حکوومەتى هەرێم: ئەمڕۆ (430) کۆچبەر دەگەڕێنەوە کوردستان کوردستانی

نوچەنێت:

حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێنداوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ (400) کۆچبەرى عێراقى و کوردستانى لە وڵاتى بێلارووسەوە بە فڕۆکەیەکى تایبەت ئەمڕۆ کاتژمێر شەشى ئێوارە دەگەڕێندرێنەوە هەولێر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (18)ى تشرینى دووەم (2021)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، "ئەم کۆچبەرە نایاساییانەی کە بەنیازبوون بەرە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و لەڕێگەی بێلاڕووس بچنە نێو سنوورەکانى پۆڵەندا و لیتوانیا تا بگەنە ئەوروپا، ژمارەیان لە سەرووى (20) هەزار کەسەوە و زیاتر لە مانگێکیشە لە نێو سەرماى زستان گیریان خواردووە و ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ ئەوروپا پێنادرێت و هەر لەسەر ئەم پرسەش دونیا هاتووەتە سەر هێڵ و ئەم بێ چارەنووسییە هۆکار بوو بۆئەوەى کە زۆرێکیان خوازیارى گەڕانەوە بن بۆ نیشتمان."

لە ناو ئەو لیژنەیەى دەچنە بێلاڕووس بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کۆچبەران، نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشنیازی ئەوەی کردووە، "فڕۆکەیەک بۆ ئەو کەسانە تەرخان بکرێت کە خواستی گەڕانەوەیان هەیە تا بگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق." 

هاوکات حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕاگەیێندراوەکەى روونیشدەکاتەوە، "بەشێکى ئەو پەناخوازانەی ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە، کێشەی پاسپۆرتیان هەیە، بەوەى کە لە سەفەرە نایاساییەکەیاندا پاسپۆرتەکانیان لەدەستداوە و بەشێکی دیکەشیان ڤیزاکانیان بەسەرچووە، هەر بۆیە جارێکی دیکە لەسەر فەرمانى لیژنە باڵاکەى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، تیمێکی باڵیۆزخانەی عێراق لە رووسیا چوونەتە بێلاڕووس بۆ کارئاسانی بۆ ئەو پەناخوازانەى کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە."

دەشڵێت، "پاسپۆرتی پەڕینەوە بۆ پەناخوازەکان دروست دەکەن و هەروەها لێخۆشبوونیش بۆ ئەو سزایانە دەردەکەن کە ڤیزاکانیان لە بێلاڕووس بەسەرچووە و داواش لە حکومەتی بێلاڕووس کراوەکە ئەو پەناخوازانە خەرجی پشکنینی کۆرۆناش لە فڕۆکەخانەکان نەدەن."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین