەڕاستى ژینگەیەکى باش نەبوو بۆ کارکردنی حکومەت" هەروەها تیشکى خستەسەر کێشە ناوخۆییەکان و وەک خۆى دەڵێت، "بەڵام ئێمە لەناو حکومەتدا یەکگرتوو بووین، بۆیە توانیمان هەندێک لە رکابەرایەتییە سیاسییەکان بەلاوە بنێین، وە حکومەت لە شەڕى نێوخۆى پارتە سیاسییەکان بپارێزین، حکوومەت لە ململانێى نێو دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەوکات کە زۆر بەهێز بوو بپارێزین، هەروەها توانیمان حکومەت لە رکابەریی نێوان پارتی و یەکێتی بپارێزین، ئەگەرچى سەرۆک وەزیران بارزانى بوو (نێچیرڤان بارزانی) پارتی بوو، وە جێگرەى سەرۆک وەزیران تاڵەبانى بوو، (خۆم) یەکێتی بوو، بەڵام ئێمە دەمانزانى ئەگەر ڕکابەرییەکە بگاتە نێو حکوومەت ئەوا کۆتایى حکوومەت دەبێت."

هەر سەبارەت بە بەربەستەکانى سەردەمى کابینەى هەشتەم گووتیشى، "وێڕاى هەموو گوشارەکان، کە لەژێر گوشارى گەورە بووین، من خۆم لەلایەن حزبەکەى خۆمەوە (یەکێتى) لەژێر گوشاردا بووم، زۆریان دەیانویست لە (حکومەت) بێمەوە دەرەوە، زۆر لەوانە ڕەخنەیان لەمن دەگرت، کە من زۆر لایەنگرى حکووت بووم، بەڵام نەدەبوو ئەوە بکەین، چونکە لە پشت من سەرۆک وەزیران هەبوو (نێچیرڤان بارزانى)، منیش پیشتى ئەوم دەگرت، پێکەوە ڕووبەڕووى ئەو گەردەلوولە بووینەوە، ئێمە پێکەوە پاڵپشتیمان لە رێفراندۆم کرد، ڕووبەڕووى گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان بووینەوە، چونکە ئێمە لە ناو حکوومەتدا یەکگرتوو بووین، حکوومەتمان لەڕێزى پێشەوە دانابوو، ڕزگارمان بوو."

قوباد تاڵەبانى جەخت لە یەک تیمى و یەکگرتووى ناو حکوومەتى هەرێم دەکات  و زیاتر ڕوونیکردەوە، "ئەگەر یەکگرتن و خواستى سیاسى هەبێت، ئەگەڕ دیدگاى ڕوون هەبێت، لە هەمووشى گرنگتر ئەگەر کارى پێکەوەیى هەبێت، ئەوان دەتوانین بەسەر هەموو بەربەستەکاندا زاڵبین، بەڵام ئەگەر حکوومەت ببێتە گۆڕەپانى شەڕەکە، کاتێ پارتەکان دێن لەنێو حکوومەت شەڕە دەکەن، ئەوە کۆتاییەکەیە، ئەوکات هیچ شتێک کارناکات."

قوباد تاڵەبانى لە پانێڵەکەیدا باسى لە یەکگرتوویى و یەک  تیمى کابینەى هەشتەمى کرد و گووتى، "من قسە لە بارەى (2014) تا (2017) دەکەم، من باس لە قۆناغێک دەیکەم، ک نێچیرڤان بارزانى سەرۆک وەزیران بوو (کابینەى هەشتەم) منیش جێگرى سەرۆک وەزیران بووم، ئێمە پارێزگاریمان لەو حکوومەتە کرد، ئێمە زۆر ئاڵنگاریمان هەبوو، کە بەربەست بوون لەبەردەم گەشە و بەرەوپێشوەچوونى ئێمە (حکوومەتى هەرێم) بەڵام پرسێکى تەواو جیاوازە، چونکە لەوێ لایەنەکان زۆرترن، ئەگەر لێرە سێ پارت هەبن، لەوێ (20) پارت هەن، ئەوەش وادەکات کێشەکان گەورەتر و قووڵتر بن."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە