ناسکە عەبدوڵڵا: پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی پشتگیرییە لە ئافرەتانی حزبەکانی تریش دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

ناسکە عەبدوڵڵا، بەربژێری بازنەی چوارە لە دەڤەری راپەڕین، سەبارەت بە بەربژێرکردنی لە سەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "پارتی گرنگی تەواو بە پێگە و مافەکانی ئافرەتان دەدات، هەروەها ئەگەر بمەوێت بۆ مافەکانی کورد لە بەغدا تێبکۆشم دەبێ لەسەر لیستی ئەم پارتە خۆم هەڵبژێرم".

ناسکە عەبدوڵڵا، دەرچووی کۆلێژی یاسا و پەیمانگەی مامۆستایانە، ساڵانێکە لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان خەبات دەکات و پێیوایە"پارتی داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی گەلی کورد و پارێزەری قەوارەی ھەرێمی کوردستانە، ھەمیشە سەرمەشقی کوردایەتی بووە لە ڕابردوو و ئێستادا، پێم وابێت ئەگەر بە دروستی بۆ مافی کورد لە بەغدا تێبکۆشم، دەبێت لە لیستی پارتی بم". 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی، لە پەیامی دەستپێکی هەڵبژاردندا گوتی "کەسایەتی ئافرەتە کاندیداکان لەکەدار مەکەن". 

ئەم ئافرەتە بەربژێرە سەبارەت بەم پەیامە دەڵێت "نێچیرڤان بارزانی و تەواوی سەرکردەکانی تری پارتی دژی لەکەدارکردنی ھەر کەسێکن ئەگەر لە دەرەوەی حزبەکەی خۆشمان بێت، راگەیاندنی حزبەکەم شاھێدی قسەکانم دەدات کە ھەمیشە بەو پەڕی رەوشتی بەرزی کوردانەوە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکان کردووە، ئەو قسەیەی نێچیرڤان بارزانی گشتگیرە، حزبەکانی تریش دەگرێتەوە کە چیتر ململانێکان بۆ ئاستی سوکایەتی و لەکەدارکردن شۆڕنەکەنەوە، ئەوە پشتگیرییە لە تەواوی ئافرەتان بە ھەموو حزبەکانەوە. پارتی گرنگییەکی تایبەت بە ئافرەت دەدات، ئێمە چەند دەیەیە لەناو ئەو حزبە خەبات دەکەین ھەرگیز جیاوازی لە نێوان ئێمە و کادرێکی پیاو نەبووە، بگرە پاڵپشتی ئێمە زیاتر کراوە، لیستی پارتی ھەمیشە ڕێژەی پاڵاوتنی ئافرەتی زۆر بووە، ئەمجارەش جگە لە خۆم چەندین خاتوونی تریش کاندید و حزب پشتیوانی تەواومان دەکات". 

ئەم ژنە ئەگەر دەرچوو بەڵێنی ئەوە بە دەنگدەرەکانی دەدات "من لەسەر بازنەی چواری سلێمانی کە دەڤەری ڕاپەڕین دەگرێتەوە کاندیدم، دەڤەرەکەی ئێمەش چەندین ساڵە بەداخەوە بە بەرنامە پشتگوێخراوە و سزا دەدرێت، تەنانەت دەنگی ناوچەی ئێمە ناھێڵن بگاتە ھەولێر بە تەواوی، چ جای بەغدا؟ من ئەگەر دەرچووم نوێنەری کورد دەبم لەوێ، پاشان ناوچەکەم، ھەموو ئەو پشتگوێخستن و ناحەقیە دەکەمە بەرنامەی کارەکانم و وەکو پێشمەرگە بۆ جێبەجێکردنی کار دەکەم. هەروەها گرنگترین کاری ئێمە پرس نەتەوەییە، چەسپاندنی دەستور و مافەکانی هاوڵاتیانی کورد و پێشمەرگە و بنەماڵەی شەھیدان و جووتیارانە، کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠)، لە سەرەکیترین کارەکانمان دەبێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین