ڤیان سلێمان: ئەگەر هەڵمەتی هوشیاری نەبوایە ئافرەتان ئازاد نەدەبوون دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لە کاریگەرییەکانی هەڵماتی هوشیارکردنەوەی ئافرەتان و کاروباریان لە دامودەزگاکان دەکات و دەڵێت: ئەگەر ئەو هەڵماتانە نەبونایە ئافرەت نەیدەتوانی ئاوا ئازادبێت.

نوچەنێت:  ئەو  هەڵمەتانەی کە ساڵانە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان هەن کاریگەری لەسەر هوشیاربوونەوەی ئافرەتان هەیە؟

 ڤیان سلێمان: بێگومان بە دڵنیاییەوە. تەواوی ئەو هەوڵانەی لەلایەن رێکخراوە مەدەنییەکان ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو رێکارە یاساییانە هەموو ئەو زەمینەسازییانەی کە کراوە بۆ بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی لەسەر ئاستی کوردستان دا رۆلی خۆیان بینیوە، بە باشی هوشیاری بڵاو بووەتەوە، دەتوانین  بڵێین ئەگەر ئەو هەوڵانە نەبوایە ئەو توندوتیژییە کە ئێستا هەیە رەنگە زۆر زیاتر بوایە، رەنگە ئافرەت نەیدەتوانیایە ئەوەندە ئازاد بێت، یان بەو رێژەی ئێستا بەشداری تەواوی جومگەکانی ژیانی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەدەبی و رۆشنبیری بکات لە کۆمەڵگەدا.

نوچەنێت: چی بکرێت بۆ ئەوەی هەڵمەتەکان کاریگەرتر بن؟

ڤیان سلێمان: دەتوانین رێژەی توندوتیژی کەمبکەینەوە، چونکە تا مرۆڤ هەبێ توندوتیژی هەر دەبێ بەڵام رادەی توندوتیژیەکە دەتوانی زۆر کاڵ بکرێتەوە، بێگومان جۆری توندوتیژی بە پێی سەردەم لە ناو مرۆڤایەتیدا دەگۆرێت، دەبێ ئێمە خۆمان ئامادە بکەین بەردەوام بەرنامە و پلانی درێژخایەن و کورت خایەنمان هەبێت بۆ جۆری مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەو جۆرە توندتیژیانەی کە لە کۆمەڵگادا دروست دەبن، هەمیشە هەوڵ بدەین کۆمەڵگاکانمان کۆمەڵگەی مەدەنی بن و رووبەری ئازادی بۆ هەردوو رەگەز بەرفراوان بێت، رێزگرتن لە بەها مرۆڤایەتییەکان ببێتەوە مایەی پەروەدەی کۆمەڵگا و تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمە، بە یەک چاو سەیری رەگەزەکان بکرێت بێ جیاوازی کە هەردوکیان مرۆڤن.

نوچەنێت: ئەو کارە مەیدانییانە چین کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە مەبەستی هوشیارکردنەوە ئەنجامیان دەدات؟ 

ڤیان سلێمان: ئێمە بەردەوام ئەو جۆرە پرۆژانەمان هەیە، هەڵمەتەکانی ئێمە تەنیا لەو شانزە رۆژەدا نییە، بە درێژای ساڵ کاڵکردنەوە و نەهێشتنی توندوتیژی یەکێکە لەو بەرنامانەی کە کاری بۆ دەکەین. چالاکییەکانمان یەکێکە لە ئامانجەکانی ئێمە بۆ هەر چالاکییەک کە ئەنجامی دەدەین، دەبێ ئەو چالاکییە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی رێژەی توندوتیژی کەمبکاتەوە، بێگومان لە هەر شوێنێک کە هەبێ دیدی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان سەبارەت بە ئافرەت و بەهای ئافرەت و چۆنێتی ژیانی ئافرەت لە کوردستاندا، چۆنێتی بینینی لەناو خێزان و لەناو کۆمەڵگادا بۆ ئافرەتان شی دەکەینەوە و هانیان دەدەین ئەو رۆڵە ببین کە شایستەی مرۆڤ بوونی خۆیانە و کە پێگەیان دەگەیەنێتەوە بە پێگەیەکی یەکسان لەگەڵ رەگەزی بەرامبەردا، لە هەردوو ئۆرگانەکانی کۆمەڵگادا.

نوچەنێت: لەهەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بە مەبەستی بانگەشەکردن کۆڵان بە کۆڵان گەڕان و گوتاردان هەیە، دەکرێت بۆ پرسی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان کە ساڵانە چەند رۆژێک هەڵمەت هەیە، ئایا پێویست نییە هەمان رێ بگرێتە بەر؟

ڤیان سلێمان: بێگومان ئەوە جۆرێکە لە جۆرەکانی چالاکییەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان نەک لەم شانزە رۆژەدا، بەڵكو بە درێژای ساڵ لە کاتی سەردانەکانی ئێمە، یەکێتی ئافرەتان لە هەموو شوێنێک بوونمان هەیە. لە تەواوی ئەو شوێنانە هەین کە ئافرەت بوونی هەیە، و لەهەموو ئەو شوێنانەدا ئێمە باس لە شێوازی توندوتیژی جۆرەکانی توندوتیژی دەکەین و هەروەها دەبێ چیبکەین بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت نەکرێ، و چۆن دەبێ زەمینەسازی بۆ رەگەزی بەرامبەرمان بکەین لە ناو کۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی رێژەی ئەو توندوتیژیە تا رادەیەک کەمتر ببێتەوە، تەنانەت خودی تێگەیشتنی ئافرەت لەو بوارەدا دەبێتە یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی ئێمە، بۆیە هەڵمەتی دەرگا بە دەرگای ماڵان و دانیشتن لەگەڵ ئافرەتان لە ماڵەکانیاندا، ئەوە یەکێکە لە چالاکییەکانی ئێمە لەو هەڵمەتەی شانزە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە هەندێ ئەنجومەنەکانی ئێمە ئەنجام دەدرێت.

نوچەنێت: یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بۆ داڕشتن و سیاسەتی پارتی بەرامبەر بە حکومەتی نوێی عێراق  ئەگەر دابمەزرێ پرسی پێ دەکرێت؟

ڤیان سلێمان:  ئێمە وەکو  یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، پێش بانگەشەی هەڵبژاردن ئەو خاڵانەی کە مەبەستمانە یان لە بەرنامەی کاری پارتی دیموکراتی کوردستاندا جێگەی بگرێتەوە بۆ بەشداری کردنی پارتی لە حکومەتدا، چ لە حکومەتی کوردستان بێت یان حکومەتی عێراق، ئێمە ئەو خاڵانە ئاراستەی مەکتەبی سیاسی  پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین، هەمیشە لێمان وەرگیراوە و جێی کراوەتەوە لەناو بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، چ لەسەر ئاستی کوردستان بێت یانیش لەسەر ئاستی عێراق بێت.

نوچەنێت: یەکێتی ئافرەتان بەشێکە لە مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان، حیسابی بۆ دەکرێ یان لەسەر ئاستی گشتی حزبەکە حسابی لەسەر دەکرێت؟

ڤیان سلێمان: دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان، کە هەرسێ رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و یەکێتی لاوانی کوردستان و یەکێتی قوتابیانی کوردستان، هەروەها پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تەواوی سەندیکا و یەکێتییە پیشیەکاندا دەکات، لە چوارچێوەی سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بەو شێوازە حیسابیان بۆ دەکات، هەمیشە لە رێگای دەستەی رێکخراوە پیشەیی و جەماوەریەکاندا پێش هەڵبژاردنەکان بۆچوونەکانی ئێمە سەبارەت بە بەرنامەی کاری پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدەکان و هەر پرسێک تر بێت تایبەت بە پارتی دیموکراتی کوردستان بێت، لە رێگەی دەستەی رێکخراوە جەماوەرییەکانەوە دەگەیێندرێتەوە  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەندێ جاریش راستەوخۆ بەشداریمان لە کۆبوونەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردوە لەسەر ئەم بۆچونانە.

نوچەنێت: پێتوانیە پێویستە یەکێتی ئافرەتانی کوردستانیش مەکتەبێکی تایبەتی هەبێ، سەر بە مەکتەبی سیاسی وەکو مەکتەبی رێکخستن، مەکتەبی رۆشنبیری و راگەیاندن، مەکتەبی کۆمەڵایەتی، مەکتەبی ئافرەتانیش هەبێ؟ بۆ ئەوەی بەشێک نەبێ لە یەکێک لەو مەکتەبانە؟

ڤیان سلێمان: بەراستی لەلای من پرسی ئافرەت زۆر زۆر گرنگە و بوونی ئافرەت لەناو حیزبدا کاریگەرییەکی زۆری هەیە، تا حیزبەکان رێژەی رێکخستنەکانی ئافرەتان لەناو پارتەکان کەمبێتەوە، بێگومان رۆڵ و بەشداری ئافرەتانیش لەناو کۆمەڵگادا بە هەمان شێوە کەمدەبێتەوە، بۆیە دوو بواری زۆر گرنگ هەن کە ئافرەت دەبێ رۆلی کاریگەری تێدا ببینێتەوە، یەکەم بواری سیاسەتە کە لەناو حیزبەوە دەستپێدەکات، دووەم بواری ئابورییە، بۆیە ئەگەر ئێمە بمانەوێ ئافرەت بە رۆلێکی کاریگەرتر بەشداری کۆمەڵگەی کوردستانی بێت، دەبێ بونی ئافرەتان لەو دوو بوارەدا زۆر بەهێزتر  بێت، بۆیە هیوام وایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەم روانگەیەوە زیاتر کار بکات و بەرنامەی تۆکمەتری هەبێ بۆ بەشداری فراوانی ئافرەتان، چاوەرێین لە کۆنگرەی ١٤ پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەنجام بدرێت، گۆرانکاری زۆر باش لە بەرژەوەندی ئافرەتان ئەنجام بدرێت، ببێتە دەرگایەک بۆ زیاتر بەهێزبوونی ئافرەتان لە بواری سیاسەت، کاریگەرتربوونی ئافرەت لە ناوەندەکانی بریارداندا لەسەر ئاستی کوردستان دا.

پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەتی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بروایەکی تەواوی بە یەکسانی هەردوو رەگەز هەیە بروای بە مافەکانی ئافرەتان هەیە، بروای بە رۆلی ئافرەت هەیە کە بەشداری شۆرشەکانی کردوە بە هەمان شێوە دەبێ بەشداری تەواوی جومگەکانی ژیانیش بێت، بەردەوام پاڵپشتی لە ئافرەتان کردوە. و پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەمین پارتە لەسەر ئاستی کوردستان کە رێگەی بۆ ئافرەت خۆشکردووە پلەی سەرکردایەتی وەربگرێ و لەناو تەواوی ناوەندەکانی بریارداندا بوونی هەبێ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین