د. سەنگەر جلال: پەڵە زیاتر لەسەر پێستی ئافرەتان دروست دەبێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت

پەڵەی پێست ئەو ماکە قاوەیی یا سورەیە کە ڕەنگەکەی تۆخترە لە ڕەنگی ئاسایی پێست درووست دەبێت بە تایبەت لە دەم و چاو، کە ئەمەش لەلای زۆر کەس وەکو گرفتێک سەیر دەکرێت د. سەنگەر جەلال، دکتۆرا و بۆرد لەنەخۆشیەکانی پێست و جوانکاری، لە دیمانەیەک لەگەڵ نوچەنێت هۆکارەکان و چارەسەری پەڵەی پێست دەخاتەڕوو.

نوچەنيت: لە رووی زانیستییەوە پەڵە چییە؟

د. سەنگەر جلال: خۆی پەڵە بریتیە لە گۆرانکاری لە رەنگی پێست، ئەو گۆڕانکارییەی کە رەنگی پێست دەگۆڕێت بۆ رەنگی قاوەیی کە پەڵەیەکی قاوەیی لەسەر پێست دروست دەبێت، بە تایبەتی لەسەر روخسار.

نوچەنيت: بۆ چی پەڵە لای ژنان زیاترە، ئایا دووگیان بوون و تێکچوونی سوڕی مانگانە و هۆرمۆنات لای ئافرەتان کاریگەری لەسەر پێست دروست دەکات، دەبێتە هۆی دروستبوونی پەڵە؟

د. سەنگەر: بێگومان پەڵە زیاتر لەسەر پێستی ئافرەتان دروست دەبێت، زۆرجار ئەو گۆڕانکاریانەی پێست لەکاتی دووگیانی لای ژنان سەرهەڵدەدات، چونکە هۆرمۆناتی جەستە گۆڕانکاریان بەسەر دادێت. هەروەها هۆکارێکی تر لای ئافرەتان کە هەیە وەرگرتنی دەرمانی رێگری لە دووگیانی کە کاریگەری لەسەر هۆرمۆنات دروست دەکات و دەبێتە هۆکار بۆ پەیدابوونی پەڵە لەسەر پێست، زۆرجار ئەو پەڵانە لە دوای منداڵبوون لەسەر پێست هەر دەمێنێت بۆیە پێویست دەکات کەسەکە چارەسەر وەربگرێت.

نوچەنيت: بەکارهێنانی مەیک ئەپ دەبێتە هۆی دروست بوونی پەڵە؟

بەکارهێنانی مایکاپ کە ئافرەتان بە کاری دەهێنن زۆرجار لەگەڵ جۆری پێستیان ناگونجێ بەمەش پێست تووشی هەستیاری دەبێت دواتریش دەبێتە پەڵە لەسەر پێستی روخسار، زۆرجار ژنان تووشی زیپکە دەبن لەسەر پێست ئەویشیان دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی دەرمانی رێگری لە دووگیانی (حبوب المنع) کە زۆرجار دوای چارەسەر وەرگرتن و چاکبوونەوە پەڵە لە دوای خۆیی جێدەهێڵێت.

هۆکارێکی تر کە زۆر کاریگەرە ئەویش زۆر بەرکەوتنی تیشکی خۆر راستەوخۆ لەسەر پێست، ئەو کەسانەی کە رۆژانە تیشکی خۆریان بەردەکەوێت بۆ نموونە کارکردن بێت، یان هەر هۆکارێکی تر کە کەسە تیشکی خۆر لێی بدات بە تایبەت لە وەرزی هاویندا لە کاتژمێر ١٠ بەیانی تاکو ٤-ی دوای نیوەڕۆ تیشکی خۆر کاریگەرێکی بەهێزی هەیە، ئەمەش وادەکات ئەو کەسانە زیاتر تووشی پەڵە ببنەوە.

نوچەنێت: ئایا دەرمانی دژەخۆر پێویستە لە هەموو وەرزێک بەکاربهێنرێت؟

د. سەنگەر: بەڵێ دژە خۆر پێویستە لە هەموو وەرزێک بە کاربهێنرێت بۆ پێست، چونکە بەرگریی لە پێست دەکات، وا باشترە بە ماوەی چارەکێک بۆ بیست دەقە پێش دەرچوون دژەخۆر لە پێست بدرێت بە تایبەت لە پێستی روخسار؛ هەروەها ماوەی مانەوەی لەسەر پێست وا باشترە دوو سەعات جارێک دژەخۆر بەکاربهێنرێت.

نوچەنێت: چارەسەرکردنی پەڵە چییە؟

د. سەنگەر: پەڵە بە ئاسانی چارەسەر نابێت، دەبێ کەسەکە چارەسەر وەربگرێت، زۆرجار جۆرەها دەرمان بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی چارەسەری پەڵە بکرێت، بەڵام پێش چارەسەر کردن پێویستە لەسەرمان ئاگاداری پێستی خۆمان بین و خۆمان لە تیشکی خۆر بپارێزین، هەروەها ئەو ژنانەی کە هۆرمۆناتیان تێکدەچێت پێویستە کە چارەسەری ئەو کێشانەی خۆیان بکەن، چونکە بێگومان بە چارەسەر وەرگرتن زۆر جار پێستیش رەنگی خۆیی وەردەگرێتەوە.

چارەسەری ترمان هەیە بۆ لابردنی پەڵە جگە لە خۆ پاراستن ئەویش بەکارهێنانی مەرهەم کە کۆمەڵێک مەرهەمان هەیە کە زۆر جار کاریگریان لەسەر پێستەکە هەبووە رەنگی پەڵەکەی کەم بکاتەوە یانیش بە یەکجاری لای ببات، بەڵام هەندێ جاریش بوونی پەڵەکە لەسەر پێست قوڵە ئەوەش وا دەکات کە ئەو مەرهەمانە سودێکی تەواویان نەبێت بۆ چارەسەرکردنی پەڵەکە، لەو کاتەدا پێویستە هەنگاوی تر بەکاربهێنرێت بۆ چارەسەرکردن بۆ نموونە (تقشیر کیمیاوی، میزۆ، پلازما، لیزەر).

نوچەنێت: ئایا رۆژانە بەکارهێنانی سابوون بۆ چەند جار ئاساییە تایبەت بۆ ژنان؟

د. سەنگەر: سەبارەت بە بەکارهێنانی سابوون دەگەڕێتەوە بۆ جۆری پێستی ئەو کەسەی کە سابوونەکە بەکاردەهێنێت، بۆ نموونە ئەوانەی پێستیان ووشکە ئێمە هەمیشە پێیان دەڵێین کە کەمتر دەموچاویان بشۆن بە سابوون و هەروەها دەبێت سابوونی تایبەت بەکاربهێنن، بەڵام لە جۆری پێستی چەور ئەوە هیچ کێشەیەک نییە لەوەی چەند جار رۆژانە دەموچاویان بشۆن.

نوچەنێت: ئایا پاکردنەوەی پێستی دەموچاو بۆ هەموو کەسێک پێویستە، باشترە  نێوانی پاکردنەوە چەند مانگ جارێک بێت؟

د. سەنگەر: بێگومان ئەوەش لەسەر ئەو جۆرە پێستە دەوەستێت کە تا چەند پێویستی بە پاکردنەوە هەیە، پێست هەیە ماندووە کە دەبێت زوو زوو پاکبرێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پاکردنەوەی دەموچاو خراپ نییە، ئەگەر بۆ پێست بکرێت کە لە رێگەی هەندێ ئامێرەوە ئەو پاکردنەوەیە دەکرێت هەندێ جار پێستە مردوەکان لەگەڵ ئەو پاکردنەوەی لا دەچن ئەوەش رونیەک بە روخساری کەسەکە دەدات، وادەکات پێستەکە بە شیوەیەکی جوان بمێنێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین