نەجلە سەلاح: خۆکوشتن مێژووییەکى کۆنى هەیە، بەڵام شێوازەکانى گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە دیمانە و راپۆرت

تایبەت بە نوچەنێت:

بەپێى دواین ئامارى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، لە ساڵى (2021)دا (771) هاووڵاتى خۆیان کوشتووە، مامۆستایەکى پەیمانگاش دەڵێت، یەکێک لە هۆکارەکانى خوکوشتن تێکەڵ نەبوونە بە دەوروبەر و تووشبوون بە نەخۆشى دەروونییە. نەجلە سەلاح ئەسعەد، کە ماستەرى هەیە لە تەندروستى دەروونى و حەوت ساڵ بەڕێوەبەرى کەیسى نەخۆشییە دەروونییەکان بووە لە کۆمەڵەى ئەمەریکى دەروونزانى لە دیمانەیەکى تایبەت دا لەگەڵ نوچەنێت، هۆکار و پاڵنەرەکانى خۆکوشتن دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوەشداوە، ڕێژەى خۆکوشتن لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەتى تر دەگۆڕێت، ئەمەیش بە هۆى جیاوازى کولتوورەکان.

دەقى دیمانەى نەجلە سەلاح ئەسعەد، مامۆستا پەیمانگاى هونەرەجوانەکان و سەرۆکى پێشووى کۆمەڵەى نەخۆشییە دەروونییەکانى ئەمەریکى: 

 

نوچەنێت: خۆکوشتن چییە ئایا مێژووی خۆکوشتن بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

نەجلە سەلاح ئەسعەد: دەتوانین پێناسەی خۆکوشتن بکەین بە پێی ئەو داتایانەی کە رێکخراوەکانى تایبەت بە هەژمارکردنی رێژەی خۆکوژی کە لە هەموو جیهان کاریان لەسەر کردووە، کە تاوانێکی خۆکوژیە کەسەکە بە ئەنقەست دەیکات، هەروەها بۆ داڕشتنی ئەو جۆرە تاوانە بەچەند رێگایەک هەنگاو دەنێت یەکەم جار بیرکردنەوەی کەسەکەیە دووەم جار پلانی بۆ دادەنێت، سێیەم جێبەجێی دەکات، ئەوەش بەداخەوە هەندێ جار دەبێتە مردنی کەسەکە و هەندێ جاریش وەکو چانسێک رزگاری دەبێت لەو کوشتنەبە ئەنقەستە، بەپێی ئامارەکانی خۆکوشتن و هەوڵ دان بۆ خۆکوشتن دەرچووە کە لەنێوان ٢٠ کەس تەنها یەک کەس لە مردنەکە رزگاری دەبێت.

بابەتی خۆکوشتن لە هەموو کاتێکدا باسکراوە ز بوونی هەبووە لە هەردوو ڕەگەزدا، بەڵام زیاتر ژنان هەوڵی خۆکوشتنیان دەدەن، زۆرن ئەو ژنانەی کە خۆیان کوشتووە لەبەر ئەوەی بوختانیان بۆ هەڵبەستراوە یانیش بەرگەی ئەو تووندوتیژیەی نەگرتوە کە بەرامبەری کراوە، یاخود جیاوازی پێکراوە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر، واتا خۆکوشتن دەکرێ بڵێین مێژووێکی دوورودرێژی هەیە، لە ئێستادا شێوازی خۆکوشتن گۆرانکاری بەسەر هاتووە لەبەر ئەوەی رەوشی ژیانکردن گۆراوە بۆیە هەندێ لە کەرەستەکان گۆراون، ئەگەرنا لە مێژوو و لە ئێستاشدا بابەتی خۆکوشتن هەر هەبووە. 

نوچەنێت: ئایا لە کۆمەڵگەیەک بۆ کۆمەڵگەیەکی تر رێژەی خۆکوشتن تێیدا جیاوازی هەیە؟

نەجلە سەلاح ئەسعەد: بەڵێ دەتوانین بڵێین ڕێژەی خۆکوشتن لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازی هەیە، ئەویش بە پێی کولتوور و داب و نەریت، هەروەها بەپێی دۆخی ئابووری وڵاتەکە هەروەها بە پێی ئەو ژینگەی تێیدا دەژی و ئەو مافانەى کە بۆی دیاریکراوە، کە کاریگەری لەسەر کەسەکە دروستدەکات تاوەکو بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە، ئێستا لە کۆمەڵگەی خۆمان دەبینین کە رێژەی خۆکوشتن لە هەڵکشاندایە هۆکارەکەشى ئەوەیە کە ئەو کەسە بێهیوا بووە لە کۆمەڵگاکەی یانیش لە خێزانەکەی بۆیە دەگاتە ئەو خاڵەى کە کۆتای بە ژیانی خۆی بهێنێت.

نوچەنێت:  ئایا هۆکارەکانی خۆکوشتن چین؟ چ شتێک وا لە مرۆڤ دەکات پەنا بباتە بەر خۆکوشتن؟

نەجلە سەلاح ئەسعەد: دەتوانین هۆکارەکانی خۆکوشتن بە ١٠ خاڵ باس دەکەین تا بزانین ئەو پاڵنەرانە چین کە دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی مرۆڤ بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە، ئەو هۆکارانە زۆر بەرچاون و لەو سەردەمەی ئێستادا لەو چوارچێوەیە دەسورێتەوە:

١- ئەگەر کەسەکە کێشەی دەروونی هەبێت، بە پێی هەندێ ڕاپۆرت بەشێک لەو کەسانە نەخۆشی دەروونیان هەیە زیاتر پەنا دەبەنەبەر خۆکوشتن، ئەوانەی تووشی گۆشەگیری کۆمەڵایەتی دەبن بەهیچ شێوەیەک تێکەڵ بە کەسانی دەوروبەریان نابن و ناچنە دەرەوە، ئەوانەش لە ئەگەری خۆکوشتن نزیک دەبنەوە.

٢- ئەو کەسانەی بیرکردنەوەیان جێگیر نییە، کە هەڵسوکەوتی نەشیاویان هەیە هەمیشە توندوتیژ دەردەکەون دەتوانن ئازار بە خۆیان بگەینن.

٣- ئەو کەسانە گیرۆدەی هەوەسی سکێسى دەبنەوە کە کۆمەڵگە قبووڵیان ناکات، ڕووبەڕووی کێشەی بەردەوام دەبنەوە، ئەوەش دەبێتە پاڵنەر بۆ ئەوەی کەسەکە بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە.

٤- باری ئابووریی کەسەکە بێگومان ئەوە شتێکی ئاشکرایە زۆر جار بیستومانە لە کۆمەڵگای خۆمان کە بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابووری پەنای بۆ خۆکوشتن بردووە.

٥- ئەو کەسانەی کە چارەسەر و دەرمان وەردەگرن، زۆر جار ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بیرکردنەوە لە خۆکوشتن. 

٦- یاریکردنی جینات وا دەکات کەسەکە مەیلی بۆ خۆکوشتنی هەبێت، زۆر جار دایک هەبووە خۆی کوشتووە کاریگەری لەسەر منداڵ جێ هێشتوە کە گەورە بووە ئەویش خۆی کوشتووە.

٧- ئەو کەسانەی کە ئازیزێک لەدەست دەدەن بەرگەی ئازارەکە ناگرن ناتوانن بەبێ ئەوان بژین پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن. 

٩- ئەو کەسانە کە بەند دەکرێن کە بێ هیوا دەبن لەوەی جارێکی تر ناتوانن ئازاد بن.

١٠- ئەو کەسانەی ئاڵودەی ماددە کحولیەکان دەبن ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە.

نوچەنێت: چۆن دەتوانین هەست بەو کەسانە بکەین کە هەوڵی خۆکوشتن دەدەن یان کەسەکە لە خۆکوشتن نزیکە؟

نەجلە سەلاح ئەسعەد: ئەو هۆکارانەی کە باسمان کرد دەتوانین بڵێین کە ئاماژەن بۆ ئەوەی بزانین کەسەکە لە هەوڵی خۆکوشتن نزیکە، ئەو کەسانەی کە جارێک هەوڵی خۆکوشتنیان داوە یان بێ هیوا بوونە، کە ژیان لایان هیچ خۆشی و بەهایەکی تێدا نەماوە بوونەتە کەسانی گۆشەگیر دەتوانرێ لە رێگەی ئەو نیشانانە بیاناسینەوە، کە ئەوانە لە بیر کردنەوە بۆ خۆکوشتن نزیکن، دەکرێ ئێمە هاوکاری ئەو جۆرە کەسانە بکەین، بەوەی یەکەم جار هەوڵی ئەوە بدرێت کەسی گومانلێکراو بخرێتە ژێرچاودێری پزیشکییەوە،  هەروەها بە پاڵپشتی خێزان و هاورێ کە ئەوانیش یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی کەسەکە بگەرێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، کەسەکە سەرقاڵ بکەین بە کارێک تا بیرکردنەوەی بگۆرێت، هەروەها هۆشیاری تاکی کۆمەڵگە لەو بارەیەوە زۆر گرنگە کە ئەگەر هاتوو کەسێک تووشی ئەو حاڵەتانە بوو پێی شەرم نەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆر بکات، چونکە بەداخەوە تاکو ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر خێزان هەن کە پێیان شەرمە ئەو کاتەی کچەکانیان تووشی گرفتی دەروونی دەبن بیانبەن بۆ لای پزیشکی دەروونی، واهەست دەکەن کە کەس کچەکەی ئەوانی پێ قبووڵ نابێت پێیان باشترە کچەکەی بمرێت بەس بیرکردنەوەی خەڵک بەرامبەری نەگۆرێت، بۆیە گرنگە ئەو ئاراستانە بگۆرێن،چونکە پێویستە ئەو جۆرە حاڵەتانە راوێژکاری دەروونی و پزیشکی دەروونی کاریان لەسەر بکات، بۆ ئەوەی کەسەکە بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین