وەزارەتى ناوخۆ: بەشداربووانى کۆنفرانسى (السلام والاسترداد) دوور دەخرێنەوە کوردستانی

نوچەنێت:

وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لەسەر کۆنفرانسى (السلام والاسترداد) لە هەولێر، ڕاگەیێندراوى بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەدەکات، "وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بەرامبەر بەو کەسانەی، کە ئەم کۆبوونەوەیان بە لاڕێدا بردووە و کەسە کەمتەرخەمەکان بە سزا دەگەیەنێت لە هەر لایەکەوە بن."

ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە (25)ى ئەیلوولى (2021)، وەزارەتى ناوخۆى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە دووەمین ڕاگەیێندراویدا، کە لەلاپەڕەى فەرمى تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووکى خۆیدا بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت،"ئەو کەسانەی کە بەم کارانە ھەستاون، دوور دەخرێنەوە و جێگەیان لە هەرێمی کوردستان نابێتەوە."

پێشتریش سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕەتیکردەوە کۆنفرانسى (السلام والاسترداد)، هەڵوێست و سیاسەتى فەرمى هەرێمى کوردستان بێت.

دەقى ڕاگەیێندراوى وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی وۆرکشۆپێکی لە هەولێر بۆ ژمارەیەک کەسایەتی بەشێک لە پارێزگاکانی عیراق ئەنجامداوە بە مەبەستی کارکردن لە سەر چەمکەکانی پێکەوەژیان وچەسپاندنی بنەماکانی فیدرالیزم لە عیراق لە بەر ڕۆشنایی دەستووری هەمیشەیی عیراق، بەڵام بە داخەوە، هەندێک لەسەرپەرشتیارانی ئەم چالاکییە، ئەم وۆرکشۆپەیان بە لاڕێدا بردووە و بۆ هەندێک مەبەستی سیاسی بە کاریان هێناوە کە دوور بووە لە مەرجەکانی مۆڵەتپێدانی ئەم جۆرە وۆرکشۆپانە و لە میانەی چالاکییەکەدا، چەند ووتار وبەیاننامەیەک بڵاوکراونەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ سیاسەتی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناگونجیت و گوزارشت لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان ناکا.

وەزارەتی ناوخۆ، رێکاری یاسایی دەگرێتە بەر بەرامبەر بەو کەسانەی، کە ئەم کۆبوونەوەیان بە لاڕێدا بردووە و هەروەها کەسە کەمتەرخەمەکان بە سزا دەگەیەنێت لە هەر لایەکەوە بن.

هەرێمی کوردستانی عیراق، وەک کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی عیراقی فیدرالی، وەک هەمیشە پابەندە، بە سیاسەتی دەرەوەی فەرمیی دەوڵەتی عیراق و بە هیچ شێوەیەک، رێگا نادات کەسانێک کەشی ئازادی ودیموکراسی کە لە هەرێمدا بەرقەرارە، بۆ مەرامی دیکەی سیاسی بەکار بهێنن و ئەو کەسانەی کە بەم کارانە ھەستاون، دوور دەخرێنەوە و جێگەیان لە هەرێمی کوردستان نابێتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان

25ی ئەیلوولی 2021

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین