بۆچی بەربژێرەکان وێنەی فۆتۆشۆپ بڵاودەکەنەوە؟ دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

مامۆستایەکی زانکۆ: حزبەکان بە پێی ئاستی مەعریفەی کۆمەڵگە هەڵسوکەوت دەکەن

وێنەی زۆربەی بەربژێرەکان فۆتۆشۆپ کراوە، لە پۆستەرێکی گەورەدا تەنیا ناویان نوسراوە بەبێ ئەوەی بەرنامەی کار بخەنەڕوو. لە کاتێکدا دەنگدەر پێیوستی بە بەرنامەی کاری ئەوانە نەک رواڵەتیان. مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، ئەم هەڵسوکەوتە لە ئاستی مەعریفەی کۆمەڵگەیە.

یەکێک لە بەربژێرە ئافرەتەکان کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە گوتی "بۆچی ئەو پرسیارە بەس ئاراستەی ئێمە دەکرێت لە کاتێکدا پیاوەکانیش وێنەکانی خۆیان فۆتۆشۆپ کردووە و وەکو ئێمە لە پۆستەرێكی گەورەدا هەڵیانواسیوە".

بەربژێرێكی دیکەی ئافرەت، بە راشکاوی گوتی "من بەرنامەی کاری خۆم هەیە ئەگەر دەرچووم، بەڵام گرنگی زۆریش بە رواڵەت دەدەم، چونکە جەماوەر گرنگی زۆر بە رواڵەت دەدات".

لە خولی رابردووی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، ٣٠-٩-٢٠١٨ بەربژێرێک نەیشاردەوە کە "زۆربەی پیاوەکان دەیانگوت لەبەر جوانییەکەت دەنگ دەدەین بە تۆ".

دانا شوانی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی کۆمەڵناسی و مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە فۆتۆشۆپ کردنی وێنەی بەربژێرەکان دەڵێت "ئەگەر سەرنج بدەین لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو -و ئێستاش، حزبەکان هەوڵیانداوە، دروشم و کەسایەتی ئاینی، پیاوانی خاوەن عەشیرەت و ئافرەتی جوان بەربژێر بکەن، بەبێ گوێدانە پێوەری لێهاتووی و ئاستی کەسەکە، چونکە دەزانن ئەوانە کاریگەرییان لەسەر جەماوەر هەیە".

دانا شوانی، رواڵەت پەرستی و گرنگیدان بە رواڵەت لە کۆمەڵگە بە کاریگەر دەزانێت "حزب و بەربژێرەکان بە پێی ئاست و مەعریفەی خەڵک هەڵسوکەوت دەکەن، بۆ نموونە ئەگەر ببی بە وەزیر دەبێ ماڵت لە گەڕەکێکی دەوڵەمەندنشین بێت، ئەگەر داوای پڕۆژەیەکی گرنگ بکەی دەبێ ئایفۆن سیانزەت پێبێ، بەربژێرەکانیش بە هەمان شێوە دەبێ یەک لە سەرمایە رەمزییەکانیان هەبێت، ئیتر جوان یان دەوڵەمەند یانیش خاوەن عەشیرەت بن".

سەبارەت بە نەنوسینی بەرنامەی کاری بەربژێرەکان لەسەر پۆستەر، دانا شوانی پێیوایە "دەبێ واقیعمان لەبەرچاوبێت کە پەرلەمان و ئەو دەزگایانە لە عیراق و هەرێمی کوردستان دیفاکتۆیە، نەک هەڵبژاردنێک لە سەر بنەمای تێگەیشتن و دیموکراتیبوونی کۆمەڵگە و حزبەکان بێت، سستمی پەرلەمانی ئەو کاریگەرییەی نییە بۆیە بۆیان گرنگ نییە کە بەربژێرەکان چییان لە هەگبەدایە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین