بەریتانیا: زیاتر لە ٧٠ ژن لەگەڵ دار هاوسەرگیرییان کردووە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

زیاتر لە ٧٠ ژنی لایەنگری ژینگە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە تێکدانی دارستان، لەگەڵ دارەکان هاوسەرگیرییان کرد.

رێکخراوەکانی لایەنگری ژینگە، رێوڕەسمی ‘’هاوسەرگیری'' لەگەڵ دارەکان لە کاردانەوەیان بەرانبەر پرۆژەی دروستکردنی ١٦٦ شوێنی نیشتەجێبوون لە ناوچەیەک لە بریستوڵ-ی بەریتانیا، لە ئێستادا ٧٣ دار تێدا بوونی هەیە بەڕێوە برد.

ژنانی بەشدار لەم رێوڕەسمە جل و بەرگی هاوسەرگیری لە کلتورە جیاوازەکان لە بەر کرد. سۆزان هکت، یەکێک لە ژنانی ئامادەبووی ئەم رێوڕەسمە و لە لایەنگرانی ژینگە دەڵێت، "هاوسەرگیری لەگەڵ دار بەڕاستی جێگەی شانازییە. تەنیا ژێستێکی سۆزداری نییە، بەڵکو زۆر گرینگ و رەمزییە".

هکت هەروەها دەشڵێت “دارەکان نمونەیەکی راستی لە عشقی بێ چاوەڕوانی و مەرجە و بە شێوەیەکی جوان لەگەڵ تەواوی بیرۆکەی هاوسەرگیری دێتەوە. هاوسەرگیری بۆ ژیانە، هەناسە کێشانیش بۆ ژیانە".

هەرچەند پرۆژەی هاوسەرگیری لەگەڵ دارەکان لەلایەن بە کارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە گاڵتەی پێکرا، بەڵام دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ژینگە و دارەکان، رابردوویەکی هەیە. ژنانی ئەندامی چیپکۆ، کە لە دەیەی ١٩٧٠ لە هیند ناوبانگی دەرکردبوو لە دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی بڕینەوەی دارەکان، دەچوونە دارستانەکان و دارەکانیان لە باوش دەگرت. بزووتنەوەی چیپکۆ جوڵانەوەیەکی دژ بە توندوتیژی بوو.

گروپێک لە ژنانی مەکزیکیش لە ساڵی ٢٠١٨، بۆ راکێشانی سەرنج بۆ مەترسی بڕینەوەی دارەکان، رێوڕەسمی هاوسەرگیری گروپییان لەگەڵ دارەکان ئەنجامدا. 

شایانی باسە، کە لە بەریتانیا تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠، (٤١٥٠) هێکتار (هەر هێکتار ١٠ هەزار مەتر دووجایە) لە دارستانە سرووشتییەکانی خۆی لەدەستدا. تێکدانی دارستانەکانی لەم وڵاتە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە زۆرتر بۆ بینا و شوێنی نیشتەجێبوون ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین