یەکێتى وەڵامى بەیاننامەکەى پارتى دەداتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا وەڵامى بەیاننامەکەى ئەمڕۆ گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان دەداتەوە و دەڵێت، "بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لەیەكەم دانیشتنی عیراق لەبەر هەڵوێستی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت (راكان جبوری) و كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بوو."

ئەمڕۆ دووشەممە (24/كانوونى دووەم/2022)، ئەمین بابە شێخ، گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، " لە كۆتاییدا دوپاتی دەكەینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەمیشە بڕوای بەپرەنسیبی دیالۆگ و دانوستاندن نەگۆڕەو ئێستاش لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی دەرگای ئەو بژاردەیەمان دانەخستووە بەمەرجێ بۆ رێككەوتنێكی كۆنكریتی بێت."

 

دەقی راگەیێندراوی گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە دوێنێ 23ی كانونی دووەمی2022، بۆ رای گشتی كوردستانیی بڵاویكردەوە، خستنەڕووی راستییەكانی تێدابوو، چونكە لەدانوستاندنەكاندا هەر لەدوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ساڵی پارەوە هەوڵەكانمان بۆ ئەوە بوو بەیەكڕیزی و پڕۆژەیەكی یەكگرتوی نیشتمانییەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عیراق بە شیعە و سوننەوە بچینە بەغدا، بەڵام بەداخەوە پێشبینی ئەوە دەكرا پێشوەخت پارتی لەگەڵ چەند لایەنێكی تردا بەبێ ئاگاداری ئێمەو لایەنەكانی تر چوبوونە ناو رێككەوتنێكەوە كە بەهیچ شێوەیەك خزمەت بە پرۆسەی سیاسی لەعیراق و مافەدەستوریەكان و قەوارەی هەرێمی كوردستان ناكات. 

هەر لەسەرەتای ئەو كۆبوونەوانەوە ھەڤاڵ بافل جەلال تاڵەبانی و وەفدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دەسەلاتی تەواو و بەبڕیاری سەربەخۆی نیشتمانیەوە لەگەڵ پارتیدا گفتوگۆیان دەكرد دوور لەپرەنسیپەكانی تاكڕەوی و قۆرخكاری له پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا. بەڵام بەداخەوە ئەوە وەفدەكانی پارتی بوون كە بەناوەڕۆكێكی تەمومژاویەوە دەهاتن بۆ كۆبوونەوەكان.

هەر لێرەدا بەبیر پارتی دیموكراتی كوردستان دەهێنینەوە كە هیچ رێككەوتنێكی كۆنكرێتیمان لەگەڵیان نەبووە، چونكە خۆیان هەلی وایان نەڕەخساندو دەیانوویست رێككەوتنێكی ناشەفافمان لەگەڵ بكەن. 

بەشداری نەكردنی فراكسیۆنی یەكێتی لەیەكەم دانیشتنی عیراق لەبەر هەڵوێستی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت (راكان جبوری) و كێشەی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بوو و ھیچ پەیوەندی بەهەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە نەبووە. 

لەبارەی دووبارە كاندیدكرنەوەی سەرۆك بەرهەم ساڵح بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی، پێداگریمان بۆ ئەوەیە كە ئەو وەك پارێزەری دەستووری عیراقی فیدراڵ و پارێزەری بەرژەوەندییەكانی گەلانی عیراق و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبێت، وەك چۆن هەمیشە نوێنەرانی تری یەكێتی نیشتمانی لەبەغدا بەپێی دەستوور ئەم ئەركەیان جێبەجێكردووە. 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە لەگەڵ یەكڕیزی ماڵی كورد بووە و هەوڵی بەردەواممان دوپاتكردووەتەوە، بەڵام كە دڵنیابووین پارتی بەئەجێندایەكی تەمومژاوی هاتە ناو دانوستانەكان و نێو پرۆسەی سیاسی عیراقەوە هەستمان كرد ئەو هەوڵانە مەترسیدار دەبن و خزمەت بەپرۆسەی دیموكراسی و مافە دەستووریەكانی گەلانی عیراق و قەوارەی هەرێم ناكات، بۆیە ئێمەش لەڕوانگەی بڕوای نەگۆڕو چەسپاومان بەڕێكارە دەستووری و دیموكراتییەكان لەپرۆسەی سیاسی عیراق كاندیدی پەسەندكراوی خۆمان و بەڕەزامەندی زۆر لایەنی تری عیراقی و كوردستانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دیاریكرد.

لە كۆتاییدا دوپاتی دەكەینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەمیشە بڕوای بەپرەنسیبی دیالۆگ و دانوستاندن نەگۆڕەو ئێستاش لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی دەرگای ئەو بژاردەیەمان دانەخستووە بەمەرجێ بۆ رێككەوتنێكی كۆنكریتی بێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین