پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی هەناو: دەتوانین بە پشکنینی کرۆمۆسۆمەکان رەگەزی سێیەم یەکلابکەینەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-تایبەت

رەگەزی سێیەم، لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا دەبن بە قوربانی. لە دوایین حاڵەتدا کوژرانی دۆسکی ئازادی تەمەن ٢٤ساڵ زۆرترین قسەو باسی بەدوای خۆیدا هێنا، هاوڕێکانی دەڵێن: هیچ هەڵسوکەوتێکی لە هی پیاو نەدەچوو، دکتۆرێکی تایبەتمەندی هەناو و رژێنەکان دەڵێت: بە پشکنینی کرۆمۆسۆمات دەردەکەوێت کە ئەم کەسە زیاتر نێر یان مێیە. پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەرونییەکان رایوایە، زۆربەی ئەو کەسانە لە ژێر فشاری دەرونیدا دەژین.

دکتۆر مازیار جەبار ، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ و رژێنەکان، سەبارەت بە چۆنێتی دەستنیشانکردنی ئەوکەسانەی رەگەزی سێیەمن، ئایا زیاتر نێر یان مێ-ن دەڵێت"ئێمە وەکو پسپۆرانی هۆرمۆنات دەتوانین بزانین کە ئەو مرۆڤە لە ڕووی ڕەگەزەوە نێر یان مێیە ، ئەوەش بە پشکنینی لەشی کەسەکە دەردەکەوێ چونکە پێکهاتەی لەشی نێر و مێ جیاوازە، هەروەها پشکنینی هۆرمۆنەکانی لەشی کە ئەمەش جیاوازن و هەندێ جاری تریش پشکنینی کڕۆسۆمات بۆ کەسەکە دەکەین، بێگومان ئەوەش جیاوازە لە هەردوو رەگەزدا.

ئایا ئەو کەسانەی کە رەگەزی سێیەمن لە رووی تەندروستی و  جەستەییەوە کێشەیان هەیە؟ دکتۆر مازیار دەڵێت" لە رووی جەستەییەوە تەواون واتە کەسی نێر سیفەتەکانی نێرینەی تێدا هەیە و کەسی مێیەنەش سیفەتی مێینەیە، بەڵام لە ڕووی بیرکردنەوە  تێگەیشتنیان بۆ رەگەزی خۆیان جیاوازە لەگەڵ سروشتی خۆیان واتە تێگەیشتنیان بۆ رەگەزیان بە پێچەوانەی ڕاستییە واتە کەسی نێر وا بیر دەکاتەوە کە لە رەگەزی مێینەیە، هەروەها کەسی مێینەش کوڕانە دەردەکەوێت وا بیر دەکاتەوە کە لە رەگەزی نێرە".

سەبارەت بە چارەسەری ئەو کەسانەی کە لە رووی پشکنینەکانەوە دەردەکەوێ نێر یان مێیە، چۆنە؟ د. مازیار جەبار روونیدەکاتەوە" ئەمە لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەکرێت، کە کەسێک لەسەر داوای خۆی هۆرمۆنی مێینەی زیاد بکرێت بە هۆی پێدانی دەرمان، کە تێیدا پاش چەند ساڵێک لە رواڵەتدا سیفەتی مێینە وەردەگرێت وەکو نەمانی موی دەمو چاو درێژ بوونی پرچ و گەورە بوونی مەمک و بێگومان لەگەڵ چەند نەشتەرگەرییەکی جوانکاری کە لە کۆتایدا وەکو کەسێکی مێ دەردەکەوێت، بەڵام بێ منداڵ دان بێ هێلکە دان بە پێچەوانە کۆ ئەندامی زاوزێی نێرینەکەی دەمێنێ، هەروەها کەسی مێینە دەتوانێ رێژەیەکی زۆر هۆرمۆنی نێرینە وەرگربێت کە ئەمەش لە رواڵەتدا سیفەتی کەسی نێرینەی دەداتێ پاش چەند ساڵێک لە بەکار هێنانی دەرمان".

زۆرجار دەگوترێ رەفتاری فڵان کچانە یان کوڕانەیە ئایا دەکرێت لەسەر ئەم بنەمایە بڕیار لەسەر کەسێک بدرێت؟ یان هەردەبێ پشکنینی بۆ بکرێت؟ بەرای دکتۆر مازیار"رەنگە بتوانرێ تەنها بە وەرگرتنی مێژووی نەخۆشەکە واتا دانیشتن لەگەڵ کەسەکە و پشکنینی لەشی بتوانین بریار بدەین بەڵام باشترە ئەوە پشت راست بکرێتەوە بە پشکنینی هۆرمۆنەکان و ئەگەر زۆر پێویست بوو پشکنینی کڕۆمۆسۆمەکان بۆ دەکرێت بۆ زیاتر دڵنیابوونەوە".

دکتۆر محەمەد خۆشناو، پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەکان، سەبارەت بە باری دەرونی ئەو کەسانەی سەر بە رەگەزی سێیەمن گوتی" ئێمە بە زمانی کوردی نێوان رەگەزیان بۆ بەکار دەهێنین واتا ئەو کەسە لە نێوان دوو رەگەز دایە هیچ کام لە رەگەزەکانی لە رووی بایلۆژییەوە بۆ یەک لای نەبووەتەوە. ئەم حاڵەتە رێژەیەکی دیاریکراوی هەیە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا دەکرێ روو بدات، کۆمەڵێک دەرکەوتەی دەرونی لەسەر ئەو کەسە دروست دەبێ سترێسی بۆ دروست دەبێ کە دەبینێت وەکو کەسانی دەور وبەری دەرنەکەوتووە، پێیوایە ناتوانێ وەکو کەسێکی ئاسایی ژیان بکات یان سەرکەوتوو نابێت بچێتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە ، بە دڵنیاییەوە دەکەوێتە ژێر فشارێکی دەرونی بەردەوام کە چەندین ماکی دەرونی و جەستەیی زۆر خراپی هەیە ئەوەش بە درێژای تەمەنی ئەو کەسە ئەو کاریگەریانەی لێ دەردەکەوێت سەرنجام لە کەمترین فشاری دەرونی تا نەخۆشی دەرونی درێژ خایەن و، هەندێ حاڵەتدا پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن کە کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن لەبەر ئەوەی فشارەکان یەکجار زۆر دەبن لەسەری و هیچ رێگە چارەیەک نادۆزێتەوە".

کەسانی سەر بە رەگەزی سێیەم لە رووی جەستەییەوە تەواون بەڵام لە رووی بیرکردنەوە پێچەوانەن

پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە بکرێت تا لە رووی دەرونییەوە هاوکارییان بین بە تایبەتیش خێزانەکانیان؟ د. محەمەد خۆشناو، جەخت لەوەدەکاتەوە کە" پێویستە وەکو کەسێکی زۆر ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت نابێ هیچ مامەڵەیە لەسەر ئەو بنەمایە بکرێ کە ئەوە کەسێکی رەگەز نێوانە، چۆن مامەڵە لەگەڵ کەسی نێر یان کەسی مێ دەکرێ بەهەمان شێوە پێویستە وا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسە بکرێت، مامەڵە کردنی من وەکو تاک مامەڵە کردنی من وەکو خێزان و مامەڵە کردنی کۆمەڵگە نابێ لەسەر بنەمای رەگەزی بێت، چونکە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان رەگەز و مامەڵە کردنی تۆ لەگەڵ مرۆڤەکان دا نییە ئەو کەسە پێویستی بە مامەڵەیەکی دروستە رەنگە ئەو کەسە دکتۆرێک بێت، یان رەنگە مامۆستایەک بێت هەر کەسێک بێت تاکێکی کۆمەڵگایە لەناو دەروروبەمان دەیبینین وەکو تاکێک دەبێ سەیری بکرێت".

 د. محەمەد خۆشناو، ئاماژە بەوەدەکات کە هەندێ نێر یان مێ رەفتار یان شێوازی قسەکردنیان بە پێچەوانەی رەگەزەکەی خۆیانە پێویستییان بە چارەسەرنییەو لە رەگەزی سێیەم نین" ئەو کەسانەی کە گۆرانی هۆرمۆناتیان هەیە ئەوە شتێکی جیاوازە لەگەڵ بابەتی رەگەز نێوان، ئەوە دەکرێ کەسێک بێت لەبەر کۆمەڵێک هۆرمۆن کۆمەڵێک نیشانەو هەڵسوکەوتی تایبەتی لێ دیار دەبێت، بە تێپەڕ بوونی کات دەکرێ لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە چارەسەری پێویست وەربگرێت".

سەبارەت بە چارەسەری کەسانی رەگەزی سێیەم ئەو پسپۆڕە دەرونییە رایوایە" هەرکەسێک رەگەز نێوان بێت مانای وا نییە کێشەی هۆرمۆناتی هەبێ یان پێویستی بە چارەسەری دەرونی هەبێ لەبەر ئەوەی رەگەز نێوانە، هەندێ ژن هەن بە جلی پیاوانەوە دەردەکەون، یان پیاوێک بە جلی ژنانەوە دەردەکەوێ ئەوە دەربڕینی جێندەرییە و پێویستی بە چارەسەر نییە ئەوە تەنها ناتەبایەک هەیە لە دیوە بایلۆجی و دیوە جێندەرییەکەی ئەو کەسە،  پێویستی بە راستکردنەوە هەیە ئەوەش پرۆسەیەکی درێژ و ئاڵۆزە وردەکاری زۆری پێویست دەبێت، ئەوە دیوێکی بایلۆژی ئاشکرای هەیە  جگە لەوەی دەربرینەکانیش کۆمەڵێک فاکتەری زۆر گەورە کاریگەریی هەیە لەسەریان هەروەها ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا گەورە بووە، ئەو ژینگەی تێیدا گەورە بووە هەموو ئەوانە کاریگەریی گەورە دەبینن بەڵام لە رووی زانستییەوە حاڵەتەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەو کەسانە دا نییە و پێویستی بەوە هەیە لە ژێر دیوێکی دروستی زانستی و پاڵپشتی تەواوی کۆمەڵایەتی دا رێنمایی بکرێن لەلایەن کەسانی پسپۆڕو تایبەتمەند بەبێ ئەوەی حوکمێکی خراپیان لەسەر بدرێت".

نابێ لەسەر بنەمای رەگەز مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ بکرێت

ئەو کەسانەی لە رەگەزی سێیەمن لە رووی دەرونییەوە لە ژێر فشارن ئایا دەگاتە ئەوەی توشی زیان گەیاندن بە خۆیان بن، دکتۆر محەمەد خۆشناو باس لەوە دەکاتەوە کە بەشی زۆریان لە ژێر فشاری دەرونیدان"بەشی زۆری ئەوانە بە دەست فشارە دەروونیەکانەوە دەناڵێنن، توشی حاڵەتی خەمۆکی و دڵەراوکێ دەبن، دەترسن لە کۆمەڵگا ئاشکرا ببن و بەشێوەیەکی نادروست هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت، بەشیێکی زۆریان بۆ رزگار بوون لەو گرێ دەرونیانە پەنا بۆ خواردنەوەی ماددە کحولییەکان و ماددە هۆشبەرەکان دەبەن، یان زیادەرۆیی لە جگەرە کێشان و ماددە کحولییەکان دەکەن، ئەمەش یەکێکە لە تەکنیکە نادروستەکان لەگەڵ ئەو فشارە دەرونییانە، بێگومان ئەو کەسانە کە لە دەرەوەش هەستیان پێ دەکرێ کە دەربڕینی جێندەری ئەوان وا نیشان دەدات جیاواز بن بۆ نموونە لە جل و بەرگ لە هەڵسوکەوت وایان لێ دەکات، ئاسان کاریشیان دەست نەکەوێت بۆیە توشی فشاری ماددیی دەبن هەست بەوە دەکەن جیاوازیان پێدەکرێ لەگەڵ کەسانی دیکە ئەوەش جارێکی تر دەبێتە پاڵنەر کە پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن"

ئازاد جەلال، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە حاڵەتی رەگەزگۆڕین و مامەڵەی کۆمەڵگە لەگەڵیان دەڵێت" دەبێ شێوازی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ ئەو کەسانە بە جۆرێک بێت کە رەچاوی بارودۆخی سایکۆلۆژی کەسەکە بکرێت، رەنگە ئێستا لە شاری سلێمانی دە دانە کەس لەو جۆرە هەبێ لە هەولێریش هەیە ئەو حاڵەتانە وەکو رەگەزی سێیەم مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هەم لە رووی شەرعییەوە هەم لە رووی یاساییەوە، لە رووی بایلۆژییەوە بەهۆی تێکچونی هەندێ کرۆمۆسۆمات ئەوانە لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە خۆیان کردووەتە ژن ئەگەر رێژەی هۆرمۆنی مێنیەی زۆرتر بێت و بە پێچەوانەشەوە خۆیان کردووەتە پیاو ئەگەر رێژەی هۆرمۆنی نێرینەیان زیاتر بووبێت، بێگومان لەسەر خواستی خۆیان و خانەوادەیان ئەو نەشتەرگەریەیان بۆ ئەنجام دەدرێت دوایش وەکو کەسێکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام دەبێ ئەوە لە قۆناغی منداڵی مامەڵەی خێزان لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە زۆر گرنگە سوپاس بۆ خوا ئێستا چارەسەر هەیە لە ئێران لە زۆر شوێنی تر دەتوانن هەر لە منداڵییەوە نەشتەرگەریان بۆ بکرێت".

دەکرێ سەبارەت بە ئاسایی وەرگرتنی ئەو کەسانە لە لایەن کۆمەڵگەوە هەڵمەتی هوشیاری بخرێتە گەڕ، لە کۆمەڵگەیەکی وەکو کۆمەڵگەی ئێمە؟ ئازاد جەلال پییوایە" هەڵمەتی هۆشیاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا قورسە بۆ ئەو بابەتە ئەبیتە گلەیی و گاڵتەجاڕی، جارێکیان لە رۆژی جیهانی هاورەگەزبان باسی یەکێک لەو بابەتانەم کرد دەربارەی هۆشیار کردنەوە بەشتێکی ئاسایی لێت وەرناگیرێت، خەڵک وا هەست دەکات فەسادی بڵاو دەکەیتەوە رای جەماوەری لە دوا ئەروژێ ئەو بابەتانە باسکردنیان قورسە لە ناو کۆمەڵگە لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا کچێک دەکوژرێت تەنها لەبەر ئەوەی کورتە نامەیەکی بۆ کورێک ناردووە چ جای باسکردنی ئەو بابەتە کە کەسێک رەگەزی خۆی دەگۆرێت ئەوانەی لە حاڵەتی سێیەم دان، واتا بە رەگەزی سێیەم لە دایک دەبن دەبێ ئێمە هاوکاریان بکەین یارمەتی دەرونیان بدەین سەنتەرێکیان هەبێ شوێنێکیان هەبێ وەکو مرۆڤێکی تەندروست مامەڵەیەن لەگەڵدا بکەین ئەو کاتەی هەستی بە دەروبەری کرد کە بە شێوازێکی تەندروست مامەڵەی لەگەڵ دەکەن ئەویش هەست بەخۆی دەکات کە کەسێکی کامڵە، بەڵام ئەگەر کەسەکە بە تەواوی کوڕ بێت هیچ کێشەی هۆرمۆنی نەبێت بیەوێت رەگەزی خۆی بگۆرێت ئەوەیان جۆرێکە لە لادان لە روانگەی دەرونناسییەوە و لەکۆمەڵگەی کوردیەوە رێگە بەوە نادرێت ئێمە دەبی ئەو هەستەمان لا بەرجەستەبێت، بەڵام پێویستە ئەو کەسانەی کە ئارەزووی رەگەز گۆرین دەکەن سەردانی دکتۆری دەرونی بکەن بۆ ئەوەی ئیش لەسەر هەستەکانیان بکرێت ئیش لەسەر خاوکردنەوەی ئەو بیرۆکەیان بکرێت و رزگاریان ببێت تا هیچ  نەبێ لەو کۆمەڵگەیە نەکوژرێن".

هەر سەبارەت بە دروست مامەڵەکردن لەگەڵ رەگەزی سێیەم ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە دەڵێت پێویستە لە پرۆسەی پەروەردەی سەرەتاییەوە دەست پێبکرێت"نە وەزارەتی تەندروستی نە وەزارەتی رۆشنبیری ناتوانێ ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات ئەوە دەبێ لە سیستەمی پەروەردەوە دەست پێبکرێت، لە تێگەتیشتن و بیرکردنەوەی خێزانەوە دەست پێدەکات کۆمەڵناسی قسەیەکی هەیە دەڵێت، بیرکردنەوەی مرۆڤ بگۆرە دەتوانی بۆچونەکانی و ی رەفتارەکانی بگۆڕی. بێگومان ئەوە لە پەروەردەی تاکەوە دەست پێدەکات ئەو هەڵمەتە دەبێ لە قوتابخانەکانەوە دەست پێ بکات لە ناسینی جەستەوە لە باخچەی ساوایانەوە لە داینگەکانەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە دوایین قۆناغی خوێندن بەڵام لێرە ناتوانین ئەوە بکەین کاتێ ناتوانی لە قۆناغەکانی خوێندن و پەروەدە وە دەست پێبکەی دەبێ لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە ئەو بابەتە وەردەگیرێت".

ئاینی ئیسلام رێگەی داوە نێرەموکەکان رەگەزی خۆیان یەکلا بکەنەوە

مەلا تارق نانەکەلی، سەبارەت بە حوکمی مامەڵەکردن لە گەڵ رەگەزی سێێەم لە ئاینی ئیسلامدا دەڵێت"ئەو کەسانەی کە هیچ رەگەزێکیان بۆ یەک لا نەبووەتەوە واتا نە ژنن نە پیاون هیچ یەکێک لەو ئەندامانەی تەواو -و دروست نییە بێگومان لە ئاینی ئیسلامدا وەکو مرۆڤ هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا کراوە. خۆشبەختانە ئێستا لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە ئەو کەسانەی کە لایەنی رەگەزێکی تریان زیاترە دەتوانن خۆیان بکەن بە یەک رەگەز یان نێر یان مێ، بە پێی ئاینی ئیسلام رێگە دراوە شەرعەن دروستە، بەڵام لە رووی شەرعیەوە رێگە نەدراوە پیاوێک کە بە تەواوی ئەندامی جەستەی نێرینە بێت نەشتەرگەری بکات و خۆی بکات بە ژن، یان ژنێک خۆی بکات بە پیاو ئەوە رێگە پێدراو نییە لە ئاینی ئیسلامدا" . 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین