زۆرینەی ئافرەتان لە کەرتی گشتی کاردەکەن دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

زۆربەی ئەو ئافرەتانەی کە بە دوای کاردا دەگەڕێن دەیانەوێ لە کەرتی حکومەت کاریان دەستبکەوێت، ئەمەش وایکردووە کە ئافرەتان زیاتر بەبێ کار بمێننەوە. توێژەرێکی کۆمەڵایەتی رایوایە کە تا ئێستا تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە بۆ کارکردنی ئافرەتان نەگۆڕاوەو کارکردن لە کەرتی تایبەت بە باش نازانن.

بەپێی ئامارێک کە دەزگای میدیایی روداو بڵاویکردووەتەوە، (٪75.5) لەو ئافرەتانەی کاردەکەن لە کەرتی حکومین، (%6.3) لە کەرتی تایبەتن.

رێزان یاسین، دەرچووی کۆلێژی ئاداب، بەشی مێژووە ماوەی حەوت ساڵە زانکۆی تەواوکردووە بەڵام دانەمەزراوە. خێزانەکەشی رێگە نادەن لە کەرتی تایبەت کاربکات.
رێزان سەبارەت بەو پرسیارەی کە بۆچی نەیتوانیوە تا ئێستا خێزانەکەی رازیبکات، کە رێگەی بدەن لە کەرتی تایبەت کاربکات دەڵێت" کاتێک لە زانکۆ دەرچووم هەموو حەزم ئەوەبوو زوو ببمە خاوەن کار و داهاتی خۆمم هەبێت، بەڵام نەمتوانی چونکە حکومەت کەس دانامەزرێنێت، ئەگەر باوکم و براکانیشم رازیبن بەوەی لە کەرتی تایبەت کاربکەم مامەکانم رێگە نادەن، بۆیە ئاوا بەبێ کار ماومەتەوە".

بەپێی هەمان ئامار(٪86)ی ئافرەتان بە دوای کاردا ناگەڕێن، واتە زۆرترین رێژەی ئافرەتان کاری ماڵەوە دەکەن و کارێک ناکەن کە داهاتی هەبێت.

گوڵاڵە ئەحمەد، ژنە مامۆستایەکی خێزاندارە. ئەو پیشەکەی خۆی زۆر خۆشدەوێ و دەڵێت" هەرچەند موچەکەم کەم بێت گرنگ نییە، چونکە کەم بێت یان زۆر داهاتی خۆمم هەیە".

گوڵاڵە کچێکی لە زانکۆ دەخوێنێت، سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا کاتێک کچەکەی خوێندنی تەواوکرد رێگە دەدات لە کەرتی تایبەت کاربکات؟ گوتی"قەت رێگە نادەم کچەکانم لە کەرتی تایبەت کاربکەن، چونکە چیرۆکی ناخۆشم بیستووە، هیچ دڵنیاییەک بۆ پاراستنی ماف و کەسایەتی ئەوان نییە".

هەتاو ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە رێگری کردنی خێزانەکان لەوەی لە کەرتی تایبەت کارنەکەن دەڵێت" هەندێ راو نەریتی باو هەن کە تا ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمە لە برەودان، ئەویش ئەوەیە کە کارکردنی ئافرەتان لە کەرتی تایبەت بە عەیبە دەزانن، پێیانوایە دەبێ ئافرەتەکان لە کەرتی گشتی کاربکەن و لەوێش زیاتر حەزدەکەن ببن بە مامۆستا".

سەبارەت بە هۆکاری نە پاراستنی مافی ئەو کەسانەی لە کەرتی تایبەت کاردەکەن، ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە پێیوایە"راستە هیچ سستمێک نییە لە کەرتی تایبەت مافی کارمەندان بپارێزێ، زۆرجار ئەوانەی ئەم دەزگاو کۆمپانیایانە بەڕیوەدەبەن کەسانی شایستە نین، بەڵام مانای ئەوەنییە کە کەس نەچێت لەم بوارە کاربکات، دواجار دەبێت لە جیاتی ئەوە هوشیاریمان بە ئەرک و مافەکانمان هەبێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین