بەهار عەلی: کاتێک دەڵێین کۆمەڵگە پێشکەوتووە کە بەربژێرانی ئافرەت ٪50 بن دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

بەهار عەلی، سەرۆکی رێکخراوی ئێمە بۆ  گەشەپێدانی مرۆیی، لە گفتوگۆیەکی نوچە، باس لە زیادبوونی ژمارەی کورسی ئافرەتان لە پەرلەمانی عیراق دەکات و دەڵێت، نیشانەی ئەوەیە کە هوشیاری بە تواناکانی ئافرەت لە بەرزبوونەوەدایە، بەڵام کاتێک زۆرباش دەبێت کە رێژەی بەشداری لە %50 بێت.

بەپێی ئەو یاسایەی لە عیراق، سستمی کۆتای بۆ بەشداری ئافرەتان لە پەرلەمان دیاریکردووە، پێویستبوو 83 ئافرەت ببنە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام بەشێک لە ئافرەتان پێویستیان بە کۆتا نەبوو-و خۆیان دەنگی پێویستیان هێنا و بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان رایگەیاندووە، 97 ئافرەت براوە بوون. چالاکوانێک بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هوشیاری کۆمەڵگەی دەگەڕێنێتەوە.

نوچەنێت: بە- بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوو رێژەی ئەندامی ژن زیادی کردووە رێژەکە لە 83 کورسی بۆ 97کورسی بەرزبووەتەوە ئەوە چۆن هەڵدەسەنگێن؟

بەهار عەلی: بێگومان نیشانەی ئەوەیە کە چەند ساڵە ژنان  کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری خەڵک بە تواناکانی ژنان. نزیکەی 30ساڵە ژنان لە کوردستان خەبات دەکەن، 18-19ساڵی دەبێ لە عیراقیش هەوڵدەدەن، ئەمانە هەمووی وایکرد کە کۆمەڵگە تێبگات، کە توانایەکی زۆر لە ناو ژنان هەیەو دەتوانن دەریبخەن توانایان هەیە خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن.

نوچەنێت: پێتان وایە سیستەمی کۆتا کاریگەری لەسەر هوشیارکردنەوەی خەڵک هەیە؟ 

بەهار عەلی: سیستەمی کۆتا یەکێکە لەو میکانیزمانەی کە لە ئەنجامدا خزمەتی دیموکراتی و ئەم پرۆسەیە دەکات، ژمارەیەک هەیە بە کۆتا گەیشتوون بەو ئەنجامە ژمارەیەکی تریش هەیە کە بەبێ کۆتا دەرچوون، کەواتە کۆتا خەڵکی راهێناو چاوی خەڵکی کردەوە تا بزانن پێویستە ژن، لە هەموو کایەکان هەبێت. 

نوچەنێت: لە هەرێمی کوردستان رێژەی بەشداری ئافرەتان چۆن بوو؟ پێتانوایە ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان خۆیان کاندید کرد بوو؟

بەهار عەلی: من هەموو کات پێم باش بووە لە %50ی کاندیدەکان ژن بن، دەکرێ زیاتریش بێت بە رای من کاتێک باشە کە  ئێمە دڵنیا دەبین و هەست دەکەین کۆمەڵگە بەرەو پێش چووە هەروەها حزبەکان بەرەو پێش چوون، کاتێک کە ببینین هەموو شتەکان یەکسانن. 

بەڵام بۆ قۆناغی ئێستا و بیرکردنەوەی خەڵک و ئەو عەقڵیەتە پیاو سالارییەی کە لە کۆمەڵگە هەیە، پێموایە ئەگەر سیستەمی کۆتا نەبێ لە ئێستادا رەنگە رێژەکە لەوە کەمتر بێت. بەشێوەیەکی گشتی رێژەی بەشداری ژنان ئەمجارە باش بوو بەڵام وەک گوتم کاتێك زۆر باشە کە لە %50بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین