د. یارا قادر:  لاوازی پەیوەندی منداڵ لەگەڵ دایک و باوک کێشەی زمانی بۆ دروست دەکات دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

"دایە" و "بابە" یەکەم وشەن منداڵ لەسەرەتادا فێری دەبێت کاتێک هەوڵی قسەکردن دەدات، بەشێکی زۆری شارەزایان لەو بڕوایەدان کە دەبێت منداڵ لە تەمەنی 12 مانگیدا بتوانێت هەندێک وشە وەک دایە و بابە دەرببڕێت، لەهەمانکاتدا توانای تێگەیشتن و گوێڕایەڵبوونی هەبێت. هەروەها نزیکەی 15-25%ی منداڵان کێشەیان لە قسەکردندا هەیە. دکتۆرە یارا قادر ، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە گیر و گرفت و نەخۆشییەکانی زمان گرتن، تایبەت بە نوچە دەڵێت" ئەگەر منداڵ پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوکی لاواز بوو، یان هەندێ جار ئەگەر منداڵەکە نابیست بێت نەیتوانی کۆدە زمانییەکان دەرببڕێت تووشی دواکەوتنی کێشەی زمانی دەبێتەوە.

نوچەنێت: کێشەی گۆکردن یان قسەکردن لەلای منداڵ لەڕووی زانستیەوە چۆن پێناسە دەدکرێت؟

د. یارا : کێشەی گۆکردن یان قسەکردن لەلایان منداڵانەوە لە رووی زانستیەوە پێی دەگوترێ دواکەوتنی گەشەی زمانی، ئەمەش زۆرجار لە تەمەنی ساڵ و نیوێک بەرەو سەرەوە منداڵ تووشی ئەو حاڵەتە دەبێت بۆ نموونە ئەگەر نەیتوانی کۆدە زمانییەکان دەرببڕێ وەک ( دا، با، بڤ و ...هتد) واتا ئەو وشانەی کە منداڵ لەسەرەتای زمان بوونەوەی دەریاندەبڕێ.

هەروەها سەیرکردنی بۆ دەوروبەری لاواز بوو واتا کۆنتاکتی لەگەڵ دایک و باوکی لاواز بوو, یان هەندێجار ئەگەر منداڵەکە نابیست بێت و نەیتوانی کۆدە زمانییەکان دەرببڕێت دیسانەوە تووشی دواکەوتنی کێشەی زمانی دەبێتەوە، یانیش لەکاتی لەدایک بوونی منداڵەکە لە کاتی نەمانی ئۆکسجینی پێویست بۆ مێشکی منداڵ، دیسانەوە تووشی گرفتی دواکەوتنی گەشەی زمانی دێت.

هەروەها جۆرێکی ترمان هەیە پێی دەگوترێ دواکەوتنی کێشەی زمانی و مێشک ئەمەیان هەردووکی بەیەکەوەیە، ( اضطرابات النمو العقلی و اللغوی) ئەم جۆرەیان منداڵ گرفتی لە وەرگرتنی کۆدە زمانییەکان و رەفتار و هەڵسوکەوت هەیە، گرفتیان لە تێگەیشتن هەیە، بەڵام هەرچی جۆری یەکەمە دواکەوتنی گەشەی زمانی لە رووی هۆشدارییەوە منداڵ کێشەی وەرگرتنی نییە دەتوانێ بە ئاسایی هەڵسوکەوت بکات لایەنی تێگەیشتنی باشە و زوو لە شتەکان تێدەگات.

 

نوچەنێت: ئایا مەرجە دواکەوتنی زمانی منداڵ پەیوەندی بە نەخۆشییەکی ترەوە هەبێ؟

د. یارا: بەڵێ زۆربەی زۆری نەخۆشییەکانی زمان پەیوەندی بە نەخۆشییەکی ترەوە هەیە، بۆ نمونە رەنگە ئەو منداڵە گەشەی مێشکی لە دوایە، یان گرفت لە ماسولکەکانی قسەکردنی هەیە لە دەم و چاویدا، یان گرفت لە زمانی هەیە، ئەوانە هەموو هۆکارن کە منداڵ تووشی دواکەوتن بکات لە قسەکردن. هەروەها هەبوونی هەوکردنی (سحایا) لە مێشک گرفت بۆ زمان دروستدەکات، بوونی نەخۆشییە دەرونییەکان گرفتی زمانی دروستدەکات، جەڵتەی دەماغ و نەخۆشی زەهایمەر و بوونی گرێی شێرپەنجەی لە مێشک، دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی گرفت لە زمان دروستبکەن.

زۆربەی زۆری نەخۆشییەکانی زمان پەیوەندی بە نەخۆشییەکی ترەوە هەیە

 

 

نوچەنێت: ئایا هۆکاری دواکەتنی گەشەی زمانی چییە، یاخود ئەو کێشەیە چییە کە زۆرجار منداڵ هەندێک پیت دەرنابڕن، بۆ نموونە (ك) دەکاتە (ت) هەندێکی تر زمانیان دەگیرێت ئایا هۆکاری ئەوانە چییە؟

د. یارا: خۆی گۆڕانی پێتەکان لای منداڵان پەیوەستە بە گەشەنەسەندنی ئۆرگانەکانی ئاخافتن هەندێ جار پیتی (ك) لای هەندێ منداڵ دروست نابێ یاخود پیتی (ق)-ی بۆ دروست نابێ، ئەوە پەیوەستە بە سازگەی دروستبوونی ئەو پیتە کە زۆرجار زمانی هەندێ منداڵ کورتە شێوەی سەری زمانی منداڵ خڕە کە درێژ و نوك تیژ نییە ئەمانە گرفتی دەربرینی ئەو پیتانە دروستدەکەن لای منداڵان و هەندێ جار منداڵ بەستنەوەی ژێر زمانی ئەستورە کە لە پێشترە لەبڕی ئەوەی لە دواوە بێت ئەوە گرفتی زمانی دروستدەکات گرفتی دەربرینی پیتەکانیش دروستدەکات، لە هەمان کاتدا زۆر جار دەبێتە هۆی زمان گیریی.

 گۆڕانی پێتەکان لای منداڵان پەیوەستە بە گەشەنەسەندنی ئۆرگانەکانی ئاخافتن 

 

نوچەنێت: تاچەند کێشەکانی گوتن (نطق) پەیوەندی بە لایەنی فیسولۆجی هەیە، هەروەها چەند پەیوەندی بە لایەنی دەروونی منداڵەوە هەیە؟

د. یارا: گرفتی گوتن یاخود بڵێین (نطق) لەلایەن منداڵەوە هەندێ جار پەیوەستە بە لایەنی فیسولۆجی  دروستبوونی گەشەی مێشک، واتا زۆر جار منداڵ لەو کاتەی کۆرپەلەیە لە سکی دایکی دایە، دایکەکە خواردنی پێویست وەرنەگرێت یاخود ژینگەکەی گونجاو نەبێ، یانیش بە کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی دا دەڕوات، ئەوانە کار دەکەنە سەر لایەنی گەشەی مێشکی منداڵ. گرفتی فیسولۆجی دروستدەکەن لە کاتی لە دایک بوونی دا. هەروەها وەک باسمان کرد لە کاتی لەدایک بوونی کۆرپەلە نەمانی ئۆکسجین دەبێتە هۆکار دروستبوونی گرفت لەسەر گەشەی مێشکی منداڵ.

بەڵام سەبارەت بە لایەنی دەروونی ئەو منداڵانەی کە زۆر هەستیارن و ماوەیەکی درێژ بۆ نموونە  تووشی داڕمانی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەبن یانیش بە هۆی لێکدابڕانی دایک و باوک تووشی شۆک دەبن، یاخود کەسێکی ئازیزی لەدەست دەدات، تووشی حاڵەتێکی نائاسایی و دڵەڕاوکێ و قەلەقی  دەبێت و هەندێ جار ترسیش دەبێتە هۆکار بۆ دروست بوونی گرفتی زمانی بە تایبەتی گرفتی زمان گیران.

نوچەنێت: ئایا تا چەند تەکنەلۆجیا رۆڵ دەبینێت لەسەر دروستبوونی کێشەی زمانی لای منداڵانەوە، بۆ نموونە ئەگەر منداڵ لە تەمەنی خوار سێ ساڵ زۆر مۆبایل و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان بەکار بهێنێت ئەوە تووشی کێشەی زمان دەبێت؟

د. یارا: سەبارەت بە تەکنەلۆجیا و ئامێرە ئەلکترۆنییەکان رۆڵێکی زۆر خراپیان هەیە لەسەر منداڵان بە تایبەتی خوار تەمەنی سێ ساڵ. هەروەها ئەو کەناڵە بیانیانەی کە زمانیان هەمان زمانی قسەکەر نییە واتا زمانی دایک نییە بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری خراپ بۆ سەر زمانی منداڵ دروستدەکات و گەشەی زمانی دوادەخات و تووشی کۆمەڵێک حاڵەتی نائاسایی دەکات وەکو ئۆتیزم، ئەفازیا هەندێ نەخۆشی تر کە دەبنە هۆی دروستبوونی گرفت لەسەر زمانی منداڵ.

 ئامێرە ئەلکترۆنییەکان رۆڵێکی زۆر خراپیان هەیە لەسەر زمانى منداڵان 

 

نوچەنێت: هەندێ دایک و باوک باسیان لەوە کردووە بە هۆی ئەوەی زوو هەوڵیان داوە منداڵەکانیان  فێری زمانی بیانی بکەن، لە ئەنجامدا منداڵەکانیان تووشی کێشەی زمان بووە، ئەمە تاچەند لە رووی زانستییەوە راستە؟

د. یارا: بێگومان ئەو دایک و باوکانەی کە زوو منداڵەکانیان لە بەرامبەر شاسەی ئایپاد، مۆبایل یان تیڤی و لەبەردەم کەناڵێکی بیانی دادەنێن، ئەوە منداڵ تووشی کێشەی زمانی دەبێت و زمانی دایک لەدەست دەدەن، لەو  حاڵەتەدا منداڵ بەس وەردەگرێت ئەستەمە بتوانێ دەرببڕێ لێێ دەشێوێت ماسولکەکانی قسەکردن بەکارناهێنی تووشی گرفتی زمانی دەبێت.

نوچەنێت: خولی چارەسەرکردنی کێشەی زمان تا چەند مەرجی زانستیانەی تێدایە، یاخود ئەو کەسەی راهێنان بە منداڵ دەکات دەبێت چ تایبەتمەندییەکی هەبێت؟

د. یارا: بێگومان بە رای من ئەو کەسەی کە خولەکە دەکاتەوە دەبێت شارەزایی تەواوی هەبێت، ماستەری لە بواری پەروەردەی تایبەت و فێرکردنی راهێنانی زمانی و چارەسەری زمانی هەبێ لەسەر نەخۆشیەکانی (نطق). هەروەها شارەزایی لەسەر دواکەوتنی ژیری منداڵ هەبێ، ئەمە شتێکی زۆر گرنگە ئەو کەسانەی ئەو مەرجە زانستیانەیان تێدایە، دەتوانن سەرپەرشتی ئەو خولانە بکەن؛ هەروەها پێویست دەکات ئەو خولانە ماوەی سێ مانگ بۆ شەش مانگ کاتی دیاریکراوی بۆ تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی زانستێکی تەواو بگەینێت.

نوچەنێت: هەندێ منداڵ هەن تا سەردەمی هەرزەکاریی زمانیان دەگیرێت و وشەکانیانبە پچڕپچڕ دەردەبڕن، کەچی دواتر لەناکاو بێ وەرگرتنی چارەسەر چاک دەبنەوە، ئەم دیاردەیە چۆنە، ئایا هیچ بنەمایەکی زانستی هەیە لەوەی لە دوای هەرزەکاری چاک ببنەوە؟

د. یارا: نەخێر ئەوەندەی من شارەزا بم ئەوەندەی من ئاگادار بم زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی کە تووشی زمان گیریی دەبن لە تەمەنی چوار ساڵیەوە تووش دەبن و وردە وردە لێیان زیاد دەبێت، کاتێک بەرەو قۆناغی هەرزەکاری دەڕوات، بە پێچەوانەوە هیچ کاتێک نەمبینیوە لە تەمەنی هەرزەکاری چاک ببنەوە، چونکە لەو تەمەنە گەنج بە قۆناغێکی شەرم و دڵەڕاوکێ زیاتر و ترسی زیاتر و هەموو کات پرسیاری زیاتری لە مێشکدا دروست دەبێت، بەرامبەر بە دیاردەکانی دەورووبەر و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەورووبەری دروست دەبێت، بۆیە نەخێر چاک نابێتەوە، چونکە تاوەکو بەرەو تەمەنی زیاتر بڕوات حاڵەتی زمان گیریی لێ زیاتر دەبێت.

من بە پێی کار و پێشەکەی خۆم تا ئێستا نەمبینیوە هیچ کەسێک کاتێک بەرەو گەنجی بڕوات دۆخی زمانی باشتر بووبێت بە مەرجێك ئەگەر ئەو کەسە راهێنانی پێنەکرا بێت. بەڵام هەموو ئەو منداڵانەی کە لە پێش قۆناغی هەرزەکاری یان لەناو قۆناغێ هەرزەکاری راهێنانیان پێ بکرێت بەڵێ لەو حاڵەتەدا ئەوە قسەی لەسەر نییە ئەوە دەگەنە چارەسەر و باشتر دەبن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین