ئەو وڵاتانەی کە ژنان زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنن! دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

ئەنجامی هەڵبژاردنی ئایسلەندا دەرخەری ئەوەیە، کە ئەم وڵاتە بووەتە یەکەمین وڵاتی ئەوروپی کە ژنان زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنن.

بەپێی ئەنجامی کۆتایی راگەیەندراو لە دەنگدانی رۆژی شەممە، لە ٦٣ کورسی پەرلەمانی ئایسلەند، بە ناوی ئاڵدینگ، ٣٣ کورسی دەکەوێتە دەستی ژنان. بەمشێوەیە پشکی ژنان لە کورسی پەرلەمانی ئەم وڵاتە، دەبێتە ٥٢.٣%. رێژەی دانشتوانی ئایسلەند نزیکەی ٣٧٠ هەزارە کەسە. لە هەڵبژاردنی پێشوو ئایسلەندییەکان ٢٤ ژنیان هەڵبژاردبوو.

کام لە وڵاتان لە جیهاندا ژنان لە پەرلەمان زۆرینەن؟

تا ئێستا هیچ وڵاتێکی ئەوروپی سنووری رەمزی سەدا پەنجای تێنەپەڕاندبوو، لە کاتێکدا وڵاتی سوید، بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی بە ٤٧% نوێنەری ژن، پلەی یەکەم لەمرووەوە لە کیشوەری سەوز لە دەستدا بوو. هەر بە پێی ئامارە کۆکراوەکان لە لایەن بانکی جیهانییەوە، تەنیا لە سێ وڵاتی دیکە لەوانە: رواندا، کوبا و ئیمارات، رێژەی ژنان لە پیاوان لە پەرلەمان زۆرترە.  

لە ئیمارات ٥٠% لە کورسییەکانی پەرلەمان لەسەر بنەمای پشک، کە سێ ساڵ پێش ئێستا دیاری کراوە لە دەستی ژنان دایە.

"لە ئایسلەند هیچ یاسایەک بۆ دیاری کردنی پشکی ژنان بوونی نییە"

ئەردنا، یەکێک لە دانیشتوانی شاری ریکیاویک-ی پایتەختی ئایسلەند، بە هەوڵنێری فەرەنسای گوت: “من ٨٥ ساڵ تەمەنمە. لە تەواوی ژیانمدا چاوەڕێ بووم تاکو زۆرینە بۆ ژنان بێت. بەڕاستی خۆشحاڵم”.

سەرەڕای ئەوەی جەندین حزب خۆویستانە پشکێکی لانیکەمی بۆ ژنان دیاری دەکەن، بەڵام لە ئایسلەند هیچ یاسا و زۆرەملییەک بۆ دیاری کردنی پشکی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ژنان بوونی نییە.  

لە پشت ئەم رووداوە مێژوویەوە بۆ ژنان، قوربانی سەرەکی ئەم هەڵبژاردنەش ژنێکە: کاترین یاکوبسدوتیر، سەرۆک وەزیرانی ئایسلەند، کە حزبە چەپگەراکەی سێ کورسی لە پەرلەمان لە دەستدا و بە ١٢.٦% دەنگ کەوتە دوای دوو هاوپەیمانی دەستی راستی خۆی.

بەڵام لە نێوان پەرلەمانتارە نوێیەکانی پەرلەمان، بەتەمەن ترین یاساناس، توماس توماسون، ٧٢ ساڵەیە و گەنج ترینیان لینا تەها کەریم، خوێندکاری زانکۆ و ٣٠ ساڵ تەمەنیەتی، کە کچی ژن و مێردێی پەنابەری کوردە.

ئەم کچە گەنجە بە ئاسۆشیتدپرسی گوتووە، کە دەیەوێ هەڵسوکەوتی ئایسلەند لەگەڵ پەنابەران و پەناخوازەکان باشتر بکات. گوتیشی “بیروڕای ئێمە دەبێ زۆرتر ببیسترێ”.

سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین