شوان محەممەد تەها: سەردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ بەغدا هەنگاوەکانى دانوستاندن بەرەو قۆناغێکى گەورەتر دەبات میدیا

نوچەنێت:

لەسەر کۆبوونەوە و دیدارەکانى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە بەغدا، شوان محەممەد تەها بەرپرسى لقى (5)ى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەغد و ئەندامى پێشووى پەرلەمانى عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستانtv لە (12-10-2021)دا، سەردانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و شاندەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا گرنگ ناودەبات و دەشڵێت، هاتنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا، دواى ئەو سەردانیەى جەنابیان دێت بۆ فەرەنسا، کە سەردانى بەغداشى کرد سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى بەسەرکردەوە، ئەوەش پاڵپشتییەکى گەورەیە و هەنگاوەکانى دانوستاندن بەرەو قۆناغێکى گەورە تر دەبات، بۆیە ئەم سەردانییە بەرزدەنرخێندرێ.

 

دەقى دیمانەى شوان محەممەد تەها بەرپرسى لقى (5)ى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بەغدا:

ــ سەردانى نێچیرڤان بۆ بەغدا و خوێندنەوەى جەنابت چییە بۆ ئەم سەردانە؟

شوان محەممەد تەها: سەردانی هەرێم بۆ بەغدا چە لە ئاستى حکوومى بێت یان حیزبى، ڕۆڵ و کاریگەرى خۆى دەبێ، وە بوونى قیادەى کوردى لە بەغدا بۆ خۆى هەنگاوى پەیوەندییەکان بەرەوپێش دەبات، دیارە سەردانەکەى جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردسان لە پاش ئەو زنجیرە سەردانەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و دانوستاندنیان لەسەر بابەتى بودجە دێت لەگەڵ حکوومەتى عێراق، ئەوەش پاڵپشتییەکە بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، هاوکات لەگەڵ هاتنى شاندى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا، لایەن کوردستانییەکان و  پارتى دیموکراتى کوردستان چەند شاندێکیان هەبووە بۆ بەغدا، هەموویان لە شوێنێکدا یەکانگیر دەبوون تا داکۆکى لە خەڵکى کوردستان بکەن.

هاتنى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا، دواى ئەو سەردانییەى جەنابیان دێت بۆ فەرەنسا، کە سەردانى بەغداى کرد سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى بەسەرکردەوە، بەڕاستى ئەوە پاڵپشتییەکى گەورەیە و هەنگاوەکانى دانوستاندن بەرەو قۆناغێکى گەورە تر دەبات، بۆیە ئەم سەردانییە بەرزدەنرخێندرێ، ئەوەى بەرچاویشمان کەوت ئێمە وەک چاودیر لە ڕۆژنامەکان و دەزگاکانى ڕاگەیاندنى پارتە سیاسییە عەرەبییەکان ئەوەمان بۆ دەرکەوت، ئەم سەردانییە جێگەى خۆشحاڵى ئەوان بووە، بۆیە هەموو سەردانییەک بۆ بەغدا سروشتیى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا بەرەو پێشتر دەبات. 

ــ ئەگەر سەیرى ئەم گۆڕانکارییانەى ئەم دواییە بکەین، نێچیرڤان بارزانى سەردانى پاریس دەکات، دواتر دەگەڕێتەوە و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان کۆدەکاتەوە، دواتر سەردانى بەغدا دەکات و هەموو لایەنە سیاسییەکانى بینى، ئەمنیدارى کۆمکارى عەرەبى هاتە بەغدا دواتر هاتە کوردستان، چى گۆڕانکارییەک بەڕێوەیە و فەرەنسا چە نامەیەکى پێیە؟

شوان محەممەد تەها: ئەو سەردانییانە ئەوەمان پێدەڵێن، کێشەکانى عێراق تەنها کێشەیەکى ناوخۆیى نییە، ئەو کێشەى لە عێراق هەیە تەنها کێشەى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا نییە، بەڵکو عێراق لێوان لێوە لە کێشەى ناوخۆ، هەروەها کێشەکانى عێراق وابەستەى کێشەکانى وڵاتانى دەوروبەر و هەرێمیشن، ئەم هەنگاوانە پێماندەڵێن ناسەقامگیرى سیاسى لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە و ڕەنگدانەوەى سلبى لەسەر واقیعى سیاسی لە عێراق پەیداکردووە، ئەم واقیعە سیاسییە سلبیەش کە لە عێراق دا هەیە، بێگومان بەشێوەکى ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا هەبووە، وەک جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش ئاماژەى پێدا، دەبێ کێشە بنەڕەتییەکان لە عێراق چارەسەر بکرێن، کە بوویتە هۆى دروستبوونى چەندین کێشەى تر لە نێوان هەرێم و بەغدا، کێشەى حکوومەتى عێراق و شارەکانى باشوورى عێراق، سەرەڕاى ئەو کێشانەى لە پایتەختى عێراق دا هەن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەوانە کۆى ئەو کێشانە کە ناتوانین عێراق جیا بکەینەوە لەو کێشانەى کە لە ناوچەکەدا هەن، هەروەها بە هەمانشێوە ناتوانین کوردستان بەدەر بگرین لەو کێشانەى کە ئێستا لەناو عێراق دا هەن.

سەرۆکى هەرێم زۆر ڕاشکاوانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى بەغدا باسى لەوە کرد، کێشەى کورد تەنها بودجە نییە، بەڵکو کێشەیەکى سیاسى هەیە و کاریگەرى هەبووە لەسەر بەغدا و هەولێر.

ئێمە پێویستمان بە چارەسەرێکى ریشەیى هەیە، هەروەک سەرۆکى هەرێم زۆر ڕاشکاوانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى بەغدا باسى کرد، کە کێشەى هەرێم لەگەڵ بەغدا تەنها بودجە نییە، بەڵکو کێشەیەکى سیاسى هەیە کە کاریگەرى هەبووە لەسەر بەغدا و هەولێر، لەوانە ماددەى 140، کێشەى پێشمەرگە، ڕەنگدانەوەى سلبى دەبێ لەسەر واقیعى هەڵبژاردنى داهاتوو دەبێ، کۆى ئەو کێشانەى بەرۆکى عێراقیان گرتووە لە دواجاریش پەیوەیستن بە هەرێمى کوردستانیشەوە.

ــ سەرۆکى هەرێمى کوردستان گوتى: دواى هەژدە ساڵ لەدواى ڕزگارکردنى عێراق پێویستە کۆتایی بە قۆناغى ڕاگوزەر بێت و ئەوەى لە عێراق دا هەیە دیارە تا ئێستا قۆناغى ڕاگوزەرە، پێویستە قۆناغێکى نوێ دەست پێبکات، ئەم قۆناغە چۆن دەست پێدەکات و لەسەر چە بنەمایەک، کە هەژدە ساڵ ئەزموونێکى تاڵ و سەرنەکەوتووى هەبووە؟

شوان محەممەد تەها: جەنابى سەرۆک بارزانى، سەرۆکى پارتیمان، دە ساڵ لەمەوبەر باسى ئەوەى کردووە، سیستەمى حوکمڕانى لە عێراق بە ئاقارەکى ناتەندروست گوزەر دەکات، تاوەکو ئەو سیستەمەى لە عێراق هەیە و بەوشێوەیە گوزەر بکات، بێگومان کێشەکان زیاتر دەبن، ئێستا پێمان سەیرە کە وا قسە لەسەر کێشەى هەرێم و بەغدا دەکەن، کە کێشەى نێوان هەردوولا تەنها بودجە بێت.

لەم قۆناغە نوێیەدا، بە ڕاشکاوانە دەڵێین ماڵى شیعە یەک ماڵ نین، ماڵى کورد و سوننە یەک ماڵ نییە، بۆیە چیتر کورد یان سوننە بە یەکترى بڵێن ئێوە بۆ ئەوەى بتوانن لە بەغدا کار بکەن دەبێ یەک دەنگ بن، ئەوە ئەوەمان پێدەڵێت ئایندەى سیاسى عێراق پێویستى بە هاوپەیمانییەکى نیشتمانى و چاکسازى بنەڕەتى هەیە، لەسەر ئەو بنەمایانەى کە عێراقى لەسەر دروستکرابوون، ڕەنگە ئەو قۆناغە قۆناغێکى نوێ بێ وەکو باسمانکرد لە سەرەتاى قسەکانمدا، ئێستا ئێمە لە ناوچەیەکین ناوچەیەکى پڕ کێشەیە، ناوچەیەکە پێى دەڵێن خۆپێهەڵکێشان، یانى واى لێهاتووە هەندێ قەوارەى سیاسى لە عێراق خۆى بە وڵاتانى دراوسێ بەسەر ئەوانى تر دا قەرز دەکات، دەبێ کۆتایى بەو پاشاگەردانییە بهێندرێت کە ئێستا لە عێراق هەیە، چونکە دواجار بە شێوەیەکى سلبى کاریگەرى بەسەر هەموو کایەکانى ژیان لە ڕووى ئابوورى، سیاسى، هەتا لەڕووى تەندروستیشەوە دەبێ، بەتایبەت پاش دەرکەوتنى پەتاى کۆرۆنا بەتاکید کاریگەرى خراپى لەسەر ژیانى تاکى وەکو عێراق و کوردستانیش دروستکردووە.

ــ ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردن نزیکدەبینەوە، پێتوایە لە چوارچێوەى ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردن و پێکهێنانى هاوپەیمانیێتى، ئەوەى ئێستا باس دەکرێ کە هەندێ هاوپەیمانى پێکەهێندرێت، ئایا چە گۆڕانکارییەک لە هەڵبژاردنى ئەمجارەدا هەیە؟

شوان محەممەد تەها: یاساى ئەمجارەى هەڵبژاردن ڕێگە بە هاوپەیمانییەتى هەڵبژاردن نادات کە پێشتر هەبووە، دەکرێ قسە لەسەر هەڵبژاردنى دواى هاوپەیمانى بکرێ، چونکە ئەو سیستەمەى یاساى هەڵبژاردن دایناوە، بازنەییە و شارێک دەبێت بەچەند بازنەیەک، ئەوە خۆى لە خۆیدا هاوپەیمانیەتى پێشوەختە لەم هەڵبژاردنە ڕەنگە سوودێکى ئەوتۆى نەبێ، بەقەد ئەوەى دەکرێ هاوپەیمانیەتى لەڕووى سیاسى هەبێ، لێکتێگەیشتنێک هەبێ بۆ دواى هەڵبژاردن کە چۆن حکوومەتى لەسەر پێکدەهێندرێ، هەندێ دروشم هەیە دەتوانین بڵێن وەکو هەڵمەتى هەڵبژاردن بە کاردەهێندرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەگەر سەیرى یاساى هەڵبژاردن بکەین، کە پارێزگایەک دەکات بە چەند بازنەیەک، نموونە پارتێکى سیاسى ناتوانێ بە یەک لیستى دیاریکراو لە پارێزگایەکەى خۆى بێتەخوارێ، دەبێ هەر لە بازنەیەکدا خۆى وێنا بکات، بۆیە یاساى هەڵبژاردن و ئەنجامى هەڵبژاردنەکان دەکەوێتە  سەر بازنەى هەڵبژاردنەکە، بەڵام ئەگەر لێکتێگەیشتن هەبێ بەڵێ دەکرێ هاوپەیمانى سیاسى بکرێ بۆ دواى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن، کە حکوومەت بە چە شێوازێک پێکدەهێندرێ ئەوە لەلایەک.

لە لایەکى تریشەوە تائێستا دڵەڕاوێک و پەلە پەلەیەک هەیە لەناو هەندێ لایەنى سیاسى بۆ واژووکردنى هاوپەیمانییەتیەک بە خێرایى. لە سەردانەکەى پێشووى شاندى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ بەغدا، کاک هوشیار زێبارى و کاک جەعفەر ئیمینیکى هاتن، بە ئاشکرا ئەوەمان هەست پێکرد کە هەندێ لایەنى سیاسى شیعە و سوننە پەلە پەلەییەکییان پێوەدیارە بۆ دروستکردنى هاوپەیمانى، بەڵام لە کۆى گشتییدا دیسان دەگەڕێنەوە بۆ یاساى هەڵبژاردن  کە شتێکى ترمان پێدەڵێت، دەڵێ ئەو هاوپەیمانیەتییەى کە ئێستا دەکرێ و پەلەلەى پێوە دیارە تەنها هەڵمەتێکى هەڵبژاردنە، یانى وەکو قەوارەیەکى گەورە خۆیان نیشاندەدەن، بەڵام لە دواجاردا دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان کە بەچى لایەک دادەکەوێتەوە، ئەوکات دەتوانین هاوپەیمانى ئەسڵى ڕابگەینین.

ــ کەواتە مەبەستت ئەوەیە سەرەتا دەبێ دیاربێ کام قەوار پێگەى چۆن دەبێ و چەند کورسى بەدەست دەهێنێ، دواتریش هەر لە ئێستاوە ژمارەیەک لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن باسى ئەوەیان کردووە بۆ نموونە ڕەوتى حیکمە و محمد حەلبوسى و ناوى پارتى دیموکراتى کوردستانیشان هێناوە، کە پێکەوە هاوپەیمانى دەکەن، ئەوە تا چەند ڕاستە؟

شوان محەممەد تەها: بەڕاستى پارتى دیموکراتى کوردستان بە شێوەیەکى ڕاشکاوانە ئەوەى گوتووە، ئێمە هاوپەیمانییەتى لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکەین لەسەر حیسابى ئەوى تر، مەسەلەن ئەگەر قەوارەیەکى شیعەکان بە نموونە وەرگرین، هاوپەیمانى لەگەڵ شیعەکان ناکەین لە دژى لایەنەکەى تر، بەڵام ئێمەش پارتێکى سیاسیین لە دواجاریشدا هەرێمى کوردستان لە ئەستۆى ئێمەدایە، ئێمە بەرژەوەندییەکانى خەڵکى کوردستان لەبەرچاو دەگرین، بەپێى بەرژەوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و پتەوکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان دەڕوانینە ئەو بڵانسەى کە لە عێراق هەیە، چونکە تا ئێستا ئەوە ساغ نەبۆتەوە ئایا گەورەترین کوتلە لە ناو پەرلەمان یان لە کاتى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ڕادەگەیندرێت چە کوتلەکە، ئەو تەفسیر و تەئویلاتەى کە کاتى خۆى کراوە تا ئێستاش عێراق گیرۆدەى ئەو بابەتەیە، بۆیە من پێموایە باشترین هاوپەیمانى ئەو هاوپەیمانییە کە لە دواى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان یەکلایى دەکرێتەوە، ئێمە وەک پارتى دیموکراتى کوردستان ئەوەمان بە ئاشکرا بە لایەنە سیاسییەکان گوتووە، سەرەتا دەبێ هەر کەسێک قەبارەى هەڵبژاردنى خۆى بزانێ، لە دواجاردا بێتە ناو بابەتێک کە پێیدەگوترێ هاوپەیمانى، چونکە هاوپەیمانى بەوە نییە چەند لایەنێک لەگەڵ یەکتر ڕێکدەوکەون، وەکو کوتلەیەکى گەورە کە خۆیان نیشان دەدەن و لە دواجاردا ئەنجامەکانیان سوودى هەبێ.

بەڵام وەکو ئێمە دەڵێین هەندێ لایەنى سیاسى شیعە لە عێراق دا هەن، نە ئەوان لەسەر پاوەنى ئێمەن نە ئێمەش لەسەر پاوەنى ئەوانین، ڕەنگە ئەوان کاریگەرییەکى ئەتۆیان نەبێ لەسەر گۆڕەپانى ئەو هەڵبژاردنەى کە ئێمە هەمانە، ڕەنگە ئێمەش کاریگەرییەکى ئەتۆمان لەسەر گۆڕەپانى ئەوان نەبێ، ئەگەر ڕەوتى سەدر یان ڕەوتى حیکمە بە نموونە وەربگرین، ڕەوتى حیکمە هیچ ئیزافەیەک بۆ ئێمە دروست ناکات لە هەڵمەتى هەڵبژاردن لەناو  کوردستان، ئێمە هیچ ئیزافەیەک بۆ ئەوان ناکەین لەشارەکانى باشوورى عێراق دا لە پرۆسەى هەڵبژاردندا، چونکە دیسان دەگەڕێمەوە بۆ ئەو یاسایەى ئەمجارە، کە هەڵبژاردنى پێوە بەندە و هەندێ ئەحکامى خۆى هەیە، دەبێ بەپێى ئەو ئەحکامانە مامەڵە لەگەڵ هاوکێشەکان بکەین. 

ــ کورد لەگەڵ ئەو ئەحکامەى جەنابت باس دەکەى، ئەمجارە چۆن مامەڵە دەکات، لە بەغدا چۆن باسى هەڵبژاردنەکان دەکرێ، کورد هیچ ستراتیژییەتێک یان پلانێکى هەیە بۆ ئەو هەڵبژاردنە؟

شوان محەممەد تەها: بەتاکید پارتى دیموکراتى کوردستان روونە کە خاوەن بنکەیەکى جەماوەرى ئێجگار گەورەیە، وە ناوچەکانى چە بەو پێگەیەى لە هەرێمى کوردستان هەیەتى وەکو پەرلەمانى کوردستان چە وەکو ئەو ئەندام پەرلەمانانەى کە لە بەغدا هەمانە، یانى قەبارەى پارتى دیموکراتى وردستان لە ناو پارتەکانى دیکەى کوردستان دیارە، هەموو لایەنێک دەزانى قەبارەى خۆى چەندە، من وەکو چاودێرێک پێموا نییە ئەوجارە دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن بەپێى کورسى و ئەو پارتانەى خاوەن کورسییەکى زۆرن ئیزافەیەکى ئەتۆ بکات، یانى پارتى دوو کورسى کەمتر بێنێ یان دوو کورسى زیاتر بێنێ، هیچ لە هاوکێشەکە ناگۆڕێ.

 بەڵام لە کۆى گشتییدا ئەو سیاسەتى کە پارتى دیموکراتى کوردستان هەڵیدەگری بۆ ئایندەیەکى نوێ، ئەوە لەلاى ئێمە گرنگە، وەکو جەنابى سەرۆکى هەرێم باسیکرد، کێشە بنەڕەتییەکان چۆن بتوانین چارەسەر بکەین، ئێمە چەندین حکوومەتمان پێکهێناوە، ئەو حیزبانەى کە کورسیان هەیە مەسەلەن ڕەوتى سەدر، پارتى دیموکراتى کوردستان، حیزبى دەعوە، ئەو پارتانەن کە خاوەنى حیزبى زۆربوونە، بەڵام لە دواجاردا پاشاگەردانى هەر دروستبوویەوە، بۆیە ژمارەى کوردسییەکان ڕەنگە کاریگەرییەکى ئەوتۆ لە ئایندە نەکات، بۆیە پێمانوایە ئەگەر بمانەوێ کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکەین، هەروەک لە دواین وتارى دا، سەرۆکى هەرێم ئاماژەى پێکرد، پێویستى بە لێکتێگەیشتنى پێشوەختە هەیە لەسەر ئوسووسەکى سیاسى، نەک لەسەر ژمارەى کورسى، کە ئەولایەنە چەند کورسى بەردەکەوێ یاخود چەند کورسى بەرناکەوێ.

ــ بە بۆچوونى جەنابت کە چەند ساڵێک لە پەرلەمانى عێراق ئەندام پەرلەمان بووى، ئێستا ئەو هەموو دژایەتیەى کوردستان دەکرێ بەتایبەت پارتى دیموکراتى کوردستان چییە، کە هەندێ نوێنەرى کوردیش فراکسیۆنیان پێکهێناوە و لەدژى هەرێمى قسە دەکەن  و دژى داواکاریى و مافەکانى هەرێمن، هۆکار چییە؟

شوان محەممەد تەها: من ڕەنگە بە شێوەیەکى تر بیڵێم، دژایەتیکردنى پارتى دیموکراتى کوردستان دژایەتیکردنى کوردستانە، لەبەر ئەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان خاوەن گەورەترین پێگەیە، پارتى حکوومەتى لە کوردستان پێکهێناوە بەهەمان شێوە گەورەترین قەوارەى سیاسیى کوردییە کە لە بەغدا هەیە، پەیامەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان رەهەندێکى نیشتمانیان هەیە، بۆ پێکانى پێگەى هەرێمى کوردستان، ڕەنگە هەندێ لایەنى سیاسى هەبێ ناپرژێنە سەر ئەوەى یاخود زاتى ئەوە نەکەن بە شێوەەیەکى ڕاستەوخۆ ناوى هەرێمى کوردستان بهێنن، لە پەناى پارتى دیموکراتى کوردستان پەنا بۆ دژایەتیکردنى هەرێمى کوردستان دەبەن، هەروەکو چۆن ئێستا لە کەرکووک دەبینین، مەبەست لێرە بارەگاکانى پارتى دیموکراتى کوردستانە، کە مافى خۆمانە وەکو پارتێکى موجاز ئامادەبوونمان پێبدرێتەوە، بەڵکو لێدانى پێگەى کوردە لە شارى کەرکووک یان لە مووسڵ و مەخموور و دیالە، بەڵکو مەبەست لێدانى پێگەى کوردە، پێگەى کورد چۆن دەیپێکن؟ ئەویش لە ڕێگەى پارتى دیموکراتى کوردستانەوەیە، ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت دیارە پارتى دیموکراتى کوردستان سەرمەشقى بزووتنەوەى رزگاریخوازى کوردستانى کردووە، ئەوە پێداهەڵگۆتنى پارتى نییە، بەڵکو ئەو بارودۆخەى لە کوردستان هەیە ئەوەمان پێدەڵێت، کە پارتى دیموکراتى کوردستان ئەو پێگە سیاسیەى هەیە بۆیە پارتى دەیپێکن، کە لە ئەسڵدا بڕوایان بە شتێک نەماوە ناوى هەرێمى کوردستان بێت، زۆر لایەنى سیاسى بڕوایان بە سیستەمى فیدراڵى نەماوە، هەنگاو دەنێنن بۆ حکوومەتى مەرکەزى، بە تاکید ئەوەش ڕەنگە خەیاڵێکى خاو بێ و ئاوا بە سوک و سانایى ناتوانن ئەو بابەتە بەپێکن، بەڵام لە دواجاردا پەنا بۆ پارتى دیموکراتى کوردستان دەبەن، چونکە تانە لێدان لە پارتى واتە تانە لێدان لە کورد. 

ــ وەک ئێوە دەڵێن زۆر لایەنى سیاسى بڕوایان بە فیدراڵى و هەرێمى کوردستان نەماوە، باشە چۆن و لەسەر چە بنەمایەک ئیتر لەگەڵ ئەوانە دادەنیشن و قەناعەتیان پێدەهێنن، کە لە ماوەى هەژدە ساڵى ڕابردوو دەستوور و بنەماکانى شەرکەت و تەوازن و تەوافوق هیچ یەکێک لەوانەیان نەکردووە و ناشکەن، ئیتر بە تەماى چین؟

شوان محەممەد تەها: ئیتر ئەوە قەدرى خەڵکى کوردستانە کە تووشى ئەو حاڵە بوونە، ئەگەر دەرەنجامەکانى رێفراندۆمى ئێمە سەرکەوتووبایە، من ناڵێم هەر پارتى زۆر لایەنى سیاسى دیکەى کوردستان درکیان بەوە کردووە کە پێکەوەژیان لە عێراق ئەستەمە بۆیە پەنایان بۆ ئەو بژاردەیە برد، کە بژاردەى رێفراندۆمى سەربەخۆیى کوردستانە، ئەو گەلەکۆمەیەى لەناوچە لە هەرێمى کوردستان کرا بەچاو پۆشینى وڵاتانى ئەوروپى لەو پرسە، دواجار ئەو هێرشانەى کە لەبەغدا دەکرا بۆ سەر پێگەى هەرێمى کوردستان، ئەوەمان پێدەڵێت ئەوە بە خۆشى خۆمان نییە لەگەڵ ئەوان دەژین، بەماناى ئەوەش نییە کورد هەر چاوەڕوان دەکات ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەى لە هەرێمى کوردستان بەرەو نشێوى بڕوات، وەکو دەڵێن ئەوەش سنوورێکى هەیە.

پارتى دیموکراتى کوردستان بە شێوەیەکى ڕاشکاوانە گوتوویەتى ئێمە هاوپەیمانیەتى لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکەین لەسەر حیسابى لایەنێکى تر.

بەڵام دەبێ ئەوەشمان بیرنەچێت، من پێموانییە حکوومەتى عێراقى کە ناتوانێ سیستەمى پۆلیسى هاتووچۆ چارەسەر بکات، چۆن دەتوانێ سیستەمى حکوومڕانیى لە عێراق ڕاستەڕێ بکات، چۆن دەتوانێ کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا یان نیگەرانییەکانى خەڵکى باشوورى عێراق چارەسەر بکات، بۆیە ئەو عەقڵیەتەى ئێستا حکوومڕانى دەکات ناتوانێ هیچ کێشەیەک چارەسەر بکات، تۆ وەرە سەیرى شارى بەغدا بکە و لە هەر هاووڵاتییەکى عەرەب بپرسە، کە ڕۆژانە دێتە ناو شارى بەغدا وەک پایتەختى حکوومەتى فیدراڵی بزانە لە چە بارودۆخێکدا دەژین، جا بابەتى گەندەڵى و میلیشیایى و کوشتن و بەڕین و هەڵکوتانە سەر ماڵى خەڵک ئەوان لەلایەک بوەستێ، تەنها سەیرى ژیانى فەرمانبەرێکى ئاسایی بکە کە دەچێتە دەوام و دەگەڕێتەوە ماڵى خۆى بزانە لە چە معاناتێکدایە، ئەو حکوومەتە نەتوانێ ئەو کێشانە چارەسەر بکات چۆن دەتوانێ کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکات، کە ئێستا عێراق پێوەى نیگەرانە. 

ــ سەبارەت بە پێگەى کورد لە بەغدا، ئێستا ئەوەى دەبیندرێ کورد لەناوخۆدا تەبا نییە لەسەر پرسە ستراتیژییەکان لەسەر پرسە نیشتمانییەکان کە زۆرجار دەبیندرێ، ئایا بە بۆچوونى ئێوە ئەو پێگەیە بە بەراورد بە خولەکانى ڕابردوو ئێستا لە چە ئاستێکدایە؟

شوان محەممەد تەها: لە عێراق کەس لە ئاستى خۆیدا نەماوە، وەکو پارتى سیاسى، پارتە شیعەکان لە ئاستى خۆیاندا نەماون، سوننە بە هەمان شێوە ناڵێم کورد لەوان باشترە، بەڵام لە دواجاردا کێشەمان ئەوە نییە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان چەند ناکۆکین، کێشە و پەیامى ئێمە چییە، ئێمە چۆن دەتوانین بەرگرى لە داخوازییەکانى خەڵکى کوردستان بکەین، کۆکى و ناکۆکى ڕەنگە دوو لایەنى سیاسى ناکۆک بن لەسەر هەندێ بابەت، بەڵام ئەو بابەتانەى کە رەهەندى نیشتمانیان هەیە و پەیوەستن بە ئیرادەى خەڵکى کوردستانەوە، دەبێ ئەوە بە یەک چاو سەیر بکرێ، کەس لە پێگەى خۆى نەماوە، چونکە عێراق بۆخۆى شتێک نەماوە بەناوى دەوڵەت و عێراق لە لێژییە، وەک لەسەرەتادا باسمکرد تۆ چۆن دەتوانی کوردستان وەکو حاڵەتێک لە عێراق جیا بکەیەوە.

 تۆ لە بارودۆخى ئەمنى و سەقامیگرى گەڕی، کە هەرێمى کوردستان دەمێکە سەقامگیرى ئەمنى و ئاسایشى بە خۆییەوە بینیووە، بوژانەوەى ئابوورى هەیە، کورستان بە شاهیدى ئەوانیش کە باسى دەکەن نموونەیەکى ئیجابییە، دەکرێ سوودى لێوەربگیرێ، بەڵام نەیانتوانى سوود لە ئەزموونى کوردستان وەربگرن، لەجیاتى ئەوەى سوودى لێوەرگرن هەوڵدەدەن بیپێکن، کۆى ئەو کێشان بە حەقیقەت پەیوەستن  بە وڵاتانى دراوسێیەوە، عێراق وڵاتێکە بۆتە گۆڕەپانى ململانێی وڵاتانى تر، قیادەى سیاسى لە عێراق یاریکەر نین، بەڵکو عێراقیان کردۆتە گۆڕەپانێک بۆ ئەوەى خەڵکى تر یارى تێدا بکات، ئێران و ئەمەریکا بە نموونە، گەورەترین یارى لە نێوان ئێران و ئەمەریکا لە گۆڕەپانى عێراق دایە، کە ڕەنگدانەوەیەکى سلبى لەسەر واقیعى سیاسى، ئابوورى، ئەمنى و میزاجى خەڵکى ئەو وڵاتە دروستکردووە. 

ــ هەست ناکرێ ئەمەریکاش ڕۆڵى وەک جاران نەماوە یان ئەمەریکاش عێراقى پشتگوێخستووە، بە چە هۆکارێک ئێستا دەبینین حەشدى شەعبى بە ڕۆژى رووناک بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر هێزى هاوپەیمانان و هەڕەشە لە سەرۆک وەزیران دەکات، چەند جارێک هەولێرى مووشەکباران کردووە، ئەمە چۆن دەخوێنیەوە؟ 

شوان محەممەد تەها: هەندێ موفرەد هەیە دەبێ لێکى جیابکەینەوە، دەستەى حەشدى شەعبى بە ڕاشکاوانەوە دەڵێت ئێمە هیچ پەیوەندییمان مووشەکبارانکردنى سەفارەکى ئەمەریکى و هەرێمى کورستانەوە نییە، بەڵام هەندێک فسائیل هەن بەو کارە هەڵدەستن کە فەسائیلى مقاوەمەیان پێدەگوترێ،  بەتاکید بە نوێژى نیوەڕۆ دیارە هەر کوردستان نییە هەموو عێراق دەپێکن، ئەوە بەڵایەکە تووشى گەلانى عێراق بووە، دواتر ئەمەریکا چەند گرنگى بە پێگەى عێراق دەدات ئەوە پەیوەستە بە سیاسەتى دەرەوەى ئەمەریکا، بەڵام ئەوەى ئێمە هەستى پێدەکەین لە عێراق، لەسەر ئەرزى واقیع ئەمەریکا هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکى نەماوە، تەنها لە ژوورە تاریکەکان نەبێ یاخود لە ئاسمان دەتوانێ تەحکوم بە عێراق بکات، ئەگەرنا لەسەر ئەرزى واقیع لە عێراق ئەمەریکا هیچ هێزێکى ئەوتۆى نییە و ناتوانێ هیچ بابەتێک فەرز بکات، تەنانەت بچووکترین داودەزگاى ناتوانێ جووڵە پێبکات لە عێراق دا.

ــ وەک بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش باسیکرد ئیتر دەبێ قۆناغێکى نوێ دەست پێکات، ئەو قۆناغە نوێیە لەسەر چە بنەما و میکانیزمێک دەبێت؟

شوان محەممەد تەها: ئەو بنەمایە ئەوەیە کە دەبێ هەموو قەوارە سیاسییەکانى عێراق لەوە حاڵى بن، ئەگەر گۆڕانکارییەکى گەورە لە ناوچەکە ڕووبدات ئەو پارتە سیاسیانەى کە ئێستا حکووم دەکەن بەرەو لێژیى و نەمان دەڕۆن، پارتە سیاسییە کوردییەکانیش پەیوەستن بە ئیرادەى خەڵکى کوردستانەوە، بەڵام هەندێ پارتى سیاسى کە پەیوەستن بە ئیرادەى وڵاتانى دراوسێیەوە یان وەک دەڵێن بە سوتفە هاتوونەتە مەیدانەکە، ئەگەر تۆ تەماشاى لیستى ئەو پارتە سیاسییانەى کە ئێستا بە دەقیقى ژمارەکەم لەبەر نییە کە هاتوونەتە ناو پرۆسەى هەڵبژاردنەوە ڕەنگە تووشى سەرسوڕمان بی، بۆیە ئەو واقیعە بەو جۆرە بڕوات بە تاکید بەرەو لێژى دەچن، وە زۆر لایەنى سیاسى ڕۆڵ و کاریگەریان هەبووە لەو پاشاگەردانی و گەندەڵى و ماڵوێرانییەى ئێستا هەیە، لە پەلکێشکردنى وڵاتانى دراوسێیەوە بگرە تاوەکو چاوساغیکردن بۆیان، بەتاکید ئەو لایەنانە لەبەردەم لە ناوچوونێکى حەتمیدان. 

س: کوردستانtv

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە