دکتۆر مەحمود عوسمان: ئەگەر رێککەوتن نەکەن دۆخی سیاسی عیراق بەرەو خراپی دەچێت عێراق ناوچەکە و جیهان

بەهرە حەمەڕەش

سیاسەتوانی ناسراوی کورد دکتۆر مەحمود عوسمان، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لە دۆخی سیاسی عیراق و کاریگەرییەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: ئەگەر تا رۆژی چوارشەممە رێککنەکەون ئەگەر تێکچوونی بارودۆخ هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە( 27/ئازار/2022) دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتوانی ناسراوی کورد سەبارەت بە تەنگەژەو ئاڵۆزی دۆخی سیاسی عیراق گوتی: پێویستە ناو ماڵی شیعە خۆیان و کورد خۆی بەیەکەوە رێککەوتنێک بکەن بە پێچەوانەوە دۆخی سیاسی بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت.

دکتۆر مەحمود عوسمان دەڵێت: چاوەڕوانین بزانین تا چوارشەممە چی روودەدات، ئەگەر رێککەوتن نەکەن ئەوا بێگومان دۆخی سیاسی عیراق بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت، ئەوەش کە مەترسییەکان زیاتر دەکات ئەوەیە کە هەموولاکان چەکدارن و چەکیان پێیە.

لە بارەی ئەو ئەگەرەی کە ئەگەر خۆیان رێکنەکەوتن ئایا لە دەرەوە هیچ فشارێک، بۆ رێککەوتن و چارەسەری دۆخەکە دروست دەکرێت؟ دکتۆر مەحمود رایوایە: ئێستا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا گرنگییەکی ئەوتۆ بە دۆخی سیاسی  عیراق نادەن و وەکو جاران بۆیان گرنگ نییە، بۆیە پێموانییە فشاری دەرەوە دروست بکرێت بۆ رێککەوتن، بە تایبەتیش لەم دۆخەی شەڕی ئۆکرانیادا کەس ئاوڕ لە عیراق ناداتەوە.

ئەگەر هیچ فشار لەسەر لایەنە سیاسییەکان لە عیراق دروست نەکرا، ئایا ئەگەری رێککەوتن لە نێوانیاندا هەیە؟ بە تایبەتیش لە حاڵەتێکدا کە ململانێ و ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندییەکان زۆر توندە. دکتۆرمەحمود جەختی لەوەکردەوە: دۆخی عیراق دۆخێکی هەستیارە، پێویستە لایەنەکان هەست بە-بەرپرسیارێتی بکەن چونکە دۆخی عیراق ئەوەندە کێشەی هەیە کە تەحەمولی کێشەی تر ناکات.

لە حاڵەتێکدا ئەگەر لایەنە سیاسییەکان کورد و شیعە نەگەیشتنە رێککەوتن، ئەگەرەکان چین؟ دکتۆر مەحمود رایوایە: ئەگەر رێککەوتن نەکرا ئەوا ئەگەری دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن هەیە، ئەوەش هەڵبژاردنی یەکێکە لە ئەگەرە خراپەکان وەکو گوتمان دۆخی عیراق لەوە خراپترە کە تەحەمولی هەڵبژاردنی دیکە بکات، چونکە ئەگەر هەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێتەوە رەنگە دیسان ئەو گروپانەی کە نزیکن لە ئێرانەوە بە هەمان ئاست دەنگ بهێننەوە، جارێکی تر بەمشێوەیە هەموو سیناریۆکان دووبارە دەبنەوە رەنگە تا تێکچوونی دۆخی عیراق بڕوات.

وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیکە، ئایا ئەم دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەی عیراق، کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەبێت؟ دکتۆر مەحمود-دەڵێت: بەڵی کاریگەری دەبێت چونکە هەر دۆخێک لە عیراق کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە چونکە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عیراق، ناکرێت کاریگەری نەبێت ناکۆکییەکان لەسەر هەرێمی کوردستانیش رەنگ دەداتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین