مارەیی رەهەندێکی دینی یان کلتوری هەیە؟ دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

مارەیی ئەو بڕە ئاڵتونە یە کە لە کاتی ئەنجامدانی هاوسەرگیری کچ داوای دەکات، ئەم کلتورە لە هەندێ ناوچە بووە بە پارە یان کاڵای تر، زۆرجار لەسەر ئەم بڕە پارە یان ئاڵتونە گرێبەست و رێککەوتنی هاوسەرگیری هەڵدەوەشێننەوە.

عەلی ئەحمەد، زەڕەنگەرێکی ناسراوە لە سنوری ناوچەی بیتوێن، دەگێڕێتەوە "لەو کاتەوە من کاری زەڕەنگەری دەکەم، چەندین جار بینیومە کە لەسەر چەند مسقاڵێک ئاڵتون لە دوکانەکەی من، ماڵی کچ و کوڕەکە بووەتە شەڕیان و جیابوونەوە روویداوە".

دکتۆرە زوبەیدا سەید ساڵح، سەبارەت بە کلتوری مارەیی دەڵێت "بە گوێرەی لێکوڵینەوە کومەڵناسی و مێژووییەکان، بۆمان دەردەکەوێت کە مارەیی و بەخشینی مارەیی پەیوەست نییە بە ئایینە ئاسمانییەکانەوە، بەڵکو مێژوویەکی دوور و درێژتر لە ئایینە ئاسمانیەکانی ھەیە. بەڵام شێواز و جۆر و چەندایەتییەکەی لە قوناغەکانی ژن سالاری و پیاو سالاری و ھاتنی ئایینەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە".

عەبدوڵڵا ئەحمەد. مامۆستای ئایینی، سەبارەت بە کلتوری مارەیی و پەیوەندی بە ئاینەوە گوتی "ئاین وەک بنەمایەک بۆ پاراستنی مافی ئافرەت دایناوە، بەڵام فەرزی نەکردووە، کچ دەتوانێ داوای مارەیی نەکات و شوو بکات یانیش شتێکی ئاسایی داوا بکات، ئەو بڕە زۆرە لە مارەیی کە داوا دەکرێت و دەبێتە بارگرانی دارایی لەسەر کوڕ، رێگە پێدراو نییە و باشترە بەپێی توانای ئەم خێزانە داواکاری هەبێت".

دکتۆرە زوبەیدا سەید ساڵح، زیاتر شیکردنەوە بۆ رەوشی کلتوری مارەیی دەکات، کە چۆن بەپێی قۆناغەکان جیاوازی بەسەردا دێت "مارەیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە پێی قۆناغە جیاوازەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. لە دەڤەرێک بۆ دەڤەرێکی تر بۆ نموونە لە هەندێ شوێن لە جیاتی ئاڵتون داوای نەخت لە ماڵی زاوا دەکرێت".

لە هەندێ ناوچەی کوردستان، گرنگیدان بە مارەیی و داواکاری ئاڵتونی زۆر، گەیشتووەتە ئاستێک کە بووەتە بەربەست لەبەردەم هاوسەرگیری کوڕان و کچان. بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە بەرای دکتۆرە زوبەیدا" بۆ تێگەیشتنی ئەم بابەتە پێویستمان بە شرۆڤە کردنی رەھەندە مێژوویی، کلتوری و کۆمەڵایەتییەکان ھەیە، بەڵام  ئەگەر بێت و بەردەوامی ئەم دیاردە لە پێکھێنانی خێزان لەم کات و ساتەدا باس بکەین، جگە لەوەی کە بارگرانییەکی ئابوری و ئەرکێکی زۆرە لەبەر دەم گەنجی ئێستا بۆ پێکھێنانی خێزان، لە ھەمان کاتیشدا، ئەو ھەوڵ و بزاڤانەی کە لە لایەن چالاکوانانی سڤیل و ئافرەتان و ژنان بو جێبەجێکردنی یەکسانی جێندەری دەدرێت، دەیخاتە ژێر پرسیارەوە".

بەشێکی زۆر لەو خێزانانەی کە داوایی بڕە مارەیی زۆر بۆ بە شوودانی کچەکانیان دەکەن، خاوەن بڕوانامە و کەسانی دیاریشی تێدایە، ئایا بڕوانامە، تێڕوانین مرۆڤەکانی بۆ هاوسەرگیری نەگۆڕیوە؟ د. زوبەیدا روونیدەکاتەوە "ئێمە لە سەردەمەک دا دەژین، کە خانمان بەشێوەیەکی گشتی، خاوەن ھوشیاریەکی زیاترن لەسەر ماف و ئەرکەکانیان، لە ھەمان کاتدا خاوەن کار و ئابوری سەربەخۆن و بۆ مافەکانیان هوشیارن، ھەر لەبەرئەوە دەبێت ئەوەندە هوشیار بن کە ئەرکەکانیشیان بناسن. چەسپاندنی یەکسانی جێندەری، کە دروشمی ھەموو رێکخراوەکانی ئافرەتان و چالاکوانانی مەدەنی و مافی مروڤە لە کوردستان، واتە ناسینی ئەرک و ماف، کەواتە دەبێ ھەموو ھەوڵێک بدرێت کە خێزان لە سەر بنەمایی یەکسان پێک بھنێرێت، چونکە خێزان، یەکەم یەکەی کومەڵایەتییە کە مروڤەکان تێدا پراکتیزی ئەرک و  مافەکانیان دەکەن".

ئەم شارەزایەی بواری کۆمەڵناسی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "کاتێک کوڕ و کچ، لەم قوناغەی مێژوو کە ئێمە تێیدا دەژین، داوای نەخت و مارەیی دەکرێت، کە واتا  لە سەرەتای پێکھێنانی خێزان، ئەم داوای یەکسانی کردنە لە ئەرک و مافەکانی ئەندامەکانی خیزان دەچێتە ژێر پرسیار".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین