دوای هەشت ساڵ لە لابردنی خەڵک هەر بە کتێبەکەی باڵدار منداڵەکانیان فێردەکەن کوردستانی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

وێرای گۆڕینی مەنهەج و دوای هەشت ساڵ لە لابردنی خەڵک بۆ ئەوەی منداڵاکەنیان فێری زمانی کوردی بکەن، کتێبەکەی ئیبراهیم باڵدار دەکڕن، مامۆستایەک دەڵێت: خەڵک پێیوایە مەنهەجە نوێکە هیچ گرنگییەکی بۆ فێربوون نییە.

مامۆستا بەشدار فرۆشیاری یەکێک لە کتێبخانەکانی شاری هەولێرە، سەبارەت بە گرنگیدانی خەڵک بە کتێبەکەی ئیبراهیم باڵدار لە قۆناخی بنەڕەتییەوە گوتی"خەڵکەکە وابیر دەکاتەوە کە ئەو مەنهەجە تازەی دانراوە هیچ گرنگییەکی نییە بۆ فێر بوون، قوتابی دەگاتە دوو سێی بنەڕەتی فێری هیچ نەبووە، دایک و باوکەکان ئەو کتێبەی باڵدار دەکرن بۆ منداڵەکانیان بۆ ئەوەی لەسەر ئەو کتێبە سەر لەنوێ فێری نوسین و خوێندنیان بکەنەوە".

ماوەی هەشت ساڵە کتێبی ئەلف و بێی ئیبراهیم باڵدار لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە لادراوە، بەڵام هاوڵاتی و مامۆستایانیش بە تاسەوە ئەم کتێبە دەکڕن و مامۆستایەکیش دەڵێت بەردەوام چاپ دەکرێتەوە.

مامۆستا بەشدار لە بارەی هۆکاری گرنگیدانی خەڵک بە کتێبەکەی باڵدار دەڵێت " بێگومان کاریگەری هەیە، چونکە پەروەردەکردن و فێر بوون لە قۆناخی یەکی بنەڕەتییەوە دەست پێدەکات، ئەگەر منداڵ لە قۆناخی دوو سێی بنەڕەتی خوێندنەوەو نوسینی باش نەبێت ئەوە کاریگەری لەسەر قۆناخەکانی تری ئەو قوتابییە دەکات و بە لاوازی قۆناخەکانی خوێندن دەبڕێت، وەک زنجیر وایە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکات".

مامۆستا بەشدار ئاماژە بەوە دەدات کە "ئەم کتێبە بەردەوام چاپ دەکرێتەوە رێژەیەکی زۆر زۆریشی لێ دەفرۆشرێت، بەڵام هەمووی بۆ فێر بوونی منداڵەکانی نایکڕێت، بەشێکی زۆری خەڵکی وەکو یادگارییەک دەیکڕێت و هەڵی دەگرێت".

دکتۆر هێمن محەمەد یەکێک لە کڕیارانی کتێبەکەی ئەلف و بێی باڵدارە بە نوچی گوت"من ئەو کتێبەم وەک یادگارییەک کڕیوەو هەڵگرتووە قۆناغەکانی بنەڕەتیم دێنێتەوە یاد، کتێبکی زۆر جوان و پاراو و ئاسانە بۆ فێر بوون هەر لەبەر ئەوە من سێ دانەم لەو کتێبە کڕیوەو هەڵگرتووە لەماڵەوە جار جارە دەری دەهێنم و سەر لەنوێ دەیخوێنمەوەو سەیری دەکەم".

ئاشنا فاتیح، مامۆستا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری هەولێر لە بارەی کتێبەکەی فێربوونی زمانی کوردی ئیبراهیم باڵدار گوتی " ئەو مەنهەجەی ئێستا تۆزێ زەحمەتە بۆ ئەو منداڵانەی قۆناخی سەرەتاییدان چونکە ئەوان تازە پێدەگەن و دەچنە بەر خوێندن، باشتر وایە ئاسانکارییان بۆ بکرێت و تا بە زووترین کات بتوانن بنوسن و بخوێننەوە، بۆ ئەوەش کتێبەکەی ئیبراهیم باڵدار زۆر باشە، من منداڵەکانم سەرەتا بەو کتێبە فێر کردووە وەکو ئاسانکاری ئینجا کە نوسین و خوێندنیان باش بووە مەنهەجەکەی ترم پێداون، دەبێت پەروەردە ئەو کتێبە پشتگوێ نەخات، چونکە بەراستی ئاسانکاری زۆری تێدایە بۆ مامۆستاو دایک و باوکان و منداڵانیش بۆ ئەوەی سەرەتا بتوانن بخوێنن و بنوسن بەباشترین شێوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین