ئاورنگ شێخ عەلی: ئەگەر پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی نەبوایە ئەم یاسایانەمان نەدەبوو دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-تایبەت

ئاورنگ شێخ عەلی، دادنوس لە قەزای خەبات خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاسا، ماوەی هەژدە ساڵ خزمەتی دادوەری هەیە، لە پاڵ ئەم کارەدا وەکو چالاکوان لە بواری مافەکانی مرۆڤ، هەروەها راوێژکاری یاسایی رێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەریی یاسا، کاردەکات. لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت دەڵێت: لە کوردستان یاسای باشمان هەیە بەڵام پێویستە شانبەشانی گۆڕانکاری لە یاسا لە بواری پەروەردەشدا کاربکرێت.

نوچەنێت: لە ماوەی کارکردنتدا وەکو فێمێنست ئیشت کردووە؟

ئاورنگ شێخ عەلی: وەکو فێمێنست نا بەڵام وەکو مافی مرۆڤ لە هەر شوێنێک بینیبێتم زوڵمێک هەیە بەرامبەر بە مرۆڤ چ ئافرەت بێت چ پیاو بێت بەشداریم کردووە ودەنگم هەبووە، بەڵام لە گۆرینی ماددە یاساکان ئەوانەی هەموار کرانەوە لە پەرلەمانی کوردستان و ئەوانەی لە بەرژەوەندی ئافرەت بووە، دەنگی خۆم هەبووە، لەو کۆڕ و کۆنفرانسانەی تایبەت بە داکۆکی کردن لە مافی ژن بووە بەشداریم تێدا کردووە 

نوچەنێت: وەک دەزانین لە هەرێمی کوردستان یاسای باری کەسێتی هەموار کراوەتەوە، تا ئێستا لە عێراق نەکراوە. وەکو کەسێکی یاسایی جیاوازییەکەی چۆن دەبینن؟

ئاورنگ شێخ عەلی: هەرێمی کوردستان هەموو کاتێک ئاشتی خواز بووە .حەزمان  بە پێشکەوتن و کرانەوە بووە بە رووی جیهان دا، هەر لە سۆنگەی ئەوە وە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکخراوەکانی ئافرەتان و ژنان بیریان لەوە کردوە کە دەبێت ئەو یاسانەی کە لەساڵی 1959 دارێژراوە لە عێراقی فیدراڵ لە کوردستان هەموار بکرێنەوە. بێگومان بە هۆی پێشکەوتنی ژیانی شارستانی بەهۆی ئەو پێداویستیانەی کە لای مرۆڤ رۆژ بە رۆژ زیاد دەبێت ژیانیش دەبێ گۆڕانکاری بەسەر دابێت، ئەوە بوو لە ساڵی 2008 بە پێشنیاری رێکخراوەکانی ئافرەتان و بە هاوکاری چەند کەسایەتییەکی ئاینی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، کەئەو کات بەرێز کاک نێچیرڤان بارزانی بوو. کۆمەڵێک لە کەسایەتییە یاسا ناسەکان هاوکار بوون بۆ ئەوەی چەند ماددەیەک و چەند بڕگەیەک لەو یاسایە لە هەرێمی کوردستان بگۆردرێت، بێگومان گۆڕینی ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستان وەک دەستکەوتێکە بۆ سەرجەم ئافرەتانی کورد و بۆ هەرێمی کوردستان، کە روویەکی جوانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە پیشان بدات بۆ ئەوەی دیار بێت ئێمە جیاوازین لە عێراق.

گۆڕینی یاسای باری کەسێتی دەستکەوتێکە بۆ ئافرەتانی کورد و هەرێمی کوردستان

نوچەنێت: توندوتیژی دەرهەق بە ئافرەتان لە بەغدا زۆرە.  بۆ نموونە ئێستا زۆر باس لەسەر بەشودانی کچ دەکرێت لە تەمەنێکی بچوک، هەروەها پڕۆژە یاسایەکیان بردە پەرلەمان کە مافی بەخێوکردنی منداڵ لە دایک بسەندرێتەوە، ئێمە لێرە ئەو یاسایانەمان هەموار کردووتەوە و هێشتا گلەیشمان هەیە، ئێوە جیاوازییەکە چۆن دەبینن پێتوایە دۆخی ژن لە هەرێم چۆنە و لە بەغدا چەند جیاوازە؟

 ئاورنگ شێخ عەلی: کاتێک یاسایەک دەردەچێت پێویستە کۆمەڵگەش قبوڵی بکات. ئەوەش پێویستی بە ئامادەکارییە لە رووی راگەیاندنەوە کار بۆ ئەوە بکرێت تاکی کۆمەڵگە هۆشیار بکرێتەوە کە ئەو یاسایە تەنها بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگایە، بە تایبەت ئافرەت کە نیوەی کۆمەڵگایە نیوەکەی تریشی دایکە بە بەبێ ئافرەت هیچ پێشکەوتنێک  دروست نابێ،  ئەو جیاوازییە هەر لە زووە وە هەبووە، ئافرەتمان شان بەشانی پیاوان کاری کردوە هەروەها خەباتیشی کردوە، مافی ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردیدا زۆر پارێزراو بووە، راستە هەندێ پێشێلکاری هەبووە وەک بابەتی بە شودانی گەورە بە گچکە یاخود ژن بە ژنی بەڵام هێشتا بەشێوەیەک ئافرەتانی کوردستان ژیانیان پارێزراوتر بووە لە چاو ژنانی عێراق.

ئێمە چەندین ئافرەتمان هەیە لە مێژووی کوردی وەکو حەپسەخانی نەقیب، کە شۆرشێکی بەرپاکرد عادیلەخان و خانزادی میری سۆران چەندین ژنی تر ئەوە دەسەلمێنێت، کە پێشتریش کورد بایەخی بە ژن داوە. بۆیە کۆمەڵگەی کوردی زۆر زۆر جیاوازە لە کۆمەڵگەی عێراقی ئێمە دەزانین کە کوردستان کاتی خۆی بە زۆری لکێندراوە بە عێراقەوە، کورد کلتور و نەریتی جیاوازە لەگەڵ عەرەب فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی هەیە کە جیاوازە لەگەڵ عێراق لەگەڵ سوریا لەگەڵ تورک لەگەڵ فارسەکان، رێزی ئافرەت زیاتر گیراوە لەناو کوردا.

ئەوەی لە عێراق دا دەگوزەرێ ئەوە فەرهەنگی خۆیانە رەنگە لەبەر خراپ بەکارهێنانی ئایینەوە بێت لەلایەن هەندێک مەزهەبە ئاینییەکان، هەندێ لە کەسایەتییەکانیانەوە کە ئایین بەو شێوەیە بەکار دەینن بۆ چەوساندنەوەی ئافرەت یان بۆ چەوساندنەوەی چینێک یان بۆ بەرزکردنەوەی دەسەڵاتی نێر بەسەر مێ دا.

نوچەنێت: یاسای (غسل العار) لەیاساکانی عێراق دا تا ئێستا ماوە دەستکاری نەکراوە، گرنگی لابردنی ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستان چییە؟

ئاورنگ شێخ عەلی: یاسای (غسل العار) یەکێکە لە یاساکانی سزادانی عێراقیدا هەیە ، کە پێی دەگوترێت کوشتن بە بیانوی شەرەف کە پیاوێک هەڵدەستێت بە کوشتنی ژنەکەی یان خوشکەکەی یان دایکی خۆی بەناوی شەرەف پاکردنەوە، کە سزاکەی سزایەکی زۆر سوک وەردەگرێت لەبەرامبەر ئەو تاوانە کە زۆرجار بەندکردنی تۆمەتبارەکە تەنها چەند مانگێک بووە 

بەو بیانویەوە چەندین ئافرەتی بێتاوان کوژراوە، بەڵام خۆشبەختانە ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستان راگیراوە بریار درا هەر کەسێک ژنێک بکوژێت دەبێت بە مادەی 406 سزا بدرێت کە کوشتنی ئەنقەستە بێگومان ئەوەش دەستکەوتێکی مەزن بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام لە بەغدا تاکو ئێستا ئەو بڕگە یاسایە هەر ماوە و کاری پێدەکرێت لە یاساکانی سزادانی عێراقیدا.

نوچەنێت: پێت وایە دەسەڵاتی باڵا رۆڵ دەبینێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژی دەرهەق بە ئافرەتان و بە مەدەنیکردنی کۆمەڵگە؟ بۆ نمونە لێرە بەرێز نێچیرڤان بارزانی ئەو پاڵپشتییەی لە ئافرەتانی کوردستان کرد و هەوڵی ئەوەی دا ئەو یاسایە لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر بدرێت و رابگیرێت؟

ئاورنگ شێخ عەلی: بەڵێ بێگومان ئەگەر دەسەڵاتی بەرێزیان نەبوایە ئەو یاسایە لێرە وەکو عێراق دەمایەوە بەرێز نێچیرڤان بارزانی وەکو کەسایەتیێکی بەهێزی سیاسی هەموو کات بەوە ناسراوە کە زۆر پاڵپشتی مافی ئافرەتانی کردووە. وەکو سەرۆکێکی داکۆکیکار لەمافی ئافرەتان کاری کردووە ئەوە جگە لەوەی هەر کاتێک کێشەیەک دەبێت بەرێزیان دەتوانن کۆتایی بە کێشەکان بهێنێت لە هەموو روویەکەوە وەک چۆن دەڵێی هۆکاری نزیک بوونەوەی لایەنەکانە و کەسێکی ئاشتیخوازە، بۆ پاڵپشتی ئافرەتانیش هەنگاو بە هەنگاو هاتۆتە پێش بۆیە نابێ هیچ کاتێک رۆڵی بەرێزیان لەبیر بکرێت لەو بەرەو پێشچونەی مافی ژنان، نێچیرڤان بارزانی چەندین کەسایەتی ئایینی راسپارد وەک دکتۆر مستەفا زەڵمی خوالێخۆشبوو کە یاسا ناسێکی گەورە بوو هەوڵیاندا توانیان ئەو یاسایە لە هەرێمی کوردستان رابگرن ئەویش یاسای (غسل العار) بوو.

نێچیرڤان بارزانی وەک کەسایەتییەکی بەهێزی سیاسی هەمیشە پاڵپشتی ئافرەتانی کردووە

نوچەنێت: ئەگەر یاسای (غسل العار) لە هەرێمی کوردستان کاری پێ کرا با و یاسای تووندوتیژی مان نەبوایە، کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە چۆن دەبوو، یان کە هەموار کراوە کاریگەری چییە پێتوایە کۆمەڵگەیەکی شارستانی تر دروست بووە؟

ئاورنگ شێخ عەلی: بە رای من راگرتنی ئەو یاسایە کاریگەری هەبووە لەسەر کۆمەڵگەی ئێمە بەڵام هێشتان دەبێ کاری زیاتری بۆ بکرێت، پێویستە کە لە قوتابخانەوە ئێمە منداڵەکانمان فێر بکرێن باوەریان بە مافی مرۆڤ هەبێ باوەریان بە مافی ئافرەت هەبێ، زۆر گرنگ بووە کە لێرە ئەو یاسایە نەماوە و کاری پێناکرێت بەڵام لە تەنیشت ئەوەشەوە دەبێ گرنگی بە پەروەردە کردنی منداڵ بدرێت بە بەردەوامی ئیش بکرێت ئامادەسازی کۆمەڵایەتی بۆ بکرێت.

ئەگەر سی ساڵ پێش ئێستا ئیش لەسەر پەروەردە کردنی منداڵ کرا بوایە، ئێستا بەرهەمەکەمان دەبینی کە پاڵپشتێکی زۆر زۆر باش لە کۆمەڵگەوە دروست دەبوو بۆ بەرگریی کردنی ئافرەت.

لە ئێستادا کۆمەڵگەی کوردی زۆر گۆڕاوە کرانەوەیەکی بەرچاوی هەیە، کە ئافرەت دەتوانێ ئازادانە لە دەرەوە کار بکات جێی دەستی ئافرەت لە هەبوو بوارەکاندا دیارە لە هەموو سێکتەرەکاندا ئافرەت بوونی هەیە و زۆریش سەرکەوتوون لە بەرێوەبردنی کارەکانیان، گرنگییەکە ئەوەیە کە جیاوازی نێوان ژن و پیاو لە کوردستان دا نییە.

نوچەنێت: پێتوایە بۆ هەتا ئێستا ژنکوشتن هەیە. وێڕای ئەوەی ئەو هەموو یاسایە لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەرگریی لە ژنان دەکات؟

ئاورنگ شێخ عەلی: لەبەر ئەوەی دەبێ لە سیستەمی پەروەردە وە ئیش لەسەر منداڵەکانمان بکەین ئاشنایان بکەین بە رەگەزی بەرامبەر ، ئەگەرنا هیچ کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێ کردنی یاساکە نییە لەبەر ئەوەی دەزگاکانی توندوتیژی زۆر بە رێکی و پێکی ئیشەکانیان خۆیان دەکەن هەروەها رێکخراوەکانی ژنانیش بە هەمان شێوە، تەنانەت دادگاکانیش من دەتوانم بڵێم هیچ کەم تەرخەم نین لە بابەتەکان و ئیشەکانیان بە باشی دەڕوات. بە حوکمی  ئیشەکەی خۆم رۆژانە ئەو شتانە دەبینم, بەڵام کۆمەلگا و کلتوری ئێمەیە، کە رێگاخۆش دەکات بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن بکرێت.

نوچەنێت: ئێوە وەکو ژنانی یاسایی هیچ گاریگەرییەکتان هەبووە، بۆ ئەوەی لەپاڵ ئیشەکەی خۆتان هەوڵ بۆ ئەوە بدەن پڕۆژە یاسایەک پێشنیار بکەن کە لەبەرژەوەندی ئافرەتان بێت؟

 ئاورنگ شێخ عەلی: بەڵێ بێگومان ئێمە وەکو ژنانی قانونی ئەوەمان پێشنیار کردووە، لە چەندین بەرنامە و کۆڕ و سمینار جەختم لەسەر رۆڵ و کاریگەری پەروەردە کردووەتەوە لە پێگەیاندن و دروستکردنی مرۆڤ ، چونکە کاتی ئەوە هاتووە مرۆڤێکی تەواو پێگەیشتوو دروست ببێت کە تەواوی چەمکەکانی مافی مرۆڤ بناسێت، هەروەها ئەو شتانەی کە پێویستە لە دونیای ئەمرۆدا هەوڵەکانی نەتەوە یەگرتووەکان، کە بڕیاری (1325) کە باس لە مافی ئافرەت دەکات، پێویستە بکرێتە مەنهەج لە قوتابخانەکان بخوێندرێت، بۆیە دەبێ لە پەروەردە وە ئیش بکرێت ، هەرچەندە گوێمان لێگیراوە، بۆ نمونە لە پەرلەمانی کوردستان ئەو یاسانە گۆڕان و ماددەکان هەموار کرانەوە، لە یاساکانی سزادان مادەکانی (409 ) و (41) راگیران، بەڵام دیسانەوە دوپاتی دەکەمەوە بۆ ئەوەی کە تەواو بمانەوێ کۆمەڵگەیەکی تەواو پێگەیشتوومان هەبێ، ئەوە دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕو تایبەتمەند لە بواری پەروەردەی بە ئاستێکی باڵا کار لەسەر دووبارە بونیاد نانەوەی مرۆڤی کورد بکەن لەو  روانەی کە پێویستمان پێیەتی.

نوچەنێت: جگە لە هەرێمی کوردستان یاسای کام وڵات لەو ئاستە پێشکەوتووە دایە بۆ بەرگری کردن لە مافی ئافرەتان؟

ئاورنگ شێخ عەلی: خۆشبەختانە یاساکانی هەرێمی کوردستان پێش هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتە واتا ئەوەی لێرە بۆ بەرگریکردن بۆ مافی ئافرەتان دەستەبەر کراوە لەو وڵاتانەدا نەکراوە، بۆیە هەموو کاتێک ئاماژەم بەوە کردوە کە کوردستان پارچەیەکی زۆر جوانە لە ناو ئەو ئاگرەی کە لە رۆژ هەڵاتی ناوەراست هەیە، تەنانەت لە رووی پێکەوە ژیان و یەکتر قبولکردنیش، چونکە بەراستی دەسەڵاتی سیاسیمان لە هەرێمی کوردستان بەو شێوەیە دەخوازێت. 

نوچەنێت: لە (8-12-2021) بەرێز کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی سوێند خواردنی دادوەران لە وتارەکەیدا گوتی" دەبێ دەرفەت بۆ ئافرەتانی دادوەر زیاتر بکرێت".دواتر (47) دادوەر لەبەردەم سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان سوێندی یاسایان خوارد لەو ژمارەیە (29) دادوەر ئافرەت بوون، پێت ئەو پێداگرییە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ زیاد کردنی ژمارەی ئافرەتان لەو بوارەدا لە کوێدا سوود بە پرسی ئافرەت دەگەینێت بۆچی گرنگە؟

ئاورنگ شێخ عەلی: گرنگییە کە لەوەیە کە ئافرەت بێتە پێشەوە لە هەموو بوارەکان، هەرچەند لەو سی ساڵەدا هەرێمی کوردستان لە چاو وڵاتانی دەرووبەر شتی جوانی کردوە بەرەو پێشچونی باشمان هەیە دەنگ و رەنگی جیاوازمان هەیە ئازادی را دەربڕینمان هەیە، ئەگەر بەروارد بکەین لەگەڵ ساڵەکانی نەوەدەکان ئافرەت کە نەیدەتوانی بە ئازادی رای خۆی دەربرێت هەموو شت بۆ ئافرەت عەیبە بوو، ئێستا دەبینین ئافرەت لە هەموو بوارەکاندا هاتۆتە پێشەوە زۆر گرنگە ئافرەت بەشدار بێت چونکە ئافرەت خۆی گرنگە.

لە کوردستان یاسایەکی زۆر پێشکەوتوومان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەیە

نوچەنێت: پێتوایە ئەگەر کەیسێکی تووندتیژی هەبێت، دادوەرێکی ئافرەت دادگایی کەیسەکە بکات یان دادوەرێکی پیاو جیاوازییەکەی چی دەبێت؟

 ئاورنگ شێخ عەلی: خۆی لە رووی یاساوە، یاسا کە لە کتێبێک نوسراوە دەبێ بەو یاسایەنەوە پابەند بین، بەڵام لێرەدا دادوەر لەکاتی دادگایەکە بارودۆخەکە لەبەر چاو دەگرێت، رەنگە ئافرەتیش زیاتر هەست بە ئافرەتی تر بکات لەوانەشە وا نەبێت چونکە لە هەمان کاتیشدا هەندێ لە دادوەری پیاومان هەیە زۆر پاڵپشتی ئافرەت دەکەن، بەڵام هەرچۆنێک بێت دادەورێکی ئافرەت لە کێشەیەکی خێزانی دادگای بۆ بابەتەکە بکات زیاتر هەست بە ئازارەکانی ئافرەتەکە دەکات.

نوجەنێت: لە کوردستان لەساڵی 2007 کۆمەڵێک دەزگای بەدواداچوون بەرەنگار بوونەوەی تووندوتیژی خێزانی هەن، بەڵام هێشتان فشار لەسەر ئافرەت هەر هەیە ئافرەت دەکوژرێ توندوتیژی بەرامبەر دەکرێت، ئافرەت تا ئیستا گلەیی ئەوەی هەیە کە کۆمەڵگەیەکی ئارامتر و دوور لە توندوتیژی هەبێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کۆمەڵێک چالاکوان هەن پێیانوایە، بەغدا لە ئێمە دیموکراتی ترە بۆچی وایە لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک یاسای باش لە هەرێمی کوردستان راگیراون و هەموار کراینەوە؟

ئاورنگ شێخ عەلی: ئەوە رای تاکە کەسە وای دەبینێ، بەڵام ئەوەی راستییەو لە هەرێمی کوردستان هەیە یاسایەکی زۆر پێشکەوتومان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و خێزانی، هەرێمی کوردستان زۆر دیموکراتیترە تەنانەت لە رووی هێنانە پێشەوەی ئافرەت لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریشەوە. بەڵام دەبێ ئەوەمان بیر نەچێت کە هەرێمی کوردستان بە هەر چوار پارچەیەوە بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕ بووە کە وای کردوە ئافرەت دوور ببێت لە خوێندن و خۆ پەروەردە کردن بە هۆی شەڕ و داگیر کردن بەعەرەب کردنی ناوچە کوردییەکان ئەوانە هەموو بەربەستیان لەبەردەم ئازادی ژنان دروست کردوە. ئێمە بەس با نەڵێین هەندێ چالاکوان بەغدایان پێ دیموکراتیترە بەڵکو هەندێ کەسی سیاسیشمان هەیە پشتگیری بەغدا دەکات. ئەو بەغدایە کە چەند ساڵ ئێمەی چەوساندەوە ئێستاشی لەگەڵ بێت دەیانەوێ لە مافی ئێمە کەمبکەنەوە، ئێمە ناتوانین بڵێن لە هەرێمی کوردستان کەم وکوڕی نییە گەندەڵی نییە هیچ کاتێک ئەوە ناڵێم، بەڵام لە رووی پێشکەوتنەوە لە رووی دیموکراسیەوە لە رووی پێکەوە ژیانەوە لە رووی جوانی و مافەکانی ئافرەتەوە ئێمە زۆر زۆر پێشکەوتوو ترین لە ئەوان، بەغدا زۆرجار ئیرەیی بە هەرێمی کوردستان دەبات چاویان بەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت، هەرچەند ئەگەر کێشەشیان هەبێ دێنە لای جەنابی سەرۆک بۆ ئەوەی کارەکانیان بروات، دوای ئەوەش هێشتان دەستدرێژی دەکەنە سەر ماف و قوتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، ئاساییە هەر کەسێک رەخنە بگرێت بەڵام پێویستە رەخنەکەی بونیاد نەر بێت نەک روخێنەر بۆیە بە داخەوە بۆ ئەو کەسانەی ئەو لێکدانەوەیان هەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین