گێچەڵپێکردن لە هەرێمی کوردستان بووتە دیاردە؟ دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

گێچەڵكردن بریتییە لە هەر کردەوە، رەفتارو گوفتار، یان دەست لێدان و قسەو ئاماژەیەک کە بەبێ ویستی کەسێک بەرامبەری ئەنجام دەدرێت. 

بەرامبەر هەر دوورەگەز و هەموو تەمەنێک. رێژە، هۆکار و فۆرمەکەی لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر،  جیاوازە. 

جۆرەکانی گێچەڵکردن

گێچەڵکردن دوو جۆرە بە گشتی

یەکەم: گێچەڵی جەستەیی: کە خۆی لە دەست لێدان، پەلاماردان و دەستگرتن تا ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی. یان نوقرچ لێگرتن.

دووەم: گێچەڵی دەرونی: وەکو ئاماژە و نامە ناردن و تەلەفۆن کردن. 

گێچەڵپێکردن لە زۆر شوێن ئەنجام دەدرێت، تەنیا شوێنێک نییە کە بەبەردەوامی بڵێی زۆربەی ژنان لەم شوێنە گێچەڵیان پێدەکرێت. ژن هەیە لە ماڵە، شوێنی کار، سەرشەقام و ناوبازاڕ گێچەڵی پێکراوە.

زۆرجار شوفێرێک بە لێدانی هۆڕینی ئۆتۆمبیلەکەی گێچەڵ بە خانمێک دەکات بەبێ ئەوەی هیچ شتێ لە بارەی ژیانییەو بزانێت.

هەندێجاریش لە شوێنی کار، بەڕێوەبەر یان کارمەندانی دەزگا یان کۆمپانیایەک، گێچەڵ بەو خانمانە دەکەن کە کاریان لەگەڵ دەکەن. هەندێجاریش ئەم گێچەڵپێکردنە لەلایەن خزمانەوە ئەنجام دەدرێت لە کاتی هاتووچۆی خزمایەتی بۆ ماڵی یەکتر.

بەشێک لە قوربانیانی گێچەڵپێکردنیش، لە ناو خێزان  و ماڵەکانی خۆیان روو بە روو بوونەتەوە، لەلایەن مام، برا، خاڵ، باوک، باپیرە. 

زۆرجار بەوە رێگە بۆ دەستدرێژیکاران خۆش دەکرێت، کە گوایە پەیوەندی بە جل و بەرگ و چوونە دەرەوەی ئافرەتەوە هەیە، لە کاتێکدا خانمانی بەتەمەنیش رووبەرووی گێچەڵپێکردن و هەتا دەستدرێژی سێکیش بوونەتەوە. یان خانمانی باڵاپۆش و خانمانی ماڵەوە، کەواتە هۆکارەکانی گێچەڵپێکردن زیاتر پەیوەندی بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و دەرونی تاکەکانەوە هەیە.

لە کاتی دیمانەی یەکێک لە قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی، خانمەکە دووگیان بوو، ئەو هەموو گیانی دەلەرزی کاتێک باسی ئەوەی کرد کە شوبراکەی(برای هاوسەر) دەستدرێژی سێکسی لە ماڵەکەی خۆیدا کردووتەسەر کاتێک زانیویەتی هاوسەرەکەی لە ماڵ نییە. 

لە ساڵی ٢٠١٤، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە  لە یەکێک لە شارۆچکەکانی کوردستان روویدا کاتێ زانرا، ژنێک لەلایەن برای هاوسەرەکەیەوە دەستدرێژی کراوەتە سەری لە ئەنجامی ئەم دەستدرێژییەدا سکی پڕبووە. دواجار ژنەکە و دووکەسیتر بوونە قوربانی و برای هاوسەرەکەشی رایکرد.

ئەم نموونانەو چەندین نموونەی تر هەن، ئەم بۆچوونانە رەتدەکەنەوە کە دەڵێن: گێچەڵپێکردن و گێچەڵی سێکسی پەیوەندی بە جل و بەرگ و چوونە دەرەوەی ژنانەوە هەیە.

بەپێی راپرسی دەزگایەکی ژنان لە ساڵی (٢٠٠٨-٢٠٠٩) لە سەدا پەنجای ژنان گێچەڵیان پێدەکرێت. لە حاڵەتی زۆر ئاساییدا جۆری گێچەڵكپێکردنەکە توانج و هۆڕێن لێدانی شوفێران بووە. بۆیە بەشێک لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ پێیانوایە، گێچەڵپێكردن لە هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردە.

دەستدرێژیکردن بۆسەر منداڵان

بەپێی زانستی دەرونناسی ئەو کەسانەی کە گێچەڵی سێکسی بە منداڵان دەکەن، نەخۆشی(پیدۆفیل)یان هەیە. ئەم نەخۆشییە وادەکات کە کەسەکە حەزی بۆ سێکسکردن لەگەڵ منداڵ هەبێت ق چێژ لە منداڵ وەربگرێت. ئەم نەخۆشییە بۆی هەیە دووچاری هەردوو رەگەزی نێر و مێ ببێتەوە، بەڵام زیاتر تووشی پیاوان دەبێت.

پسپۆڕانی دەرونی دەڵێن: ئەو کەسانەی کە هەستیان کرد حەزی سێکسیان بۆ منداڵ دەچێت دەتوانن بە زوویی سەردانی پسپۆڕی دەرونی بکەن، بۆ چارەسەرکردن بەر لەوەی کە تاوان ئەنجام بدەن. 

کاتێک کارم لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر کچێكی دە ساڵان کرد، لەلایەن باپیرەیەوە. بۆم دەرکەوت کە وابەستە بوونی توند بە هەندێ کلتور و بەهای کۆمەڵایەتییەوە زۆرجار دەبێتە هۆی شاردنەوەی ئەم جۆرە تاوانانە، چونکە کاتێک دایکی کچەکە زانی کچەکەی دەستدرێژی کراوەتە سەر ویستی سکاڵا لەسەر خەزوری تۆمار بکات هاوسەرەکەی لێی جیابووەوە بۆئەوەی بڵێن، بەهۆی ئەم کێشەیەوە ئەم قسەیە دەکرێت. ئەوان وەکخۆیان دەیانگوت"شەرم و حەیا و پاراستی ناوبانگ لە ژاینی مرۆڤەکان گرنگترە".

هەندێجاریش دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر منداڵانی کوڕ، دەستدرێژیکاریش خزم و کەسی خێزانەکە بووە.

بەپێی ئەزمونی کارم، زۆربەی ئەو منداڵانەی کە لە دەرەوەی ماڵ دەستدرێژی سێکسیان کراوەتەسەر، ئەو کاتانە بووە کە نێردراون بۆ دوکان و بازاڕی کۆڵانەکان بۆ شت کڕین، بەجۆرێک لە جۆرەکان توانیویانە بیانترسێنن و دەستدرێژییەکە ئەنجام بدەن و نەشتوانێ بۆ کەسی باس بکات، هەندێجاریش لەلایەن پیاوانی ماڵە دراوسێکانەوە بووە، کاتێک منداڵێك بۆ یاریکردن رووی کردووەتە ئەم ماڵە.

یەک لەو دەستدرێژییانەی کە زیاتر پێی کاریگەر بووم،  هی کچۆڵەیەکی چواردە ساڵبوو، کاتێک دایکی ئامۆژگاری کردووە پێی گوتووە، کە براکەت هەرچی گوتی دەبێ بە قسەی بکەی بۆت نیە بێ گوێی لەگەڵ بکەی، بۆیە زۆربەی ئەو نیوەڕۆیانەی کە خێزانەکە نوستون، براکە خوشکەکی بانگ کردووەتە ژوری خۆی و دەستدرێژی کردووەتە سەر. 

هێرۆ بەرزنجی، مافپەروەر، سەبارەت بە سزای یاسایی گێچەڵ پێکردن دەڵێت" ئەو کەسەی کە گێچەڵ بە کەسێکی دیکە دەکات، بەپێی ماددەی(٤٠٢) لە یاسای سزادانی عیراقی سزا دەدرێت، بە حەپسکردن بۆ ماوەی(٣) مانگ، هەروەها پێبژاردن بەپێی ئەوەی کە دادوەر دیاری دەکات. ئەگەر حاڵەتەکە دووبارە ببێتەوە سزای حەپسکردنەکە دەبێت بە ماوەی ساڵێک". 

سەبارەت بە گێچەڵی سێکسی تا دەگاتە دەستدرێژی، هێرۆ بەرزنجی گوتی"گێچەڵی سێکسی، ئەگەر بە کەسی سەروو ١٨ساڵ بکرێت بەپێی ماددەی(٣٩٦) سزای بۆ دیاری کراوە کە (٧)ساڵ زیندانییە، ئەگەر قوربانی تەمەنی خوار هەژدەساڵبوو، ئەوا بەپێی ماددەی(٣٩٧) سزا دەدرێت، ئەم سزادانە بەپێی حاڵەت دەگۆڕدرێت، سزای کەسانی نزیک و مەحرەم زیاترە لە سزای کەسانی دیکە".      

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین