دڵان ئیسماعیل: شه‌ڵته‌رى ئافره‌تان پیاوانیش له‌وه‌ ده‌پارێزێت ببنه‌ بكوژ دیمانە و راپۆرت

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

دڵان ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن و لێژنه‌ى جێنده‌ر لە DOLSA ی هەولێر، له‌ دیمانه‌یه‌كى نوچه‌نێت باس له‌ رۆڵى شه‌ڵته‌ره‌كانى داڵده‌دانى ئافره‌تان ده‌كات له‌ رووى كه‌مكردنه‌وه‌ى تاوان له‌ناو كۆمه‌ڵگادا و ده‌ڵێ، "شه‌ڵته‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ته‌نیا ژنێك له‌ كووشتن بپارێزێت، به‌ڵكو پیاوێكیش له‌وه‌ ده‌پارێزێت ببێته‌ بكوژ".

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر وركشۆپێكت له‌سه‌ر شه‌ڵته‌ره‌كان ئه‌نجام دا، ده‌مانه‌وێ سه‌ره‌تا باسى ئه‌وه‌مان بۆ بكه‌یت؟

ناونیشانەکەی بە ناوی "رۆڵی شەڵتەرەکانی ژنان لە کەمکردنەوەی تاوانی کۆمەڵایەتی" ئەو گۆشەی شەڵتەر بەراستی زۆر فەرامۆش کراوە، ئێمە هەمیشە له‌ داموده‌زگاكان سه‌رنجه‌كان لەسەر کەموکوڕییەکانە. بەڵام ئەم جارە لامان باش بوو یەکەمجار فۆکس بخەینە سەر لایەنی بەهێزی ئەو دامه‌زراوه‌یه‌. بۆ نموونە ژنێک کە داڵدە دەدرێت لە شه‌ڵتەر بە تایبەت ئەوانەی کە هەڕەشەی تووندیان لەسەرە ئەو ژنە تۆ دەیپارێزی لە کووشتن. لە هەمان کاتدا کەسێکت پاراستووه‌ لەوەی ببێت بە بکوژ. کەواتە ئەوە وا دەکات رووداێکی کووشتن لە کۆمەڵگادا کەم بکاتەوە. حاڵەتی دووەم ئەو کچانەی تووشی گرفتی زۆر گەورەبوونە کە پەنایان بۆ خۆکووشتن بردووە، یان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، کە دێنە شەڵتەر چاودێری بەردەوام دەکرێت. توێژەری کۆمەڵایەتی و دەروونی هەیە قسەیان لەگەڵ دەکات و ئارامیان دەکەنەوە. ئه‌و رێكارییه‌ یاسایانەی کە هەیە لە رێگای دادگا و پارێزەرانەوە بۆیان دەکرێت تاکو ئارام ببنەوە پەنا نەبه‌نە بەر خۆكووشتن.

شه‌ڵته‌رى داڵده‌دان ژنانى خاوه‌ن كێشه‌ى ده‌روونیش داڵده‌ ده‌دات

 

ئه‌ى کەموکورییەکانى شه‌ڵته‌ر چین ؟

بێگومان کەموکوڕی زۆرە بە تایبەت لە شەڵتەری هەولێر. یەکەمین شت بینایەکەی زۆر بچووکە ژوورەکانی زۆر تەسكن. ژمارەی کەیس بەرامبەر بینایەکە زۆر ناهاوسەنگە. یانی ژمارەی کەیسه‌كان زۆرە و بینایەکەش بچووکە و کواڵێتی خراپە، هۆڵێکی گەورەی نییە، کتێبخانەیەکی پتەوی نییە کە شوێنی پشوودانیان بێت. چەندان جار داواکراوە تەنانەت ئەنجومەنی وەزیران رازیبوونیشی هه‌بووه‌، بۆ ئەوەی شەڵتەرێکی نوێ دروست بکرێت بەڵام تاکو ئێستا نەکەوتۆتە بواری جیبەجێ کردن.

 لەگەڵ ئەوەش هەندێ کەیس هەیە چەندان ساڵ ماوەتەوە، ئامارمان لایە تەنیا ئەمساڵ تاکو کۆتایی مانگی 10 دا 298 کەیس هاتووە. بەڵام 250 دەرچووە. هەندێ کەیس هەیە چەند چەند رۆژێك دەمێنێتەوە هەیە بە مانگ و ساڵ. کەیس هەیە چه‌ندان ساڵه‌ لێره‌یه‌ و تا ئیستاش دەرنەچووە، واتا بەپێی کێشەکە دەگۆرێت. 

ئەو کەیسانەی کە ماونەتەوە زۆربەی کات بێ ماڵن، کەیس هەیە هیچ کێشەیەکی نییە بەڵام هیچ شوێنێکی نییە بێ کەسوکارە. جگە لەمەش 14 نەخۆشی دەروونیشمان لایە کە نەخۆشی زۆر تووندن، ڕێك پێچەوانەی رێنمایە کە نابێت نەخۆشی دەروونی لە شەڵتەر هەبێت. بەڵام ناچاری لە جیاتی لە سەر شەقامەکان بێت دەبێت لێرە شوێنی دابین بکەین. 

بۆچی رەوانەی نەخۆشخانەی دەروونیان ناکەن؟

لە شه‌ڵتەریش یەک توێژه‌رى دەروونیمان هەیە بەپێی رێنمایی دەڵێت نەخۆش دەبێت یاوه‌رى هەبێت و کەسێکی لەگەڵ بێت ئەگەرنا وەرناگیرێت. بەڵام سەیرکە ئەو کەسە کەسوکاری نییە کێی لەگەڵ بنێرین. کەواتە لێرەدا ناچارى ئەوە قبووڵ بکەی و کێشەیەکی گەورەیە بوونی نەخۆشی دەروونی لەناو شەڵتەر. 

بڕیار وایە سێ نەخۆشخانەی گەورە دروست بکرێت لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك، بەڵام نازانین چ کات جێبەجێ دەکرێت. ئەمە دەبێتەوە کارئاسانییەك هەر چۆن بێت کە نەخۆشی دەروونی هەیە رەوانه‌ی ئەوێ دەکەی. ئەوانە دەرمانیان پێویستە، دکتۆریان پێویستە، پەرستاریان پێویستە، دەبێت لەژێر چاودێری بن ئەو کارەش لێرە ناکرێت. زۆربەی کات دەبێت بنكه‌ى پۆلیس بێت هاتووچۆیان پێ بکات تاکو دەرمان وەردەگرن. ئەوە حاڵەتێك . حاڵەتی تر ئەوەیە ئافرەتی وا هەیە تەڵاق دراوە و هیج کێشەیەکی نییە و لەڕووی دەروونیەوە زۆر باشە بەڵام مێردەکەی نایەوێت دێت بۆ ئێرە لەگەڵ ئەوەش ئافرەت هەیە منداڵەکەشی لەگەڵە. حاڵەتی تر هەیە هەڕەشەی توندی لەسەرە تا ئێستا سوڵح نەکراوە. هەیشە هەڕەشەی لەسەر بووە بەڵام ئێستا لەسەری نەمایەوە و فایلی داخراوە بەس لەناو کەسوکار حاشای لێکراوە و وەرناگیرێتەوە، ئەوانە زیاتر دەمێنەوە. ئەوانی تر کێشەیەکی سادەیە هەڕەشەیەکی سادەیە چارەسەر دەکرێت و دەردەچێت.
 

وا بیستراوە هەمیشە ئەو کەیسانەی دەچن بۆ شەڵتەر ئەگەرچی کەیسیکی سادە بێت بەڵام گەورە دەکرێت ؟

شەڵتەر روویەکی زۆر نەرینی لەناو کۆمەڵگا هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئێستا باشتر بووە، پێیانوایە کە ئەو شوێنە ئەمنیەتێکی لە شێوەی نییە کە ئەو کەسانە بپارێزرێن و رەنگە ئەو ژنانە بەکاربهێنرێن وا بیر دەکەنەوە. بەڵام رووە راستیەکە نازانن. رەنگە %10 کەیسەکان ناپاکی هاوسەرگیری بێت و لە %20 کەیسەکان پەیوەندی خۆشەویستی ماوە ئەوانی تر هەمووی لێدانە یاخود مێردی لەگەڵی خراپە یاخود باوك و برای یاخود بێبەشی دەکەن لە بەشە میرات دەیەوێت لە رێگای حکومەتەوە حەقی خۆی وەرگرێت. ئەوانەی کە دەچنە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جاروایە بە بێ رەزامەندی کەیسەکە یەکسەر رەوانەی شەڵتەر دەکرێت. هەشە حاکم حسابی ئەوە دەکات ئەو کەسە هەڕەشەی لێ بکرێت ئەوان نایەنەوێت کەیس بە ناچاری بێتە شەڵتەر بەڵام حسابی ئەوە دەکەن کەسەکە رەنگە بەخۆی نەزانێت لایەك کەسێك شتیکی لێ بکات. لەلایەکی ترەوە کەیسی وا هەیە منداڵەکە دایک و باوکی نەماوە لەلای مامیەتی مامی ئەزیەتی دەدات هەڵدێت. لێرەدا کۆمەڵگا بینینێکی زۆر خراپی لەبارە شەڵتەرەوە هەیە. هەندێ کەیس هەیە دەمەقاڵی لەگەڵ هاوسەرەکەی دەکات دێت بۆ ئێرە هیچ پێویست ناکات چونکە شەڵتەر بۆ ژنانێکە کە هەرەشەیان لێکراوە یاخود توندوتیژی توندیان بەرانبەر کراوە.

بڕیارى دروستكردنى  باڵه‌خانه‌ بۆ شه‌ڵته‌ره‌كان دراوه‌

لەرووی یاساوە وەرگرتنی ئەو کەیسانە چۆن دەبێت ؟

بێگومان لە رێگای دادگاوە دێن، شەڵتەر ماڵێکە چارەسەری کێشەکان دەکرێت لە رێگای پارێزەرەوە، بەڵام دواجار دادگای یەكلای دەکاتەوە ئایا ئەو کەیسە دەردەچێت یاخود دەمێنێتەوە. تەنیا  لەرووی دەروونیەوە ئارامیان دەکەینەوە پارێزەر لە دەرەوە بەدواداچوون بۆ کێشەکان دەکات چونکە وەک دەزانێت ئەوان ناتوانن بچنە دەرەوە. تاکو دادگا رەزامەندی نەدات بەهیچ جۆرێک ناتوانین بیانبەینە دەرەوە.

ئەو شەڵتەرانە لەلایەن کێ چاودێری دەکرێن؟

بێگومان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان چاودێری دەکرێت، خۆی تا 2009 لە لایەن رێکخراوەکان بوو، بەڵام دواتر چووە ژێر چاودێری حکومەتی هەڕێمی کوردستان. بەڵام بەهاوبەشی نێوان بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لەرووی هاتووچۆ و پاراستنیان  لەرووی ستاف و ئیدارەوە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.

سەردانی هەیە بێت بۆ لایەن ؟

بێگومان سەدانیکەر هەیە، ژووری پێشوازی هەیە کە پێشوەختە خێزانەکانیان پەیوەندی دەکەن دێن بیانبینن. رۆژ نا رۆژێکیش بۆ ماوەی سێ خولەك دەتوانن پەیوەندی بکەن. رێژە زۆرەکەی تەمەن لە 11 ساڵیەوە بۆ 35 ساڵە.

لە چ کاتێكی توندوتیژی ژن دەبێت بێتە شەڵتەر؟

لە هەموو حاڵەتێکی بوونی توندوتیژی دەبێت ئەو ژنە بێته‌ وه‌ڵام و داوای حەق و مافی خۆی بکات، بەپێی ئامار زۆرترین رێژەی ئەو کەیسانەی کە لە شەڵتەرن توندوتیژی جەستەیان بەرانبەر کراوە. جا لێدان بێت یاخود دەست درێژی سێکسی. کەیسیش هەیە بەس ئازاری دەروونیيە بەس قسەی پێگۆتراوە. بەڵام وەکو گوتمان زۆربەی توندوتیژیەکان جەستەیە کە لە %30 یە.

ئەنجامی توێژینەوەکەت چۆن بوو؟

بێگومان توێژینەوەکە لە %80 تەواو بووە. هەندێ ئەنجام بەدەرکەوتووە، یەکێک لە ئەنجامی توێژینەوەکە کە شۆك بوو ئەوەیە ئەو ژنانەی کە دێن بۆ شەڵتەر کێشەی داراییان نییە. کە ئێمە وا بیردەکەینەوە ژنێك کێشەی هەبێت داراییە، بەڵام بە پێچەوانەبوو. زۆربەی کەیسەکانیش لەناو سەنتەری شاری هەولێرە، بە کەمی قەزا و ناحیەکان هەن. زۆرترین رێژە وەك گوتمان جەستەی بوو بە پلە یەك، ئینجا دەروونی. هەموویان گلەییان لە نەخۆشە دەروونیەکان هەبوو، گلەییان لە بیناکە هەبوو، بەڵام وەکو هەستکردن بە ئارامی هەموو هەست بە ئارامی دەکەن. کێشەیەك هەیە ئەویش رێكاری كارگێڕى زۆر بە هێواشی دەڕوات لە دادگا، ئەوەش لەبەر ئەوەی کەیس زۆرە. لەگەڵ ئەوەش 2019 زۆرترین کەیس هەبوو. 

جیاوازی چاکسازی و شەڵتەر چییە؟

ئەو کەسانەی کە لە چاکسازیدان دادگا بڕیاری داوە کە ئەو کەسە تاوانبارە، بەڵام لە شەڵتەر کەسانیک کە ژیانیان لە مەترسیدایە و توندوتیژییان لەبەرانبەر کراوە. میدیا زۆر گرنگە کە رۆڵی هەبێت لەو بابەتانە، زۆربەی کات ئەو کەسانەی کە پەیوەندیدارن بە شەڵتەرەکان خۆیان لە میدیا دەپارێزن لەبەر ئەوەی میدیای ‌ئێمە تاڕادەیەکی زۆر کار بۆ بینین دەکات لەوەی کار بۆ کواڵێتی بینەر بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین