بزووتنەوەى گۆڕان لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە کوردستانی

نوچەنێت:

بزووتنەوەى گۆڕان لەسەر دیاریکردنى کاندیدێکى دیاریکراو بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق ڕاگەیێندراوێک بڵاودەکات و داوا دەکات، "لەبری ململانێ بۆ بەدەستھێنانی پۆست، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خاک و دەسەڵات و سامان و پێشمەرگە بۆ چوار ساڵی داھاتوو بکرێت."

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە (25/کانوونى دووەم/2022)، بزووتنەوەى گۆڕان لە ڕاگەیێندراوێکدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات،  "لەسەر بنچینەی پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان بەیەکەوە کاربکەین، نەک سەنگەر لەیەک بگرین."

 

دەقى ڕاگەیێندراوى بزووتنەوەى گۆڕان:

دوابەدوای پرۆسەی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، پرسی دیاریکردنی کەسایەتیەک بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کە پشکی کوردە، بووەتە مژارێکی گەرم و ململانێی توندی حیزبی بەدوای خۆیدا ھێناوە.

 ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ستراتیجێکی نیشتیمانی کوردستانی لە بەغدا دەکەین، کە لەبری ململانێ بۆ بەدەستھێنانی پۆست و ھێنانەدی خواستی حیزبی، کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خاک و دەسەڵات و سامان و پێشمەرگە بۆ چوار ساڵی داھاتوو بکرێت.

‎بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد لەناو ھاوکێشەی نوێی عێراق و دۆخی سیاسیی و ئیداری و ئابووری و ئاسایشی ئەم وڵاتە وادەخوازێت، بە یەکگوتاری کوردستانی لەسەر بنچینەی پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان بەیەکەوە کاربکەین، نەک سەنگەر لەیەک بگرین، چونکە سەنگەرلەیەکگرتن و پەرتەوازەیی لە بەغدا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرۆسەی سیاسی ھەرێم دەبێت و دەرگای مەترسی گەورەتر بە رووی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانیە دابڕێندراوەکان دەکاتەوە.

‎ئەولەویەتی ئەم قۆناغەی خەباتی سیاسیی نەتەوەکەمان لە بەغدا، پێکەوەکارکردنە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی بە ئامانجی دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم و بەپیرەوەچونی داخوازییەکانی هاووڵاتیان، بۆ رەخساندنی ھاوبەشییەکی سیاسیی راستەقینەی کورد لە دەزگای بڕیاردانی سیاسیی عێراق، بۆ جێبەجێکردنی ماددە دەستورییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی خاک و مادەی 140، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پێشمەرگە و بودجە و دابینکردنی موچە بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم، بۆ پێداگیری لەسەر دروستکردنی ئەنجومەنی ئتیحادی و کارکردن بە پرەنسیپەکانی سازان و هاوسەنگی بۆ حوکمڕانی.

‎ئەزمونی عێراقی نوێ دەریخستوە پۆست و کورسی و وەزارەتەکان، ھۆکاری بەھێزکردنی پێگە و سەنگی کورد نەبون، ململانێی کەسی و حیزبیش بە قازانجی جێبەجێکردنی مافە دەستورییەکان نەشکاونەوە، لەبەرئەوە بۆ بەغدا داوای رێککەوتن و کردنەوەی گرێکوێرەی کێشەکان لەناوخۆدا دەکەین.

بۆ ناوخۆیی ھەرێمیش رێزگرتن لە جیاوازییەکان و کێبڕکێی دیموکراتی بۆ خزمەتکردنی خەڵک و پەیرەوکرنی بەرنامەیەکی نیشتمانی بۆ چاکسازی سیاسیی و کارگێری و دارایی، بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و باشکردنی بژێوییەکانی ژیانی ھاوڵاتیان لەپێشینەیی ئەرکە سیاسیەکان دەزانین.

‎بزووتنەوەی گۆڕان

20 – 1- 2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین