راپۆرتی پزیشكی له‌باره‌ی خنكانی كچه‌ پزیشكەکەی هه‌ولێر ئامادە ده‌كرێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

راپۆرتی دادپزیشکی ئەو کچە پزیشکەی 7ی ئەم مانگە لە مەلەوانگەیەکی شاری هەولێردا خنکا تەواوبووە و باوکی پزیشکەکە دەڵێت، راپۆرتەکە نێردراوەتە بەردەم دادوەر و چاوەڕوانن زانیاریی نوێیان لەبارەی هۆکاری خنکانی کچەکەیانەوە پێبڵێن و بڕیار لە کەیسەکە بدرێت، دەشڵێت: "گومانمان لە شێوازی خنکانی کچەمانە".

فرمێسک حەسەن، تەمەن 25 ساڵ کە پزیشکی ددان بوو، رۆژی 7-9-2021 بەهۆکارێکی تاوەکو ئێستا نادیار و ناڕوون لە مەلەوانگەیەکی شاری هەولێردا، خنکا.

فەرهاد مەلا حەسەن، باوکی دکتۆر فرمێسک له‌وباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند "دوایین زانیاری لەسەر خنکانی کچەکەم ئەوەیە راپۆرتی پزیشکی دادی چووەتە بەردەم دادوەر، بەڵام هیچ لەبارەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکەوە نازانین، دەبێت دادوەر بڕیاری لەبارەوە بدات".

فەرهاد مەلا حەسەن دەڵێت: "ئێمە لە رۆژی یەکەمەوە گومانمان لە مردنی کچەکەمان هەبوو، لە جۆری خنکانی، لەبەر دوو هۆکاری سەرەکی، یەکەم کچەکەی ئێمە مەلەوان بوو، مەلەی دەزانی، هەرچەندە جگە لە تەندروستی بۆ ئەوە چووبووە ئەو مەلەوانگەیە تاوەکو زیاتر فێرببێت، هەروەها هۆکارێکی دیکە ئەوەیە ئەو کچەی ئێمە هیچ نەخۆشییەکی دڵ و شەکرە و پەستانی خوێنی نەبووە، خۆی پزیشک بووە و دەیزانی چۆن بایەخ بە خۆی بدات، ئەوە جگە لەوەی گومانمان لەوە هەیە رەنگە کەمتەرخەمی لەلایەن مەلەوانگەکەوە هەبێت لە کارمەندەکان یان ئەوەی پێیدەڵێن رزگارکەر".

فەرهاد مەلا حەسەن، باوکی فرمێسک کە دوای رووداوی خنکانی کچەکەی لە پۆلیس سکاڵای یاسایی لەسەر مەلەوانگەکە و خاوەنەکەی تۆمارکرد و بەهۆیەوە لەوکاتەوە مەلەوانگەکە داخرا و خاوەنەکەشتی دەستگیر کراوە، دەڵێت: "چاوەڕوانی دادگەین بۆ ئەوەی بگەین بە راستی و دروستی خنکانی کچەکەمان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین