جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا: زیانەکانی شەڕی پەکەکە نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلارە وەرگێڕان

نوچە نێت

ئامادەکردنى: دنیا ئەحمەد

جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا زیانەکانی (41) ساڵەی ململانێی پەکەکە و وڵاتەکی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "تێچوی شەڕی پەکەکە نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلار بووە بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، تاوەکو ئێستا ئەو شەڕە زیانێکی زۆری ئابووری تورکیا گەیاندووە." 

ماڵپەڕی (جمهوریەتبڵاویکردەوە، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لە زیانی ململانێکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕێکخراوی پەکەکە دەکات و دەڵێت، "هەموو تورکیا ئازاری تیرۆری چەشتووە، هاووڵاتیانی ناوچەکە گەورەترین باجیان داوە، هەم بە گیانیان و هەم بە مەرجەکانی ئابوورییان گەورەترین زیانیان پێگەیشتووە. لەدوای خۆ‌هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەم ناوچانە گەرموگورییەکی زۆرهەیە و تادێت کەشوهەوای ئەرێنی بەهێزتر دەبێت و هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە چاوەروانی ئەوەن پرۆسەکە بە تەواوی سەربکەوێت." 

جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا باس لەوە دەکات کە بەپێی داتا نافەرمییەکان تێچووی شەڕەکە نزیکەی دوو ترلیۆن دۆلار بووە و دەبێت لەمەوبەدوا بەوردی چاودێری پرۆسەکە بکرێت و دەرئەنجامی کۆمەڵایەتی و ئابووری پرۆسەکە بەتەواوی هەڵبسەنگێندرێت."

یڵماز باسی بەرەو پێشوەچوونی پرۆسەی چارەسەری کێشەکان دەکات و دەشڵێت، "لە ئێستادا پەکەکە خۆیهەڵوەشاندوتەوە، بەڵام پرۆسەکە بەردەوامە و لەداهاتوودا دەرئەنجامەکانی دەبینین. لە ڕێگەی دامەزراوە ئەمنییەکان بەهەشتیارترین شێوە چاودێری هەنگاوەکان دەکەین و هەرچەندە کەسانێک هەن دەیانەوێت زیان بە پرۆسەکە بگەیێنن بەڵام ئێمە ئامانجمانە بەخێراترین شێوە کۆتایی پێبهێنین. تورکیایەکی بێ تیرۆر تەنیا سوودی بۆ هاوڵاتیانی ئێمە نییە بەڵکو سوودی بۆ هەموو ناوچەکە هەیە."

هەر سەبارەت بە هەنگاوەکانی بەرەوپێشوەچوونی پرۆسەی ئیمراڵی، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی (سی ئێن ئێنبڵاویکردۆتەوە، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگیری میتی تورکیا لەبارەی ئایا پەکەکە بە تەواوی چەکەکانیان ڕادەست دەکەن یان نا لەو بارەیەوە لە راپۆرتێکدا بەدواداچوونی وردی بۆ دەکات و ڕادەستی رەجەب تەیب ئەردۆغانی دەکات.

جێگەی ئاماژە پێدانە، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەی گروپی پارتەکەی لەبارەی هەنگاوەکانی پرۆسەی تورکیایەکی بێ تیرۆر ڕایگەیاند، "لەمەوبەدوا میت و یەکەکانی پاراستن بەوردی چاودێری پرۆسەکە دەکەن و رووبەڕووی هەر رێگریەک دەبنەوە بەرامبەر بە پرۆسەکە."

لەمەوبەدوا میتی تورکیا چاودێری هەنگاوەکانی پرۆسەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانیان دەکات، چاوەروان دەکرێت تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ پرۆسەکە کۆتایی پێبهێنرێت. هەروەها بنکەکانی عێراق و سووریاش دیاریکراوە بۆ رادەستکردنەوەی چەکەکان لەلایەن پەکەکەوە.

جگە لەمەش، پرۆسەی چەکدانان لەرێگەی میکانیزمێکی هاوبەش لەنێوان تورکیا و ئەو وڵاتانە کە چەکەکانیان لێ رادەستدەکرێت ئەنجام دەدرێت، میتی تورکیا سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات کە ئەو بنکانەی لە عێراق و سووریا هەیە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار دانوستاندن دەکەن هەموو ڕێکارەکان لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە دەبێت کە لەلایەن ئیبراهیم کاڵن ئامادە دەکرێت و ڕادەستی ئەردۆغانی دەکات.

لەلایەکی تر باس لەوەش دەکرێت کە بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری عێراق دەمێننەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا لەدوای چەکدانانی پەکەکە هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەناوچەکانی باکووری کوردستان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی مەترسیەکانی پەکەکە لەسەر خاکی تورکیا نامێنێت بێگوێدانە هیچ هەرەشەیەک بۆ سەر هێزە سەربازییەکانی تورکیا. 

هەروەها هێزە سەربازییەکانی تورکیا بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای هەواڵگیری عێراق بەردەوام دەبن لە چاڵاکیەکانیان لە ناوچەکانی وەک گارە و ئاسۆس و مخمور و قەندیل و شنگاڵ.

سەبارەت بە خۆڕادەستکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە میدیاکانی تورکیا دەڵێت، ئەو هاوڵاتیانەی پێشینەی تاوانیان نییە دەتوانن بگەرێنەوە ئەو وڵاتانەی کە ناسنامەیان لێی هەیە، هەروەها ئەو پەکەکە تورکانەی کە هەر دۆسیەیەک لەبارەیان کراوەتەوە خۆیان رادەستی سنوورەکان دەکەن و بە ڕێگای یاساوە مامەلەیان لەگەڵ دەکرێت.

باس لەوەش دەکرێت، ئەو سەرکردە باڵایانەی ناویان لە لیستی سوور و پرتەقاڵی تورکیایە ڕێگەیان پێنادرێت بێنە ناو خاکی تورکیا و سووریا دەبێت برۆنە وڵاتی سێیەم، ئەم وڵاتانەش وەک نەرویج و باشووری ئەفریقیا.     

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین