کچێکی گەنج لەسەر شەقام گوڵ دەفرۆشێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت

کچە قوتابییەکی گەنج، لە سەر شەقام گوڵ دەفرۆشێت و دەڵێت، دەمەوێت بۆ داهاتوو کارەکەم پەرە پێبدەم و بیکەم بە پڕۆژەیەکی خێرخوازی گەورە.

ئاودەنگ حوسێن، کچێکی (٢٠) تەمەن بیست ساڵە خەڵكی قەزای قەڵادزێیە لە دەڤەری  پشدەر. ماوەی ساڵ و نیوێکە کاری گوڵفرۆشی دەکات. پۆلی دوانزەی بنەڕەتییە، سەرەتا دوکانی گوڵفرۆشتنی هەبووە، ئێستا لەسەر شەقامەکان گوڵ دەفرۆشێت. 

ئەم کچە گەنجە، ئەگەرچی رووبەرووی تانە و توانجی زۆردەبێتەوە، بەڵام لەسەر کارەکەی بەردەوامە" ئامانجم هەیە و گوێ بۆ قسەی خەڵك ناگرم. ئەم کارە خولیای منە، وەک چۆن پیاوێک هەر کارێکی پێ باش بێ دەیکات ئافرەتانیش دەتوانن".

"ئەو کەسانەی کە قسەم پێدەڵێن
 زیاتر ژنن"

ئاودەنگ خەونی هەیە لە داهاتوو بەم کارەی پڕۆژەیەکی گەورەی خێرخوازی دابمەزرێنێت "پلانم هەیە لە داهاتوو بەم کارە پڕۆژەیەکی خێرخوازی دابمەزرێنم و بەشێکی داهاتەکەم بۆ نەخۆشخانەی هیوا و منداڵانی بێ سەرپەرشت تەرخان بکەم، هەوڵیش دەدەم بۆ ئەم مەبەستە هەم کاربکەم و هەم سپۆنسەر پەیدابکەم". 

ئاودەنگ بەرەنگارییەکانی بۆ کاری گوڵفرۆشتن وەک کچێکی گەنج ناشارێتەوە و دەڵێت" سەرەتا نەمدەویست ئامانجی کارەکەم ئاشکرابکەم تا کات و قۆناغێکی تر، بەڵام ئەوەندە هێرشم کرایە سەر و قسەی ناخۆشیان پێ گوتم ناچاربووم باسی بکەم".

ئاودەنگ سەبارەت بەو کەسانەی کە قسەی پێدەڵێن گوتی" ئەو کەسانەی کە قسەم پێدەڵێن زیاتر ژنن، لە جیاتی ئەوەی پشتگیریم بکەن تانە و توانجم لێدەدەن. بەڵام دەزانم ئەوان ناتوانن  لە ماڵ بێنە دەرەوەو ئەو توانایەی منیان نییە بۆیە هێرش دەکەن سەر من، هەروەها بەشێکی دیکە خەڵکی ئیسلامین".

ئاودەنگ جگە لە کاری گوڵفرۆشی کارێکی دیکەش دەکات" جگە لە کاری گوڵفرۆشی کاری دیزاینکردنی دیاری و کەل و پەلی بۆنەکان دەکەم".

"ئەوانەی کە دەستخۆشیم لێدەکەن
 زیاترن لەوانەی کە توانجم لێدەدەن"

ئەو کچە گەنجە تا ئێستا سەرکەوتووبووەو ئەوەش یەک لە هۆکارەکانی بۆ پاڵپشتی خێزانەکەی دەگەڕێنێتەوە" خیزانەکەم زۆر پاڵپشتیم دەکەن، هانم دەدەن بۆ ئەو کارەی کە من دەمەوێت ئەنجامی بدەم".

ئاودەنگ دەڵێت "هەفتانە رۆژێک یان دوو رۆژ لەسەر شەقام گوڵ دەفرۆشم، خەڵکێکی زۆر گوڵم لێدەکڕن و دەستخۆشیم لێدەکەن. ئەوانەی کە دەستخۆشیم لێدەکەن زیاترن لەوانەی کە توانجم لێدەدەن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین