دکتۆرە میدیا عەبدوڵڵا: تێکچوونى هۆرمۆنات مرۆڤ تووشى خەمۆکى دەکات دیمانە و راپۆرت

تایبەت بە نوچەنێت:

تێکچوونی هۆرمۆنات یەکێکە لە کێشە تەندروستییە باوەکان، ژنان و کچان زیاتر تووشی تێکچوونی هۆرمۆنات دەبن و کاریگەری لەسەر سوڕی مانگانە لای خانمان دروست دەکات دکتۆرە میدیا عەبدوڵڵا لە دیمانەیەکى تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت " ئەو خانمانەی کە هۆرمۆناتیان جێگیر نییە لە تەمەنی گەنجی دان تووشی بێ هێزى و خەمۆکی و تورە بوون دەبن."

دکتۆرە میدیا عەبدوڵا مجید، پزیشکی پزیشکى پسیۆڕ و هەڵگرى بڕوانامەى بۆرد لە نەخۆشییەکانى ئافرەتان و منداڵبوون لە دیمانەیەکى تایبەتدا تیشک دەخاتەسەر هۆکارەکانى هۆرمۆناتى ئافرەتان و کاریگەرییەکانى لەسەر جەستەى مرۆڤ بەگشتى و ئافرەتان بە تایبەتى.

 

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ دکتۆرە میدیا عەبدوڵڵا، پزیشکى بۆرد لە نەخۆشییەکان ئافرەتان و منداڵبوون:

نوچەنێت: تێکچونی هۆرمۆنات لای ژنان چییە؟

د. میدیا عەبدوڵڵا: خۆی هۆرمۆنات لەناو لەشی مرۆڤدا کۆمەڵێک ماددەی کیمیاویی لە خوێنیدا هەیە، لە کاتی تێکچونی هۆرمۆنات  لەخوێندا بەشێوەی بەرزی و نزمی کاریگەری لەسەر کەسەکە دروست دەبێت ئەوەش بە تاقیکردنەوەی خوێن دەستنیشان دەکرێت.

نوچەنێت: ئایا تێکچوونی هۆرمۆنات کاریگەری لەسەر پێست و قژ هەیە هەروەها زۆربوونی موو لە بەشێک لە جەستەی ژنان؟

د. میدیا عەبدوڵڵا: بەڵێ بێگومان تێکچوونی هۆرمۆنات کاریگەری لەسەر کەسەکە دروست دەکات، بەڵام بە تایبەت لای ژنان کاریگەری لەسەر هەموو جەستەی دروست دەکات، بۆ نموونە کاریگەری لەسەر مووى لەش و خەو و مێشكى دەبێت، لەسەر تێکچوونی سوری مانگانە بە پێی تێکچونی هۆرمۆنەکە ئایا بەرز دەبێت یان نزم دەبێت شێوازی کاریگەریەکە بە دیار دەکەوێت، هەروەها دەبێتە هۆکار بۆ هەڵوەرینی قژ و تێکدانی رەنگی پێست و دەرچونی زیبکە لەسەر روخسار، ئێمە زۆرجار بەو نیشانانە دەزانین کە کەسەکە هۆرمۆنی تێکچووە کە دەڵێت زیبکەم لە روخسار دەرچووە یان قژم هەڵدەوەرێت یان و سوری مانگانەی تەواو نییە کە زۆر درەنگ بکەوێتە سوری مانگانە یان زوو زوو بکەوێتە سوری مانگانە ، یانیش ئەوانەی دێن و دەڵێن کە دووگیان نابن ئێمە داوایان لێدەکەین کە تێستی هۆرمۆنات بکەن.

نوچەنێ: ئایا تێکچوونی هۆرمۆنات کاریگەری لەسەر باری دەروونی ژن دروستدەکات؟

د. میدیا عەبدوڵڵا: بەڵی تێکچوونی هۆرمۆنات کاریگەری لەسەر دەروونی کەسەکە دروست دەکات لە هەموو تەمەنێک بە تایبەت ئەوانەی لە تەمەنی گەنجی دان تووشی بێتاقەتی دەبن تووشی خەمۆکی دەبن، تووشی حاڵەتی تورە بوون دەبن، هەروەها ئەوانەی دەگەنە تەمەنی نائومێدی کە وەستانی سوری مانگانەی ژنانە کە ئیستروجینیان کەم دەبێت ئەو حاڵەتانە زۆر زۆر کاریگەری لەسەر دەروونی ژنان دروست دەکات.

نوچەنێت: ئایا گۆرانکاری لە هۆرمۆنات لای ژنان کاریگەری لەسەر منداڵ لەبارچوون هەیە؟

د. میدیا عەبدوڵڵا: بێگومان تێکچوونی هەندێک هۆرمۆن کاریگەری هەیە لەسەر منداڵ لەبارچوون هەروەها ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە و شەکرەیان کۆنترۆل نییە دەبنە هۆکار بۆ منداڵ لەبارچوون بەڵام مەرج نییە تێکچوونی هەموو هۆرمۆنەکان کاریگەری بۆ منداڵ لەبارچوون هەبێ وەک باسم کرد بەشێک لە هۆرمۆنەکان.

نوچەنێت: مەرجە دەبێت هۆرمۆنات چارەسەر بکرێت پێش ئەوەی ژنان دووگیان ببن، ئەگەر چارەسەر نەکرێت کاریگەری لەسەر گەشەی کۆرپەکەی دروست دەبێت؟

د. میدیا عەبدوڵڵا: بێگومان باشترە ژنان پێش هەر دووگیان بوونێک کۆنترۆلی هۆرمۆنات بکەن هەروەها ئەوانە شەکرەیان هەیە دەبێ شەکرەیان کۆنترۆڵ بێت ئەوانەی غودەیان تەواو نییە هەموو ئەوانە دەبێ چارەسەر بکرێن، ئەوجا هەوڵی دووگیانبوون بدەن. لە كێشەکانی لەبار چوون و نەزۆکی و درەنگ منداڵ بوون دوور دەکەونەوە، بۆیە پێویستە خانمان پێش دووگیان بوون ئاگاداری ئەو خاڵانە بن کە باسمان کرد.

نوچەنێت: ئایا رێگرتن لە دووگیان بوون بە هەموو شێوازەکان. بۆ نمونە لەولەب دانان و وەرگرتنی حەب و هتد.. دەبنە هۆکار بۆ تێکچوونی هۆرمۆنات؟

د. میدیا عەبدوڵڵا: بەشێک لە شێوازەکانی رێگەگرتن لە منداڵ بوون دەبێتە هۆکار بۆ تێکچوونی هۆرمۆنات لای ژنان. ئەو جۆرەی کە بەشێوازی دەرزیە ئەوە کاریگەری هەیە و دەبێتە تێکچوونی هۆرمۆنات چونکە ئەو خانمە رەنگە هەتا ساڵێک نەکەوێتە سوری مانگانە، لەولەب دانان دوو جۆر لەولەب هەیە ئەوەی کە لێرە پێی دەگوترێ (نحاسی) ئەوە کاریگەری دروست ناکات، بەڵام جۆرەکەی تر کە پێی دەڵێن (مارینا) ئەوەیان هۆرمۆنیە کاریگەری لەسەر تێکچونی هۆرمۆنات دەبێت،  شێوەی حەب وەرگرتن ئەویش چەند جۆرێکی هەیە حەب هەیە بگرە بۆ چارەسەری هۆرمۆنات ئێمە دەیدەین بە نەخۆش بۆ ئاسایی کردنەوەی سوری مانگانە بە نەخۆش دەدەین ئەو جۆرەیان هیچ کاریگەری نییە، ژنان لێرە لە خۆیانەوە بێ ئەوەی راوێژ بە پزیشک بکەن جۆرێک لە رێگەگرتن لە منداڵ بوون هەڵدەبژێرن کە شارەزایان لەسەر نییە  کێشەیان بۆ دروست دەکات، بۆیە پێویستە ژنان پێش رێگە گرتن لە منداڵ بوون راوێژ بە پزیشکی پسپۆر بکەن بۆ ئەوەی تووشی هیچ کێشەیەک نەبن.

نوچەنێت: ئایا چ شتێک هۆکارە بۆ تێكچوونی هۆرمۆنات لای ژنان؟

د. میدیا عەبدوڵڵا: هۆکارەکانی تێكچوونی هۆرمۆنات زۆرە لای ژنان، یەکەم شت شێوازی ژیانی ڕۆژانەی لە سیستەمی خواردنەوە دەست پێدەکات ئەو ژنانەی کە کێشیان زۆرە و وەرزش ئەنجام نادەن و پارێزی ناکەن، هۆرمۆناتیان تێكدەچێت، ئەوانەی کە کیس لە هێلکەدانیان دروست دەبێ، ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، ئەوانەی کێشەی زوو بوون درەنگ بوون لە سوری مانگانەیان هەیە، ئەوانەی کە رجیم دەکەن بۆ ئەوەی لاواز ببن کە بەشێک لە خواردنەکان هەر ناخوات تووشی لاوازی جەستەی دەبێت، کە ڕەنگە ببێتە هۆی ڕاگرتنی سوری مانگانە، ئەو کەسانەی سترێسیان زۆرە تووشی تێکچوونی هۆرمۆنات دەبن، یانیش ئەوانەی کە زۆر وەرزش دەکەن ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ راگرتنی سوری مانگانە، هەروەها نەخۆشی غودە، کە دەبێ چارەسەر وەربگرن هۆکارێکی تریش بۆ ماوەیە، بۆیە دەبێ خانمان پێش هەموو شتێک گرنگی بە شێوازی ژیانی خۆیان بدەن رێکی بکەن و هەروەها زیادەرۆی لە وەرزش و پارێزی نەکەن، چونکە زۆر جار دەبنە هۆکار بۆ ڕاگرتنی سوری مانگانە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین