شیرین یونس: لە فراکسیۆنەکەی خۆشمدا سیستەمی کۆتا جێبەجێ ناکرێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت

شیرین یونس، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە گفتوگۆیەکی نوچە دەڵێت: هەبوونی لیژنەی ژنان لە پەرلەمان پێویست نییە، چونکە دواتر پێویست دەبێ کە لیژنەیەکی پیاوانیش دابمەزرێنین، سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوەی لە لیژنەی ئافرەتان لە پەرلەمان هۆکارەکەی بۆ رازی نەبوونی لە ئەدای کاری لیژنەکە دەگەڕێتەوە.

ماوەیەک لەمەوبەر راتگەیاند کە دەستت لە ئەندامێتی لیژنەی کاروباری ژنان لە پەرلەمانی کوردستان کێشاوەتەوە. هۆکارەکەی چێبوو؟ ئایا کەیسێک یان کێشەیەکی دیاریکراو هەبوو یانیش بە گشتی لە ئەداو کاریان رازی نەبووی؟

شیرین یونس: بەڵێ سەرەکیترین هۆکار ئەوەبوو، کە من لە ئەدای کارەکانی ئەم لیژنەیە رازی نیم چونکە رەوشی ژن لە هەرێم رۆژ بە رۆژ لە بری ئەوەی بەرەوپێش بچێت بەرەودواوە دەگەڕێتەوە. دەربارەی کێشەکانی ئێمە کە نەتوانین کێشەکان بە بنبەست بگەیەنین و ماف بۆ مافخوراو بگەڕێنینەوە، تەنانەت سیستەمی کۆتا لە ناو فراکسیۆنەکەی خۆشم جێبەجێناکرێ و سەرۆکی فراکسیۆن و جێگر و بڕیاردەر و هەرسێ نوسینگەی پەرلەمانی لە راپەڕین ، سلێمانی و کەرکوک پیاو دانراون و لە تەواوی لیژنەکانیش تەنها یەک سەرۆکی لیژنە ژن دانراوە، کەواتە بۆچی لە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییە بمێنینەوە، دەربارەی ئەوەی کە من کێشەم هەبێ یان لەسەر کەیسێک هەڕەشەم لێکرابێ بەهیچ جۆرێک شتیوا رووی نەداوە بەڵام زۆر بابەت هەیە ئەگەر بمانەوێ بەلایدا بخەین رێی تێدەچێ کە هەڕەشەمان لێبکرێ.

پێتوایە دەبێ ئەدای کاریان چۆن بێت؟ 

شیرین یونس: پێویستە بەهێزترین لیژنە بێت و فراوانترین دەسەڵاتی هەبێت، چونکە زۆرترین تاوان بەرامبەر ژنێک دەکرێ، کە تاوان بەرامبەر بە ژن کرا واتە راستەوخۆ خێزانێکت زیندە بەچاڵ کرد و منداڵی ناهوشیار و نا بەرپرس و خێزانێکی پەرتەوازەت بەرهەم هێناوە، ئەمەش واتا کۆمەڵگەت توشی هەزاران لادان و کێشە کرد بۆیە زۆر زەرورە کە دەسەڵاتی یەکلاکەرەوە لای ئەو لیژنەیە بێت.  

ساڵانی پێشتر لیژنەی کاروباری ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان، دیاربوون و کاری باشیان دەکرد هەتا لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، رۆڵیان هەبوو، بۆچی لەم خولە وا بێدەنگن؟ 

شیرین یونس: بەڵێ ئەم چالاکبوونەی تۆ باسی دەکەی راستە و بەڵگەی زیندووە کە تواناکانی ژنان لە ئاستێکی بەرزدایە و توانیان یاساکان بەرێی راستدا ببەن، بەڵام کێشەکە لە نەبوونی یاسادا نییە و تەواوی یاساکانی دنیا جوانن، بەڵام کێشەکە لە جێبەجێکردندایە و پێویستە تەواوی وەزارەتەکان بەشێوەیەک کاربکەن کە یاساکان زەمینەی جێبەجێکردنیان بۆ بڕەخسێنرێ. دەربارەی بێدەنگی لیژنەی ژنانی ئەم خولە یەکێک لە هۆکارەکان بێهیوابوونە لە چارەسەری کێشەکان، چونکە وەکو گوتم، پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان و میدیا. کار بە ئاراستەی کەمکردنەوەی کێشەکان بکەن. 

بۆ نموونە، هەموو کەناڵە کوردییەکان نا بەرپرسیارانە مامەڵە دەکەن، لە بری ئەوەی هەوڵ بدەن پڕ زانیاریترین کەناڵ بن، هەوڵ دەدەن پڕ بینەر ترین بن. بەردەوام ژەهر دەرخواردی خەڵک دەدەن و کچە روتە بە ناو مۆدیلەکانیش رونترین نمونەن و تەنانەت وای لێهاتووە، ئەگەر گۆرانییەک کچی روتی تێدابێ گرنگی زیاتری پێدەدەن. ئەمانە دڵۆپێکن لەو دەریا فەزیحەتەی ئەمڕۆ لە هەرێمە بێهێزەکەمان دەگوزەرێ. 

ئایا هۆکارێکی دیاریکراو هەیە، یانیش لیژنەکە خۆی کارەکەی پێ گرنگ نییە؟

شیرین یونس: بۆ مێژوو دەڵێم، کە هەموو ئەندامەکانی لیژنەی ژنان بەو پەڕی دڵسۆزی و پاکی و خەمخۆری و چالاکییەوە کاردەکەن و لە دنیادا هەموو کۆمەڵەیەک کەسێک یان بەشێکی خراپی تێدایە، وەک دەڵێن چەم بێ چەقەڵ نابێ، بەڵام بە راستی ئەم چەمەی لیژنەی ژنان بێ چەقەڵە. 

زۆربەی توندوتیژییەکان بەهۆی هەڵەی ژنانەوە بووە و تاوان باریش بەهۆی ناتەندروستی پەروەردەیی نەیتوانیوە رێگاچارەی مرۆڤانە

 

تۆ وەک ژنێک بەرهەم و کاریگەریت لە ژیانی ژناندا لە کوردستان چییە؟ یان تموحت هەیە چۆن بێ؟

شیرین یونس: من وەک کچێك پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکەم، تەواوی خانەوادەکەم لێم رازی بوون چونکە هیچ هەڵەیەکم نەکردووە کە ببێتە هۆی هۆی شەرمەزاری و دڵتەنگی بۆیان و ئازادیەکەم ئیستیغلال نەکردووە. ئێستاش دایکێکی باشم بۆ منداڵەکانم و هاوسەرەکەم کە ئەمە خاڵی سەرەکییە چونکە زۆربەی توندوتیژییەکان بەهۆی هەڵەی ژنانەوە بووە و تاوان باریش بەهۆی ناتەندروستی پەروەردەیی نەیتوانیوە رێگاچارەی مرۆڤانە و هێمنانە و مەنتقیانەی باش بگرێتە بەر.

دەربارەی هەوڵەکان، من لە کارەکەشم دا جگە لە بەردواداچوون وەک تاکێک بەردەوام کێشەی کۆمەڵایەتی چارەسەردەکەم. هەر لە زاخۆ تا هەڵەبجە هانایان بۆ هێناوم و سوپاس بۆ خوا هەموو کێشەکانم چارەسەرکردووەو مافم گێڕاوەتەوە بۆ ماف خوراو. کە هەندێک جار رەگەزی مێ ستەمی لە نێرکردووە. 

تموحی من ئەوەیە کە نێر ستەم لە مێ بکات و نە مێ ستەم لە نێر بکات، کۆمەڵگەیەکمان هەیە ژنان بگەنە ئاستێک کە هاوکار و پشتیوان بن و بەتەواوی وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. نەک وەک کاڵا، ئەوەش تاکە رێگایە کە ئێمە بگەینە حکومەتێکی باش و کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و باش. 

 

ژنان کاتێک بۆ پەرلەمان خۆیان بەربژێر دەکەن، زیاتر بۆیە دەنگیان پێدەدرێت کە داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان بکەن لە پەرلەمان، هەتا سیستەمی کۆتاش بۆ ئەم مەبەستە دانراوە. بۆچی ژنان لێرە کاتێک دەگەنە پێگەی بەرپرسیارێتی وەکو ئافرەت کارو مامەڵە لەگەڵ کێشەکان ناکەن؟

شیرین یونس: با لە کۆتا بڕگەی پریسارەکەت دەست پێبکەم چونکە لەگەڵ تەواوی بڕگەکانی تری پرسیارەکەت ناکۆکم، بەڵێ ئەم گرفتە هەیە بەڵام ئەمە بۆ پیاوانیش هەروایە و زۆر هۆکار هەیە بۆ ئەمە و بە هەزاران وشەش تەواونابێ.

 دەتوانم بە کورتی بڵێم کە تەواوی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و خراپی حوکمڕانیمان هەر ئەوەیە. با یەک هۆکارت بۆباس بکەم کە ئەوەیە کە لێرە ئەندامانی پەرلەمان رەخنەی جددی لە خودی حزبەکەی خۆیان ناگرن و بە سیاسەتی رەش و سپی بینین مامەڵە دەکەن، دەربارەی ئەوەی کە گوایە ژنان بۆیە دەنگیان پێدەدرێ تا داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکەن ئەوا لەبەردوو هۆکار ناکۆکم لەگەڵت، یەکەم لەبەرئەوەی کێشەی ژن ئێستا قەزیە نییەو لە زیهنی زۆرینەی ژنان و نزیکەی تەواوی پیاوان، دووەم، دەتوانم بڵێـم لە سەدا هەشتای ئەو دەنگانەی ژن دەیهێنێت لەلایەن پیاوەوەیە. کەواتە چۆن دەتوانین بڵێین بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان دەچن بۆ پەرلەمان؟ 

دەربارەی هۆکاری دانانی سیستەمی کۆتا هەڵەیە بە موتڵەقی وابڵێین، چونکە سەرەکیترین هۆکار ئەوەی کە هانی هاتنەپێشی ژنان بدرێت تا ژیان هەمەڕەنگ بێت چونکە باری کۆمەڵایەتی ئێمە و نەبوونی دەوڵەت و حوکمڕانی خۆمانە و نەخوێندەواری و بەکەم سەیرکردنی تواناکانی ژنان و کۆمەڵێک هۆی تر هەن کە هۆکارن بۆ نەبوونی رۆڵی ژن لە دەرەوەو حیکمەتی پیشت دانانی سیستەمی کۆتایە نەک هێنانی ژن بۆ ئەوەی کێشەی ژن چارەسەربکات، چونکە ئەوە حکومەتە دەتوانێ تەواوی کێشەکانی کۆمەڵگە چارەسەربکات نەک توێژێکی دیاریکراو بۆ نموونە هەموو دەسەڵاتێک لای پیاوانە کەچی پیاوانیش بێ کێشەنین و زۆرجار راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەلایەن ژنانەوە ستەم لە پیاو دەکرێ، بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێم ئەسڵەن پێویست نییە لیژنەیەکی تایبەت هەبێ بەناوی مافی ژنان چونکە بەباوەڕی من ئەوە بەشبەشکردنە بێهێز و بچوککردنەوەی قەزیەکەیە، چونکە کاتێک تۆ جیای دەکەیتەوە واتا ئەو لیژنەیە دەبێ ببێتە پارێزەری ژنان و تەنها کاری پارێزەریش واتە هەتا دەتوانی مافی زیاتر وەرگرە و بەمەش تەجاوز دەکەیتە سەرمافی لایەنەکەی تر و ناهاوسەنگ دەبێ، ئەوکاتەش پێویستمان بەوەدەبێ کە لیژنەیەکمان هەبێ بەناوی پیاوانەوە بۆیە پێویستە لیژنەی مافی مرۆڤ بەهێزبکەین و مرۆڤانە کار بۆ ژن و منداڵ بکەین لەبەرئەوەی هەر ناهاوسەنگ بوونێک کاردانەوەیەکی لێدەکەوێتەوە و کارێکی عاقڵانە نییە، رەگەزەکانی نێر و مێ بەیەکتردا بدەین و کێشەی زیاتر بۆ هەردوولا دروست بکەین. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین