د.عەتیە: لە هەر 100ژنی دووگیان 30منداڵیان لەباردەچێت دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

دکتۆرە عەتیە حەمەساڵح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافرەتان و منداڵبوون، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لە منداڵ لە بارچوون، هۆکار و چارەسەرییەکانی دەکات و ئاماژەش بەوەدەکات کە ئێستا رێژەی منداڵ لەبارچوون لە جیهان زیادی کردووە، لە هەر 100 ژنی دووگیان، 30 ژن منداڵی لەباردەچێت.

نوچەنێت: منداڵ لەبارچوون چییە؟ هۆکارەکانی چین؟    

د.عەتیە: لەبارچوون واتا هاتنە خوارەوەی کۆرپەلە، لەو رۆژەی کە یەکێک لە هێلکەکانی ژن دەپیتێت، لەناو منداڵدانی دایک، سکپڕی دوای دوو هەفتە لەناو منداڵدانی دایک، لە پشکنینی خوێن دەردەچێت. ئەگەر هاتوو لە مانگی یەکەم و دووەمی دووگیانی منداڵ لەبارچوو هۆکارەکە ئەوەیە کە کۆرپەلەکە باش دروست نەبووە، چونکە لە مانگی دووەم و لە هەفتەی حەوتەمی دووگیانی دەبێ دڵی کۆرپەلە لێبدات، کە ئەویش لە رێگەی سۆنار دیار دەکەوێت، ئەگەر دڵی کۆرپەلە لە هەفتەی حەوتەم لێی نەدا، لەو کاتە چاوەرێ دەکەین تاکو دوو هەفتەی تر نەوەک دایکەکە کاتی سوڕی مانگانەی خۆی لێ تێکچووبێت، لە دوای ئەو دوو هەفتەیە دیسان دڵی لێنەدات ئەوە پشتراست دەبینەوە کە ئەو دووگیانییە سەری نەگرتوە دەبێت منداڵەکە بێتە خوارەوە.

ئەگەر هەتا 24 بیست و چوار هەفتەی دووگیانی، کۆرپەلە بێتە خوارەوە ئەوە لەبارچوونە، جگە لەو هۆکارانەی باسمان کرد، چەندین هۆکاری تر هەن بۆ لەبار چوون: وەک خوێن مەیین، هەوکردنی وەڵداشی منداڵ، هەڵگرتنی ڤایرۆسات، هەوکردنی ملی منداڵدان، بەربوونەوەی ژن و هەوکردنی تۆی پیاو.

لە دایکبوون بە نەشتەرگەری، هۆکارێکە بۆ منداڵ لەبارچوون

نوچەنێت: رێژەی لەبارچوون لە ئێستادا چۆنە؟ پێتوایە رێژەکە بەراورد بە جاران بەرزبووەتەوە؟

د.عەتیە: رێژەی لەبارچوون لە هەموو دونیادا بەرز بووەتەوە، بەتایبەت لێرە لەبار چوون گەلێک زۆرە، خۆی بەشێوەیەکی ئاسایی لە نێوان 100 ژن کە دووگیان دەبن ئەوا 10ژن منداڵی لەبار دەچێت، بەڵام لە ئێستادا رێژەکە زیادیکردووە واتا لە نێوان ئەو 100 دووگیانییە 30 ژن منداڵی لەباردەچێت، دوو هۆکاری هەن بۆ لەبارچوونی منداڵ یەکەم ژینگەمان زۆر پیسە وەکو هەوای پیس واتا پیسی ژینگە کاریگەری زۆری لەسەر منداڵ لەبار چوون هەیە، هەروەها هۆکاری دووەم هەڵگرتنی ڤایرۆساتە لە خوێنی دایکەکەدا.

نوچەنێت: ئایا تەمەن هۆکارە بۆ منداڵ لەبارچوون؟

د. عەتیە: بێگومان تەمەنیش هۆکارە، بۆ نموونە لە دوای تەمەنی چل ساڵی لەهەر بیست ژن ، ژنێک دووگیانییەکەی لەباردەچێت هۆکارەکەی ئەوەیە کە ژنان لەو تەمەنە زیاتر کرۆمۆسۆمیان تێکدەچیت، واتا رێکخستنی خانەکان لە لەشیاندا گۆڕانکاری بەسەر دادێت و دەبێتە هۆکار بۆ منداڵ لەبار چوون، بەڵام لە تەمەنی بیست ساڵ بەرەو سەر کرۆمۆسۆمەکان کێشەیان نییە. ژنان کەمتر لەو تەمەنە تووشی منداڵ لەبارچوون دەبن، لەبەر ئەو هۆکارەیە ژنانی تەمەن چل ساڵ بەرەو سەر زیاتر تووشی منداڵ لەبارچوون دەبن.

نوچەنێت: کام نەخۆشی زیاتر کاریگەری لەسەر منداڵ لەبارچوون هەیە، تاچەند نەخۆشی (پشیلە) کاریگەرە لەسەر منداڵ لەبارچوون؟

د. عەتیە: تۆکزۆپلازما (Toxoplasma) پێیدەڵێن نەخۆشی پشیلە، کە ڤایرۆسێکە زۆرە تێبینیم کردوە ڤایرۆسی (cmv) لە وڵاتی ئێمە گەلێک زۆرە چونکە خواردنەکانمان پیس و بەسەرچوون، تەنانەت گۆشتەکانیش پیسن کە دەیانخۆین لەبەر ئەوەی لە جێی راگرتنی ئاژەڵەکان خواردنی پیسیان پێدەدرێت بە تایبەت لە حەوزی ماسییەکان کە خواردنی پسیان پێدەدەن و لەرێی خواردنی گۆشتی ماسیە،کە نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ دەگەڕێتەوە و زۆرجاریش مادە کیمیاویەکان کە وەکو سەماد بە کاردەهێنرن بۆ گەشەکردنی رووەک و گژ و گیا و لە رێیەوە مەر و ماڵات کە گژ و گیایەکە دەخوات ڤایرۆسەکە دەچێتە ناو لەشی ئەو ئاژەڵانە و لەوێشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، کە ئەویش ئەو دوو ڤایرۆسەیە تۆکزوپلازما و سی ئێم ڤی،ە دەبنە هۆی لەبارچوونی منداڵ .

تۆکزۆپلازما کە وەکو کرمێکی بچووکە، حەز بە خواردنی تۆی پیاویش دەکات خۆی دەگەینێت بە تۆی پیاو ئەوەش دەبێتە هۆی نەزۆکی لای پیاوان، واتە تووشی پیاوانیش دەبێت. ژنان بەچارەسەر وەرگرتن لەو ڤایرۆسە چاکدەبنەوە دەتوانن دووگیان ببن هیچ مەترسییەک لەسەر دووگیانیەکەیان نامێنێت.

نەخۆشی پشیلە تووشی پیاوانیش دەبێت

نوچەنێت: پسپۆڕان حاڵەتی لە دوای چەندەم لەبار چوون بریاری بەستن دەدەن واتا (ربط الحمل)؟

د. عەتیە: ئەگەر ملی منداڵدان شل بێت ئەوە دەبێت بەستنی بۆ بکرێت، لەو کاتەی کە ژن چەند جارێک منداڵی لەباردەچیت ئەوا رەنگە تووشی شلبوونی ملی منداڵدان ببێت ئەویش بە پشکنین دەردەکەوێت، کە ئایا ئەو ژنە ملی منداڵدانی شل بووە یان نا، زۆر جار رەنگە لەبەر خراپ بەستنی دووگیانیەکە، کە منداڵدان توشی هەوکردن دەبێت و لە دواجاریش ملی منداڵدان شل دەبێت و دەبێتە هۆی هاتنەخوارەوەی کۆرپەلە.

ئێمە دوای دووجار منداڵ لەبارچوون لەسەر یەک، پشکنین بۆ ملی منداڵدانی ژنەکە دەکەین و هەروەها لە رێگەی تیشک دیار دەبێت کە ئەو ژنە ملی منداڵدانی شلبووە منداڵ راناگرێت، لەو کاتدا بریاری بەستنی دووگیانیەکە دەدەین، بەڵام دەبێ بە دەستی کەسێکی پسپۆر ئەو بەستنە بکرێت چونکە خراپ بەستن دیسانەوە دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ.

نوچەنێت: دەگوترێ بەستنی دووگیانی کاریگەری لەسەر کۆئەندامی مێشک، دروست دەکات تا چەند ئەوە راستە؟

د.عەتیە: نەخێر ئەگەر بەجوانی بەستنەکە ئەنجام بدرێت هەوکردنی نەمابێت ئەوا هیچ کاریگەرییەک دروست ناکات، بەڵام بەداخەوە ئێستا زۆرێک لە دکتۆرەکان خۆیان پێ پسپۆرە بەس بە جوانی ناتوانن کارەکانیان بکەن، هەروەها دەبێ ئەو هۆڵەی نەشتەرگەری بەستنەکەی تێدا دەکرێت ژینگەکەی زۆر پاک بێت تاکو نەخۆش توشی هەڵگرتنی ڤایرۆس نەبێت.

نوچەنێت: چەند شێوازی منداڵدان هەیە؟

د.عەتیە: منداڵدان لەسەر شێوەی هەرمێیە، ملی بۆ خوارەوەیە، بەڵام هەندێ شێوازی تریش کە لەشێوەی کەرتە واتا رەحمەکە لە ناوەراست دووبەشە ئەو جۆرە شێوازە هەندێ جار ناتوانێ کۆرپەلە رابگرێت لەباردەچێت، هەرچەند ژن هەبووە رەحمی دوو لایە بەڵام لە هەمان کاتیشدا بە سروشتی منداڵی بووە بە بێ کێشە.

بەستنی منداڵدان کاریگەری لەسەر مێشک دروست ناکات

نوچەنێت: تا چەند گۆڕانکاری لە هۆرمۆنات هۆکارە بۆ منداڵ لەبارچوون؟

د.عەتیە: ئەو ژنانەی کە هۆرمۆناتیان بەرز دەبێتەوە واتا هێلکەدانەکەی زیاتر (Testosterone) دروستدەکات، بێگومان هۆکار هەیە بۆ زیاد بوونی ئەو هۆرمۆناتە لای ژنان، وەک هێلکەدانی ژن بە تەواوی ئیش نەکات، یان بەرگی هێلکەدانەکە ئەستور بێت کە رێگە لە هێلکە دەگرێت ناهێڵێت بێتە دەرەوە ئەوانە زۆر بە زەحمەت دەتوانن دووگیان بن، ئەگەر دووگیانیش ببن منداڵەکەیان لەبار دەچێت، هەروەها هۆرمۆنی (Prolactin) پرۆلاکتین ئەگەر رێژەکەی زیادی کرد ئەوە ژن لەو کاتەدا ناتوانێ دووگیان ببێ،

هەروەها غودەیەکی تر هەیە لەسەر هەردوو گورچیلەی مرۆڤە، ئەو غودەیە هۆرمۆنات دروست دەکات، بێگومان کاریگەری لەسەر هەموو جەستەی مرۆڤ دەبێت ئەویش پێی دەگوترێ (Cortison) کە لە ئێستادا دکتۆرەکان زۆر مادەی (Cortison) بە نەخۆش بۆ نمونە بۆ ئەوەی کە لاوازە یان ئەوەی کە منداڵی نابێت یان بۆ چارەسەری هەستیاری وەریدەگرن، بێگومان ئەو مادەیە کاریگەری زۆرە لەسەر تەواوی لەش چونکە هەموو غودەکانی تر تێک دەدات، بۆیە لەو حاڵەتەدا دەبێ بە برێکی زۆر کەم بە نەخۆش بدرێت ئەگەر پێویستی پێ هەبێت لەبەر ئەوەی کاریگەری لاوەکی زۆر لە لەش دروست دەکات.

هۆکارێکی تری منداڵ لەبار چوون لە ئێستادا دەگەرێتەوە بۆ نەشتەرگەری، زۆرێک لە ژنان نایانەوێ منداڵیان بە سروشتی ببێت زوو پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری، زۆرجار ژنان تووشی کێشە دەبنەوە چونکە منداڵدانیان بریندار بووە بە نەشتەرگەری رەنگە لە ژوورەوە تووشی هەو کردنی کرد بێ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵدانەکە کۆرپەکە رانەگرێت و لەبار بچێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین