بۆچی ئەفغانستان گەنجینە شاراوەکەی چین نییە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

ماتیۆ پی فیونایۆڵ، پسپۆڕ لە بواری پرۆژەی وزەی چین، و برایان هارت، شارەزای هەمان بوار لە ناوەندی توێژینەوەی ستراتیجی و نێودەولەتی، باسی ئەوە دەکەن کە چۆن سامانە زۆر و زەوەندە کانزاییەکەی ئەفغانستان ناتوانێت سەرنجی ژمارەیەکی زۆری وەبەرهێنەران ڕابکێشێت بە تایبەت چینییەکان، بەهۆی مەترسییەکانی بەردەم پرۆسەی بارزگانی لە ئەفغانستان.

هەردوو نوسەر بەوە دەستپێدەکەن، کە لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئەو بۆچوونە بەر گوێ دەکەوت کە چین ئەمە بە دەرفەت دەزانێت بۆ سوود وەرگرتن لەو سامانە کانزاییە زۆر و زەوەندەی لە خاکی ئەفغانستاندا هەیە و بڕیاربەدەستانی چین دەست دەکەن بە گرێبەست بەستن لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ ئەم مەبەستە. بەڵام ئەم بۆچوونە زیادەڕەویی پێوەیە، چونکە ئەفغانستان وێنەی گەنجینەیەکی شاراوە نییە و ناکرێ تەنیا لە دووربینی تەسکی ململانێی زلهێزەکانەوە تەماشای بکرێ و ئەگەر تەنها وا سەیرکرا ئەوە وا دەبینرێ کە واشنتۆن بژاردەکانی سنووردارن.

هەردوو نووسەرەکە دەڵێن: ئەو ڕوانگەیە بۆ هەڵپەی چین بەرەو سامانی کانزایی ئەفغانستان، ڕووانگەیەکی کلاسیکی و دووبارەیە، چونکە لە مێژە زلهێزەکان ئەو هەڵپەیەیان هەبووە، بۆ نمونە ئەڵمان و بەریتانییەکان لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست چوونەتە ئەفغانستان و ڕووپیویی جیۆلۆجییان بۆ سامانە کانزاییەکانی ئەو وڵاتە کردووە، هەروەها سۆڤیەت لە سەردەمی جەنگی سارددا چوونەتە ئەفغانستان و ئەوانیش رووپێویی خۆیان بۆ خەمڵاندانی سامانی کانزایی ئەفغانستان کردووە، هەرچی ئەمریکاشە بەم دواییە ڕووپێویی خۆی کرد و وای خەملاند کە سامانی مس و ڕەگەزە دەگمەنە زەمینییەکان و لیسیۆم و جۆرە جیاجیاکانی دیکەی کانزاکان لە خاکی ئەفغانستاندا بەهایان پێدەچێت بگاتە سەرووی تریلیۆنێک دۆلار.

وا دیارە تاوەکوو ئێستا هیچ کام لە زلهێزەکان ئارەزووی بەدەستهێنانی کانزاکانی ئەفغانستانیان نەکردووەتە دڵگەرمیی ئیشکردن تێیدا. بەشێک لە شرۆڤەکاران وای دەبینن ئەمجارە چین ئەو کارە دەکات بە لەبەرچاوگرتنی چەند هۆکارێک؛ ئەویش چونکە کۆمپانیا چینییەکان بڕی زۆری سامانی کانزایی بەکاردەبەن و چاویان لەوەیە بڕی زیاتریان لێبەدەستبهێنن. بە سەرنجدان لەوەی چین بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دادەنرێت لە جیهاندا، بۆ زاڵکردنی هەژموونی خۆی لەم بوارەدا پێویستی بە بڕێکی زۆری کانزای لیسیۆم دەبێت، لەلایەکی دیکەشەوە بەشی زۆری پیشەسازییە گرنگەکان پێویستیان بە کانزا دەگمەنەکانە بۆ ئەوەی پاڵپشتی چین بن کە ببێتە گەورە زلهێزی بواری زانست و تەکنۆلۆجیا، ئەوانەش (١٧) کانزان کە تایبەتمەندیی کیمیایی دانسقەیان هەیە.

لەگەڵ ئەمەشدا ئەو دوو توێژەرە دەڵێن چین لە ماوەی نزیکدا کاری کانزاکاری لە ئەفغانستان ئەنجام نادات و لەوانەیە بەدوای جێگرەوەی دیکەدا بگەڕێت، کە ئاسانتر بتوانێت کاری تێدا بکات، چونکە بە باشی لە مەترسی و گرفتەکانی کاری بازرگانی لە ئەفغانستان تێدەگات. جگە لەوەش چین لەناو خاکەکەی خۆیدا خاوەنی سامانێکی زەبەلاحی کانزا دەگمەنەکانە و بەپێی نوێترین خەمڵاندنەکان لە چیندا (٣٧٪)ی کۆی یەدەگی جیهانیی کانزا دەگمەنەکان هەیە و تەنها لە مەنگۆلیای ناو سنووری چین (٤٨) ملیۆن تۆنی مەتری لە ڕەگەزە زەمینییە دەگمەنەکان هەن کە دەیکاتە گەورەترین کانی ناسراوی کانزا دەگمەنەکان.

بەراورد بەمە، لە کۆگای زەمینیی "خانشین" لە ویلایەتی هیلمەندی باشووری ئەفغانستان (١.٣) ملیۆن تۆنی مەتری لە کانزا دەگمەنەکان هەیە. جگە لەمە لە خانشین بەزۆری کانزاکانی  سيريۆم ولانسانۆم ونيوديميۆم هەن، کە لە ڕەگەزە زەمینییە سووکەکانن و بەوە دەناسرێن کە لە زۆر شوێنی دیکە هەن و بەهایان کەمترە لە هاوتا قورسەکانیان. خۆ ئەگەر لە ئەفغانستان بڕی زۆری ئەو ڕەگەزانە بدۆزرێنەوە کە لە جیهاندا بە کەمیی هەن، ئەوە دەبێتە هاندەرێکی گەورەتری چین بۆ کارکردن لەو وڵاتە.

گرفتی بارودۆخی ئاڵۆزی ئاساییش لە ئەفغانستان

ماتیۆ پی فیونایۆڵ و برایان هارت دەڵێن: کانزای لیسیۆم سەرنجراکێشترین کانزایە بۆ چین. ڕاپۆرتێکی ئەمریکیش باس لەوە دەکات کە پێدەچێت ئەفغانستان ببێتە "سعوودیەی بەرهەمهێنی لیسیۆم". لەکاتێکدا چین تەنها (٧٪)ی کۆی یەدەگی جیهانیی لیسیۆمی هەیە و ئەوەش بەراورد بە خواستی ئەو وڵاتە، بڕێکی کەمە. بۆیە چین ڕوویکردووەتە ئەمریکای لاتین بۆ بەرهەمهێنانی لیسیۆم و لەو چوارچێوەیەشدا لە ناوچەی "سێگۆشەی لیسیۆم" دەستبەکار بووە کە دەکەوێتە سێ وڵاتی ئەرجەنتین، بۆلیڤیا و چیلی و بڕی (٥٨٪)ی سامانی لیسیۆمی ئاشکرابووی جیهانیی تێدایە!

ئەو دوو پسپۆرە ئەمریکییە دەشڵێن، کۆمپانیای زەبەلاحی "گانفیگ لیسیۆم"ی چینی یەکێکە لە پشکدارە سەرەکییەکانی پەرەپێدانی کانی (کوچاری ئولاوز) تایبەت بە بەرهەمهێنانی لیسیۆم لە ئەمریکای لاتین، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی (٢٠٢٢) بکرێتەوە و ببێتە گەورەترین پڕۆژەی نوێی بەرهەمهێنانی لیسیۆم لە دوو دەیەی ڕابردوودا. هەروەها کۆمپانیای زەبەلاحی کانسازیی"تیانکی لیسیۆم"ی چینی لە ساڵی (٢٠١٨) دا بڕی چوار ملیار و سەد ملیۆن دۆلاری داوە بۆ کڕینی (٢٤٪)ی گرووپی کۆمپانیاکانی "سوسيداد كيميكا وای مينيرا دی چيلی (SQM)" کە کۆمپانیایەکی وڵاتی چیلییە تایبەت بە کیمیاگەری و گەورەترین بەرهەمهێنی کانزای لیسیۆمە لە جیهاندا. چین زۆر گرەو لەسەر کڕینی لیسیۆم دەکات لە ئەمریکای باشوور و وا دیارە هەر ئەم کۆمپانیا چینییانە پێداویستیی چین بۆ ماددەی لیسیۆم دابین بکەن بەر لەوەی چین پیویستی بەوە بێ لێکۆڵینەوە بکات لە کانزا ئەزمووننەکراوەکانی ژێر زەویی ئەفغانستان.

بە بۆچوونى هەردوو نوسەرە، بە هۆى ئەوەى ئەفغانستان لە ڕووی جوگرافییەوە نزیکە لە چین (دراوسێن) لە ڕووی تیۆرییەوە دەبێت سەرنجی وەبەرهێنەرانی چین ڕابکێشێت لەچاو ئەو وڵاتانەی کە دوورن لە چینەوە. بەڵام زۆرێک لە ناوچەکانی دەوڵەمەند بە کانزاکان لە ئەفغانستان کەوتوونەتە ناوچەی دوورە دەستەوە، کە ژێرخانێکی سنوورداریان هەیە و چەندین دەیە لە جەنگ و قەیرانی ئابووری وایکردووە ژێرخانەکەیان خراپتریش ببێت. ڕاستە چین ئامادەباشیی تێدابووە پڕۆژەی مەترسیدار جێبەجێ بکات، بۆ پشتیوانی وەبەرهێنانی ستراتیجی لە وڵاتانی دیکەدا، وەکوو بونیادنانی ژێرخانی تایبەت بە دەرهێنانی نەوت لە نێجیریا و باشووری سودان، بەڵام بە دڵنیاییەوە بارودۆخی کەموێنەی ئاڵۆزی ئاساییش لە ئەفغانستان وا لە سەرانی سیاسیی چین و خاوەنکارانی چینی دەکات زۆر بە حەزەر بن لەبارەی ئەفغانستانەوە.

هاندەرەکان کەمترن لە لەمپەرەکان

تاوەکو ئێستا وەبەرهێنانی چینی لە ئەفغانستان تووشی شکست بووە. لە ساڵی (٢٠٠٧) کۆمپانیای "گرووپی کانزاکاریی چین (MCC)" گرێبەستێکی دوو ملیار و (٨٠٠) ملیۆن دۆلاریی واژوو کرد بۆ بە کرێ وەرگرتنی پێگەی "مس عەینەک" تایبەت بە بەرهەمهێنانی کانزای مس. هەرچەند چین (٣٧١) ملیۆن دۆلاری خەرجکرد بۆ پەرەپێدانی ناوچەکە، کەچی لەڕووی کردارییەوە پڕۆژەکە وەستا. پڕۆژەکە شکستی هێنا لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی و کردەییکردنی بەڵێنەکانی، ئەوە جگە لە چەندین تۆمەتی گەندەڵی و هەڕەشەی چەند بەرپرسێکی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان بە ڕاگرتنی پڕۆژەکە.

هەروەها ماتیۆ پی فیونایۆڵ و برایان هارت پێیانوایە چین لەکاتی ئێستادا چەند هاندەرێکى هەیە بۆ ئەوەى بچێتە ناو بازاڕی ناجێگیری ئەفغانستانەوە، بەڵام ئەم هاندەرانە کەمترن لە لەمپەرەکان و ڕێگرییەکان. دەکرێ بارودۆخیش لە ئاییندەدا گۆڕانی بەسەر دابێت. بزووتنەوەی تاڵیبانیش سوودمەند دەبێت لە هێنانە ناوەوەی وەبەرهێنانی چینی بۆ ناو ئەفغانستان. خۆ ئەگەر تاڵیبان سەرکەوتوو بن لە زاڵبوون بەسەر هەڕەشە ئەمنییەکان و ڕێگاکردنەوە بۆ سەقامگیریی ئابووری، بێگومان سەرکەوتوو دەبن لە سەرەنجڕاکێشانی پەککین بۆ کردنەوەی دەفتەری چەکی پارەکانی، بەڵام سیناریۆیەکی لەمجۆرە بە هیچ جۆرێک کردەنی نییە.

ئەگەر لە کۆتاییشدا کۆمپانیا چینییەکان وەبەرهێنانەکانی خۆیان لە چین چڕکردەوە، ئەوە دەبێت سەرەتا ژێرخانی بنەڕەتیی ناوچەکە بونیاد بنێن، وەکو دروستکردنی ڕێگاوبان، پرد و هێڵی ئاسنین، کە کۆمپانیا چینییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بەو پێیەی یەکێکە لە سیماکانی دەستپێشخەریی "پشتێنە و ڕیگا".

لە کۆتایی وتارە پسپۆرییەکەیاندا دەڵین کە چین هەروا بە ئاسانى پاڵننرێت بۆ وەبەرهێنان لە ئەفغانستاندا و دەبێت سیاسەت دروستکەرانی ئەفغانستان درک بەوە بکەن و نەبنە نێچیری ئەو زیادەڕەوییانەی دەکرێن لەبارەی هەژموونی چین بۆ سەر ئەفغانستان، چونکە ئەگەر وایان بەسەربێت ئەوە لە مەترسیدا دەبن بۆ پەرتبوونی سەرەنج و بەفیڕۆچوونی سامان و شکستهێنان کێبڕکێکردن لەگەڵ چین لەبارەی ئەو بابەتانەی لە ڕاستیدا گرنگن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین