پەروین حەسەن: لە ماوەی دوومانگدا 15 ئافرەت کوژراوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: تایبەت

پەروین حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت مانگی شوبات بە خراپترین مانگ دادەنێت بەهۆی کوژرانی کۆمەڵێک ئافرەت و دەڵێت: پێویستە سنورێک بۆ ئەم کوشتن و توندوتیژییە دابنرێت.

لە ماوەی دوومانگدا 15 ئافرەت لە هەرێمی کوردستان لە لایەن کەس وکاریانەوە کوژراون، پەروین حەسەن دەڵێت"بەداخەوە ئەم مانگە بە خراپترین کات و خراپترین مانگ دادەنێم بۆ لە دەستدانی کۆمەڵێک خانم بە هەر پاساوێک بێت کە کوژراون، ئەوە گەورەترین توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان کراوە، بەڵام  ئێمە پاڵپشتی هەموو رێکخراوەکانی ناوخۆ و کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوەکانی ژنان لەسەر هەر یاداشتێک دەکەین، کە ئەینێرن بۆ راگرتنی توندوتیژی، خۆشمان بەرنامەمان هەیە بۆ ئەوەی کە بتوانین داواکاری پێشکەش بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین رێگە چارەیەک بدۆزینەوە کە ئیتر کوشتنی ژن بەسە و سنورێک دابنرێت ئینجا بە رێکاری یاسایی بێت،  یان بە سزادانی تاوانباران بێت بە سزایەکی توند دەبێ بتوانرێت رێگ چارەیەکە بدۆزرێتەوە".
لە هەشتی مارسی ئەمساڵدا، زۆربەی ئافرەتان بە جل و بەرگی رەشەوە بەشدارییان لە مەراسیمی یادکردنەوەی ئەمڕۆژەدا کردو دەیانگوت: کە پرسەمانە لەبەرئەوەی کۆمەڵێک ژن تیرۆرکراوەو پێویستە حکومەت ئەم کوشتارە بوەستێنێت.
پەروین حەسەن لە مەراسیمی یادکردنەوەی هەشتی مارسدا بە جلی رەشەوە ئامادەبوو گوتی" ئەو مەراسیمەی ئەمڕۆمان بۆ وەبیر هێنانەوەی ئەوەیە، کە رۆژێک هەیە بۆ یادکردنەوەی ژنان کە لەو رۆژەدا بتوانن داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن، چ داخوازییەکیان هەیە بتوانن ژنان زیاتر کۆشش بکەن بۆ ئەوەی بە مافەکانیان بگەن و داواکارییەکانیان بخەنەروو، هەروەها کاری جددی تر لەسەر ئەم داخوازییانە بکەن، بەداخەوە هەر چەند من دەمویست داخوازی ئەم ساڵ پێچەوانە بێت بەڵام دەبینن بە هەموو دامەزراوەکانی حکومەت و رێکخراوەکانی ژنان و رێکخراوەکانی مەدەنی داخوازیان لەسەر ئەوەیە کە هەوڵەکان بۆ وەستاندنی کوشتنی ژنان بێت".
پەروین حەسەن رایوایە " بەداخەوە ئەگەر ئەم هەموو توندوتیژییە نەکرایە دەکرا  هەوڵی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی خۆمان بدەین لە ناوەندی بریار بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ژن، بەڵام بەداخەوە هەشتی مارسی ئەمساڵ پێچەوانەی ساڵانی پێشووترە و کوشتنی ژنان زیاتر بووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین