رێناس جانۆ: لە ئاییندە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەردەکەوێت دیمانە

سیهام میران-نوچەنێت

رێناس جانۆ، مامۆستای زانکۆ لە دهۆك، ئەندامی شاندی دانوستکاری پارتی لە گەڵ بەغدا، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لە کۆبوونەوەکانی نەجەف دەکات و دەڵێت: ئەنجامەکان لە داهاتوو دەردەکەون.

نوچەنێت: ئەنجامی کۆبونەوەکەی نەجەف چیبوو، بۆچی هیچ بەیاننامەیەکی هاوبەش نییە؟

رێناس جانۆ: ئەو پێشبینەی کە دەکرێت دوورە لە راستی. جەنابی سەرۆك بارزانی دەستپێشخەرییەکی کردووە، دەستپێشخەرییەکەشی بۆ ئەوەیە کە پێی خۆش نییە لەسەر ڕێککەوتن و دابەشکردنی پۆستەکان لێکترازان لە ناو پێکهاتەی شیعە رووبدات، چونکە هەندێ ناکۆکی لەنێوان شیعەکان هەیە. ئەنجامی دانیشتنەکانیش دوای دوو دانیشتن بەدیار ناکەوێت بەڵام هەموویان کۆکن لەسەر قسەکانی جەنابی سەرۆك بارزانی، لە داهاتوو کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت. 

نوچەنێت: رۆژنامەی العرب بڵاویکردووەتەوە رەنگە لە بەرانبەر دورخستنەوەی نوری مالیکی لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەدر هان بدەن کە دژی هوشیار زێباری بوەستێتەوە؟ ئەمە چەند راستە ؟

رێناس جانۆ: هیچ شتێکی لەوجۆرە لە ئارادا نییە، کاک هۆشیار زێباری کاندیدی کوردستانییە، چونکە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارە کوردەکان لەگەڵ دەنگدانن بەو. کوتلە گەورەکانیش پشتیوانی لێدەکەن، لەگەڵ ئەوەش هاوپەیمانییەکی کۆنکرێتی بوونی هەیە. هیچ هێزێک ناتوانێت لێکتێگەشتنی ئەو لایەنانە تێکبدات. 

نوچەنێت: وابڵاوکراوەتەوە کە پارتی پێشنیاری جێگری سەرۆكکۆمار بۆ نوری مالیکی دەکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ سەدر، ئەم پێشنیارە هەیە؟

رێناس جانۆ: بۆ مالیکی تاکو ئێستا توانیویەتی کێشەی خۆی لەگەڵ سەدر چارەسەر بکات، سەدر ئامادە نییە پێشوازی لێ بکات. چۆن دەتوانێت کێشەی ئێمە چارەسەر بکات؟

نوچەنێت: پارتی چەند گەشبینە بەو رێكکەوتنەی لەگەڵ حەلبوسی و سەدر کردویەتی؟ ئایا لە هەڵبژاردنی سەرۆكکۆمار سودی لێ دەبینێ؟

رێناس جانۆ: بابەتەکە تەنیا سودبینین نییە، پارتی بای ئەوەندە گەشبینە کە لایەنەکان بگەن بەیەك و لێكنزیك بن بۆ ئێمەش باشە، چونکە ئەوکات دەزانین لەگەڵ کێ لێکتێگەیشتنمان دەبێت، کێ پەرتەوازەیە و ناتوانین گفتوگۆی لەگەڵ بکەین. بۆ نمونە سەبارەت بە سوننەکان حەلبوسی و خەنجەرن، دەتوانین گفتوگۆو رێککەوتنیان لەگەڵ بکەین. بەڵام پێش ئێستا 30 سەرکردەیان هەبوو نەتدەزانی لەگەڵ کامیان کۆببیتەوە. 

نوچەنێت: دەگوترێ ئیسماعیل قائانی(بەرپرسی سوپای پاسداران) هاتووەتە هەولێر، لەگەڵ سەرۆك بارزانی کۆبووەتەوە، دەتوانین بڵێن ئەمە ئاماژەیە کە ئێران دژی کاندیدی پارتی ناوەستێ؟

رێناس جانۆ: ئێران دراوسێ ئێمەیە، بەرژەوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ ئێران زۆر تێکەڵە، هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ پارتی نییە تاکو لەبەرامبەر کاندیدی پارتی بوەستێتەوە. لەگەڵ ئێران بە چاوی دوژمن سەیری یەکتر ناکەین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین