کافییە لەبەر قسەی هاورێکانی کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێنا دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

کچێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵ بە چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بە گوتەی هاوڕێکانی دەوروبەر کاریگەری نەرێنیان لەسەر هەبووە و دکتۆرێی دەروونیش دەڵێت "ناکرێ ئێمە کەس تاوانبار بکەین بۆ ئەو رووداوە، بەڵام دەکرێ بڵێین رۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەبووە".

کافییە محمود تەمەن ٢٢ ساڵ دانیشتوی ناحییەی خەلیفان، بە گوللەیەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بەپێی قسەی یەکێک لە هاوڕێکانی، دەڵێت، کافییە لەبەر نەخۆشییەک بە هێواشی قۆناغەکانی خوێندنی تەواو دەکرد، بۆیە هێشتان لە قۆناغی ئامادەیی دەیخوێند، وەک هەر قوتابیەک دەچێتە قوتابخانە بۆ ئەوەی ئەمساڵی خوێندنی تەواو بکات بەڵام لە دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵ هاورێکانی بە گاڵتە و گەپەوە پێشوازی لە کافییە دەکەن، بە هۆیی ئەوەی کافییە کەمێک کورتە باڵا بووە، بەشێک لە هاوڕێکانی بۆ پێکەنین بە قەزەم بانگی دەکەن، ئەوەش کافییە تووشی شکانەوە و شەرمەزاری دەکات، چونکە هەستی بریندار دەبێت، لەبەر ئەو قسەیە  لای هاورێکانی دەست دەکات بە گریان و دەڵێت بڕۆمە ماڵەوە خۆم دەکوژم.

بەپێی قسەکانی ئەو هاوڕێیەی، کافییە دوای ئەوەی لە قوتابخانە وانەکانی دەخوێنێت و دەچێتە ماڵەوە، بە دڵێکی پڕەوە دەڵێ من خواردن ناخۆم دەڕۆم دەخەوم، دوای ئەوە کافییە لە خەو هەڵدەستێت دەچێتە ماڵی براکەی کە لە تەنیشت ماڵی کافییە بووە، دەست بۆ دەمانچەی براکەی دەبات و بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات بە گوللەیەک خۆیی دەکوژێت و بۆ ئەبەد دوور دەکەوێتەوە لەو پەروەردە سەقەتەی کە بووە هۆیی کۆتایی هێنانی ژیانی کافییە.

د. محەمەد قادر، پزیشکی نەخۆشییە دەروونییەکان، سەبارەت بەو رووداوە تایبەت بە نوچە گوتی "هەموو ئەوانەی لەو تەمەنەدان کۆمەڵێک هۆکاریان هەیە، لەو تەمەنە کەمتر مێشک توانای ئەوەی هەیە رووبەڕووی کێشەکان بێت، بۆیە کەسانی کە لەو تەمەنەدا لە رووی زانستییەوە وا پێناسە کراوە کەسانێکن کە کاردانەوە و پەرچەکرداریان زیاترە، چانسی خۆکوشتن لەو تەمەنە زیاترە".

د. محەمەد ئاماژە بەوە دەکات، کە ژینگەی دەورووبەر کاریگەرە بۆ ئەو جۆرە حاڵەتانە و دەڵێت "هۆکارێکی تر ژینگەی ئەو کەسەیە بۆ نموونە: ماڵەوە، قۆتابخانە، دۆست و هاورێکان دەگرێتەوە، ئەگەر هاتوو ژینگە بۆ هەر کەسێکمان پاڵپشت نەبێ لە کاتی رووبەڕووبونەوەی هەر کێشەیەک، ئەو کێشەی جەستەی بێت، کێشەی مادی بێت، کێشەی سۆزداری بێت، کێشەی کۆمەڵایەتی بێت. ژینگە کاریگەرترین رۆڵ دەبینێ، هەم بە ئەرێنی، هەم بە نەرێنی.

لەبارەی هۆکاری خۆکوشتنەکەیەوە د. محەمەد دەڵێت، ئێمە ئەگەر بمانەوێت بڵێن هۆکاری خۆکوشتنی ئەو کچە چی بووە، بەراستی ناتوانین بڵێین کە لەبەر قسەی هاوڕێکانی خۆیی کوشتووە رەنگە هەندێ هۆکاری تر وای لەو کچە کردبێ کە پەنا بۆ خۆکوشتن ببات، بەڵام گومانیشی تێدا نییە کە فشاری دەورووبەر زۆر دەورێکی نەرێنی دەبینێ لەسەر ئەو بابەتانە، ئەمەش لە ئەنجامی ناهۆشیاری تاکی کۆمەڵگەیە، لە وڵاتانی تردا کۆمەڵێک رێکخراو هەن کە کار دەکەن، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە لە تەمەنی گەنجی دان، واتا ئەوانەی لە قوتابخانەکانی ئامادەیی و دواناوەدییەکان دان، هۆشیاریان دەکەنەوە بۆ ئەوەی کە سوکایەتی بە کەسایەتی یەکتر نەکن، گاڵتە بە جەستە و شێوە یەکتر نەکەن. بەڵام بەداخەوە لێرە هەرێمی کوردستان، تا ئێستا کار لەسەر ئەوانە بە جوانی کار نەکراوە.

سەبارەت بە هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا د. محمەد پێیوایە، هۆشیارکردنەوەی خەڵک و بڵاوکردنەوەی زانیاریی لەسەر ئەو بابەتانە زۆر پێویستە وەک، چۆن زانیاری بڵاو دەکرێتەوە دەربارەی خۆپارێزی لە شەکرە یاخود هەر نەخۆشیەکی تر بێگومان بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هۆشیارییە زۆر پێویستە، چونکە ئەوە یەکلایی بۆتەوە کە لایەنە دەرونیەکان دەبنە هۆکاری کۆمەڵێک نەخۆشی تر.

ئەو دکتۆرەی دەروونییە ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئەو کەسانە حاڵەتێکیان لا دروست دەبێ کە تووشی فۆبیای کۆمەڵایەتی دەبێ، واتا ترسی لە تێکەڵاو بوون دەبێ، کەمتر حەز دەکەن دەربکەون، کەمتر حەز دەکەن دەورووبەر بیبینێ، کەمتر دەچێتە ناو گروپی هاورێکانی، لە ئاهەنگ و کۆرە کۆمەڵایەتیەکان کەمتر دەردەکەون، تەنانەت هەندێکیان دەستبەرداری خوێندن دەبن، هەموو  ئەوانە دروست دەبن زۆرجاریش کەسەکە تووشی نەخۆشی خەمۆکی دەکات. دەشڵێت “دووپاتی دەکەمەوە ناکرێ ئێمە ئەو کەسانە تاوانبار بکەین بۆ ئەو رووداوە، بەڵام دەکرێ بڵێین رۆڵێکی زۆر کاریگەریان هەبووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین