هەڵمەتی دەنگی ئافرەت بۆ ئافرەت جێبەجێ دەکرێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

رێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیارییەکانی جەندەر، پڕۆژەیەک سەبارەت بە دەنگدانی ئافرەت بۆ ئافرەت جێبەجێ دەکات سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، ئامانجان بەشداریکردنی هاونیشتیمانیانە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەتایبەتیش دەنگدان بە ئافرەتان.

رەمزیە زانا، سەرۆکی رێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیاری جەندەر، سەبارەت بە ئامانجی ئەو پڕۆژەیەی کە دەیانەوێت دەنگی ئافرەت بۆ ئافرەت بێت گوتی "ئامانجمان ئەوەیە کە رێژەیەکی زۆری هاووڵاتییان بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، هەروەها دەنگ بدەن بە -بەربژێرە ئافرەتەکان بەتایبەتیش دەنگی ئافرەت بۆ ئافرەت بێت، چونکە پێمانوایە ئافرەتان زیاتر لە کێشەکانی یەکتر تێدەگەن و دەتوانن کاریگەرییان لەسەر باشکردنی دۆخی ئافرەت هەبێت".

ئەم پڕۆژەیە لە سێ پارێزگا ( هەولێر، کەرکوک، دیالە) بە هاوکاری رێکخراوی یوئێن دی پی و یۆنامی جێبەجێ دەکرێت. لە پارێزگای هەولێر چوار بازنەی هەڵبژاردن هەیە و بیست و چوار رێکخراو هاوکارن، لە پارێزگای کەرکوک سێ بازنە هەیە و دوانزە رێکخراو هاوکارن، لە پارێزگای دیالە چوار بازنەی هەیە و چواردە رێکخراو هاوکارن.

سەبارەت بەو کەسانەی کە ئەوان بۆ هوشیاری دەنگدان کاری لەسەر دەکەن، رەمزیە زانا دەڵێت "کارمان بۆ ئافرەتان لە دەرەوەی شارەکانیش بووە بە هەموو گوند و ناحیە و قەزاکانەوە. تەنیا بۆ ئافرەتانی فەرمانبەر نەبووە، بەڵکو بۆ ژنانی خاوەن کار، قوتابیانی زانکۆ، ئافرەتانی نەخوێندەوار و ئافرەتانی ماڵەوەش بووە".

سەرۆکی ئەم رێکخراوە باس لە سێ تەوەری کار دەکات لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە "چۆنێتی دەنگدانی ئافرەت بە ئافرەت و لە کۆی شەش سیمینار پێنجی بۆ ئافرەت و یەکێک بۆ پیاوان بووە، سیمینارەکەی پیاوان بەو ئامانجە بووە کە چۆن ئافرەتان هان بدەن بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە- بەربژێرە ئافرەتەکان بدەن. هەروەها لە کاتی روودانی هەر پشێویەک لەو بنکەیە دووربکەونەوە، تەوەری سێێەم بۆ گەنجانە کە هەر گەنجێک لە راهێنراوەکان، چل گەنجی تر ببینێت و هانیان بدات کە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە ئافرەتان بدەن".

سەرۆکی رێکخراوی لێکۆڵینەوە و زانیارییەکانی جەندەر، ئەوە ئاشکرای دەکات کە ئامانجی سەرەکی ئەوان ئەوەیە زۆرترین ئافرەت بگاتە شوێنی بڕیار.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین