دیارى حوسێن: سەردانەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ سلێمانى بەستەڵەکە سیاسییەکان دەتوێنێتەوە میدیا

نوچەنێت:

لەبارەى سەردانەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ سلێمانى، دیارى حوسێن، ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕایدەگەیێنێت، سەردانەکەى جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى بۆ سلێمانى کاریگەرییەکى باشى لەسەر بارودۆخى سیاسى ناوخۆ دەبێت، زۆر لەو بەستەڵەکانە دەتوێنێتەوە کە پێشتر هەبوون، مموکینە چارەسەرى زۆر لە کێشەکان بکات، کە پێشتر کۆسپ لەبەردەم دانیشتنەکان هەبووە و وایکردووە کێشەکان چارەسەر نەبن.

دیارى حوسێن ئەم قسانەى لە میانى دیمانەکەیدا لەگەڵ رووداو لە (22-5-2022) کرد و لە بەشێکى ترى قسەکانى گووتیشى، بە بۆچوونى ئێمە پارتى هیچ کاتێک هەوڵى نەداوە کێشە دروست بێت بۆ ئەوەى هێزى پێشمەرگە یەکبگرێتەوە، بۆیە دەبێ هەموو لایەکمان هەوڵبدەین هێزى پێشمەرگە یەکبگرێتەوە، هێزى پێشمەرگە، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بێت، هى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، کە ئەم حکومەت وەزارەتێکى هەیە، وە جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى، وەک فەرماندەى گشتیى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان ئەو ئاراستەیان دەکات.

دەقى دیمانەکەى دیارى حوسێن: ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان

ــ سەردانییەکەى کاک نێچیرڤان بارزانى، بۆ سلێمانى کاریگەرى چى دەبێت لەسەر نزیکردنەوەى لایەنەکان و شکاندنى ئەو بەربەستە دەروونییەى، کە سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە وتارەکەشیدا باسى کرد، کە بۆتە بەربەست لەبەردەم لایەنەکاندا، پێیوایە دواى ئەم سەردانە نزیکبوونەوەى لایەنەکان چۆن دەبێت؟

دیارى حوسێن: بێگومان سەردانەکەى جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى بۆ سلێمانى کاریگەرییەکى باشى دەبێت، بە قەناعەتى ئێمە زۆر لەو بەستەڵەکانە دەتوێنێتەوە کە پێشتر هەبوون، مموکینە چارەسەرى زۆر لە کێشەکان بکات، کە پێشتر کۆسپ لەبەردەم دانیشتنەکان هەبووە و چارەسەرى کێشەکان بکرێ، دواى ئەم سەردانەکەى کاک نێچیرڤان بارزانى دانیشتنەکانى حیزبەکان دەستپێدەکات، وە ئومێدمان هەیە کە لە ئایندەیەکى نزیکدا هەموو کێشەکان چارەسە بکرێ.

ــ دواى ئەم سەردانە زەمینە لەبار دەبێت بۆ کۆبوونەوەى لایەنەکام، بەتایبەتى کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى، ئێستا سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندێکى یەکێتى لە کۆبوونەوەدایە، ماوەیەکى زۆرە هەوڵدەدرێت بۆ هەردوو کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى پارتى و یەکێتى، دواى ئەم سەردانە زەمینە لەبار دەبێت بۆ ئەم کۆبوونەوەیە؟

دیارى حوسێن: بێگومان ئێمە لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانیشدا، جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى، مەکتەبى سیاسى ئاراستەکرد کە هەوڵبدرێت دانیشتنەکان بکرێ لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنەکان، بۆ ئەوەى کەوا ئەم کێشە و دوورەپەرێزییە نەمێنێت لە نێوان لایەنەکان ، بۆ ئەوەى بە هەموو لایەکمان بتوانین ناوماڵى خۆمان ڕێکبخەین، وە بتوانین بەرامبەر بەغدا و وڵاتانى تریش ئەگەر کێشەیەک هەبێـ بتوانین چارەسەرى بکەین.

جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى، بەو حوکمەى کە هەم جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە، هەم سەرۆکى هەرێمى کوردستانە، وە لە خێزانى بنەماڵەى بارزانییە، ئەوانیش ڕابردوویەکى پرشنگداریان هەیە لەگەڵ هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى گەلى کورد، خەبات و ماندبوونى ئەوان لە دوو سەدەى ڕابردوودا بۆ ئەوە بووە کە کورد بگاتە ئەنجام، ئەنجامەکەش کە ئێستا ئەم دەستکەوتانە هەن بە خەبات و قوربانیدان و خوێنى شەهیدانە، بۆ ئەوان بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن چارەسەرى ئەم کێشانە بکەن، جەنابى سەرۆکى بارزانى و کاک نێچیرڤان بارزانى، دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ مەکتەبى سیاسى پارتى، بێگومان دواى ئەو کۆبوونەوەیەش بەرنامەیەکیان داناوە بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشانە، بە حکومى ئەوەى کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستانە، ئێستا کەسى یەکەمە لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و فەرماندەى گشتیى هێزەکانى پێشمەرگەیە، دەکرێ بەرنامەیەک دابڕێژێ بۆ ئەوەى چارەسەرى ئەو کێشانە بکات، بە بۆچوونى ئێمە دواى ئەو گفتوگۆیانەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتی پارتى لەگەڵ جەنابى سەرۆک بارزانى، کە گفتوگۆى زۆر کراوە، ئێستا دەتوانن ئەو پێیەى کە خۆشى سەرۆکى هەرێمى کوردستانە، دەتوانێ لەگەڵ برادەرانى یەکێتى و کۆمەڵ و یەکگرتووى ئیسلامى و گۆڕان کۆببێتەوە، وە هەر حیزب و لایەنێکى دیکەش هەبێت لەوێ کۆببنەوە بۆ ئەوەى بەرنامە ڕێژیەک بکرێت و ئەو بەستەڵەکە بتوێتەوە، کە ئەو دوو پەرێزییە نەمێنێت، وە لاینەکان دابنیشن و چارەسەرى کێشەکان بکەن، جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانیش سەرپەرشتى بکات، لە ئاستى خۆى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان.

ــ سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە وتارەکەیدا باسى ئەوەى کرد، کە بەربەستى ئەوەندە گەورە نییە لەبەردەم لایەنەکاندا کە نەتوانن کۆببنەوە و لێکنزیک بن، ڕەنگە تەنها بەربەستێکى دەروونى هەبێت وایکردبێت لە یەکتر دوور بن، لە ماوەى ڕابردووش کۆمەڵێک کێشە لە نێوان پارتى و یەکێتى دا هەبوو، کە وایکردبوو کێشەکان گەورەتر بێت، ئێستا ئەوانە قابیلى چارەسەرکردنن، بۆ نموونە پۆستى سەرۆک کۆمارى، بابەتى کۆکردنەوەى داهاتى سلێمانى، یاساى هەڵبژاردن کۆمەڵێک بابەتى دیکە ئێستا ئەوانە پێتانوایە قابیلى چارەسەرکردنن لە نێوان پارتى و یەکێتى دا؟

دیارى حوسێن: بەتاکید بارودۆخەکە ئەوە دەخوازێت کە هەموو لایەنێک هەست بە بەرپرسیارێتى بکات، نەک تەنیا پارتى، دەبێ لایەنەکانى دیکەش هاوکار بن بۆ ئەوەى چارەسەرى کێشەکان بکەین، هەموومان لە یەک کەشتى داین، کەشتییەکە بە شێوەیەک لە شێوەکان کێش و گرفتى بۆ دروست بێت بۆ هەموومان تووشى گرفت دەبین، بۆیە پێویستە حیزب و لایەنە سیاسییەکان هەست بە بەرپرسیارێتى بکەن لەگەڵ پارتى و یەکێتى دا، پارتى بە تایبەتى، لە کاتێکدا جارى وا هەبووە کێشەى زۆر لەوەى گەورەتریان هەبووە لەوەى کە ئێستا هەیە، دواتر پێکەوە دانیشتوون و چارەسەریان کردووە. بۆیە بە بۆچوونى ئێمە ئێستاش دەتوانن چارەسەرى ئەو کێشانە بکەن، تێگەیشتن هەبێ، وە هەوڵبدرێت هەموومان پێکەوە بە یەک ئاراستە و ئامانج کاربکەین، بۆ ئەوەى بتوانین هەرێمى کوردستان بەرەپێشتر بەرین، بۆ ئەوەى بتوانین ئەو هەڕەشانەى لەسەر هەرێمى کوردستان هەیە، چ لە بەغداوە چ لە شوێنەکانى دیکەوە بێت، تاوەکو بتوانین بەرەنگاریان ببینەوە، تا هیچ کێشەکیش بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستانیش دروست نەبێت.

هەموو ئەوانە ئەرکى پارتییە بە دەرەجە یەک، وە ئەرکى هەموو لایەنەکانە کە ئەوانیش لە هەرێمى کوردستاندان و خۆیان بە شەریک دەبینین، دەکرێ خۆیان لە ئاستى پارتیشدا ببنین، لەوانە سبەى هەڵبژاردن بکرێ ڕةنگە بتوانن کورسى زیاتر بەدەست بێنن، بەڵام لە واقیعیشدا دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتى بکەن، کە ئەوانیش بەشێکن لەم کوردستانە و خەڵکیان هەیە، بۆ ئەوەى بە هەموو لایەکمان بتوانین چارەسەرى کێشەکان بکەین.  

ــ ئەوەى ئەمڕۆ کە زۆر جەختى لەسەرکرایەوە یەکخستنى هێزى پێشمەرگە بوو، وە بابەتى چاکسازى لە ناو هێزى پێشمەرگەى کوردستان، کە هەم سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەم وەزیرى پێشمەرگە لە وتارەکانیان ماوەیەکى زۆریان پێدا، پارتى دیموکراتى کوردستان چۆن دەڕوانیتە یەکخستنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان، بەتایبەتى لەم دوایشەدا هەر ناکۆکییەک هەبێت، ئەوەى پێش هەموان لەت دەبێت و ناکۆکى تێدەکەوێ هێزى پێشمەرگەى کوردستانە، دیسانەوە دابەشدەبێتەوە بۆ هێزى پارتى و یەکێتى، وە ئەواش ناوى دەهێندرێ، پارتى دیموکراتى کوردستان لە یەکخستنى هێزى پێشمەرگە دەڕوانێت؟

دیارى حوسێن: لە دووى ڕۆژى ڕابردوو (60) ساڵ بەسەر تەمەنى پێشمەرگایەتیى جەنابى سەرۆک بارزانى تێپەڕى وەک پێشمەرگەیەک، بۆ خۆشى هەمیشە تاکید دەکاتەوە، شانازى بە ناوى پێشمەرگەوە دەکات، وە لە هەموو پلە و پۆستێکدا پێى پیرۆزترە، بۆیە پارتى پێشمەرگە بە پێشمەرگەى کوردستان دەبینێت، چونکە سەرۆک بارزانیش هەمیشە تاکید لەو بابەتە دەکاتەوە، کە پێویستە پێشمەرگە یەک بەرنامە و ئامانج و ئاراستەى هەبێت.

بە بۆچوونى ئێمە لاى پارتى هیچ گرفت و کۆسپێک نییە، تا پێشمەرگە یەکنەگرێتەوە، وە بە دڵنیایشەوە دەڵێن، جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەو ڕاستییەوە ئەم قسانەى کردووە، بەرنامەى پارتى لەگەڵ ئەوەدایە، کە پێشمەرگەى کوردستان بە پارتى و یەکێتییەوە، بە لایەنەکاتى تریشەوە ئەگەر پێشمەرگەیان هەبێت، کە ڕەنگە خەڵکیان لەناو رێزەکانى پێشمەرگەدا هەبێت، پێویستە هەمووى یەکبگرێتەوە، هەروەک جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەمڕۆ باسیکرد، دەبێ پێکهاتەکانى کوردستان بە تورکمان و کلدان و ئاشوورییەوە ئەوانیش بە نیسبەتێک بەشداربن لە هێزى پێشمەرگەى کوردستان، بۆیە یەکڕیزى و یەک دەنگ و یەک ئاراستەى پێشمەرگە بە قەناعەتى ئێمە خزمەتێکى گەورە بە کوردستان دەکات، وە خزمەت بەوە دەکات کە کوردستان هەمیشە بەرەوسەرکەوتن بڕوات، وە هەمیشە هەوڵبدرێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان ئەگەر هەموان بێنە پێشەوە. 

ــ دۆستەکانى کورد ناوە ناوە هۆشدارى دەدەن بە کورد، کە زۆنى زەرد و سەوز هێشتا ماوە، یانى بوونى مەترسى بە گوێى سەرکردایەتییى سیاى کورد دەدەن، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر جینین پلاسخارت، نێردەى تایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لەبەردەم ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان، کە گەورەترین ناوەندى بڕیاردانە لە جیهاندا، دیسانەوە ئەو مەترسییەى باسکردەوە، باسى لەوەکرد کە ململانێیەکان زیاتر تۆخبوونەتەوە بەراورد بە ساڵى ڕابردوو، ساڵى پار لە پانێلێکى زانکۆى کوردستان دا ئەو مەترسییەى باسکرد، لە ئەنجوومەنى ئاسایشیش گووتى: ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر ئەو وتارەى مندا بەڵام ئێستا زۆنى زەرد و سەوز تۆختر بۆتەوە، پارتى دیموکراتى کوردستان چى دەکات بۆ کاڵکردنەوەى زۆنى زەرد و سەوز و ڕێگرتن لەو کێشانە؟ 

دیارى حوسێن: لە ڕاستیدا وەکو باسمکرد ئەمڕۆش جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامەکەیدا لە قەڵاچوالان ئاماژەى بەوەدا، کە پارتى و یەکێتى دەبێت وا حیساب بکەن، کە پێشمەرگە هى ئەو دوو ئەو حیزبە نییە، بەڵکو پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پێشمەرگەیە، پێویستە لەوێیەوە ئاراستە بکرێ.

بە بۆچوونى ئێمە پارتى هیچ کاتێک هەوڵى نەداوە کێشە دروست بێت بۆ ئەوەى هێزى پێشمەرگە یەکبگرێتەوە، بۆیە دەبێ هەموو لایەکمان هەوڵبدەین هێزى پێشمەرگە یەکبگرێتەوە، هێزى پێشمەرگە، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بێت، هى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، کە ئەم حکومەت وەزارەتێکى هەیە، وە جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى، وەک فەرماندەى گشتیى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان ئەو ئاراستەیان دەکات، بۆیە بە بۆچوونى ئێمە ئەوەى پلاسخارات دەیڵێیت لە ڕاستیدا وەهایە، بەڵام هەوڵیشدراوە بۆ ئەوەى کەوا لیواکان ڕێکبخرێن، چەند لیوایەکیش ڕێکخراون و بە یەک فەرماندەیى ئاراستە دەکرێن بۆ ئەوەى کێشەکان نەمێنێت، هەندێ کێشەى تەکنیکى هەیە، ڕەنگە لە ئاییندەیەکى نزیکدا ئەگەر حیزبەکان ئەو کێشانەى نەمێنێت بە دڵنیاییەوە ئەو کێشانەش لە ناو هێزەکانى پێشمەرگە نامێنێت و پێشمەرگەى کوردستانیش یەکدەگرێتەوە، وە یەکەى (70 و 80) وەک خۆى نامێنێت، مومکینە ئەگەر ئەوانیش سبەى خاوەن هێز بن حکومەت بڕیار بدات ئەوان جێبەجێى نەکەن. 

ــ ئەوەى کە سەرۆکى هەرێمى کوردستان داواى کرد، کە دوورخستنەوەى دەستى حیزب لەناو هێزەکانى پێمشەرگە  و یەکخستنیان، ئەوە خواستى پارتییە؟

دیارى حوسێن: وەک کادیرێکى پارتى تا ئێستا نەمتوانیوە شتێک بە جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى بڵێم، چ ئێستا چ ئەو کاتەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمیش بوو، کە تەنیا بەرژەوەندى حیزبەکەى خۆمى تێدا بووبێت، چونکە ئەوان بە خۆیان لەوێن، ئەوان خۆیان بەرژەوەندى ئەم وڵاتە و بەرژەوەندى پارتیش دەزانن، بۆیە جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى و کاک مەسرور بارزانى، هەر بڕیارێک بدەن پارتى دژى نابێت، بە ڕاستى بیڵێین حیزبەکەت چۆن هى منە هى ئەوانیشە، ئەوانیش لە ئێم زیاتر قوربانیان دابێت، ئەوان خۆیان خاوەنى حیزبەکەن، بۆیە بە بۆچوونى ئێمە بڕیارى ئەوان بڕیارى پارتییە.

س: رووداو

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە