%34ی بەربژێرەکانی پارتی ئافرەتن دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت -ئافرەت

بە گوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردنی عیراقی کە بڕیارە لە 10-10-2021، بەڕێوەبچێت، لە کۆی سێ هەزار و 249 بەربژێر 951 بەربژێر ئافرەتن. لە کۆی 83 بازنە دەبێ 83 ئافرەت ببنە ئەندامی پەرلەمان. ئەمەش بە پێی یاسای سیستەمی کۆتایە کە وەکو جیاکارییەکی ئەرێنی هاوکاری ئافرەتان دەکات بۆ چوونە پەرلەمان.

دکتۆرە ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە نوچەنێتی گوت "پارتی دیموکراتی کوردستان متمانەی تەواوی بە ڕۆڵ و توانای ئافرەت هەیە، ئەوەش وەک پرەنسیبێک لە سەرەتاکانی دامەزراندنی پارتی جێبەجێ کراوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە و بەردەوام ڕوو لە پێشکەوتنە. لەم هەڵبژاردنەشدا پارتی لە (11) پارێزگای عێراق و لە (28) بازنەی هەڵبژاردن بە (56) بەربژێر بەشداری دەکات لەو ژمارەیەش (19) بەربژێریان ئافرەتن، ئەمەش واتە نزیکەی 34% بەربژێرەکانی پارتی ئافرەتن".

دکتۆرە ڤیان، جەخت لە وەدەکاتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان گرنگی تەواو بە هاوکاریکردنی بەربژێرە ئافرەتەکان دەدات "بەپێی ڕێژەکە و بەپێی هەڵمەتەکانی بانگەشە و گرنگیدانی سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی پارتی بە هەڵمەتەکانی بانگەشەی کاندیدەکان، هەروەها ڕوماڵکردنی چالاکییە جەماوەرییەکان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی پارتی و ناساندنی کاندیدەکان بە جەماوەر، بەرزترین ئاستی گرینگیدان بە کاندیدە ئافرەتەکان دەبینین و هەست بە هیچ جۆرە جیاوازییەک ناکەین لە رووی گرنگیدانەوە لەچاو کاندیدە پیاوەکانی پارتیمان، وەک یەک لە کەرنەڤاڵ و چالاکییە جەماوەری و ئاهەنگەکان. هەروەها لە وتاری سەرکردەکانی پارتیدا ئامادەییان هەیە و  بانگەشەیان بۆ دەکرێت و دەرفەتی خۆناساندنیان بۆ دەڕەخسێندرێت".

سەبارەت بە پێوەری دەستنیشانکردنی ئافرەتان بۆ بەربژێرکردنی ئافرەتان سکرتێری یەکێتی ئافرەتان دەڵێت "کاندیدە ئافرەتەکانی پارتی کەسانی دیار و کاریگەری نێو کایەی سیاسی و جەماوەرین لە گشت پێکهاتە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی، خاوەن بڕوانامەن و پسپۆڕی جۆراوجۆریان لە بوارە جیاجیاکان تێدایە و خاوەن ئەزموونی کارن لە هەموو بوارەکاندا، کاندیدی خاوەن ئەزموونی دەوڵەمەندی پەرلەمانتارین، سەرجەم کاندیدە ئافرەتەکان و کاندیدەکانی پارتی، بە گشتی خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی نەگۆڕن؛ بە دڵنیاییەوە بەرگریکاری دڵسۆز و بە ئەمەکی مافە دەستورییەکانی گەلی کوردستان و داکۆکیکاری پرسە مرۆڤایەتی و دیموکراسی و مەدەنییەکان دەبن بۆ کۆمەڵگەی عێراقی بە شێوەیەکی گشتی".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین