یه‌كێتی كاتی كه‌مه‌، ده‌بێ ڕه‌خنه‌ له‌ خۆ بگرێ بیروڕا

مه‌لا به‌ختیار *

لە ٨ی تەمموزەوە، ئەوەی لەژێر بەڕەی ھەموو ژورەکانی یەکێتی بوو، یەکێتیەکان خستیانە سەر بەڕە. لە دزی، گەندەڵی، شکستی سیاسەتی یەکێتی، چاودێری کردنی نایاسایی کادر و ئۆرگانەکانی یەکێتی، ناکارامەیی ھەندێک لە سەرکردە و بەرپرسەکان، بەکارھێنانی ھێز بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی، لە لوتکە ھەڵدێراندنی ھاوسەرۆکێک.

 ئەم بڕیارو سیاسەتە ناوخۆییەی یەکێتی، بەبێ ئەوەی لەدوای هه‌شتی تەمموزەوە بۆ یەک جاریش سەرکردایەتی کۆببێتەوە سەپێنراون. لە کاتێکدا لە دوای چوارەمین کۆنگرەوە، بۆئەوەی پیشان بدرێ یەکێتی یەکگرتووە، سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر کۆمەڵێک ئەرکی لاوەکی کۆبونەوەی بێ سەروبەری ئەکرد، بەبێ ئەوەی لەو کۆبونەوانە بچوکترین کێشەی ناوخۆیی و کێشمەکێشی دەرەوەی یەکێتی چارەسەر کرابن.
ئەو دروشمە زەقەی بە ناوی نوێبونەوە بەرز کرایەوە، نەک یەکێتی نوێ نەکرایەوە، بەڵکو نائومێدییەکی ڕەھاو بێ متمانەییەکی ڕەھاو پێشێلکردنی ڕەھای پرنسیپەکانی حزبایەتی شلکردنی جڵەوی ھەلپەرستی و مشەخۆری ڕەھا، لە ناو یەکێتی و لە پەنای دروشمی نوێبونەوەدا سەری ھەڵدا. نەک کێشە کۆنەکان کە پێش چوارەمین کۆنگرە لەناو یەکێتی و لە دەرەوەی یەکێتی و لایەنەکاندا ھەبوون چارەسەر نەکران، بەڵکو کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی گەیەندرانە بنبەستێکی ترسناکی ئەوتۆ، پاشماوەی ڕێزو خۆشەویستی یەکێتی لەناو خەڵکدا لاوازتر کرا، بەتایبەتی لەناو بازاڕو موچەخۆرو پەیوەندیە نیشتیمانی و نێونەتەوەیەکاندا.
ئێستا دوو هەفتە کەمتر بۆ ھەڵبژاردن ماوە، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ھەموو تاوان و تاڵانیەی خودی یەکێتی بەڕەسمی بڵاوی کردونەتەوە، ئایە سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن، دەزانن لەناو ھەستی یەکێتیەکان و دەنگدەرانی یەکێتیدا چ برینێکی دەرونی قوڵیان خوڵقاندوە؟ 

 برینەکە زۆر لەوە قوڵترە لەکاتی جیابونەوەی گۆڕان لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانی گۆڕان، یەکێتی (18) کورسی و گۆڕان (25) کورسیان ھێنا. ئێستا نە گۆڕان پڕوپاگاندە دژی یەکێتی دەکات و نە ھاوپەیمانیە دیموکراتیە کاتیەکەی د. بەرھەمیش دژی یەکێتین.

 برینەکە زۆر لەوە قوڵترە لەکاتی جیابونەوەی گۆڕان لەژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانی گۆڕان، یەکێتی (18) کورسی و گۆڕان (25) کورسیان ھێنا. ئێستا نە گۆڕان پڕوپاگاندە دژی یەکێتی دەکات و نە ھاوپەیمانیە دیموکراتیە کاتیەکەی د. بەرھەمیش دژی یەکێتین

 ئێستا یەکێتی لەناو خۆیدا دژی یەکن. یەکێتی لەناوخۆیدا بەربڵاوترین ھەڵمەتی دژایەتی یەکتر کە لە مێژوی یەکێتیدا وێنەی نەبوە، ھاوکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەردەوامە.
ئەگەر لە سەردەمی گۆڕان و ھاوپەیمانیەکان بەشێک لە خەڵک ئەکەوتنە ژێر کەریگەری پڕوپاگەندەکانیان، لەبەر ئەوەی ئێستا ئەوەی یەکێتی بە یەکێتی دەکا، ڕەشەبای گەرمیان بە دەواری کۆچەری ناکات، بۆیە نەک بەشێکی خەڵک بەڵکو زۆرینەی خەڵک باوەڕ بەو پڕوپاگەندانە دەکەن، کە یەکێتیەکان خۆیان لەناو خۆیاندا دژی یەکتر بڵاوی دەکەنەوە.
لە بەرامبەر دۆخێکی ئاوای ترسناکی یەکێتیدا. تەنھا ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی گشتی و بەڵێنی سەوز پێدانی خەڵک دادی یەکێتی نادات، چونکە ئەمە یەکەم ھەڵبژاردنی عێراق و کوردستان نیە، ھەتاکو خەڵک باوەڕ بە دروشمەکان بکات. لە ھەڵبژاردنەکانی پێشودا بەڵێنی زۆردراو کەمی جێبەجێ کرا. دەرکەوت ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردنی پێشو تەنھا بۆ پاراستنی دەسەڵات بووە، چارەسەرکردنی کێشەکانی دەسەڵات بەپێی پێویستیەکانی خەڵک.
بۆیە پێموایە ئەم چەند ڕۆژەی لەبەردەم ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا ماوە، تەرخان بکرێ بۆ ڕەخنە لەخۆگرتن لە کەموکوڕییەکان. ڕەخنەگرتن لە گەندەڵیەکان. ڕەخنە گرتن لە پێشێلکردنی پرنسیپە حزبیەکان. ڕەخنەگرتن لە نەبوونی سەروەری یاسا. ڕەخنەگرتن لە پەرشو بڵاوی یەکێتی و نەبونی ھێزی یەکگرتوی کوردستان. ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی پیلانگێڕی ناوخۆی یەکێتی. ڕەخنەگرتن لە بەرز کردنەوەی ھەزاران پلەی ئەندامی لاوەکی. ڕەخنەگرتن لە جێبەجێ نەکردنی بەرنامەی سۆشیال دیموکرات بەرامبەر بە ڕەنجدەرانی بیرو بازو، ھەروەھا ڕەخنە گرتن لە دژایەتی بیری کۆنەپەرستی باوکسالاری بەرامبەر بە ژنان. ڕەخنە گرتن لەوەی لە بری چەسپاندنی کلتوری مەدەنی کلتوری دواکەوتنی کۆمەڵایەتی بوژایەوە.
من دڵنیام ئەگەر ئەو ڕەخنانە لە خۆی نەگرێ و خەڵک دڵنیا نەکات، کە یەکێتی لەدوای ھەڵبژاردن ھەم لەناو خەڵک و ھەم لەناو حکومەتدا، بە کردەوە بەرنامەی چاکسازی و پاکسازی و عەقڵسازی جێبەجێ دەکات، من دڵنیام یەکێتی چارەنوسێکی خراپتر چاوەڕوانیەتی.
تکام وایە ھەمومان تێ بگەین مادام یەکێتی خۆی دانی پیاناوە، لە ساڵانی ڕابردودا ھەڵەی پڕ لە ھەڵدێری کردوە، کەوابێ دەبێ ئەو ھەڵانە بە ڕەخنە لەخۆ گرتن و ڕیشەکێش کردن چارەسەر بکرێت، نەک بە داپۆشینی چەواشەکارانە.
ئەم قسانەم بۆ مێژوو دەکەم بە دڵنیاییەوە دوو هەفتەی تر ڕووبەڕووی یەکتر ئەبینەوە. ئەو کاتە ئیتر ھەڵوێستەکان گۆڕانکارییان بەسەردێت.

 

* ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین