نەهلە قادر: لە پەرلەمان پابەندی ئەو بەرنامەیە دەبم کە حزبەکەم بۆم دادەنێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

دکتۆرە نەهلە قادر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدین، بەربژێری دەرچووی بازنەی چواری هەولێری سەر بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە گفتوگۆیەکی نوچە دەڵێت: وەکو ئافرەتێک لە بەغدا کاری سیاسی و هەم بەرگری لە مافەکانی رەگەزەکەی خۆم دەکەم.

نوچەنێت: بەرێزتان لە فراکسیۆنێکی خاوەن دەسەڵات دەچنە پەرلەمانی عێراق، ئایا ئێوە تەنها ئیشی سیاسی دەکەن؟ یانیش وەکو ئافرەتێک بەرگریی لە مافی ئافرەتانیش دەکەن؟

نەهلە قادر: لەبەر ئەوەی لە فراکسیۆنێکی بەهێزەوە دەچینە پەرلەمانی عێراق، بێگومان کار لەسەر هەردوو بوار دەکەین.  بواری سیاسی و لە هەمان کاتیشدا وەکو ئافرەتێک کار بۆ پرسی ئافرەتان دەکەین  و داکۆکی لە مافەکانی تەواوی ئافرەتان دەکەین . 

نوچەنێت: بۆ نمونە لە پەرلەمان پرسێکتان هاتە پێش کە پێویست بێت بەرگریی لە ژنانی عێراقیش بکرێت، جگە لە ژنانی کورد ئایا لایەنگریت بۆ رەگەزەکەی خۆت دەبێ یانیش بۆ حیزبەکەت دەبێ؟ 

نەهلە قادر: من وەکو خۆم پابەندی ئەو پرۆگرام و بەرنامەیە دەبم کە حیزبەکەم لە کاتی بانگەشەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە تێیدا هاتووە بۆ کارکردن بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هەموو تاکێک لە کۆمەڵگای عێراق لەناویشیان دا ئافرەتان، وەکو کۆڵەگەیەکی سەرەکی ئەم کۆمەڵگایە. هەروەها بەرنامەی حیزبی پارتیمان دوورنییە لە پرسی ئافرەت بە تایبەت چ لە کوردستان یان لە عێراق بێت، بە هەموو یاساکانەوە پشتگیری لە ئافرەتان کردووە.

نوچەنێت: لە ئێستادا ئەو ئافرەتانەی کە بەربژێربوون و دەرچوون، هەوڵی ئەوە دەدەن فراکسیۆنێکی تایبەت بۆ ژنان پێکبهێنن، تۆ وەکو کاندیدێکی براوە لەگەڵ هەبوونی ئەو فراکسیۆنەدان پێت وایە ئەو فراکسیۆنە سەرکەوتوودەبن؟

نەهلە قادر: من کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستانم و ئەندامی فراکسیۆنی ئەو حیزبەش دەبم لە پەرلەمانی عێراق، و بۆ دروستکردنی فراکسیۆنی تایبەت بە ئافرەتان لە ئێستادا من بە پێویستی نازانم.

نوچەنێت: هیچ بیرتان لەوە کردووەتەوە، کە بەرگریی لە پرسەنیشتیمانییەکان بکەن  بۆ نموونە ئیشکردن لەسەر مادەی 140 یان لەسەر مافی ژنان لە بەغدا؟

نەهلە قادر: ئەگەر کارنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ببینین ئەوە دەزانین کە چەند گرنگی داوە بە پرسە نیشتمانییەکان و لە ناویشیاندا مادەی 140 دەستوری هەمیشەی  عێراق، هەروەها چۆن پێشتر کارمان لەسەر داکۆکیکردنی مافەکانی ئافرەتان کردووە، بێگومان لە داهاتوشدا کاری زیاتر و بەرنامەی باشترمان دەبێت لە پەرلەمانی عێراق. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین