یەکڕێزى کورد؛ لەسەر مێزە خڕەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان میدیا

نوچەنێت:

ئەمڕۆ سێ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستبەرکابوونى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، وەك سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە ماوەى سێ ساڵی سەرۆکایەتیییکردنیدا، بە بۆچوونى چاودێران سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جگە ڕێکخستنەوەى نێو ماڵى کورد لە ناوخۆ، لەسەر ئاستى هەرێمى و نێودەوڵەتى توانیویەتى پێگەى هەرێمى کوردستان بگەیێنێتە قۆناغێکى تر.

یەکڕێزى؛ دۆسیە گرنگەکەى سەرۆکى کوردستان

لە ڕۆژى (10)ـى حوزەیرانى (2019)، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەبەردەم پەرلەمانى کوردستان سوێندى یاسایى خوارد، لە وتارى دەستبەکاربوونى وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان گوتى، "هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو کوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە، سەرۆکایەتيی هەرێمیش سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکارييه‌ك. بۆ هه‌موومان ده‌بێت و به‌ يه‌ك چاو سه‌يرى هه‌مووان ده‌كرێت."

نەهێشتنى ناکۆکى و بەستەڵەکى لایەنە سیاسییەکانى ناوخۆى کوردستان، هەمیشە یەکێک بووە لە دۆسییە لەپێش و گرنگەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، بەردەوام کارى بۆ کردووە و چەندین جاریش لەسەر مێزە خڕەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان هەموو لایەن و ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانى کۆکردیتەوە و پرۆسەى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان لایەنەکانى خێراتر کردووە.

عومەر سدیق، بەرپرسى بەشى هەماهەنگى و بەدواداچوون لە نووسینگەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەڵێت، "هەر جووڵەیەک، لە خزمەتى دووبارە پێکهێنانەوە و لێکنزیکردنەوەى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان بوو بێت، بە دڵنیاییەوە جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئەو هەنگاوەى ناوە."

هەر سەبارەت بە هەوڵەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بۆ یەکخستنى یەکڕێزى نێو ماڵى کورد، عومەر سدیق ئاماژە بەوەدەکات، "لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوو، جەنابى سەرۆکى هەرێمى کوردستان نزیکەى (30) جار زیاتر دانیشتن و کۆبوونەوەى تایبەت و گشتى لەگەڵ کەسى یەکەمى حیزبەکان و لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامداوە، تەنها لە پێناو بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانى ئەو پێکەوەژیان و ئارامیەى لە هەرێمى کوردستاندا هەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، بە دڵنیاییەوە بۆ داهاتووش هەمان هەنگاو دەنێت."

با جیاواز بین، بەڵام ناساز نەبین

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سێ ساڵ لەمەوبەر، لە وتارى دەستبەرکاربوونیدا، بە خەڵکى کوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى ڕاگەیاند، "ده‌زانم ململانێ و جياوازى هه‌ر ده‌مێنن، ئه‌مه‌ شتێكى ئاسايييه‌، به‌ڵام داوا ده‌كه‌م‌ با بیركردنه‌وه‌مان ناكۆك، ناته‌با و ناساز نه‌بێت. له‌بری بيركردنه‌وه‌ له‌ چۆنيه‌تيی بنكۆڵكردنی پێگه‌ی یه‌كتر، با بیر و هه‌ڵسوكه‌وت و كردارمان پێكه‌وه‌ و بنياتنه‌رانه‌ بێت بۆ گه‌ڕان به‌ دوای چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش و ئاینده‌ی هاوبه‌شدا."

فەریدون عەبدولقادر،  ئەندامى پیشووى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان، لە دواى کۆبوونەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە (22-5-2022) لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانى و ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى ڕاگەیاند، "کاک نێچیرڤان بارزانى، لە مەجالى پەیوەندییەکاندا جوان کار دەکات، میانڕەوە، دەتوانێ گوێ لەدەنگى جیاواز بگرێ و تێیبگات، لەبەر ئەوە هەمیشە ئەو جووڵانەى کاک نێچیرڤان بارزانى کردوویەتى، من لە شوێنى خۆمەوە دڵم پێى خۆشبووە، هەستمکردووە، کە باش دەجووڵێتەوە، وە لە کاتى گرفت و کێشەکاندا بە جمووڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانى دەتوانێ هەندێ دەروازەى چارەسەر بکاتەوە."

هەوڵ و تێکۆشانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دروستکردنى یەکڕێزى نێو ماڵى کورد، مێژووێکى هەیە و پێش گووتنى بەکردار ئەنجامى داوە، ئەمە جگە لەوەى دروستکردنى یەکڕێزى لەنێو کورد لە پێناو گەیاندنى کورد و هەرێمى کوردستان بە کەنارى ئارام لاى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، لەڕابردووش کاتێ سەرۆک وەزیرانیش بوو خەمى گەورەیان بوو، بەڵام لەگەڵ دەستبەربوونى وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەردەوام کارى لەسەر کاڵکردنەوە ناکۆکییەکان و تۆخکردنەوە خاڵە هاوبەشەکانکردووە، هەروەک لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت، "سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیيەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت، بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە، لەپێناو پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە