بەیان سەلمان: پیاو پانتایی نوسین بە هی خۆی دەزانێت و ژن بە داگیرکار دیمانە و راپۆرت

گفتوگۆ: بەهرە حەمەڕەش

ژنە نوسەر و وەرگێڕی کورد، بەیان سەلمان، لە گفتوگۆیەکی نوچە ئاماژە بەکۆمەڵێک کێشە لەبەردەم ژنی نوسەر لە کوردستان دەدات، هەروەها سەبارەت بە دۆخی ئێستای ژن لە کوردستانی باشور دەڵێت: بە کەتەلۆگکردنی ژنە بە پێی خواست و ئارەزووی کۆمەڵ و نەریت و ئاین و رێسای باو، کە ژن لە باو لای دا دەبێتە جێی توانج و هێرشکردن بۆ سەری. لە کاتێکدا هەردوو دیاردەکە بەرهەمی ناکۆکی فیکر و باوەڕی پیاون. هەچ کات ژن بە خواست و ئیرادەی خۆی بە کردەوەیەک هەڵسا، ئەو دەمە قسە لەسەر دیاردە ناکرێ، بەڵکو لەسەر تاکە کەس قسە دەکرێت. 

"ژن، فیکر و فەلسەفەیان نەگوتووە"، ئەوە قسەیەکی باوی دونیای نووسەر و نوخبەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؟ ئەو بۆچوونە بۆچی لە ناو نوخبەی رۆشنبیر تا ئێستا هەیە؟

بەیان سەلمان: لە جێی تریش ئەوەم گوتووە، پیاو، پانتایی نووسین بە هی خۆی دەزانێ. ئیدی کاتێ ژن دێتە ناو ئەو پانتاییە بە بۆچوونی پیاو دەبێتە فاکتەرێکی داگیرکار و بۆ خۆی داگیری دەکات و خەسڵەتی پانتاییەکەش دەگۆڕدرێت. 

لە فیکر و هەڵوێستی داگیرکاریشدا وەها تەماشای دۆخێک دەکرێت کە بۆچوونی باوی کۆمەڵ و نەریت و ڕێساکان و کولتووریش هەڵدەگێڕێتەوە؛ لەو بۆچوونەوە ژن لەو بوارانەدا دێنە ئارا کە پێویستیی گۆڕانکاریی دەخەنەڕوو. بێجگە لەوەی ئەو وتەیە سواوە و لە دونیای ئەمڕۆ هەر جێی نەماوە.

 بەراستی ژنانێکی زۆر بە توانا هەن کە خۆیان بۆ فیکر و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زۆر گرنگ تەرخان کردووە. ئەم بۆچوونە لە داهاتوودا وەکو خۆی نامێنێت. ئەو هەموو گەشەی ئینفۆرماتیک و تۆڕی کۆمەڵایەتی لایەکی باشییان لەو چاوکرانەوەیەدایە. چیتر ژن رازی نابێت کە لە شانۆگەرییەکدا ڕۆڵێکی فرە بچووکی بەسەردا بسەپێنن، لە چەشنی (کومپارسێک) بخرێتە سەر سەکۆی ژیانی خۆی و پیاو دەرهێنەرەکەیەتی. بەڵام دروستە ئەمەی باسی دەکەم هێشتا قۆناغی چاوکردنەوەیە؛ هەر بۆیە تێبینی دەکەین کە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەومانان، جۆرێک لە تێکەڵکردنی چەمکی گەشەکردن و دواکەوتویی لە ئارادایە کاتێ دیاردەیەکی کچانی مۆدێل دەکرێنە سینەمای خەڵک؛ یاخود کچ گەلێکی هەرزەکار پێکەوە لەچک لەسەر دەکەن. دەبینین لە هەردوو دیاردەکەدا هێرش دەکرێتە سەر هەردوو لایان، تەنانەت لەلایەن خودی ژنانی فیمینیستیشەوە.

 لە بنەڕەتیشدا، هەردوو دیاردەکە نمونەیەکن لە قوربانی، وێنەیەکی دووبارەکراوەن لەو سەردەمە هەرە کۆنانەی تێیدا کچی پاکیزە پێشکەش بە خواوەندەکان کراون بۆ ئەوەی بەڵایان لەسەر لابدات، وەک نەبوونی باران و برسێتی و مانگگیران و هتد. هەموو ئەو قوربانییەش لە ڕیورەسمێکدا ئەنجام دەدرێ، کچانی مۆدێل بە یەک جۆر بەرگی سفوور خۆیان نمایش دەکەن؛ کچە ئاینییەکان پێکەوە لەچک لەسەر دەکەن و بە یەک رەنگی سەرپۆش. ئەم یەک رەنگییە نموونەیەکە لە بێ دەسەڵاتی و وێنەیەکە لە فیکری تۆتالیتاری زاڵبوو کە کار دەکات بۆ پیرۆزکردنی بیرو باوەڕی خۆی. هەروەها بە کەتەلۆگکردنی ژنە بە پێی خواست و ئارەزووی کۆمەڵ و نەریت و ئاین و رێسای باو، کە ژن لە باو لای دا دەبێتە جێی توانج و هێرشکردن بۆ سەری. لە کاتێکدا هەردوو دیاردەکە بەرهەمی ناکۆکی فیکر و باوەڕی پیاون. هەچ کات ژن بە خواست و ئیرادەی خۆی بە کردەوەیەک هەڵسا، ئەو دەمە قسە لەسەر دیاردە ناکرێ، بەڵکو لەسەر تاکە کەس قسە دەکرێت. 

 

قسەیەکی دیکەی باوی هەموو نوخبە ئەوەیە، کە دەڵێن: "ژنان داهێنەر نین"، لێکدانەوەت بۆ ئەمە چییە؟

بەیان سەلمان: ئەو بنەمایەی پێشوو ئاماژەم پێ کرد، دەگاتەوە بەم خاڵەیان. بێگومان پیاوی پەروەردەی کۆمەڵی نەریتیی پێی ناخۆشە ئەو دۆخە بگۆڕدرێ کە سەدان ساڵە لەسەری رایدەهێنن. گوایە ئەو پارێزەری ڕەوشت و رێچکەی خێزان و پاراستنی تاکەکانە. ئەو ئەسڵە و ژن تەنها کۆپییەکی ئەوە. بەم واتایە لە فیکری ئاینیی و ئەفسانەدا، وەها هاتووە کە ئادەم دروست کرا ئەوجا حەوا لە پەراسوویەکی ئەو دروست کرا، کەوابێ ئادەم ئەسڵی مرۆڤە، روحی داهێنەرە و ژن کۆپییەکی ئەوە، وێنەیەکە تیشک دەداتەوە، واتە لە بواری داهێناندا بنەڕەت نییە. ئیدی ئەم بۆچوونە هەتا ئەمڕۆ جێگیرە، کە ژن خاوەنی داهێنان نیە و هەمیشە هەوڵ دەدرێ بەرهەمەکانی، چ ئەدەبی بن یان هونەریی و زانستی و فەلسەفی و لە بواری کارکردندا بن... بخرێنە پەرواێز تاکو لە بایەخیان کەمکرێتەوە. ئەوەش بنەمای هەموو فیکرێکی باو و کۆنەپەرستە.   
 

"دەبێ مامەڵە لەگەڵ واقیع بکەی" یەک لە ئامۆژگارییەکانە، ئایا ژنێکی نووسەر و خاوەن هزر، دەتوانێ لەم مامەڵەیە سەرکەوتوبێ؟  یان مامەڵە لەگەڵ واقیع بکات؟

بەیان سەلمان: خۆی واقیع چیە؟ ئەگەر مەبەست لە زەمینەی کارکردنە، ئەوە دەبێ سەد دەر سەد بگۆڕدرێت و لە قازانجی ژن و پیاویش بگۆڕدرێت. ئەگەریش مەبەست لە راستییە، ئەمەش هەر ناگاتەوە بە بیرۆکەی چۆن چۆنی مامەڵەی ئەو راستیانە بکرێن کە هیچیان راستی نین، مەگەر لە روانگەی کەسانێک و گروپ و کۆمەڵگایەک، واتە خودی ئەو راستییە پێچەوانەی ئەوەیە کە کاریشی بۆ بکرێت. لە پێشاندا دەبێ دەست بکرێت بە سەرلەنوێ لێدانی بناغەی پەروەردە؛ واتە هەڵوەشانەوەی تەواویی ئەو سیستەمە و نوێکردنەوەی، چونکە ژنان لە هێڵی پێشەوەن بۆ پەروەردەکردنی کوڕ و کچ. گرنگە بزانن چۆن بۆ داهاتوو کوڕەکانیان ئامادە دەکەن بۆ ژیانێکی تەندروست کە ژن و پیاو یەکسانن. هەروەها چۆن کچەکانیان ئامادە بکەن بۆ ژیانی داهاتوویان کە هەست بە کەمبوون نەکەن و گەشە بە توانا و بەهرەکانیان بدەن. ئەگەر ئێمە دەمانەوێ مامەڵەی ئەو واقیعە بکەین، دوو ڕێگامان لە بەردەمدا نیە، بەڵکو تاقە ڕێگایەکە کە دەبێ هەڵیبژێرین بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵی کورد لەسەر بنەمایەکی تەندروست، تێیدا ژن و پیاو تەبابن، نەک قینیان لەیەکتری بێت و دژی یەکتری تێکۆشن. ئەم تێکۆشانە  بێگومان لە قازانجی دوژمن و نەیارە و سوودی بۆ هیچ لایەکیان نیە.

لە رۆمانی"شەوانی ئادەم"، مرۆڤەکان لە بێدەنگیدا بۆخۆیان دەگەڕێن... پێتوایە پێویستە مرۆڤە خاوەن فیکرەکان سەرزەمینێکی نوێ بۆخۆیان بدۆزنەوە و ناو و ناونیشانی جیاواز بۆخۆیان هەڵبژێرن، هەم خۆیان بدۆزنەوە هەم خۆیان ون بکەن؟

بەیان سەلمان: بەو شێوەیە سەیری ناکەم. بەڵکو مرۆڤ لە دوای جەنگ و شەڕی ناوخۆ و جینۆساید و وێرانە هەرگیز وەکو خۆی نامێنێت. بۆچوونی مرۆڤ دەگۆڕێ، سەبارەت بە خۆشەویستی و قین، سەبارەت بە شوێن و کات، سەبارەت بە خودی ژیان و مردن... ئەم جێگۆڕکێیە هزری تری لێ بەرهەم دێت کە تەواو جیاوازە لەوەی پێشتر هەیبووە. کەسێک کە بەناو شەڕدا تێپەڕ دەبێ و تەنها بە رێکەوتێک ئەویش نامرێ، ناکرێ بیرو بۆچوونی نەگۆڕێ. دواجار دەتوانم بڵێم کە هەموو کەسێک، نەک تەنها خاوەن فیکر، ئازادە لەوەی کام ژیان بۆ داهاتووی خۆی هەڵدەبژێرێت و چۆنی هەڵدەبژێرێت. کێشەی ئێمەی ڕۆژهەڵاتی لەوەدایە، مرۆڤ وابەستەی کۆمەڵێک چەمکە کە نایەوێ بیانگۆڕێ، لە کاتێکدا بۆ دەستپێکردنەوە، گرنگە مرۆڤ ژیانێکی نوێ بۆ خۆی هەڵبژێرێت. ئەمە مافێکی هەتا بڵێی ئاساییە. لەبەر ئەم هۆیەش لەو ڕۆمانەدا هەڵبژاردن لەبەردەستی کەسایەتیەکانە کە یان بگەڕێنەوە بۆ ناو شەڕ و کوشتار و وێرانە؛ یاخود لە جێیەکدا بە ئاسودەیی بژین و لاپەڕەی ئەو ژیانەی پێشوو داخەن و ئەم لاپەڕە نوێیە بکەنەوە. فیکری مرۆڤیش لەدوای ئەو جۆرە جێگیربوونەش هەر وەکو خۆی نامێنێت، زۆر چاک دەکرێ لەوەدواش گۆڕانکاری دیکە بەسەر بیرو بووچوونیدا بێت و رەوتێکی تری ژیان هەڵبژێرێت. ئەمە تایبەتمەندێتی مرۆڤە کە هەمیشە لە پرۆسەیەکی خۆهەڵسەنگاندن و گۆڕاندایە.    
 

لە هەمان رۆمانی "شەوانی ئادەم" باس لە ئەنفال دەکەی، پێتوایە ئێمە تا ئێستاش لە ژێر داگیرکاری و ئەنفالی هزر و کولتوورداین؟

بەیان سەلمان: ئەنفال بە بێگومان جینۆسایدە، ئەگەرچی هەتا ئێستاش لەبەر هۆی گەورەی سیاسی، نەتەوە یەکگرتوەکان نایخەنە نێو ئەو پێناسەیەوە، بەڵام کە جینۆساید ئەنجام درا، تەنها بۆ سڕینەوەی جەستەی مرۆڤ نیە، بەڵکو ریشەبڕیی فیکریی و نەتەوەیی و کولتووری و هەموو خەسڵەتێکی ئەو نەتەوەیە لەبەرچاو دەگیرێ. ئەو رژێمانەی بە رەشەکوژی هەڵدەسن، ترسێک لە گەشەکردنی فیکری ئازادی ئەو میللەتەیان هەیە. هەموو رەشەکوژییەکیش بۆ لەناودانی ئەو فیکرەشە کە مرۆڤی ئازاد بەرهەم دەهێنێت. ئەو سیاسەتەی دژی کوردیش بە ناوی (ئەنفال) ئەنجام درا، هەتا ئەمڕۆ رەنگ دەداتەوە. بێگومان هەر کاتێکیش دیسان بۆیان بلوێ ئەنجامی دەدەنەوە و هەمان هەڵویستیش پەیڕەو دەکرێ، هەر وەکو ئەمڕۆ، کە بە جینۆساید پێناسەی ناکەن. کاتێ لەناو رۆمانێک باس لە ئەنفال دەکەین، مەبەست لە هەموو جۆرە جیۆسایدێکیشە، نەک تەنها هی کورد. ئەوە دۆخێکی مرۆڤە دژی مرۆڤ، چونکە ئەگەر مرۆڤ تەماشای مرۆڤی تری بکردبایە کە ژیان زۆر بە نرخە، وەها بە سادەیی مافیان بە خۆیان نەدەدا میللەتێک و رەگەزێک و ئیتنیەک و ئاینیکی تر بسڕنەوە. ئەی سەرهەڵدانی داعش و هێرشکردن و سەبیکردنی ژنانی ئیزیدی و مەسیحی لەم سەردەمەدا چی بوو؟  

تۆ لە قسەکردنێکدا باس لە مرۆڤ (ژن بێت یان پیاو) دەکەی دیدێکی مرۆییانەیە، بەڵام پێتوانییە لە سەر زەمینێکین، کە رۆڵەکان لە سەر بنەمای هەڵاواردن و جیاکاری دابەشکراون.

بەیان سەلمان: بێگومان وایە، بەڵام ئەوە ماف بە هیچ کەسێک نادات ناڕەوا بێت! مەبەستم لەوەیە وێڕای جیاکاری و دابەشکردنی ڕۆڵیش، ژن دەبێ لە بۆچوونێکی زۆر مرۆیانەوە تەماشای دۆخەکەی بکات، نەک لەبەر ئەوەی ستەملێکراوە ئەویش ببێتەوە بە ستەمکار. دروستە کە پیاو زۆر ناڕەوایە بەرامبەر بە ژن، زۆربەیان وەک ئامرازێک بۆ چێژ وەرگرتن و منداڵ نانەوە سەیری دەکەن، لە هەموو مافێکی ئازادیی بیرو ڕا و هەڵبژرادن بێ بەشی دەکەن، چونکە ئەوە کە پشت بە سیستەمێکی باوکسالاری دەسەڵاتی بەدەستە. لە چەندین شوێنیش باسی ئەوەم کردووە، ئەمە پێی دەگوترێ "باوک سالاری" نەک "پیاو و نێر سالاری!" لەبەر ئەوەی ئەو باوکەیە کە پشت بە بنەمای سیستەمێکی دەسەڵاتی باوک ستەمکاریی لە ژن و کچ و بوک و کوڕەکەشی دەکات. کارکردن لە بواری ژن و گەشەدان بە فیکری فیمینیستی بە تێکۆشانی راستەقینە دێتە بەرهەم نەک بەوەی کام لەو ژنانە گوایە پێشەوان و یەکەم کەس بوون و تەنانەت بە پلەی دووش رازی نابن کە هەوڵیان بۆ دۆخی ژن داوە! خودی فیمینیزم بەردەوام لە توێژینەوە و هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیە بۆ هەموو جیاوازییەک کە لەسەر فیکری مێژوویی و جەندەر بونیاد نراوە. خاڵی کارکردن پێویستە لێرەوە بێت.

"مرۆڤ هەمیشە لە قەیراندایە"، ئەمە قسەیەکی جەنابتە پێتوایە ئێمە کەرەستەکانی خۆ دۆزینەوە و دەرچوون لە قەیرانمان هەیە؟

بەیان سەلمان: دەبێ بزانین لە چ کۆنتێکستکدا ئەوەم گوتووە. سەرەتا قەیران وەک نەخۆشییەکە لەپڕ دێت و بە چارەسەرکردنی دەبێ کۆتایی پێ بێت. لە کاتێکدا ئەوەی من مەبەستمە بیڵیم، قەیران بەوەی کتوپڕیشە، دێت و دەڕوات و دەگەڕێتەوە، بەڵام لە فۆرمی هەمەجۆر دەردەکەونەوە. دەمەوێ بشڵێم، هەتا ئێستا مرۆڤ نەیتوانیوە ڕێگاچارەیەک بۆ نەخۆشیەکانی بدۆزێتەوە؛ نە نووسین، نە گۆڕینی سیستەمەکان، نە تەنانەت ئەوەی بە بەرپابوونی ئازادی تاک و کومەڵگا پێناسەی دەکرێ، کە من زۆر بڕوام پێ نییە، چونکە هەموو کەس لەو سیستەمە ئازادیەدا یەکسان نین! قەیرانێکی جیهانی لە ئارادایە هەموو مرۆڤی گرتۆتەوە، هەتا رادەیەک بەهای فیکر و پرەنسیپیەکان کاڵ بوونەتەوە و مرۆڤی بێ ئومێد کردووە. ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات، گروپی زۆر بچووک لە دونیادا هەن کە بەرژەوەندییان لە هەموو شوێنێک پارێزراوە و زۆرینەی خەڵک لە پەراوێزدا دەژین. هەتا ئەم دۆخی کەمایەتی و زۆرینە و دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات چارەسەر نەکرێت، هەر لە قەیراندا دەبین. وشەی قەیران، لە فەرەنسیدا (کریز) crise لەبنەڕەتدا بۆ دۆخی نەخۆشییەکە کە دەمێکە لێرەیە، یاخود سیندرۆمەکانی (اعراض) لە ئارادابوون، بەڵام کتوپڕ نەخۆشییەکە دەرەکەوێت. تەنانەت بە (جەڵتەی دڵ) دەڵێن (کریز کاردیاک) crise cardiaque واتە (قەیرانی دڵ)!  
 

بەیان (ژن، کورد، کەرکوکییە)، ئەم هەرسێ ناونیشانە لە مرۆڤێکدا زەحمەتییەکانی ژیانی زیاتر تێدا بەرجەستە دەبێت. چۆن ئەم هەموو نەهامەتییەت کردووە بە بەرهەم و توانیوتە ئەو رۆماننووس و نووسەرێکی ئەم ئاستە لە هزر و تێگەیشتنت لێدەرچێ؟

بەیان سەلمان: سەرەتا پێمخۆشە بڵێم، بە راستی من خۆم هەرگیز لە ئاستێکدا دانەناوە کە لە بورجێکی بەرزدا بم ئیدی کەس نە دەستی پێم بگات، یاخود پێم نەگاتەوە. ئەوەی زۆر راستە لێرەدا، بابەتی تێکۆشانە کە بە راستی و بە جددیش تێکۆشاوم و ئیشی زۆرم لەسەر خۆم کردووە تاکو "ببمە" نووسەرێک. هەندێ کەس بەباشیی لەوە تێ نەگەیشتوون کە نووسەربوونیش ئیشکردنێکی گەورەیە لەسەر خود؛ لەسەر کەسایەتی؛ لە سەر ئاستی فیکر و پێگەیشتنی دەروونی؛ لە سەر ئاستی دڵگەورەیی و لێبوردن؛ لە سەر ئاستی تێگەشتن و شیکردنەوە و تەنانەت پێشبینیی ڕووداگەلێکی داهاتووش؛ بێجگەلەوەی بەردەوام لە لێکۆڵینەوەدا بیت لەبارەی مێژووت،  واتە هەرچی رابردووتە بیپشکنی بۆ ئەوەی لە ڕێی نووسینەوە دەرچێت لەو نەهامتییەی ئاماژەت پێ کرد. 

هەر لەبەر ئەوەی ژنم و کوردم و خەڵکی کەرکوکیشم بە دڵنیاییەوە کۆسپەکان زیاتر بوون. چونکە لە ڕووییەکەوە ئێمە ریشەکێش کراوین لە کەرکوک، لەگەڵ هەموو خێزانەکەیشم، بەو هۆیەوە زۆر بەزەحمەت جێت دەبێتەوە لەناو دونیایەکی ئەدەب کە لەبنەڕەتدا دەبوو کرانەوە و فرە رەهەندی بۆچوون بەسەریدا زاڵ بێت نەک فیکری حیزب و شارچێتی! لە کاتێکدا دەبینین، ئەو دونیاییە کراوە بە دوو سێ شاری سەرەکی و کەرکوک لەناو ئەو بازنە کوردییەدا وەدەر نراوە. خۆشبەختانە هێشتا مرۆڤی زۆر باش لە ناو و لە دەرەوەی کوردستان ماون و هەر ئەمانەن کە دوورن لە روانگەی شارچێتیەکی بەرتەسک و بە چاوێکی ڕەوا مامەڵەی بەهرە و توانات دەکەن. ئەوەی زۆر گرنگیشە بۆ هەموو کەسێک پەیڕەوی بکات ئەو لایەنە نیشتمانیەیە، کە لە نووسەرێکدا لەبەرچاوی بگرێت، نەک خەڵکی کوێیە. بۆیە لەسەر پەڕەی فەیسبوکەکەم نووسیومە "خەڵکی باشوور" نەک کەرکوک!

ئەگەر زەحمەتی و نەهامەتییەکانی ژنبوون، لە رۆمانێكدا بنوسیتەوە ناوی دەنێی چی؟

بەیان سەلمان: ناونیشانی ڕۆمان لە سەرجەمی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە پێم زەحمەترە! کاتێکی زۆریشم دەوێ کە لە بیرۆکەی سەرکییەوە ناونیشانی ڕۆمانێکم دادەنێم، یان لە دوای بیرۆکە و پلانی ڕۆمانەکەم بۆ ناونیشانێکی گونجاو دەگەڕێم. رێکیش کەوتووە کە ناونیشانێکم داناوە و دوایش گۆڕیومە. هەتا ئێستایش ڕووی نەداوە بابەتەکانی ڕۆمانەکانم تەنها دەربارەی نەهامەتی ژن بێت، لەبەر ئەوە هەر هەموویان ناونیشانی گشتییان هەیە بۆ هەموو ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە. بۆ نموونە کە باس لە کچێکی وەک زەکیە دەکەم لە "لە بەرزایی شووراکانەوە" ئەو کەسایەتیەکە کە دەوروبەری بە کچێکی شێت لە قەڵەمی دەدەن، ئەو هۆشی بە دۆخی شێتبوونی خۆی نییە، ئەوە دەوروبەرین پێناسەی شێتی ئەو دەکەن. بەو هۆیەوە ناتوانین باسی خودی ئەو نەهامەتییەی ئەو کچۆڵەیە بکەین، مەگەر لە روانگەی گێڕەرەوە و کەسایەتیەکانی تر، یاخود لە جێیەکدا کە بە خەیاڵ بۆی دەچین: ئەگەر هەستی بکردبایە چی دەگوت و چی نەدەگوت. بۆ ئەوەی وەڵامێکیشت بدەمەوە کە خواستی زانینی تۆی لە پشتە، دەڵێم، بۆ ڕۆمانێکی لەو جۆرە، بە ناوی کەسایەتی سەرەکی ژنەکەوە ناوی دەنێم، چونکە بەلامەوە گرنگە جەختی لەسەر بکەم  بە تایبەتی تەوەری چیرۆکەکەم لەو دەدوێت. هەرچۆن لە ڕۆمانی "بەسەرهاتەکانی خەزنە مەملووک" کەسایەتی خەزنە خۆی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.

دژەباوی، یان هەنگاوی هێواش و روون، بەیان بۆ دەرچوون لە بازنەکان کامە رێگای هەڵبژاردووە؟

بەیان سەلمان: با بازنەکانی کۆمەڵ زۆریش بن و هەمەجۆریش بن، ئەگەر من باش لە پرسیارەکەت تێگەیشتبم، گرنگە کەسەکە ئەو خواست و ئیرادەیەیی هەیبێت بۆ ئەوەی لێیان دەرچێت، یاخود هیچ نەبێت لەناویاندا چەق نەبەستێت. بێگومان هەچ کەسێک، ژن یان پیاو بێت، ئەگەر بۆچوونێکی درێژخایەن لە فیکر و خەیاڵیدا هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجی، ئەوە زۆر گرنگە بزانێ چۆن هەنگاوی دەرچوون دەنێت. بە دەورمەوە کەسانێک دەبینم چۆن بە پەلەپروزە و بە ناکامڵیی ئیش دەکەن و تەنها دەخوازن خێرا بگەنە ئاستێکی هونەری یان ئەدەبی و یاخود بوارێک، لە راستیدا ئەو خێراییە لە ڕێگایەکە گەلێک خزە و هەر زوو دەخلیسکێ و ناتوانێ هەڵسێتەوە. گرنگە کەسێک کە خەونێکی گەورەی هەیە و ئەو خەونە رەوایە، لەپێش هەموو شتێک کاری بۆ بکات، پشت بە خۆی ببەستێت، شەونخونی بۆ بکات، لەسەر حیساب و پشتی کەسانی تر نەبێت. یان ژیانی کەسانی تر نەکاتە پەیژە بۆ سەرکەوتنی خۆی. هەتا کەسێک بە ئارامیی بەرەو ئەو ئامانج و خەونەی بڕوات، بێ بیرۆکەی زوو گەیشتن و ناوزەنددەرکردن، ئەوە بە ساغیی دەگات. هەر وەکو بە پەڕەشوتێكەوە خۆی بەستبێت و نەترسێت کە زەوی دوورە، بەڵکو لە کاتی خۆیدا پەتی کردنەوەی پەڕەشووتەکە بکاتەوە و ئەوجا دەبینی کە بە ترس و زەحمەتی و هەناسەبڕکێش بێت هەر بە باشیی دەگات. 

دەگوترێ (رۆمان کچی شارە) ئێمە شارمان نییە. ئایا کاتێک رۆمان دەنووسی حەزە یان تراژیدیا و چەوساندنەوەکانی ئێمە گەورەن و پێویستە بیانکەین بە رۆمان؟ بە واتایەکی تر ئایا رۆمان بەرهەم و رەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەی ئێمەیە؟

بەیان سەلمان: سێ پرسیار پێکەوە دەبینم. جارێ ئێمە شارمان هەیە، با بەو شێوەییەش نەبێ کە شاری پێ ناسراوە؛ چونکە لە ڕۆژئاوا لە دەمێکەوە ڕۆمان هەیە و شار هەر بەو شێوەییەی ئێستای نەبووە کە گەشەیەکی مەدەنی وەها گەورەی بەخۆوە بینیوە. ڕۆمان روانگەیەکی ترمان پێ دەدات کە نووسینی تر پێمانی نابەخشێت. دیدگامان بۆ ڕووداو و مرۆڤ و جیهان و پرسیاری ژیان و مردن دەگۆڕێ، یاخود دەیکاتە چەند ئاستێک کە گەشە بە بۆچوونەکانمان دەدات. لە دوای ڕۆمانێک وەک خۆمان نامێنین، شتێکمان هەر تێدا گۆڕاوە. ئیدی ڕۆمان لەسەر خوێنەر وەستاوە، سەر بە گوند بێت، یان شارۆچکەیەک و یاخود شار. بێگومان ئاستی خوێندەواری ڕۆڵ لەوەدا دەبینێ، بەڵام ڕێگریش نیە لەوەی کتێبەکان لەلایەن ئەو کەسانەشەوە پەسەند بکرێن کە تەنانەت نەخوێندەوارن. بۆ نموونە بە خوێندنەوە و لە ڕێگای تۆمارکردنی دەنگییەوە دەتوانن بیبیستن. هەتا ئێستا خاتوو (نەرمین سندی) بە دەنگە خۆش و تایبەتەکەی دوو کتێبی لە رادیۆی هیلین خوێدۆتەوە: "شەوانی ئادەم" و "یاداشتی عەتر و ئاگر" و بە وتەی نەرمین خان، پێشوازییەکەی زۆر باشیان لێکراوە. ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، ڕۆمان لە هەموو شوێنێک و لە دڵی هەر کەسێک جێی خۆی دەکاتەوە.  

باس لە هەبوونی نوسینی ژن، یان ئەدەبیاتی ژن، شیعری ژن دەکرێت، جیاوازی نێوان فیکر و نووسین لە نێوان پیاو و ژن چییە؟

بەیان سەلمان: دەتوانین بڵێین ژن زۆر باش دەتوانێت لەخۆی بدوێ، بە حوکمی ستەمکاری، هەر خۆی چاکتر دەتوانێ لە ئازار و زەحمەتی و کێشەکانی لەناو ئەو کۆمەڵەی تێدا دەژی باس بکات. بەڵام، بۆ ناکرێ پیاوێک زۆر باش لەو ئازارانە بدوێ؟ یاخود بە قوڵیی هەستی ژنێک شیکاتەوە؟ باشترین نموونە "مەدام بۆڤاری'' نووسەری فەرەنسی (فلۆبێر)ە. بێگومان دەکرێ. هەر چۆن ژنێک دەتوانێت هەتا قوڵایی ناخی پیاوێک شۆڕبێتەوە. بە بڕوام ئەم جۆرە کاتێگۆرییانە لە بارەی جیاوازی فیکر و نووسین هەر دەکرێ، ئاساییە، لەبەر ئەوەی لە هەردوولای ژن و پیاو، جۆرێک ئەدەبیش هەیە کە تایبەتە بە پیاو یان بە ژن. بەڵام، فیکر بەرتەسک نییە، تایبەتە بە خودی مرۆڤ، پیاو و ژن، ئەو نووسەرەی دەخوێنێتەوە، دەوڵەمەندە بە تێزی نووسینی ئەدیبەکانی دونیا و ئاشنایەتی بە ئەدەبی هەمەجۆر هەیە، لەتەک خەزێنەی ڕۆشنبیری خۆی و ئەزموونی و فرەبۆچوونیی لە بارەی هەموو شتێک، کەسەکە ژن بێت یان پیاو، بەرهەمەکەی رەنگدانەوەی ئەو فیکرەیە.  

ئەگەر لە هەڵبژاردنی دۆخ، هزرێک سەرپشک بکرێی، راستی یان واقیعی زاڵ هەڵدەبژێری، یاخود وەک خۆت (بەیان سەلمان) مامەڵەی لەگەڵ دەکەی؟ 

بەیان سەلمان: بێگومان وەکو خۆم مامەڵەی لەگەڵ دەکەم. چونکو ئەو (خۆم)ە بە شەونخونی و تێکۆشان دروستم کردووە، هەمەڕەکیی نییە. بەرهەمی کەسی تر نییە، بەرهەمی خودی خۆمە کە لە منداڵییەوە خشت بەدوای خشتیم خستۆەتە سەر یەک تا بتوانم بینای خۆمی لەسەر دروست بکەم. چونکەن بە دوای شەپۆلی زاڵی کۆمەڵ چوونە بەدوای وەهمێک، لە جێیەکدا یان هەمووان لەگەڵت دەبن، یاخود دژت دەوستنەوە، چونکە وەک گوتم مرۆڤی ئێمە بە فیکری خۆی مامەڵەی هیچ دۆخێک ناکات. لەو خاڵانەی پێشووش ئاماژەم بەوە کرد، چۆن تێکەڵکردنێک لە نێوان فیکری باو و فیکری بەناو پێشکەوتوخوازنە هەیە! لە کاتێکدا هەردوو بۆچوونەکە لە دژی دیاردەیەک یەک دەگرنەوە. هەموو بۆچوونێکی (کەسەکان خۆیان) وەلاوە دەنێن، گشت کەسێک ئیدی ماف بە خۆی دەدات قسە لەبارەی بابەتێکەوە بکات کە بچووکترین زانستی لە بارەوە نیە، هەمووشی لە دروشمێکی دەمارگیری و بەرپەچدانەوە بەوەلا تێ ناپەڕێت. هەر لەبەر ئەوەی بەگوڕ دەژی دەوەستنەوە ئەوە زووش خامۆش دەبن. لە کاتێکدا هەر دیاردەیەک بەرهەمی ئەو کۆمەڵگایەیە کە زەمینەکەی بۆ دەرکەوتنی خۆش کردووە. بە درێژایی مێژوویش ئەوەمان لە هەموو سوچێکی دونیادا بەدی کردووە. خودی دەنگدانی ژنان لە کاتی یەکەم تێکۆشانەکانیان دونیایەک بەرەنگارییان بوونەوە؛ بابەتی خوێندنی باڵای ژنان، تەنانەت بابەتی پانتۆڵ لەپێکردنی ژنان و دەیان جۆر دیاردەی تر، کە هەمووی بە تێکۆشانی ژنان کۆتاییان پێ هاتووە و بوونە بە بابەتێکی ئاسایی کە ئەمڕۆ بە دیاردەیەکی سەیر و ناگونجاو تەماشا ناکرێن. ئەگەر لەلای ئێمە بە توندی دژی دیاردەیەک دەبنەوە لەبەر ئەوەیە هێشتا ئێمە لە قۆناغی هیچین! ئێمە نە خاوەنی بەرهەمین، نە خاوەنی بەرهەمی فیکرێکی سیاسی و فەلسەفی نین کە بەشدار بن لە هەڵسەنگاندنی کۆمەڵ. ئێمە بەرخۆرین، هەر کۆمەڵگایەکیش بەرخۆر بێت ناتوانێ فرە بۆچوون و فرە شێوە و فرە رەنگ قبوڵ بکات. ئەگەریش قبوڵی بکات هەر نازانێ بۆ، چونکە دوای دەنگۆ و غەڵبەغەڵبی گشتیی دەکەوێت بێ ئەوەی بە وردیی لە دیاردەکە بکۆڵێتەوە و لێی بدوێ.   

لە کۆمەڵگەی دواکەوتوودا مامەڵە لەگەڵ ژن سەختە و لەگەڵ پیاو سەختترە، چۆن لەگەڵ ئەم دۆخە هەڵتکردووە؟

بەیان سەلمان: سەختیی بەشێکە لە ژیانی ئەو جۆرە کۆمەڵگایانەی وەکو ئێمەن، بەرهەمی شەڕ و شکستییە، بەڵام سەختییش ڕێگایەکی مامەڵەکردنی خۆی هەر هەیە. هەموو ئەوە ئاکامی نامتمانەییە. ژن متمانەی بە ژنی تر نییە، ژن متمانەی بە پیاو نییە. پیاو بە هەمان شێوە لە ئاست پیاو و لە ئاست ژن. هەردوو ژن و پیاویش متمانەیان بە حوکمڕانەکان نییە.

با جارێ لەسەر ژن بوەستین. کێشەی ژن بە بڕوام لەوەدایە کە هەتا ئەم ساتە نەیتوانیوە کەسی (خۆی) بێت. تەنانەت بە هاتنەناو بوارێکی کارکردنیش، ئەوە خۆی نییە کە مامەڵە دەکات، فیکری خۆی پێ نییە، ئیرادەی خۆی نییە، مامەڵە لەگەڵ خودی هەست و خواستی بە پێی کۆمەڵ و خێزان دەکات، هەمیشە فاکتەرێکی دەرەکیی هانیدەدات چی بکات. کاتێکیش پێ دەنێتە ناو کایەیەک، هەرچییەک بێت ئەو کایەیە، ئەو خۆی نیە کە دەدوێ، یان کە بڕیار دەدات، یاخود کە لێدوانێک و هەڵوێستەیەک دەنوێنێت... پیاوێک هەر لە پشتییەوەیە، جۆری هەڵبژاردنی وشەکانیشی، بێ ئاگای خۆی، لە سوچێکی فیکری پیاوەوە بەرهەم هاتووە و ئەو دەریاندەبڕێ. لەو ڕووەوە، وایە مامەڵەکردنی ژن سەختە، چونکە تووشی دوالیزمیان کردووە و ناتوانێ ئەودیوی پرسی ژن بە دروستی ببینێت و بزانێت چۆن هەڵبکات و کار بکات لەگەڵ ژنی تردا. ئەوەندەی جەخت دەکرێتە سەر جەستەی ئازاد، فیکری ئازادیان لەبیر نەماوە. لە کاتێکدا کە ژن فیکری ئازاد بوو بەباشییش لە خۆی و خواستەکانی و جەستەیشی تێ دەگات و دەزانێ بۆ بڕیار بۆ ژیانی خۆی وەردەگرێت بێ گەڕانەوەی بۆ پاڵپشتی پیاوێک یان پیاوانی کۆمەڵ.

 هەرچی پیاویشە، ئەمان بەحوکمی راهاتنیان لەگەڵ ئازادیی شەخسییان، فێربوون لەهەموو جۆرە مامەڵەکردنێکدا سیاسەت بەکار بەرن. دیوی سەختییەکەی ئا ئەمەیە. دەبنە سیاسییەک لەناو ژیانی خێزانییان، لە نووسیندا، لە مامەڵەکردنی ئەوی تردا... هەمووشمان دەزانین کە کەسێک بووە "سیاسی" بەم واتایە هەمیشە بە گومانە لە دەوروبەری و متمانە دەبێتە چەمکێک کە هەرگیز بوونی نابێت لەلای. ئەم گومانەش فەلسەفی نییە، بەڵکو نامتمانیەکە کە هیچی لێ سەوز نابێت. تێکشکێنەرە و هەڵوەشێنەوەی لە دوایە نەک دروستکردن. 

 

پڕۆفایل:

-بەیان سەلمان، خەڵکی شاری کەرکوکە و لە پاریس دەژیت.

-نوسەر و وەرگێڕو شاعیرە، خاوەنی حەڤدە بەرهەمی چاپکراوە.

- بە زمانەکانی(کوردی، عەرەبی، فەرەنسی) دەنوسێت و خاوەنی نۆ رۆمانە.

- دیپلۆمی ئەدەبی هاوچه‌رخی‌ لە زانکۆی‌ پاریسی هەشت به‌دەستهێناوه‌.

-دیپلۆمی لیسانسی بەدەستهێناوه‌.

- دیپلۆمی بەکالۆریۆسی لەئەده‌بی هاوچه‌رخ و ئەدەبی فەڕەنسی

-تایبەتمەندێتی لە ئەدەبی ژیاننامە و ئۆتۆفیکشن وه‌رگرتووه‌.

- لە ساڵی 2004 بۆ 2005 دیپلۆمی ماجستێری لە ئەدەبی هاوچه‌رخ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین