"یه‌کێتیی ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسێکی خراپتر ده‌بێته‌وه"
تایبه‌ت به نوچه‌نێت
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ڕێکه‌وتی (27/ئه‌یلول/2021)، مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسیی و به‌رژوه‌ندییه‌کانی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان، له گوتارێکدا که به ناونیشانی (یه‌کێتی کاتی که‌مه، ده‌بێ ڕه‌خنه له خۆ بگرێ)، ڕه‌خنه له حیزبه‌که‌ی ده‌گرێت و پێیوایه:"لە هه‌شتی تەمموزەوە، ئەوەی لەژێر بەڕەی ھەموو ژورەکانی یەکێتی بوو، یەکێتیەکان خستیانە سەر بەڕە"، بۆ ئه‌مه‌یش نموونه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه ده‌هێنێته‌وه، که له‌م دواییانه‌دا باڵه‌کانی بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی ئاراسته‌ی یه‌کترییان کردوون.
مه‌لا به‌ختیار ڕه‌خنه له سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیی ده‌گرێت، كه نه‌یانتوانیوه له‌باره‌ی ئه‌و كێشه‌ی نێوان هاوسه‌رۆكه‌كان كۆ ببنه‌وه و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بده‌ن، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت:"له دوای کۆنگره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی وای پیشان بده‌ن که یه‌کگرتوون، له‌سه‌ر بابه‌تی لاوه‌کی کۆبوونه‌وه‌ی گشتییان ئه‌نجام داوه"، هه‌روه‌ها ڕه‌خنه له درووشمی نوێبوونه‌وه‌ی یه‌کێتیی ده‌گرێت، که له کۆنگره‌ی چواره‌مدا به‌رزکرابووه‌وه، چونکه به گوته‌ی ئه‌و:"نەک یەکێتی نوێ نەکرایەوە، بەڵکو نائومێدییەکی ڕەھاو بێ متمانەییەکی ڕەھاو پێشێلکردنی ڕەھای پرنسیپەکانی حزبایەتی شلکردنی جڵەوی ھەلپەرستی و مشەخۆری ڕەھا، لە ناو یەکێتی و لە پەنای دروشمی نوێبونەوەدا سەری ھەڵدا"، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت:"نەک کێشە کۆنەکان کە پێش چوارەمین کۆنگرە لەناو یەکێتی و لە دەرەوەی یەکێتی و لایەنەکاندا ھەبوون چارەسەر نەکران، بەڵکو کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی گەیەندرانە بنبەستێکی ترسناکی ئەوتۆ، پاشماوەی ڕێز‌و خۆشەویستی یەکێتی لەناو خەڵکدا لاوازتر کرا، بەتایبەتی لەناو بازاڕ‌و موچەخۆرو پەیوەندیە نیشتیمانی و نێونەتەوەیەکاندا".
مه‌لا به‌ختیار پێیوایه به سه‌نگه‌ر له یه‌کگرتنی باڵه‌کانی ئێستای یه‌کێتیی و خستنه‌ڕووی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی که ڕووبه‌ڕووی یه‌کتری ده‌که‌نه‌وه، برینی قوڵییان له ده‌روونی یه‌کێتییه‌کاندا خولقاندووه، چونکه وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت:"ئێستا دوو هەفتە کەمتر بۆ ھەڵبژاردن ماوە، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ھەموو تاوان و تاڵانیەی خودی یەکێتی بەڕەسمی بڵاوی کردونەتەوە، ئایە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن، دەزانن لەناو ھەستی یەکێتیەکان و دەنگدەرانی یەکێتیدا چ برینێکی دەرونی قوڵیان خوڵقاندوە؟".
مه‌لا به‌ختیار پێیوایه، برینی ئێستای یه‌کێتیی، له‌و برینانه قوڵترن که له ڕابردوودا له جه‌سته‌ی حیزبه‌که‌ی درووستبوون، وه‌ک دۆڕاندنی یه‌کێتیی له به‌رانبه‌ر گۆڕان، ده‌ڵێت:"برینەکە زۆر لەوە قوڵترە لەکاتی جیابونەوەی گۆڕان لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانی گۆڕان، یەکێتی (18) کورسی و گۆڕان (25) کورسیان ھێنا. ئێستا نە گۆڕان پڕوپاگاندە دژی یەکێتی دەکات و نە ھاوپەیمانیە دیموکراتیە کاتیەکەی د. بەرھەمیش دژی یەکێتین، ئێستا یەکێتی لەناو خۆیدا دژی یەکن. یەکێتی لەناوخۆیدا بەربڵاوترین ھەڵمەتی دژایەتی یەکتر کە لە مێژوی یەکێتیدا وێنەی نەبوە، ھاوکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەردەوامە.
ئەگەر لە سەردەمی گۆڕان و ھاوپەیمانیەکان بەشێک لە خەڵک ئەکەوتنە ژێر کەریگەری پڕوپاگەندەکانیان، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەوەی یەکێتی بە یەکێتی دەکا، ڕەشەبای گەرمیان بە دەواری کۆچەری ناکات، بۆیە نەک بەشێکی خەڵک بەڵکو زۆرینەی خەڵک باوەڕ بەو پڕوپاگەندانە دەکەن، کە یەکێتیەکان خۆیان لەناو خۆیاندا دژی یەکتر بڵاوی دەکەنەوە".
مه‌لا به‌ختیار پێیوایه، یه‌کێتیی به دۆخێکی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت و ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی گشتی و بەڵێنی سەوز پێدانی خەڵک دادی نادات، بۆیه پێشنیازی ئه‌وه ده‌کات، ئه‌و ماوه‌یه‌ی که بۆ هه‌ڵبژاردن ماوه، بیقۆزنه‌وه بۆ ڕه‌خنه له خۆگرتنێکی فراوان، که هه‌موو بواره‌کان بگرێته‌وه، ده‌شڵێت:"من دڵنیام ئەگەر ئەو ڕەخنانە لە خۆی نەگرێ و خەڵک دڵنیا نەکات، کە یەکێتی لەدوای ھەڵبژاردن ھەم لەناو خەڵک و ھەم لەناو حکومەتدا، بە کردەوە بەرنامەی چاکسازی و پاکسازی و عەقڵسازی جێبەجێ دەکات، من دڵنیام یەکێتی چارەنوسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی".
مه‌لا به‌ختیار له کۆتایی گوتاره‌که‌یدا، ئاماژه به‌وه ده‌دات، مادام یه‌کێتیی ددانپێدانی پێداناوه، که هه‌ڵه‌ی ھه‌ڵدێری کردووه، بۆیه ده‌بێت ئه‌و هه‌ڵانه ریشه‌کێش و چاره‌سه‌ر بکات، نه‌ک داپۆشینی چه‌واشه‌کارانه، ده‌شڵێت:"ئەم قسانەم بۆ مێژوو دەکەم بە دڵنیاییەوە دوو هەفتەی تر ڕووبەڕووی یەکتر ئەبینەوە. ئەو کاتە ئیتر ھەڵوێستەکان گۆڕانکارییان بەسەردێت".
ڕۆژی (8/ته‌مووز/2021) كێشه‌ی نێوان هه‌ردوو هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان(بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگی) گه‌یشتنه بنبه‌ست، ئه‌مه‌یش به گۆڕانكاری له هه‌ردوو ده‌زگه‌ی زانیاری و دژه تیرۆر ده‌ستی پێكرد و تا ئێستایش ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر نه‌كراون، به‌مه‌یش یه‌كێتیی به كێشه‌یه‌كی قوڵه‌وه گلاوه، كه ڕه‌نگه چاره‌سه‌ركردنی ئاسان نه‌بێت.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment