کوردستانی

لاڤین عومەر: نوچەنێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێویستە ئەنجومەنی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دابمەزرێت. د.بەهار مەحمود دەڵێت: لە پەرلەمان پڕۆژە بۆ ئەم بابەتە پێشکەشکراوە، بەڵام شیعەکان نایانەوێ ئەنجومەنێکی وەها دابمەزرێت.

رۆژی(15/شوبات/2022 ) دادگای فیدراڵی عیراق، فرۆشتنی نەوت و غازی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نادەستوری ناساند. شارەزایانی یاسایی لە هەرێمی کوردستان دەڵێن: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی خۆی نا دەستورییە.

د.بەهار مەحمود ئەندام پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، سەبارەت بە دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای فیدراڵ گوتی" بە دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەبێت، ئەنجومەنی فیدڕاڵی لقی دووەمی دەسەڵاتی یاسادانانە کە لە هەموو وڵاتێکدا سیستمی پەرلەمانی بێت ئەم لقی دووەمە هەیە بۆ نمونە لە ئەمەریکا ئەنجومەنی پیران هەیە، لە فەرەنسا ئەنجومەنی سێنات هەیە، کە پێیان دەوترێت سیناتۆر ئەندامەکان، ئەمە لەسەر بنەمای زۆرینەو کەمینە نییە بەڵکو لەسەر بنەمای هەرێمەکانە، لەسەر بنەمای پێکهاتەکانە دەنگی کورد بەقەد عەرەبە لەوێ، ئەو مافی ڤیتۆی ئەو یاسایەیان هەیە کە لە ئەنجومەنی یاسادانانەوە دەردەچێت  بۆیە دەڵێن ئەمە چارەسەر دەبێت، هەرکاتێک ئەو بابەتە بچێتە ئەوێ دەنگی کورد کەمینە نییە و وەکو ناو ئەنجومەنی نوێنەران بەقەد دەنگی عەرەبە ئەو کاتە دەبێت رێککەوتن بکەن لەسەر کێشەکان ئەوە کێشەکان چارەسەر دەکات، ئەگەر ئەوەش نەبێت ئێمە ماددەی ترمان زۆرە ماددەی (140، 106،107) هەیە کە لە بەرژەوەندی کورددایەو جێبەجێ نەکراوە ئەنجومەنی فیدڕاڵ کە ماددەی (65)یەکێکە لەو بابەتانە".

سەبارەت بە هۆکاری دانەمەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بەهار مەحمود دەڵێت "خۆی دەبێت بە یاسا بێت، بەڵام تا ئێستا یاساکە دەرنەکراوە پڕۆژە هەیە لەناو پەرلەماندا پێشکەش کراوە بۆ ئەو بابەتە، بەڵام ناگەنە رێککەوتن لەسەری، لایەنە عەرەبییەکان نایانەوێ بە ئەو یاسایە دەربچێت، لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، بەتایبەت شیعە چونکە ئێستا شیعە زۆرینەیە".

سەبارەت بەو پرسیارەی کە دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە تا چەند لە بەرژەوەندی کورددایە جەخت لەوەدەکاتەوە کە " دامەزراندنی ئەو ئەنجومەنە زۆر لە بەرژەوەندی کوردو سوونەدایە". 

ناسر هەرکی، ئەندام پەرلەمانی عێراق هەر لە بارەی دانەمەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵ گوتی "لەسەر سیاسەتی تاک لایەنانەی عەرەبە کە تاوەکو ئێستا ئەو دەزگایە دانەمەزراوە، ئەنجومەنی فیدڕاڵی هەرێمەکان و پارێزگاکان نوێنەریان دەبێت دەتوانن داکۆکی لەسەر مافی هەرێم و پارێزگاکان بکەن، لە یاساکەی ئەنجومەنی فیدڕاڵ بێگومان مافێک دەدرا بە هەرێمەکان هەر یاسایەک یاخود هەر شتێک دژی مافەکانی ئەوان بێت مافیان دەدرا کەوا مافیان هەبێت، بۆیە دەسەڵاتی عێراقی وەکو دەسەڵاتی مەرکەزی بیر دەکاتەوە، هیچ کاتێک وەکو دەسەڵاتێکی فیدڕاڵی بیری نەکردووەتەوە، ئەمە یەکێکە لە هۆکارەکانە کە رێگری دەکات لە هەبوونی ئەو ئەنجومەنە کەوا پێک نەهێنراوە، نەک هەر ئەوە کۆمەڵێک ماددەی دەستوری هەن کە تا ئێستا ئەو ماددانە بە دەستوری نەکراون، لەبەر ئەو هۆکارانەی کە باسم کرد".

سەبارەت بە گرنگی هەبوونی ئەم دەزگایە ئەو ئەندام پەرلەمانە گوتی "هەرکاتێک ئەو ئەنجومەنە پێکبێت دەسەڵاتەکانی پارێزگاری کردنی لە مافی هەرێمەکان و دەسەڵاتەکانە، یەکێکیشە لە بنەما دیموکراسییەکان کە هەر وڵاتێک فیدڕاڵی بێت، دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران هەبێت ئەنجومەنی فیدڕاڵیشی هەبێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین