نێچیرڤان بارزانى: پارتی لەسەر رێچکەیەکی دروست دەڕوات بەرەو ئاییندەیەکی گەش کوردستانی

نوچەنێت:

جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە بانگەشەى پارتى دا بۆ هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، بەردی بناخەی دیموکراسی لە کوردستان پارتی دایناوە و سەرۆکی پارتی یەکەم کەس بووە لە کۆیە باسی ئەوەی کرد کە دەبێت کێشەکانی خۆمان لە رێگەی سندووقی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە یەکلا بکەینەوە.

ئێوارى ئەمڕۆى یەکشەممە (26)ى ئەیلوولى (2021)، نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە بانگەشەى هەڵبژاردنى پارتى لە هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ئێمە نەمانگوتووە بێ کەموکوڕین، بەڵام ئەوەی کە گرنگە، دڵنیاین لەوەی پارتی لەسەر رێچکەیەکی دروست دەڕوات بەرەو ئاییندەیەکی گەش بۆ ئەم میللەتە.

جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ئاماژەى بەوەشکرد، ئەمڕۆ ئەگەر سەیری نەخشەی سیاسی بکەین لە کوردستان، تەنیا حیزبێک کە دەتوانێت؛ تەنیا حیزبێکیش کە حیسابی بۆ دەکرێت پارتییە. ئەمەش بەرپرسیاریێتییە و نابێت لە بەرامبەریدا غروور بمانگرێت، ئەمە ئەرکێکی زیاتر دەخاتە سەر شانمان.

 

دەقی وتاری نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:

 سەرەتا دەمەوێت رێز و سڵاو و خۆشەویستی جەنابی سەرۆک بارزانی بە هەمووتان بگەیێنم. هەر لە رێگەی ئێوەشەوە سڵاو و رێز و خۆشەویستیی ئەو بۆ هەموو ماڵە شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەوانەی کە ماندوو بوون، ئەوانەی شەونخوونییان کێشا، ئەوانەی خەباتیان کرد بۆئەوەی ئێمە ئەم رۆژە ببینین؛ سڵاو و رێز و خۆشەویستیی جەنابی سەرۆک بۆ هەموو لایەک.

 دەمەوێت ئەوە بڵێم کە لەم ساڵەی رابردوودا کوردستان، ناوچەکە و جیهان هەموویان بە شێوەیەکی گشتی بە قۆناخێکی زۆر ناخۆشدا تێپەڕین، بە تایبەتی لە بابەتی کۆرۆنادا. لێرەوە یادی ئەو ئازیز و خۆشەویستانە دەکەینەوە، بە داخەوە، ئەوانەی بەو پەتایە گیانیان لەدەستدا لە هەموو کوردستان؛ هەریەک لە ئێمە بە دڵنیاییەوە هەندێک خۆشەویست و برادەری لەدەستداوە، یادیان بەخێر بێت؛ داوای چاکبوونەوەش بۆ ئەوانە دەکەین کە تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و ئینشەڵڵا ئەمەش تێدەپەڕێت؛ هێشتا نەخۆشییەکە کۆتایی نەهاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین، سوپاس بۆ خودا، دۆخەکە وردە وردە بەرەو باشتر دەڕوات، حکومەت ئەوەی پێی دەکرێت دەیکات؛ پرۆسەی لێدانی ڤاکسین هەیە و ئینشەڵڵا پرۆسەکە باشتر دەڕوات؛ پرۆسەکە بەو شێوەیەیە کە خۆمان ناتوانین ڤاکسین دابین بکەین، بۆیە ناچارین لە رێگەی بەغداوە دابینی بکەین، وەکو هەموو شتەکانی دیکە. ئەمەش یەکێک لەو کێشانەیە کە دەبێت لە رێگەی بەغداوە بکرێت، بەڵام دەستخۆشی لە کادیرانی تەندروستی لە کوردستان دەکەم؛ دەستخۆشی لە پارێزگاکانی کوردستان دەکەم بە شێوەیەکی گشتی؛ دەستخۆشی لە کادیری تەندروستی بە تایبەتی لە هەموو شوێنەکان دەکەین کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە، سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئەو کێشانەی کە هەبوون، هەمیشە وەکو پێشمەرگە کاریان کردووە.

 خۆشحاڵم بەم کۆبوونەوەیە؛ مرۆڤ کە لە نزیکەوە ئەم حەماسە دەبینێت، هەم ئەو بەشدارییەی کە ئەمڕۆ ئێوە بەشداریتان کردووە و تەشریفتان هێناوە بۆ ئەم کۆبوونەوەیە بۆئەوەی ئێمە پێکەوە باسی وێستگەیەک بکەین کە هەموومان دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ سەرخستنی پارتی؛ هەر ئەم بەشدارییەی ئەمڕۆی ئێوە نیشانەی ئەوەیە پارتی سەربەرزە بەوەی کە کادیر و جەماوەری وەهای هەیە؛ سەربەرزین پێتان. دەسەڵات و هێزی پارتی لەم جەماوەرەدایە.

 ساڵی 1975 کە نسکۆی گەورە بەسەر شۆڕشی کورددا هات، ئەوەی کە دووبارە پارتی زیندوو کردەوە، نە ئیمکانیاتی ماددی بوو و نە پەیوەندیش بوو؛ ئەوەی دوای ئەو شکستە گەورەیە کە وایکرد دووبارە پارتی هاتەوە ناو گۆڕەپانەکە و بووە پێشەنگ لە هەموو وێستگەکان، تەنیا یەک خاڵ بوو کە پارتی جیا دەکردەوە لە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان، ئەویش هێزی جەماوەریی پارتی بوو. ئەو هێزە بوو کە پارتی توانیی خۆی رابگرێت.

ئەگەر سەیری مێژوو بکەین لە زۆر وێستگەکانی مێژوودا پارتی تووشی کێشە بووە، پلانیان بۆ داناوە؛ بەڵام هەمیشە کە پارتی سەرکەوتووە، تەنیا سەرکەوتنی پارتی ئەوە بووە جەماوەری خۆی لەگەڵ بووە، پشت ئەستوور بەم جەماوەرە پارتی هەمیشە لە قۆناخێکدا بەرەو قۆناخێکی باشتر رۆیشتووە.

 ئەگەر هەڵبژاردنی ساڵی 1992 بەبیر خۆمان بهێنینەوە، بەردی بناخەی سیستەمی دیموکراسی لەم وڵاتەدا بە هەموو کەموکوڕییەکانیەوە پارتی دایناوە و سەرۆکی پارتی یەکەم کەس بووە کە لە کۆیە باسی ئەوەی کرد کە ئێمە دەبێت کێشەکانی خۆمان لە رێگەی سندووقی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە یەکلا بکەینەوە، ئەو شەرەفەش بەر ئێوە کەوتووە؛ بەر پارتی کەوتووە.

 ئێمە هەرگیز نەمانگوتووە دیموکراسییەتی کوردستان هیچ کەموکوڕییەکی نییە؛ ئێمە نەمانگوتووە هەموو شتەکان تەواون و کەموکوڕیمان نییە؛ ئێمە نەمانگوتووە بێ کەموکوڕین؛ بەڵێ ئەو شتانە هەمووی هەیە و کەموکوڕیش هەیە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە، دڵنیاین لەوەی پارتی لەسەر رێچکەیەکی دروست دەڕوات بەرەو ئاییندەیەکی گەش بۆ ئەم میللەتە.

لەوەدا ئێمە دڵنیاین؛ ئەو دڵنیاییەی ئێمەش سەرچاوەکەی ئێوەیە؛ سەرچاوەکەی ئەندامان و لایەنگران و ئەو کەسانەن کە قوربانییان داوە، ماندوو بوون؛ ئەو کەسانەن کە هێزیان بە ئێمەش داوە؛ ئەو کەسانەن کە پێش ئێمە شەونخونییان کردووە، ماندوو بوون، ئینجا چ لە بەرەکانی شەڕ بن، چ ئەو دایکانە بووبن کە پشتیوان بوون لە دەربەدەریدا، پیاو پێشمەرگایەتی کردووە و ژنیش بەوپەڕی هێزەوە منداڵەکانی بەخێوکردووە، بەڵام نەیهێشتووە کێشەیەک دروستبێت؛ ئێمە ژیانی پەناهەندەییشمان بینیوە؛ زۆر لە ئێوە ئەو ژیانەتان بینیوە، ئەو سەختییانەشتان بینیوە؛ دیوتانە کە چەند ئەستەم بووە، بەڵام ئەمڕۆ سەربەرزیی کوردستان، سەربەرزیی پارتی، سەربەرزیی ئەم وڵاتە کتومت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماندووبوون و خۆڕاگری و ئەو خەڵک و میللەتەی لەگەڵ ئەم پارتیەیە.

دیسانەوە دێین قۆناخێکی دیکە دەبینین، کە دەبینین کوردستان تووشی کێشەیەکی گەورەتر دەبێت؛ ساڵی 2014 کە داعش هات کە هەر دوێنێ و پێرێ بوو، شتێکی گەورە بوو؛ بەڵام کێ ئەو شەرەفەی هەبوو یەکەم بەرگری بکات لە کوردستان و لە دەستکەوتەکانی؟ بەڵێ راستە یارمەتیی ئێمەیان دا و بە سوپاسەوە دەڕوانینە ئەو یارمەتیەش کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە درا، بەڵام ئەوەی کە خۆڕاگر بوو لە پێشی سەنگەرەکان، ئەو پێشمەرگانە بوون کە بە مێشکی پارتی ئاو درابوون؛ ئەو پێشمەرگانە بوون کە لە سەنگەری پێشەوە بوون؛ ئەو سەرۆکە بوو کە سێ مانگ هەر لەنێو ئۆتۆمبێل نووست بۆئەوەی رووبەڕووی ئەو دڕندانە ببێتەوە، بە هێزی ئەو گەلە و ئەو پێشمەرگانە.

دوای ئەو کێشانەی دروستبوون لە کوردستان، پێشبینی دەکرا و هەموو پلانێکیش بۆ ئەوە بوو پارتی بە هێزەوە نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا دوای ریفراندۆم. ئەوەی کە هەموو شتەکانی گۆڕی؛ نەخشە و پلانی دووژمنانی پووچەڵ کردەوە، باوەڕتان هەبێت تەنیا یەک شت بوو؛ ئەو هێزە بوو کە پارتی بەو بەهێزییەوە گەڕایەوە بۆ بەغدا؛ ئەوە وایکرد هەموو هاوکێشەکان گۆڕدران؛ ئەوە وایکرد خەڵک سەنگی پارتی و جەماوەری پارتی بزانێت. ئەمە وایکرد هەموو دونیا شاهیدیی ئەوە بدەن کە بەڵێ ئەمە هێزێکە پشتیوانیی گەل و میللەتی لەگەڵە؛ ئەو پشتیوانییە وایکرد ئێمە جارێکی دیکە بە هێزێکی زۆرەوە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا وەکو هێزێکی سەرەکی لە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان. ئێمە بەدیلی هیچ حیزبێک نەبووین لە کوردستان، بۆ بەدیلی هیچ حیزبێکیش دروست نەبووین؛ لە رۆژی یەکەمەوە کە پارتی دروستبوو بۆ ئەوە دروستبوو ئەم میللەتە بە قۆناخێک بگات. پارتی دروستبوو بۆئەوەی بەرگری لە دەستکەوتەکان و ئەم میللەتە بکات؛ کە دەڵێین ئەم میللەتە، مەبەستم هەموو پێکهاتەکانە، مەبەستم کوردە، تورکمانە، ئاشورییە، کلدانە، هەموو ئەو پێکهاتانەی لە کوردستانن.

هێزی پارتی لە کوێیە؟ دەبینین هێزی پارتی لە سەرکردایەتییەکەیەتی، لە سەرۆکی پارتییە؛ ئەم هێزە هێزێکی گەورەیە بۆ پارتی، ئەو هێزە لە سەرکردایەتیی پارتییە، ئەو هەڤاڵانەی کە بە درێژایی تەمەنیان تاوەکو ئێستاش لە خەبات بەردەوام بوون و هەر ئەوانە بوون کە بە ماندووبوونی ئەوان و پێشمەرگەکان و ئەو هێزانە، ئەمڕۆ پارتی سەرکەوتن لەدوای سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت.

من زۆرجار بەو شێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردن دەکەم، دەڵێم ئەگەر قوتابییەک نۆ مانگ لە قوتابخانە وانە بخوێنێت لە ئەنجامدا دەیەوێت بزانێت لە تاقیکردنەوەکان چەند نمرە دەهێنێت؛ ئێمە هەڵسەنگاندنی کادیر و بەرپرسان و سەرکردایەتیی خۆمان هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن بە یارمەتیی ئێوە دەبینین پێگەی پارتی بەرەو هەڵکشان دەڕوات. لەبەرئەوە دەڵێین ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە هێزی پارتی، سەرۆکی پارتی، سەرکردایەتیی پارتی، پێشمەرگەی پارتی، ئەندامانی پەرلەمانی پارتی، وەزیرەکانی پارتی؛ ئەمانە هەمووی هێزن بۆ پارتی؛ ئەمانە هەمووی خزمەتکاری ئەم میللەتەن؛ ئەوەی ئێمە لەسەری رادەوەستین ئەوەیە چەند بتوانین خزمەتی خەڵک بکەین.

زۆرجار دەبینین حیزبەکانی دیکە بۆئەوەی پێگەی خۆیان تۆزێک بەهێز بکەن، وا دەزانن دەبێت قسە بە پارتی بڵێن، بۆئەوەی دەنگ بهێنن؛ لە عێراقیش دەبینین، زۆرجار زۆر بە داخەوە، ئەو حیزبانەی کە دەیانەوێت پێگەی خۆیان بەهێز بکەن، قسەی نەشیاو بە هەرێمی کوردستان دەڵێن، ئەمەش بۆ ئەوە دەکەن دەنگی خۆیانی پێ بەرزبکەنەوە. حیزبەکانی دیکەی کوردستانیش کتومت وادەکەن. من زۆر خۆشحاڵم بەوەی دەبینم لەلایەن جەماوەری پارتی و هێزەکانی پارتییەوە هیچ وەڵامێک نادرێنەوە؛ وەڵام نەدانەوەی ئەمانە باشترین سیاسەت و رێگەیە کە گرتووتانەبەر.

با بە روونی پێتان بڵێم، رەنگە بۆچوونی جیاواز لەناو پارتی هەبێت، رایەکی جیاواز لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی کێشەیەک لەناو پارتی هەبێت، ئەمە بە دڵنیاییەوە هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا پارتی حیزبێکی یەکگرتووە، لەژێر یەک سەرکردایەتیدایە، یەک ئاڵای هەیە و یەک سەرکردەی هەیە و لەپێناو یەک ئامانجیش خەبات دەکات کە میللەتە و لەوەدا دڵنیابن. ئەمەش هێزێكی گەورەیە بۆ پارتی. پشت ئەستوور بەم جەماوەرە، ئێمە دەتوانین بەردەوامبین لە کاری خۆمان.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە بەو شێوەیە پێشوازیی لە ئێمە کرد، پێشوازیی لە کەسێک بە ناوێک نەکردووە، پێشوازییەکە پێشوازییە لە هەرێمی کوردستان، پێشوازییە لە ئێوە؛ من ئەمڕۆ ئەم پۆستەم هەیە و سبەی پۆستێکی دیکەم دەبێت یان نابێت، بابەتەکە پێگەی هەرێمی کوردستانە؛ ئەو پێشوازییە پێشوازییە لە ئێوە؛ پێشوازییە لە خەباتی ئێوە، پێشوازییە لە ماندووبوونی ئێوە. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە پێگەیەکی تەواو جیاوازدایە، هەم لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆی، هەم لە پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانی خۆی، هەمیش پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستانیش لە بەغدا.

ئەمڕۆ ئەگەر سەیری نەخشەی سیاسی بکەین لە کوردستان، تەنیا حیزبێک کە دەتوانێت؛ تەنیا حیزبێکیش کە حیسابی بۆ دەکرێت پارتییە. ئەمەش بەرپرسیاریێتییە و نابێت لە بەرامبەریدا غروور بمانگرێت، ئەمە ئەرکێکی زیاتر دەخاتە سەر شانمان و دەبێت بە واقیعبینیی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی دیکە و حیزبەکانی دیکەش بکەین. ئەمە سیاسەتێکی نوێ دەخوازێت، چونکە قۆناخەکە گۆڕاوە، ئەم قۆناخەی ئێستامان قۆناخی دەسەڵاتی پارتییە. ئەو قۆناخەی لەپێش ئێمەیە ئەوەیە پارتی دەبێت بۆ هەموو لایەکی بسەلمێنێت بە هێزێکی زۆرەوە بەرەو ئاییندە دەڕوات.

هەوڵی زۆرماندا بۆئەوەی بەڕاستی عێراق ببێتە وڵاتێک کە هەموومان تێیدا دڵنیا ببین. مەبەستم ئەوەیە 18 ساڵە هێشتا هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەوەیە مافە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکرێن. ئەم چوار ساڵە بۆ جێبەجێکردنی ئەو مافە دەستوورییانە بە نیسبەت هەرێمی کوردستانەوە یەکجار زۆر گرنگە. بۆیە پرسی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان بەڕاستی گرنگە و دەبێت زۆر بە جیددی لەسەری بووەستین.

گلەیی هەیە و کێشە هەیە، لە هەموو شوێنێکی جیهان ئەمە هەیە، بەڵام هەندێکجار ئێمە دێینە سەر وێستگەیەک لە بڕیاردان کە پێویستە بۆ یەک خولەک رابوەستین و نەهێڵین ناحەزان و دووژمنان و خەڵکی دیکە دڵیان خۆشبێت بە پارتی؛ نەهێڵین خەڵک تەسەور بکات کە ئەو پارتییە بەرەو پاشەکشە رۆیشتووە. بە پشتیوانیی خودا، بە هێز و یارمەتیی هەموو لایەک، ئێمە زۆر بە هێزەوە دەچینە بەغدا.

هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی دیکە؛ بۆ یەکەمجارە سیستەمێک لە عێراق پەیڕەو دەکرێت کە ئاسان نییە تاوەکو جێبەجێ نەکرێت؛ ئەمە یەکەم هەڵبژاردنە کە ئەم سیستەمە جێبەجێ دەکرێت. بەڕاستی پێتان بڵێم ئەوەی من زۆرجار لە هەموو هەڵبژاردنەکان گوتوومە و ئێستاش دەمەوێت تەئکیدی لەسەر بکەمەوە، هەندێکجار ئێمەی پارتی زیاد لە سنووری خۆی بڕوامان بە خۆمان هەیە؛ ئەو بڕوا بەخۆبوونە زۆر گرنگە، بەڵام هەندێکجار ئەو بڕوابەخۆبوونەش کێشە دروستدەکات. بۆ نموونە، زۆر جار ئەندام و لایەنگران و خەڵکی پارتی دەڵێن خۆ ئێمە هەر دەردەچین، واتە مانای ئەوە دەگەیێنێت کە پێویست ناکات بچم دەنگ بدەم. لە راستیدا ئەمە گوناهێکی زۆر گەورەیە کە بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و خەباتی پێشمەرگە و ماندووبوونیان دەکرێت. هەر دەنگێک بۆ ئێمە زۆر زۆر گرنگە و دەبێت لە رۆژی دەنگداندا هەموومان پێکەوە بچینە سەر سندووقی دەنگدان؛ یەک دەنگیش بۆ پارتی گرنگە.

لەم هەڵبژاردنە مەسەلە ئەوە نییە کام بەربژێری ئێمە دەنگی زۆر دەهێنێت؛ دەبێت ئەو نەخشە رێگەیەی بۆ بەربژێرەکان دانراوە و بۆ خەڵکی پارتیش بۆئەوەی دەنگیان پێ بدەن، دەبێت زۆر ئاگاداری ئەو نەخشە رێگەیە بین. هەڤاڵینە، بۆ ئەم شێوە هەڵبژاردنە، ئەگەر هەوڵی هەموو لایەکتان هەبێت، دڵنیام لەوەی لە پارێزگای هەولێر مەجالێکی زۆر گەورە هەیە کە زۆرینەی کورسییەکان ببەینەوە، بەڵام ئەمە بە چ دەکرێت؟ ئەم هەڵبژاردنە مەرجی یەکەمی ئەوەیە کە دەبێت رێکخستنەکە بە رێکوپێکی بکرێت. دڵنیام لەوەی لیژنەی هەڵبژاردن، بەرپرسانی لقەکان، سەرکردایەتییەکان ئەوەیان دابەشکردووە، بەڵام دەبێت گەڕەک بە گەڕەک دیاربێت کێ بەرپرسی چ گەڕەکێکە، لەناو خۆیان دەبێت ئەو رۆژە هەوڵێکی جیددی بدەن بۆئەوەی ئێوە لەو رۆژەدا خەڵک بهێننە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

لە هەگبەی پارتی، سوپاس بۆ خودا، ئەوەندە دەستکەوت هەیە لە سایەی سەری خەباتی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان و ئەم جەماوەرە خۆڕاگرە، ئەوەندە شت هەیە بە خەڵک بگوترێت کە تەسەور ناکرێت، زۆر زۆر شت هەیە؛ زۆر دەستکەوتی گەورە. لە هەولێر حیساب بکە، ئەم هەولێرە ئەو هەولێرەی جاران نییە؛ ئێمە دەبینین هەولێر ئەمساڵ لەگەڵ دوو ساڵ پێش ئێستا زۆر جیاوازە؛ هەولێر و شارەکانی دیکەش. دەبینین پێشکەوتنێکی زۆر هەیە لە کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە بزانین کێشەش هەیە، لە ساڵی 2014وە قەیران لەدوای قەیران رووی تێکردووین؛ لە ساڵی 2014 بودجە بڕا، داعش هات، نرخی نەوت دابەزی؛ لەم دوو ساڵەی رابردووشدا نرخی نەوت دابەزی، بەغدا نزیکەی 13 مانگ یەک فلسی بۆ هەرێمی کوردستان نەنارد؛ حکومەت پشتی بە داهاتەکانی خۆی بەستووە و بەو شێوەیە کاری کردووە؛ ئەمانە ئاسان نەبوون؛ سەرەڕای ئەمانەش مەسەلەی کۆرۆنا خۆی لە خۆیدا گرفتێکی گەورە بوو.

گلەییەکان جارێ با بخەینە ئەولا؛ ئەمڕۆ هەموومان دەست لەناو دەست، حیسابێکی زۆر ورد بکەین؛ ئەگەر پارتی لە بەغدا بەهێز بوو، پارتی زامنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە. ئەگەر پارتی بە لاوازی لە بەغدا بێت، دڵنیابن ئەوانەی نەیاری هەرێمی کوردستانن دڵیان خۆش دەبێت؛ دڵیان بە یەک شت خۆش دەبێت، پێیانوایە تازە هەرێمی کوردستان تەواو. بەهێزبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان واتە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەمە راستییەکە. بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا واتە زامنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان. لەم تاقیکردنەوەیەدا دەبێت دەربچین.

سەرکەوتنی ئێمەش ئەوەیە بە شێوەیەکی رێکخراو بەڵێن بە یەکدی بدەین لە رۆژی دەنگداندا دەنگ بدەین. یەک دەنگ بۆ پارتی زۆرە؛ تەنانەت یەک دەنگیش، بەڵێنی ئەوە بدەین لە رۆژی دەنگداندا هەموومان پێکەوە بچینە سەر سندووقی دەنگدان و جارێکی دیکە بۆ ناحەزانی پارتی و ناحەزانی رێبازی بارزانی بسەلمێنین کە پارتی بەهێزە و پشتڕاستە بەو جەماوەرەی هەیەتی؛ تاوەکو پارتی هەبێت کوردستانیش ئاوەدان دەبێت و بەرەو پێشەوە دەڕوات. هیوادارم لە بانگەشەی هەڵبژاردندا گەورەیی پارتی رەچاو بکەن، خۆتان بۆ شتی بێمانا و بچووک و ئەوانەی نەیارەکان حەز دەکەن راتان بکێشن بۆ ئەو گۆڕەپانە، مەیکەن. پارتی زۆر لەوە گەورەترە وەڵامی هیچ یەکێک لەوانە بداتەوە.  ئێوە دەبێت ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند و شار بە شار بگەڕێن و باسی دەستکەوتەکانی پارتی بکەن؛ پارتی دەستکەوتی کەم نەبووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێش 2003 تاوەکو ئێستاش دەبینین دەستکەوتەکان یەک لەدوای یەکن، بەڵام تاقیکردنەوەی گەورە، حەز دەکەم، پێتان بڵێم ئەمجارەیە. هیوادارم لەم هەڵبژاردنەش سەری ئێمە بەرز بکەنەوە، سەری پارتی بەرز بکەنەوە، وەفاداریتان بۆ خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە ماندووبووەکان و بۆ ئەو هەموو خەبات و خزمەتە ئەوەیە کە رۆژی دەنگدان پێکەوە هەموومان لەسەر سندووقی دەنگدان دەنگ بە بەربژێرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین