ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچەنێت

به‌ سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبونی عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوه.‌

دوا بەدوای کۆبوونەوەکە، ژورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر رایگه‌یێندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تى ته‌ندروستى گشتی شاره‌که‌مان و هەستیاری و مەترسیداری ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى کە به‌هۆى هەڵکشان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆته‌ ئاراوه‌.

بە پێی راگەیێندراوەکە لیژنەی باڵای کۆرۆنا گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە: 

یه‌که‌م: داوا لە هاووڵاتیانى شارەکەمان دەکەین لە پێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتی، هەموو ئەو گردبوونەوە و ئاهەنگانەى لە هۆڵى مزگەوتەکان، ماڵ، شوێنە گشتییەکان، بەبۆنەى یادى لەدایک بوونى فەخرى کائینات پیشەواى مرۆڤایەتى (محمەد)(د.خ) لە سەربێت ڕابگرن، لە هەولێرى پایتەخت ئەوەى پێویست بووە بۆ ئەم یادە مەزن و پیرۆزە لە ئەنجامدانى ڕێورەسم و یادکردنەوەى ئەم ڕۆژە پڕشکۆیە ئەنجامدراوە، بۆیە داوکارین هاووڵاتیانی شارەکەمان پابەندبن بەم بڕیارەوە.

دووەم: سه‌رجه‌م قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەکانى سنورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت تەواوى ئه‌و رێکارانه‌ى ژورى ئۆپەراسیۆن وه‌کو خۆی جێبه‌جێ بکه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی تەواویشیان پێده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێک پێویستى کرد، رێکاره‌کان توندتر بکه‌ن. 

سێیەم: بەستنی ماسک بۆ ھەموو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە و ئەوانەشی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، لە شوێنە داخراوەکان دەبێتە ئیلزامی و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان چاودێری دەکەن.

چواره‌م: سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانى سنورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان و ڕێکاره‌کانى خۆپارێزى جێبه‌جێبکه‌ن به‌تایبه‌تى به‌ستنى (ماسک) و دروستنه‌کردنى گردبوونه‌وه‌ و قه‌ره‌باڵغى، هه‌روه‌ها ڕێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ هاووڵاتییه‌ک بۆ ڕاییکردنى مامه‌ڵه‌کانى به‌بێ به‌ستنى (ماسک) بچێته‌ نێو هیچ فه‌رمانگه‌ و دام و ده‌زگایه‌کى حکومى، هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و فەرمانگە و فه‌رمانبه‌رێک سه‌رپێچى له‌و بڕیاره‌ بکات، به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌رپرسانى ئه‌و فه‌رمانگه‌ و بەڕێوەبەرایەتییە به‌رپرسیارن.

پێنجەم: ھەموو فەرمانبەرانی فەرمانگە و دام و دەزگاکانى حکومى لەسنورى پارێزگاى هەولێر بە ھێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە، لە ماوەی دوو مانگدا دەبێت ڤاکسین وەربگرن، بە پێچەوانەوە بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

شەشەم: پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر که‌سێک پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت و بنکەکانى پۆلیس ڕاسپێردراون چاودێرى سنورەکانى خۆیان بکەن.

حەوتەم: ھەموو ئەوانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، پێویستەکارتی ڤاکسینیان ھەبێت.

هه‌شته‌م: مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان و ئەو قوتابیانەی کە تەمەنیان لە سەروی 18 ساڵەوەیە، دەبێت تاوەکو 2021.12.1 ڤاکسینیان وەرگرتبێت.

نۆیه‌م: داوا ده‌که‌ین هه‌روه‌ک چۆن لە ڕابردوودا مامۆستایانی ئایینی هاوکارمان بوونە، بە هەمان شێوە ھاوکاربن لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستیی و رێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانى خۆپارێزى.

دەیەم: دایکان و باوکان دەتوانن تاوەکو 2021.10.31 بڕیار بدەن کە منداڵەکانیان بچنە قوتابخانە یان بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنن.

یازده‌یه‌م:لە کۆڕو کۆبوونەوەکاندا دەبێت بەشداربووان یان کارتی ڤاکسینیان پێ بێت، یاخود پشکنینی کۆرۆنایان کردبێت، بۆ ئەو مەبەستەش خاوەنى (هوتێل، هۆڵ، شوێنەکان) بەرپرسیارن و لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە چاودێرى دەکرێن.

دوازدەیەم: له‌ دواى بڵاوبوونەوەى ئەم ڕاگەیندراوە، ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر، هێزه‌کانى پۆلیسى هاتووچۆى ڕاسپاردووە ڕێکارى تایبەت بەرامبەر شوفێران و سەرنشینانى بگرنەبەر کە پابەند نین بە ڕیکارەکانى خۆپارێزى و ڕێنماییە تەندروستییەکان، بەتایبەتى بەستنى (ماسک).

سێزدەیەم: ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بە ڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاووڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر لەهەر قەزا و ناحییە و شوێن و گەڕەک و کۆڵانێک هاوڵاتییان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن و مەترسیەکان پەرەى سەند، ئەوا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی شاره‌که‌مان، رێکاره‌کان توندتر دەکرێن، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.

چوارده‌یه‌م: ئه‌م رێکارانه‌ له‌ کاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 25 له‌سه‌ر 26ى 10ی 2021 دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین