کۆتاییی پەکەکە؛ کەوتنی ئەسەد دەتوانێت چارەنووسی پەکەکە دیاری بکات؟
نوچە نێت
نووسینی: هەلیل قەرەڤێلی
وەرگێڕانی: سۆران جەلیل
"دەمەوێت پێش مردنم ئاشتی ببینم." عەبدوڵڵا ئۆجەلان، 2013
ڕۆژی 22ی جەنیوەری، سێ ئەندام پەرلەمانی تورکیا لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی (DEM Parti) سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان - (PKK) کۆ بوونەوە. پەکەکە، گرووپێکی چەکدارییە و لە ساڵانی هەشتای سەدەی ڕابردووەوە شەڕی یاخیگەرییان لە تورکیا دەست پێ کردووە، لە لایەن تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کراوە و ئۆجەلانیش لە ساڵی 1999ەوە سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە. تا پاییزی ڕابردوو زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر پێدانی مۆڵەت بۆ سەردانی ئۆجەلان تێپەڕی بوو، بەڵام دیدارەکەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی، دووەمین سەردانی لەم جۆرە بوو لە ماوەی یەک مانگدا. پەرلەمانتاران ڕاسپێردران گفتوگۆ لەسەر ئەو دانوستاندنە بکەن کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا خرابووە ڕوو: دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی ڕاستڕۆی توندڕۆ و هاوپەیمانی سەرەکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پێشنیازی کرد ئەگەر ئۆجەلان پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە و دەستبەرداری توندوتیژی بێت، دەتوانێت پارێزبەندی وەربگرێت. ئۆجەلان لە بەیاننامەیەکی نووسراودا جەختی لەوە کردەوە کە "ئامادەیە ئەم داوایە" لە پارتەکەی بکات. ناوبراو لە مانگی دیسەمبەردا بە پەرلەمانتارانی سەردانیکەری گوتووە، "ئەمە دەرفەتێکە نابێت لەدەستی بدەین."
ئۆجەلان هاندەری هەیە بۆ ئەوەی ئەم پێشنیازەی باخچەلی و - لە ئەنجامیشدا حکوومەتی تورکیا - بەجددی وەربگرێت. هەرچەندە پەکەکە هێشتا توانای جێبەجێکردنی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی کە ناوبەناو دژی ئامانجەکانی تورکیا دەکرێت، هەیە، بەڵام لە تورکیا هەڵمەتی سەربازیی خۆی لەدەست داوە. ئەم گرووپە لە چیای قەندیل لە باکووری عێراقە و بارەگا سەرەکییەکەی لەوێیە، بەڵام لەوێشدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و بازنەیەکی بنکەی سەربازیی تورکیا پەکەکەیان گەمارۆ داوە و ڕێگرییان لە گرووپەکە کردووە ناوچە شاخاویییەکانی باکووری عێراق بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا بەکار بهێنن. هاوبەشی نزیکی ئەنقەرە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە سەرکردایەتی هەرێمی نیمچە سەربەخۆی عێراق دەکات، زیاتر مەودای مانۆڕی پەکەکە کەم دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەی ئاسۆی سەربازیی گرووپەکە تاریک دەردەکەوێت، ئۆجەلان کە تەمەنی بەرەو هەشتا ساڵ دەڕوات، هۆکاری هەیە بۆ ئەوەی بچێتە پەنای چارەسەرێکی سیاسییەوە. لە ساڵی 2013دا لە زاری ئەوەوە دەگێڕنەوە، گوتوویەتی: "دەمەوێت پێش مردنم ئاشتی ببینم."
کردنەوەی دەرگەی سیاسی لە تورکیا هیواکانی بۆ یەکلاییکردنەوە لەگەڵ پەکەکە بەرز کردەوە، بەڵام ئەوە کەوتنی ئەم دواییەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریایە کە دەتوانێت بەڕاستی پێشبینی کۆتاییی گرووپەکە بکات. لقەکانی پەکەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا چالاکن و کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەیان کردووە، چەکدارەکانیان شانبەشانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش شەڕیان کردووە، بەڵام لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەرفەتێک بۆ ناوچە زۆرینە کوردییەکان لە باکووری سووریا و چەکدارەکانیان لەگەڵ باقی وڵاتدا دەڕەخسێت. لەدەستدانی ئەم پەناگە ئارامە دەتوانێت دوا چڵە پووش بێت بۆ پەکەکە کە هەر لە ئێستەوە لاواز بووە.
وەلێ کۆتاییهاتنی ڕێکخراوەکە زۆر دوورە لە دڵنیابوون. حکوومەتی تورکیا پێشتریش لە ساڵانی 2009 و 2013 دانوستاندنی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە تاقی کردەوە، بەڵام بێ سوود بوو. سەرەڕای پێگەی ئۆجەلان لەناو گرووپەکەدا، دیار نییە ئایا ئەو سەرکردایەتییە دیفاکتۆیەی بنکەکەی لە عێراقە، گوێ لە بانگەوازەکەی بۆ داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوە دەگرێت یان نا. ڕاستییەکەی، ڕۆژێک دوای ئەوەی باخچەلی پێشنیازی ئازادکردنی ئۆجەلانی پێشکەش کرد، پەکەکە هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی سەربازی-پیشەسازی لە دەرەوەی ئەنقەرە کرد و پێنج هاووڵاتی مەدەنی کوژران. جگە لەمەش ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ پەکەکە بەشێک نەبێت لە ڕێکخستنێکی گەورەتر بۆ دەستەبەرکردنی پێگەی یەکسان و مافە دیموکراسییەکانی دانیشتووانی کوردی تورکیا، ئەوا ناڕەزایەکان دەتوانێت جارێکی دیکە بچنە ناو یاخیبوونی چەکدارییەوە. هەروەها ئەگەر ناوچەیەکی کوردی چەکدار، نیمچە سەربەخۆ و پشتیوانیکراوی ئەمریکا لەودیو سنوورەوە لە سووریا بەردەوام بێت لە داڵدەدانی چەکداران و پاڵنەرەکانی ئامانجە جوداخوازییەکان، ئەوا مەترسی سەرهەڵدانەوەی پەکەکە دەمێنێتەوە.
ناتوانرێت ئەم ئاستەنگانە کەم بکرێنەوە، بەڵام لێکتێگەیشتنی پێشهاتە سیاسییە ناوخۆیییەکانی تورکیا و نائارامییەکان لە سەرتاسەری ناوچەکە، ئەگەری تێپەڕاندنی ئەم بەربەستانەیان زیاتر کردووە. زیاتر لە هەر سەردەمێکی مێژووی ئەم دواییە، ئاسۆیەکی ڕاستەقینە هەیە کە پەکەکە بتوانێت هەڵبوەشێتەوە - دواجار ئەو مەترسییە لاببات کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردووەوە تورکیای گرتووەتەوە.
پەناگەیەکی سەلامەت
لەمێژە پشتیوانی سووریا بۆ مانەوەی پەکەکە گرینگ بووە. لە سەرەتای ساڵانی 1980ی سەدەی ڕابردووەوە حافز ئەسەدی دیکتاتۆری سووریا ڕێگەی بە ئۆجالان و شوێنکەوتووانی دا بنکەیەکی ئۆپەراسیۆنیان لەسەر خاکی ژێر دەسەڵاتی سووریا هەبێت. ئەسەد هاوپەیمانی یەکێتیی سۆڤیەت بوو، پەکەکە تا کۆتاییی جەنگی سارد پابەند بوو بە مارکسیزم-لینینیزمەوە. پشتگیرییەکانی لە پەکەکە تا ساڵانی 1990 بەردەوام بوو، بەشێکی بە هۆی ناڕەزاییی مێژووییی سووریا بوو لە تورکیا لە دوای لکاندنی ئەسکەندەریتا لە لایەن تورکیاوە لە ساڵی 1939، پارێزگایەک لەو کاتەدا سەر بە ئینتیدابی فەرەنسا بوو لە سووریا. تەنیا لە ساڵی 1998 ئەسەد ئۆجەلانی دەرکرد و ملکەچی هەڕەشەی دەستتێوەردانی سەربازی سولەیمان دەمیرێل، سەرۆک کۆماری تورکیا بوو. ئۆجەلان لە مانگی فێبریوەری ساڵی 1999 لە شاری نایرۆبی، پایتەختی کینیا، دەستگیر کرا و دەستبەجێ ڕادەستی تورکیا کرایەوە. پەکەکە لە ساڵی 2003 دوای لەشکرکێشی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ سەر عێراق و بە قۆستنەوەی ئەو بۆشایییەی دەسەڵات لە کاتی ڕووخانی سەددام حوسێن دروست بووبوو، بارەگاکانی گواستەوە بۆ قەندیل.
دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە، سووریا گرینگییەکی نوێی بۆ پەکەکە وەرگرت. لە ساڵی 2012، بەشار ئەسەد هێزەکانی حکوومەتی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کشاندەوە، ڕێگەدان بە لقی سووریای پەکەکە، پارتی یەکێتیی دیموکرات - پەیەدە (PYD) و باڵە سەربازییەکەی، یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە (YPG) بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەرەتایی-ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها ناسراوە بە ڕۆژاڤا یان ڕۆژئاوای کوردستان - لە ناوچەیەکدا دانیشتووانێکی زۆری کوردی تێدایە. لە ئەنجامدا، ئەسەد، کۆنتڕۆڵی یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی بە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانیشەوە ڕادەستی دەسەڵاتدارانی کورد کرد. لە بەرانبەردا چەکدارە کوردەکان بەرخۆدانی چەکداری خۆیان لە بەرابەر ڕژێم وەستاند و بەمەش بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆن لاواز بوو. ئەسەد توانی گورزێک لە تورکیا بدات کە پشتیوانی لە ڕاپەڕین دژی دەسەڵاتەکەی دەکرد.
تورکیا لە ترسی ئەوەی بەهێزکردنی لقی سووریای پەکەکە ببێتە هۆی ئەوەی بوێری ئەو ڕێکخراوە فرەوانتر بکات، لە ساڵی 2013 دەستی بە دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان کرد. وەلێ دوای ئەوەی پەکەکە لە ساڵی 2015 هەوڵی دا دەست بەسەر ناوەندی شارەکان لە پارێزگاکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بگرێت کە زۆرینەیان کوردن، دانوستاندنەکان شکستیان هێنا و سوپای تورکیا هەڵمەتێکی بۆ دەرکردنی ئەو چەکدارانە لە شارەکان دەست پێ کرد. پەکەکە لە تورکیا شکستی هێنا، بەڵام لە ڕێگەی پێوەندی نزیک لەگەڵ پەیەدە کە بنکەکەی لە سووریایە، یەکە سەربازییەکانی بەردەوامە. پەیەدە دەچێتە ناو یەکێتیی پێکهاتەکانی کوردستانەوە، کە ڕێکخراوێکی چەترە و لە ساڵی 2005 دامەزراوە، ئامانجە سیاسییەکانی پەکەکە لە باوەش دەگرێت و ئۆجەلان سەرکردایەتی دەکات. ئەندامانی پەکەکە چوونەتە ناو یەپەگە، بەشێکی زۆری هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە (SDF) پێک دەهێنن، ئەو هاوپەیمانییەی وەک هێزی سەربازیی ناوچەی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کار دەکات و هاوبەشێکی نزیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانە لە شەڕی دژی داعش. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەندامی پێشووی پەکەکە و کاتێک ئۆجەلان لە سووریا بووە کاری لەگەڵیدا کردووە.
تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سنوورداری لە دژی گرووپەکانی سەر بە پەکەکە لە سووریا بەڕێوە بردووە: لە ناوچەی ئەلباب لە ساڵی 2016، لە ناوچەی عەفرین لە ساڵی 2018، لە ڕێڕەوێکی نێوان شارەکانی تەل ئەبیاد و ڕاس ئەلعەین لە ساڵی 2019. سوپای تورکیا ناوچەیەکی بەشەکی پارێزراو لە باکووری سووریا دەپارێزێت، بەڵام بوونی سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە تا ئێستە ڕێگری لە دەستتێوەردانی تەواوەتی تورکیا بۆ نەهێشتنی چەکدارانی سەر بە پەکەکە کردووە. ئەرکی فەرمی ئەمریکا بریتییە لە دابینکردنی مەشق و ڕاهێنان، پاڵپشتی شەڕ و ڕووماڵکردنی سەربازی بۆ هێزەکانی هەسەدە، بەڵام بەکردەوە ئەمە بەو مانایەیە کە هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ یەپەگە کار دەکەن. بۆ ئەنقەرە جیاوازی نێوان یەپەگە و پەکەکە تەنیا جیاوازییە لە دروشم. بەم پێیە هاوکاری واشنتۆن لەگەڵ میلیشیا کوردەکان لە سووریا پێوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیای ئاڵۆز کردووە.
فشار دروست دەبێت
وەلێ لەگەڵ نەمانی ئەسەد، ڕەنگە چیتر حکوومەتی سەرەتایی (proto-state) لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا نەتوانێت بەردەوام بێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش جگە لە پشتبەستن لە گرووپەکانی سەر بە پەکەکە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش، پێویستی بە بیرکردنەوە لە بژارەی تر دەبێت. گرووپی ئیسلامی دەستەی تەحریری شام (HTS) لە مانگی دیسەمبەردا ڕژێمی سووریای ڕووخاند، پێشنیازی دەسەڵاتدارانی کوردی بۆ سیستەمێکی فیدڕاڵی ڕەد کردەوە کە ڕێگەیان پێ بدات ئۆتۆنۆمی خۆیان بپارێزن. ئەو گرووپەی ئێستە سەرکردایەتی سووریا دەکەن، مێژووی پێکدادانیان لەگەڵ کورددا هەیە: لە ساڵی 2012، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی کورد بۆ یەکەمجار باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایان کۆنتڕۆڵ کرد، گرووپی پێشووی دەستەی تەحریری شام، واتە گرووپی جیهادی جەبهەت نوسرە کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرا، لە تورکیاوە هاتە ناو سووریاوە بۆ هێرشکردنە سەر چەکدارە کوردەکان. لەم دواییانەدا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی تەحریری شام و سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا، ڕایگەیاندووە کە پێویستە هێزەکانی هەسەدە بخرێنە ناو سوپای نیشتمانییەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەربازی "تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا" بێت. مورهەف ئەبوو قەسرە، وەزیری نوێی بەرگری سووریا، لە مانگی جەنیوەریدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند دەستەی تەحریری شام پلانی یەدەگی هەیە ئەگەر هەسەدە دانوستاندن ڕەد بکاتەوە و وتی، "ئەگەر ناچار بین هێز بەکار بهێنین، ئامادەین."
لە چەند هەفتەی دوای ڕووخانی ئەسەد، بەرپرسانی باڵای تورکیا چەندان جار جەختیان لەسەر خواستی خۆیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەپەگە کردووەتەوە. لە مانگی دیسەمبەردا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، نەهێشتنی ئەو گرووپەی بە "ئامانجی ستراتیجی" ئەنقەرە وەسف کرد، داوای لە سەرکردە نوێیەکانی سووریا کرد یەپەگە هەڵبوەشێننەوە؛ فەرماندەکانیان دەربکات، لەنێویاندا سوورییەکان و گەڕاندنەوەی کۆنتڕۆڵی ناوەندی بەسەر هەموو خاکی سووریادا بەدەست بهێنن. دوای چەند ڕۆژێک، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، دووپاتی ئەم بۆچوونەی کردەوە و ڕایگەیاند، "ئەولەویەتی تورکیا هەڵوەشاندنەوەی یەپەگەیە."
ئەگەر دەستەی تەحریری شام و تورکیا بە ئامانجەکانیان بگەن، جا چ لە ڕێگەی دانوستاندنەوە بێت یان بەزۆر، ئەوا پەکەکە گورزێکی کوشندەی بەردەکەوێت. لە ڕوانگەی تورکیاوە هەڕەشەی سەرەکی مەترسی سەربازی نییە: زەوییە تەختەکان بە درێژایی سنووری سووریا و تورکیا بەئاسانی چاودێری دەکرێت و بە پێچەوانەی تۆپۆگرافیای شاخاویی باکووری عێراق بۆ شەڕ دژ بە گەریلا گونجاو نییە، بەڵام ئەنقەرە ترسی ئەوەی هەیە کە قەوارەیەکی سیاسی ئۆتۆنۆم، چەکدار، بە سەرکردایەتی کورد لە سووریا ببێتە - ئەگەر تا ئێستە نەبووە - جێی سەرنجی خواستە جوداخوازەکانی کورد لە تورکیا. ئەو مەترسییە لە دۆخی باکووری عێراقدا سەلماندوویەتی کە دەتوانرێت بەڕێوە ببرێت: ئەنقەرە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندییەکی باشیان هەیە، پەکەکەش لەوێ پەراوێز خراوە، بەڵام سووریا بابەتێکی جیاوازە. کوردەکانی سووریا پێوەندییەکی نزیکتریان لەگەڵ کوردەکانی تورکیا هەیە لەچاو کوردەکانی عێراق؛ زۆربەیان نەوەی ئەو پەنابەرانەن کە دوای سەرکوتکردنی یەکەم ڕاپەڕینی کورد لە تورکیا لە ساڵی 1925 بەرەو سووریا هەڵهاتن. بۆیە ڕۆژاڤا، جەمسەرێکی سەرنجڕاکێشە کە باکووری عێراق هەرگیز وا نەبووە. پەکەکە پێشبینی سیستەمێکی لامەرکەزی خۆبەڕێوەبەری دەکات کە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران بگرێتەوە. تا حوکمڕانی خۆسەر لە سووریا بەردەوام بێت، ئەم خەونە بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
ئێستە گەورەترین بەربەست لەبەردەم کۆتاییهێنان بەو ئۆتۆنۆمییە و تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ هێزی نیشتمانیی سووریا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. مانگی ڕابردوو مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە ڕۆژنامەی لۆمۆندی ڕاگەیاندبوو گرووپەکە دەیەوێت ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا "خۆسەری بەڕێوەبەری بپارێزێت… لە هەمان کاتیشدا هاوکاری لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا دەکات." هەروەها خواستی گرووپەکەی دووپات کردووەتەوە بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بۆ سەرپەرشتیکردنی ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی هەسەد و سوپای نیشتمانیی سووریا کە میلیشیایەکی سەر بە تورکیایە، بەڵام دەستەی تەحریری شام و حکوومەتی تورکیا ئەم داخوازیانەیان ڕەد داوەتەوە. تەنیا بە بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا هەسەدە دەتوانێت بەرگەی فشارەکانی هەردوولا؛ سەرکردە نوێیەکانی سووریا و پشتیوانەکانیان لە ئەنقەرە، بگرێت. وا دیارە واشنتۆن، لای خۆیەوە، مەیلی ئەوەی هەبێت لە پاڵ هاوپەیمانە کوردەکانیدا بوەستێت، تەنانەت بە مەترسی دوورکەوتنەوەی زیاتر لە ئەنقەرە. لەمیانی دانیشتنی پشتڕاستکردنەوەی ئەنجومەنی پیران، مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان باسی لە گرینگی هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد بۆ ئەوەی داعش لەژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێتەوە و هۆشداریشی دا لە بەرەنجامەکانی "وازهێنان لە هاوبەشەکان" کە "قوربانییەکی گەورەیان" داوە. لە لایەکی دیکەوە لێدوانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە بەردەوامی بوونی دوو هەزار سەربازی ئەمریکایی لە سووریا ناڕوونە و هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، "پێویستیان بە بەشداریکردنی ئێمە نییە."
ڕێگەیەک بۆ ئاشتی؟
هێشتا ڕێگەیەک هەیە، هەرچەندە باریکیش بێت، بۆ چارەسەرێکی سیاسی کە بتوانێت سەقامگیری درێژخایەن بهێنێتە ئاراوە. هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی چەکدارانی هەسەدە و کۆتاییهێنان بە پێگەی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ جێگیرکردنی وڵاتەکە لەکاتێکدا حکوومەتی نوێی سووریا یاریمەتیدەر بێت بۆ کۆنتڕۆڵی وڵاتەکە. تورکیا بە نەهێشتنی هەڕەشە سەرەکییەکانی ئەودیو سنوورەکانی، دەکرێت ڕازی بکرێت کە دەستبەرداری داواکارییە بەرفرەوانەکانی لەسەر کوردەکانی سووریا بێت، لەوانە دەرکردنی سەرجەم فەرماندەکانی یەپەگە لە سووریا، هاندانی بەدیهێنانی ڕێککەوتنێکی قەبووڵکراوی هەردوولا لەگەڵ هاوتا کوردەکانی لە تورکیا، لەوانە لێبوردنی چەکدارانی پەکەکە، ئازادکردنی سیاسەتمەدارانی زیندانیکراوی کورد و چەسپاندنی یەکسانی نێوان تورک و کورد. (دوا ئامانج پێویستی بە هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا دەبێت، کە تێیدا هاتووە تەنیا زمانی تورکی دەتوانرێت وەک زمانی دایک بخوێنرێت و هەموو هاووڵاتییەکی کۆماری تورکیا تورکە.) ویلایەتە یەکگرتووەکان دەتوانێت پێشنیازی تورکیا بۆ سەرکردایەتی لە ئەرکی سەرکوتکردنی داعش قەبووڵ بکات و لە پرۆسەی دانوستاندن بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا، واشنتۆن دەتوانێت بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد، فشار بخاتە سەر ئەنقەرە و دیمەشق.
ئەنقەرە ددان بە خۆبەڕێوەبەریی کورد لە چوارچێوەی تورکیادا نانێت، وەک ئەوەی بەشێک لە چالاکوانانی کورد داوای دەکەن. پارچەپارچەبوونی ئیمپراتۆری عوسمانی لە زەینی سەرکردەکانی تورکیادا گەورە دەبینرێت و ئەو وانەیەی وەریانگرتووە ئەوەیە کە خۆبەڕێوەبەری بەناچاری دەبێتە هۆی جیا بوونەوە. هۆکار هەیە بۆ ئەوەی گومانمان هەبێت کە دەوڵەتێکی تاکڕەوی تورکیا ئیمتیازاتی دیموکراسی ڕەچاو بکات: لە مانگی نۆڤەمبەردا، لەگەڵ ئەوەی پێوەندیکردن بە ئۆجەلانەوە دەستی پێ کردووە، سێ شارەوانی کورد لە پۆستەکانیان دوور خرانەوە و بە هاوکاریکردنی "تیرۆریزم" تۆمەتبار کران.
سەرەڕای ئەمەش، پێدەچێت سەرکردەکانی تورکیا چارەسەرێکی دەستبەجێ بە فەرمی بناسن. بۆ دەوڵەتێک کە بۆ دەیان ساڵ ئامادە نەبوو تەنانەت ددان بە بوونی کورددا بنێت، دداننان بەوەی کە هاووڵاتیانی کورد بە وتەی مەهمەت ئوجوم، ڕاوێژکاری ئەردۆغان، "هاوخاوەن"ی کۆمارێکی هاوبەشن، هەنگاوێکی گرینگە. حکوومەت سەرکوتی ڕاستڕۆی توندڕۆکان دەکات کە دژی کوردن: لە مانگی جەنیوەریدا، ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی سەرکەوتنی ڕاستڕۆی توندڕۆ و ڕەخنەگری سەرسەختی تێڕوانینی کرانەوە بەڕووی کورددا، دەستگیر کرا و تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ ڕق و کینە و دوژمنایەتی" خرایە پاڵ. ڕەنگە ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەکەی باخچەلی لەگەڵ ئۆجەلان مژدەی گۆڕانکاری بەرەو لیبڕاڵیزم نەبێت، بەڵام پراگماتیزمی نوخبەی سیاسیی تورکیا لە بەرانبەر هەڕەشە هەستپێکراوەکاندا ئاشکرا دەکات.
پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئەنقەرە نیگەران بوو لەوەی کە گێژاوی ناوچەیی دەتوانێت ببێتە سووتەمەنی ناسەقامگیری ناوخۆیی. سێ هەفتە پێش بانگەوازەکەی بۆ ئۆجەلان لە مانگی ئۆکتۆبەردا، باخچەلی ڕایگەیاند، "کاتێک داوای ئاشتی لە جیهان دەکەین، دەبێت ئاشتی لە وڵاتی خۆمانیشدا مسۆگەر بکەین." ئەردۆغان لە هەمان مانگدا لە وتارێکدا بۆ پەرلەمان، جەختی لەسەر پێویستی "بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆ" لە بەرانبەر "دەستدرێژی ئیسرائیل" کردەوە. نیگەرانییەکانی ئەنقەرە سەبارەت بە دەستتێوەردانی دەرەکی لە هیچ شوێنێکەوە نەهاتووە. لە مانگی نۆڤەمبەردا، گیدیۆن سەعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گەلی کوردی بە "هاوپەیمانی سروشتی" ئیسرائیل وەسف کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل پێوەندییەکانی لەگەڵیان بەهێزتر بکات. لە مانگی ئۆکتۆبەردا، ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگوور پۆلیتیکای لایەنگری پەکەکە، بەشێک لە مانیفێستی ئۆجەلانی بۆ شارستانیەتی دیموکراتی بڵا وکردەوە، کە زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر نووسیویەتی تێیدا هاتووە پەکەکە دەتوانێت هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تورکیا ببەستێت. ئێستە ئۆجەلان شێوازەکەی گۆڕیوە - لە مانگی دیسەمبەردا، سەرکردەی پەکەکە باسی لە "بەرپرسیارییەتییەکی مێژوویی بۆ نوێکردنەوە و بەهێزکردنی برایەتی تورک-کورد" کرد، سەرکردە تورکەکان نایانەوێت ئەم دەرفەتە لەدەست بدەن بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی ناوخۆیی کە هێزێکی دەرەکی دەتوانێت بیقۆزێتەوە.
نەهێشتنی هەڕەشەکانی پەکەکە بەندە بە چەندان فاکتەرەوە. ئۆجەلان دەبێت ڕێکخراوەکەی ڕازی بکات کە شەڕخوازیی چەکداری دوای گۆڕینی ڕژێم لە سووریا کۆتایی هاتووە و بێ سوودە. دانیشتووانی بەرفرەوانی کورد پێویستیان بە دەرفەتێک دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵ لە باشترکردنی داهاتووی تورکیا ببینن. پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سووریا بکشێتەوە، بۆ ئەوەی چەکدارە کوردەکان و حکوومەتی سووریا بتوانن تێکەڵ بە قەوارەیەکی نیشتمانیی نوێ ببن. هیچ کام لەم بەرەنجامانە گەرەنتی نین، بەڵام بە دووربینی ئۆجەلان، حکوومەتی تورکیا، سەرکردایەتی نوێی سووریا و ئیدارەی نوێی ئەمریکا، نەها هەموویان بەردەستن.
سەرچاوە: فۆرین ئەفێرس
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment